١٨\٨\٢٠١٣
١٢ی پێشنیوەڕۆ + ١٢ی پاشنیوەڕۆ = ٢٧ دەمژمێر.

هێمن عـوسمان عەبدوڵا
بە "سالار توتمانى" پێشکەشە.
پەیڤێکى نهێنى لە دەرەوەى ئەم چیرۆکە...
ئەم چیرۆکە بۆ خۆت بخوێنەوە و ، پیشانى هیچ کەسى مەدە . بۆ من ئاساییە
بۆ تۆ ناگونجێ و خراپ دەشکێتەوە ، ناوى من "میریدا"
یە تەمەن و ڕەگەزى خۆم نازانم ، تا ئێستا خۆم ڕووت نەکردووەتەوە جلێکى
هێجگار ئەستور و ، قەبە ، بەردەوام لەبەرم دایە ئەمەش بەهۆى ئەو
ڕوودوانەى لە ژیانم ڕوو ئەدات بێزارى کردووم . هەڵدێم لەخەو و ، لە
بێدارى ، کەیف ساز نیم بە هیچ کامیان ، مژۆڵى ڕووداوى دووبارەى ژیانمم
. گەر پێش نیوەڕۆیەک مرۆیەک ببینم و سڵاوێکى لێ بکەم شەویش بەهەمان
شێوە و لەهەمان شوێن شتێک ڕوو ئەدات ، گەر سڵاو نەکردنیش بێ لە بیست و
چوار کاتژمێردا ، دوانزە ى (A.m) ، هەرچى
ڕووبدات لێم بەدرێژایى دوانزە کاتژمێرى (P.m)
هەمان شت ڕوو دەدات تەنها کاتژمێرەکان وەک یەک وان ڕووداوەکان جودان ،
کاتژمێر سێى نیوەڕۆ باپیرەکەک ووتى کاتژمێر چەندە ؟ کاتژمێر سێى شەو
لەخەو لەهەمان شەقەام ڕابووم دەبینم کاتژمێر سێیە و چاوەڕێ بووم ئێستا
نا ئێستا باپیرە دەردەکەوێ و دەڵێ کاتژمێر چەندە لێ نەهات و من
ڕۆشتمەوە ، ناوێرم بیجامە یان بە شۆرت و فانیلەى بێ قۆڵەوە بنووم دەبێ
ڕەچاوى چوونە دەرەوەى بێ ئاگاى شەوانەم بکەم لە بارێکى گونجاو بم.
"ڕووداوەکان لە دوانزە کاتژمێرى (A.m)دا
".
بەدروستى کاتژمێر
10 : 00
A.m
لەخەو ڕا دەبم ، ژێرم تەڕە و لەکەنار دەریا یان لە ژێر تاوە بارانێک
یان لافاوێک بە تەنیشتمدا تێپەڕیوە و لەپاڵیدا نووستبم وا دەردەکەوێ و
هیچیان نییە ، گەر بگەڕێى هێندى سەرەدەرزییەک وشکایى لەخوار کەمەرم
نابینیتەوە ، بۆێکى ناخۆش ژوورەکەى پڕکردووە ، پێم شەرمە دەستێک بە
ژێرمدا بکەم ، بزانم ئەو لافاوە ، ئەو تاوە بارانە ، لەکوێى ئەم دیوار
بەندییە هاتووەتە ژێر چرپاکەم ، لەکوێ و چ کەنار دەریایەکدا بووە
نوستووم ، ئەو بۆ نە لە زۆر بۆنى پاریسى و ئەمریکى ڕوونترە مەوداێک بۆ
شەرم ناهێڵیتەوە ، بەدیار دەکەوآ چرکەساتێکى منداڵییە و ئێستا دووبارە
بووتەوە ، دەبێ ئاسایى بێ منداڵیت تێ پەڕاندبێ ، دۆخێک جیاواز لە
لێدانى دایک و سەرزەنیشتى باوک و تووڕەبوونى خوشکە تا هەڵخستنى چرپاکەت
، هەموو پەیڤێکى ناشیرین و هەوڵدانیکى بۆ بچوککردنەوەى سایکۆیى کەسێتیت
و بەدەمیدا بێ ڕووبدا.
