٣\٤\٢٠١٣
''١١١ کچ''
لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکان لە بەریتانیا نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "١١١ کچ" لە دەرھێنانی ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە
بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکان
لە وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی سینەماکارانی کورد ناھید
قوبادی و بیژەن زەمانپیرا و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان رۆژی
١٣ ئازار / مارسی ٢٠١٣ لە بەشی پێشبڕکێی
پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەکان
Pan - Asia لە سینەما سینە لۆمییەر لە شاری
لەندەنی پێتەحتی وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.
ئایدیای سیناریۆی ئەم فیلمە بیرۆکەی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن
قوبادییە و سیناریۆکەی لە لایەن سینەماکاری لاوی کورد بەتین قوبادی
نووسراوە.
فیستیڤاڵی فیلمە ئاسیاییەکان تەنیا فیستیڤاڵی سینەمایی لەندەنە کە بە
تایبەت لەسەر فیلمە ئاسیاییەکان تەرکیز دەکات و ھەوڵدەدات سیمایەکی
نوێی لە سینەمای کیشوەری ئاسیا بۆ ھۆگرانی بەریتانی بخاتەڕوو.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ١٢ فیلمی ھەڵبژاردە لە وڵاتانی جۆراوجۆری
کیشوەری ئاسیا، لەوانە: ئێران، ھەرێمی کوردستان، ھیند، ژاپۆن، کۆریای
باشوور، تایلەند، ھۆنگ کۆنگ و تایوان لە رۆژانی ٦ تا ١٧ی ئازار
/ مارسی ٢٠١٣ لە سینەماکانی ھونەری ناوەندی
شاری لەندەن، لەوانە: سینەلوومیەر، ریۆ و ئای.سی.ئای لە وڵاتی
بەریتانیا بەڕێوەچوو.
ئەمساڵ بڕیار وابوو کە بۆ یەکەمین جار، خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن
بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە پێشکەش دەرھێنەری سەرکەوتوو بکرێت، بەڵام براوەی
باشترین فیلم لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا رانەگەیێندرا و بە وتەی بەرپرسانی
فیستیڤاڵ، براوەی ئەم خەڵاتە لە رێگای ماڵپەڕی ئەم فیستیڤاڵە
رادەگەیەندرێت.
فیلمی سینەمایی "١١١ کچ" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم" لە
ئاستی جیھاندا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە چەندین
فیستیڤاڵی گرینگی جیھانی نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی تایبەتی "سینەمای
نوێی ئێران" لە چل و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
رۆتێردام لە ھۆڵەندا، لە بەشی "دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە
حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی پووسان لە کۆریای باشوور
و لە سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سائۆپۆلۆ لە
بڕازیل.
لە پوختەی سیناریۆی ئەم فیلمە ٧٩ خولەکییەدا ھاتووە: ١١١ کچی کورد
نامەیەک بۆ سەرۆک کۆمارەکەیان دەنووسن کە ئەگەر ھاوسەریان بۆ
نەبینێتەوە بە کۆمەڵ خۆیان دەکوژن، بە شوێن ئەم نامەیەدا دەوڵەت،
نوێنەرێک بۆ چارەسەری ئەم مەسەلە رەوانەی ناوچەکە دەکات.
ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "١١١ کچ" بریتین لە:
دەرھێنەر: ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا، ئایدیای سیناریۆ: بەھمەن
قوبادی، نووسەری سیناریۆ: بەتین قوبادی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: حەمید
قەوامی، یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: جەلال ساعیدپەناە، مونتاژ: نیعمەت
نارنجی و بەھمەن قوبادی، ئەکتەرەکان: رەزا بێھبوودی، مێھدی سالی و
مێھدی سادقی، دەنگھەڵگر: حوسێن قوورچیان، دیزاینی دیمەن: ناھید قوبادی،
دیزاینی دەنگ و میکس: بۆتان ئۆغڵۆ، بەرپرسی بەرھەم: سۆران ئیبراھیم،
موزیک: نیکی میرزا، یاریدەدەری دووەمی دەرھێنەر: بێری شەڵماشی و
بەرھەمھێنەر: عەباس غەزالی و بەھمەن قوبادی ـ بەرھەمی ساڵی ٢٠١٢.
بۆ زانیاریی پتر:
http://panasiafilmfestival.org/index.php?option=com_content&view=article&id=15:111-girls&catid=1:films&Itemid=5
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|