١٦\٥\٢٠١٣
''١١١ کچ'' خەڵاتی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکانی بەریتانیای بەدەستهێنا.
مەنسوور
جیهانی
فیلمی
سینەمایی "١١١ کچ" لە دەرھێنانی ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا خەڵاتی
باشترین فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکان
لە وڵاتی بەریتانیای بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی سینەماکارانی کورد ناھید
قوبادی و بیژەن زەمانپیرا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی
پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە ئاسیاییەکان
Pan- Asia لە سینەما سینە لۆمییەر لە شاری
لەندەنی پێتەحتی وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین
فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە بەدەستبێنێت.
ئایدیای سیناریۆی ئەم فیلمە بیرۆکەی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن
قوبادییە و سیناریۆکەی لە لایەن سینەماکاری لاوی کورد بەتین قوبادی
نووسراوە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە
ئاسیاییەکان کە بریتی بوون لە: ھالە ئەنوەری ـ فۆتۆگرافەر و ھونەرمەندی
ئێرانی، نیکی بێدی ـ پێشکەشکاری رادیۆ و تەلەفیزیۆن لە بەریتانیا،
دێڤید تسە کاشینگ ـ دەرھێنەری شانۆ لە بەریتانیا، ھاردیپ سینگ کولی ـ
نووسەر و پێشکەشکاری رادیۆ و تەلەفیزیۆن لە بەریتانیا و سوومانترۆ قۆز
بەڕێوەبەری بەرنامە کەلتوورییەکانی ماڵی ئاسیا و سەرۆکی فیستیڤاڵ،
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم خولەی فیستیڤاڵیان پێشکەش بە فیلمسازانی
سنەیی ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا کرد.
فیلمی "١١١ کچ" لە فیستیڤاڵی فیلمە ئاسیاییەکانی بەریتانیادا لە لایەن
ڕخنەگران، پەیامنێران و رۆژنامەنووسانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵ پێشوازی
لێکرا و ڕخنەگرانی ناوداری ئەورووپی لە گۆڤارەکانی "ھالیڤوود ریپۆرتەر"
Hollywood Reporter و "نیووز ستیسمەن"
New Statesman ڕخنەی پۆزێتێڤ و ناسندنیان
لەسەر نووسی.
ئەمساڵ بڕیار وابوو کە بۆ یەکەمین جار، خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن
بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە پێشکەش بکرێت، بەڵام براوەی باشترین فیلم لە
ڕێوڕەسمی کۆتاییدا رانەگەیێندرا و براوەی ئەم خەڵاتە دوای ماوەیەک
راگەیەندرا.
ئەم فیستیڤاڵە تەنیا فیستیڤاڵی سینەمایی شاری لەندەنە کە بە تایبەت
لەسەر فیلمە ئاسیاییەکان تەرکیز دەکات و ھەوڵدەدات سیمایەکی نوێی لە
سینەمای کیشوەری ئاسیا بۆ ھۆگرانی بەریتانی بخاتەڕوو.
فیستیڤاڵی فیلمە ئاسیاییەکان بە نمایشی ١٢ فیلمی ھەڵبژاردە لە وڵاتانی
جۆراوجۆری کیشوەری ئاسیا، لەوانە: ئێران، ھەرێمی کوردستان، ھیند، ژاپۆن،
کۆریای باشوور، تایلەند، ھۆنگ کۆنگ و تایوان لە رۆژانی ٦ تا ١٧ی ئازار
/ مارسی ٢٠١٣ لە سینەماکانی ھونەری ناوەندی شاری لەندەن، لەوانە:
سینەلوومیەر، ریۆ و ئای.سی.ئای لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
ئەم فیستیڤاڵە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ھەموو ساڵێک لە لەندەن بەڕێوەدەچێت،
تایبەتە بە نمایشی فیلم گەلی وڵاتانی
رۆژھەڵاتی ئاسیا، لەوانە: چین، ھیند، ویەتنام، ژاپۆن و چەندین وڵاتی
دیکە و ھەموو ساڵێک بەرھەمی سینەماکارانی بەرچاوی ئاسیایی و ھەندێک لە
فیلمسازانی تازە پێگەیشتووی ئەم وڵاتانە تیایدا نمایش دەکرێت.