11:6 A.m
لەبەر لاپتۆبەکە دانیشتووم ، چوون باوکم هەوڵى داوە بێتە ئەمدیو ،
دایکم تاکە نەعلى تێگرتووم و ، هاورێکانیشم کلکە ماسیحە ، شاشەکە درزى
گەوەرى تێبووە ، ڕەش و ، مۆر دەچێتەوە هیچ پیشان نادات .
8 : 00 A.m
هێندێ کتێبم لە بن هەنگڵ ، کڵاوەکەم تا سەر برۆکانم هێناوە ، دەنگێک
ئەژنەڤم بێ ئەوەى بیبینم ئەزانم داپیرەمە ، لەم ماڵە جگە لەمن و ئەو
کەسى دیکەى تێدا نییە دەڵێ " سەر قوڕاویى دیسان بۆکوێ ؟ ئەتەوێ
ئەمشەویش نەیەیتەوە ؟ وەک موعتادەکان لەسەر جادە دەنوویت ، لەداخى ئەم
سەرە ڕۆییەیت ، من ڕۆژێ سەرلوتى خۆم ڕەش دەکەم " خەریکم لە دەرگەى
کۆتایى و دەرچوون لەماڵ نێزیک دەبمەوە بەدەنگى بەرز دەڵێم "بۆ
نەخۆشخانە یان بۆ شکایەت کردن لە بنکەى پۆلیس ".
" بۆ نەخۆشخانە ".
دەزانم شەو لەهەمان کاتژمێر کتوپڕ و ناکا و بەبێ ئاگابوون لێرە دەبم ،
چوون بۆ بنکەى پۆلیس دەخەمە داوانزە کاتژمێرى دادێ ، ڕێدەگرم بۆلاى
پزیشک لەوێ ، لە نابارى خۆمدا لە هۆڵى چاوەڕوانى کلینیکى پزیشکەکەدا
لەگەڵ کەسێک دەیکەمە شەڕ ، جەنابى دکتۆر زوو دەمباتە ژوور ، پیاوێکى
کەر دیارە ، چاویلکەیەکى تا سەر لووتى هێناوە ، لە تەماتە فرۆش دەچێ
نەک لە دکتۆرى دەروونى ، دەست بە ووشەوە دەگرێ و بە هێما دەپەیڤێ.
"من نەخۆشم یان ئەم کتێبانە؟ یان نووسەرەکانیان ؟ "
.
ڕێگە نادەم قسان بکات دیسان درێژەى پێدەدەمەوە:
" یان من ئیحالەى نەخۆشخانەى دەروونى بکە یان نووسەرى ئەم کتێبانە "
.
بەجۆرێک لە ووشەکان تێ ناگا ، وادەزانێ بەهەڵە خۆم لە کلینیکە کەیدا
کردووە ، گەمژە ، گەمژە ، لەگەڵ قسەکانیدا سەرى بادەدات و دەڵێ " ئەو
کتێبانە بخوێنەرەوە ، بە ئیزنى خوا شیفات بۆ دێ " لەوە دەگەم لێم
تێنەگەیشت ، ئەو لەمنیش و لە کتێبەکان نەخۆشترە.
3 : 00 A.m
دونیایەکى بێدەنگ ... شەوێکى جوانە ، لەهەمان شوێنم دوانزە کاتژمێر لێى
بووم ، بە تەنیشت دیوارى دادگەوە دێمە خوار ، ماڵەوە دوورە تا بۆى
بڕۆمەوە .. تا دەڕۆمەوە گەر سڵاوێک یان ڕوداوێک بێتە ڕێم دەبێ لە
دوانزە کاتژمێرى دادێ بێمەوە ئێرە ، دەچمە باخى گشتى ، دەستێک بەسەر
هەرێزەکەدا دەهێنم بۆێکى خۆش تەڕو شێدارە ، بەکەڵکى خواردن دێ ، هەرچى
شت هەیە بەکەڵک دێت من نەبێ " گەر ماڵت نەبێ بۆی بگەرێیتەوە و ،لە
کوڵانە سەگێکدا بژیت . ئاساییە گەڵای ئەم درەختانەی لەگەڵ بخۆیت ، سەرم
شۆڕ کردووەتەوە ناو کۆشم ، خەریکە ڕۆژ دەبێتەوە ، سەگێک پێم دەوەڕێ ،
سەر هەڵدەبڕم بەدەست خانمێکەوەیە ، دووری دەخاتەوە لێم ، وە دووى خۆى
دەکات ... تا لەچاوم وون دەبێ ، دەوەستم بێ جوڵە و ، چاوم لەسەری
ناتروکێ دێڕیکی ئۆگۆست ستریندبێرگم دەکەوێتەوە یاد "خۆزگە سەگی کەسێک
بوومایە و دوای بکەوتمایە ، بۆ ئەوەی قەت بە تەنیا نەمێنمەوە ، جار نا
جارێک نەختێک خواردن ، جار و بار شەقێک ، جار نا جارێکیش دەست پێدا
هێنان و دووجاریش قامچی ".
خۆزگەێک یان تۆزێک کەیف پێویستە هەبێ ، بۆ درێژە پێدان بە پێوەندییەکی
کۆمەڵایەتی ، یان بۆ نووستوون لەپاڵ ڕەگەزێکى بەرامبەر ، یانژى دانیشتن
لە دەورى خوانێک من نیمە ، کەواتە تەواو . ئەویش لەدەماغمدا دێت و دەچێ
خەریکە دەهریم دەکا ، لەو جۆرە ئەندێشە ئەگەڕێم و خەریکم دەگەڕێمەوە ،
ماندووم لەگەڵیشی برسیمە ، تینوومە و ، دەبەێک ئاوم پێیە ئەی بۆ
نایخۆمەوە و ، تا تێنوم نەبێ ... ئاوەکە گەرمە کەڵکی تێنو شکاندنی نییە
، دەچمە دواوەی پاسەکە شۆفێرەکە نا ، ئەو پیاوەی پارە کۆ ئەکاتەوە
تەماشای من ئەکات، بە جۆرێک وادەزانێ من لە مرۆڤێکی باش ، زۆر ماقول
ئەچم دەڵێ "بەڕێز ئەوە لەو جێگەیە هەڵدەسی تا ئەو عایلەیە دانیشن ...".
هەموو ئەو بۆچوونە باشانەی کابرا لە ڕووکەشدا لەسەر من بۆی دروست بووە
، پێچەوانە دەکەمەو و دەڵێم "من ناتوانم ئینسانێکی ئەوەندەباشبم تا
جێگەی خۆم بەوان بدەم" .
من نەباشم نە مرۆڤێکی باشم.
"ڕووداوەکان لە دوانزە کاتژمێرى (P.M)دا".