ئەمساڵ فیلم گەلێک لە فیلمسازانی ناوداری ئاسیایی، لەوانە: تاکە شی
کیتانۆ، تاکاشی شیمیزۆ و میرا نایێر لە رۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم
فیستیڤاڵەدا نمایشکران.
فیلمی سینەمایی "پاتانگ" لە دەرھێنانی پراشانت بارگاوا، بەرھەمی
وڵاتانی ھیند و ئەمەریکا، فیلمی سینەمایی "گوللەی وەسەرکەوتوو" لە
دەرھێنانی پێن ئاک راتانگارانگ، بەرھەمی تایلەند، فیلمی سینەمایی "شای
بەرازەکان" لە دەرھێنانی یۆئان سنگ ھوو، بەرھەمی کۆریای باشوور، فیلمی
سینەمایی "کەرەستەی خاو" لە دەرھێنانی کەرگ فیمۆند، بەرھەمی ئەفریقیای
باشوور و بەریتانیا، فیلمی سینەمایی "خەباتکار" لە دەرھێنانی ئیرۆ
دراسنین، بەرھەمی ئەمەریکا، فیلمی سینەمایی "ئەشکەنجە کراو" لە
دەرھێنانی تاکاشی شیمیزۆ، بەرھەمی ژاپۆن و کۆمەڵێک کورتە فیلم لە
فیستیڤاڵی کورتە فیلمەکانی "شەپۆلی نوێی" وڵاتی ھۆنگ کۆنگ لە
بەرنامەکانی دیکەی ئەم فیستیڤاڵە بوون.
فیلمی "١١١ کچ" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم" لە ئاستی
جیھاندا بە شێوەی نێودەوڵەتیی بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە چەندین
فیستیڤاڵی گرینگی جیھانی نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی تایبەتی "سینەمای
نوێی ئێران" لە چل و دووەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی رۆتێردام لە
وڵاتی ھۆڵەندا، لە بەشی "دەلاقەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە حەڤدەیەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی پووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور و لە
سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سائۆپۆلۆ لە وڵاتی
بڕازیل.
لە پوختەی سیناریۆی ئەم فیلمە ٧٩ خولەکییەدا ھاتووە؛ ١١١ کچی کورد
نامەیەک بۆ سەرۆک کۆمارەکەیان دەنووسن کە ئەگەر ھاوسەریان بۆ
نەبینێتەوە بە کۆمەڵ خۆیان دەکوژن، بە شوێن ئەم نامەیەدا دەوڵەت،
نوێنەرێک بۆ چارەسەری ئەم مەسەلە رەوانەی ناوچەکە دەکات.
ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی "١١١ کچ" بریتین لە: دەرھێنەر:
ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا، ئایدیای سیناریۆ: بەھمەن قوبادی،
نووسەری سیناریۆ: بەتین قوبادی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: حەمید قەوامی،
یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: جەلال ساعیدپەناە، مونتاژ: نیعمەت نارنجی
و بەھمەن قوبادی، ئەکتەرەکان: رەزا بێھبوودی، مێھدی سالی و مێھدی سادقی،
دەنگھەڵگر: حوسێن قوورچیان، دیزاینی دیمەن: ناھید قوبادی، دیزاینی دەنگ
و میکس: بۆتان ئۆغڵۆ، بەرپرسی بەرھەم: سۆران ئیبراھیم، موزیک: نیکی
میرزا، یاریدەدەری دووەمی دەرھێنەر: بێری شەڵماشی و بەرھەمھێنەر: عەباس
غەزالی و بەھمەن قوبادی.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.newstatesman.com/cultural-capital/2013/03/111
-girls-wins-best-film-award-pan-asia-film-festival
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|