بە دروستى کاتژمێر
10 : 00 P.m
خەریکم هەستم ، وەک لەزگەێکى بەهێزگرتبمى لە جێگە نوێنەکەم نابمەوە ،
خەو بەرى نەداوم ، دوانزە کاتژمێرە ژێرم تەڕە . دەمەوآ هێندێکى دیکە
سەر بە ژێر بەتانییەکەمدا بکەمەوە تەڕى و بۆنى پیس ڕێگە نادا ، گەر خۆم
نەبم هەرکەس ئەو بۆنەى لێبێ هەردوو کونە کەپووم بە چیمەنتۆ پڕ ئەکەمەوە
، تا بتوانم دوورى لێ ئەگرم ، چرپاکە هەڵدەگرم ، بەخێرایى فرتە ئەکەم
بۆ سەربان بە تەنافەکەیدا ئەدەم ، دێمەوە ژوور، لاپتۆبەکە دا ئەگیرسێنم
، ئەمەوێ نامەیەکت بۆ بنووسم و ڕووداوەکە
سادە بکەمەوە ، لەگەڵیشى هێندێک پێبکەنم " خۆشە گەر جار ، جار ، بە
میزبەخۆداکردنێکیش بێ بگەڕێیتەوە بۆ منداڵى " بۆم نانوسرێ ، پەنجەکانم
لەسەر پیتى لاپتۆبەکە خۆى ڕاناگرێ ، ووشەکان تێکەڵئ ئەبن ، هیچیان لێ
دەرناچێ ، دەترسێم بەهەڵە شتێکى دى دەربارەى " ئەو خوخدە خراپەتەوە
بنووسم بە تیڤى یەکەوە گرتووتە ، کە ئامادەیت بەدیار درامایەکەوە بمریت
، تا دەرگە نەچیت و تەماشاى سندوقى پۆستەکە نەکەیت ، بزانیت نامەى منى
تێدایە بۆ تۆ یان نا... " چى دەکەیت ؟ قامکم هەر ئەو ووشانە دەزانێ
بنووسێ ... بەم مانگى تەممووزە لەرز دایگرتووم ، فێنککەرەوەکە خامۆش
دەکەم ، چاکەت و بلوسێکى ئەستوور بەسەر جلە ئەستورەکانى بەرمدا ئەکەم ،
بە بەتانییەکەوە دەچمە بەلەکۆنەکە ، بە چیچکانەوە وەک پیرە مرۆڤێکی
ئیماندار"حى اللە" دەکات خۆم بە پشت و پاشدا ئەخەم ، چۆقە چۆقى ددانم
حەوت گەڕەک نا ، یەک دوو کۆڵان ئەولاترى خۆمان ئەڕوا و چاوەڕێ ئەکەم
بێن، لەدەرگە بدەن و بەم شەوە بەئاگایان بهێنم و بڵێن "ئەوە چ هەرایەکە
لەسەربانى ئێوە؟ ".
11:6 P.m
لەئەنجامى ئەو سوڕانەوە بێ هەژمارەى زەوى دەگەڵ خزم و ئاشنایانم لێک
دوورکەوتینەوە ، لێ دەگەڵ دروست بوونى ئەو حەمکە شاشە بێ هەژمارە
توانیومە ، مامم لە ئەڵمانیا ، خاڵۆم لە بەریتانیا ، کوڕى پورم
لەپرتوگال ، کچى مام لە ئەرجەنتین ، باوکم لە کەنەدا ، دایکم لە ڕووسیا
و ، هاوڕێکانم لەم وڵاتانەى دەرووبەر بدۆزمەوە ، شەوانە لە ڕێگەى
شاشەوە دەردەکەوین و دەپەیڤین ، لەوەتەى شاشە کۆى کردووینەتەوە
ناکۆکییەکان زیاد بووە ، دڵمان لەیەک پیسە و لەناو خۆمان لەسەر میراتى
دەبێ بەشەڕ، هیچ دەرکەوتنێک نییە بێ دەمەقاڵێ و ، قسە هەڵبەستن بۆیەک و
، گێڕانەوەى لاى یەکێکى دیمان. شەوێک تێ ناپەڕێ جنێو بە مامم نەدەم ،
میلى دەمانچە لە خاڵۆم دەهێنمەوە ، ڕووە و کچە پورم دەیچرکێنم ، هەزار
چووک بە قوونى کوڕى مام دەنێرم ، باوکم دەیەوێ لە شاشەکەوە بۆم بێتە
ئەمدیوو ، دایکم لە دوورەوە تاکە نەعلم تێ دەگرێ ، هاوڕێکانیشم دار
ماسیحەم بۆ هەڵدەگرن لێم بدەن . دەبینم شاشەیە بۆ حیکەمەتەکانى ستایشى
ئەکەم کە ڕێگە نادا دەستى ئەوانم پێ بگات ، ئۆخژەنێک دەکەم . سوێند
دەخۆم داهۆڵێک سەد هێندە لە مرۆڤى بەر شاشە چاترە . ئێمە شاشە
کۆیکردوینەتەوە ، ئێَمە ... "کۆ"یــَکى ناکۆکین .
8 : 00 P.m
."بۆ بەندینخانە"
.
بەرەوە بنکەى پۆلس رێم گرت ، خەریکم سکاڵاى یاسایى تۆمار ئەکەم ئەفسەرى
لێکۆڵەر گوێم لێدەگرێ " قوربان ... یان من لە بەندێ بکەن ، یان نووسەرى
ئەم کتێبانە ، بە جۆرێک ژیانى منیان تێک نەداوە ، گۆڕیوە بە جۆرێکى زۆر
خراپ " زۆر بەهێواشى خەریکە ناوەکانیانم لێوەر دەگرێت و لەگەڵ
نووسینیاندا دەڵێ " بەخوا ڕاست دەفەرمووى ئێمەیش گیرۆدەى دەستى
ئەمانەین " .
ئۆخژەنێک دەکەم و بە خۆم دەڵێم ئەمیش دەیانناسێ پێدەچێ خوێنەرێکى باش
بێ ، درێژەى پێدەدات " ئا ڕامبۆ ... ئەو هەتیوە چەقۆ وەشێنە پێ
پەتییەکەیە ، کەس نازانێ کێ خاوەنییەتى ، ڕۆژ نییە لەگەڵ چەند کەسێک
بەشەڕ نەیت ، کافکا کوڕە گەنجەکە هەموو ڕۆژێ شارەوانى خۆى و شمەکە
هەڕاجییەکانى ڕاو دەنێ ، دۆستۆیڤسکى ئەوە پیاوە پیرە پاقلە فرۆشەکەیە
باشە مرۆڤێکى بێ وەیە دەبێ چى کردبێ؟" ، " قوربان زۆر شتى کردووە.. " .
قەڵەمەکەى مرەکەبى تێدا نامێنێ ، چەند جارێک بە مێزەکەیدا دەکێشێ ،
داوا دەکات بۆى بگۆڕن ڕوو دەکاتە من و دەڵێ فەرموون ئەوانى دیکە کێن ،
لەگەڵ ناوهێنانى ئەوانى دیکە دیسان لەبەر خۆیەوە قسان دەکا "بۆرخیس ..
ئایى لەم پیرە هەتیو بازە ، بەخوا دەبێ دار لە قونى ببڕم ، تەمبێى بکەم
بۆت . مارکیز .. ئەوە پیاوە فیعل چییەکەیە ، لەگەڵ سەدان ئافرەت سێکسى
کردووە ، دەبێ بە گوون هەڵیواسم بۆت . سادقى هیدایەت ... سەر با ئەدات
و" ئاهــ ێک دەکات.. لەمێژە بە شوێن ئەم تلیاک کێشەدا دەگەرێم ، بیگرم
دەبێ کارەبا لە زووبانى بدەم ".
دەست دەخاتە سەر شانى من و دەڵێ " ئێوە ئێستا دەتوانن بڕۆن .. بەڵێن
بێت سەرجەمیان بهێنمە ئێرە و پشتیان بشکێنم ئەمانە چۆن دەتوانن
تەداخولى ژیانى خەڵک بکەن "سوپاسگوزارى ئەفسەرەکە دەبم و دێمە دەرەوە .
3 : 00 P.m
لە تەنیشت دیوارى دادگەوە دێمە خوارێ بە هەرکەس دەگەم:
"سڵاو .. بێ ئەرک .. موو هەڵکێشت پێیە؟".
" تێکچوویت ؟".
ئەو پەیڤانەى دادوەر لە زارى دەهاتنە دەر لەناو گوێم ماوەتەوە و ئازارم
ئەدات ، دادگە شوێنێکە تەنها بۆ جیابوونەوە ، بۆ گرێبەستى پێکەوبوون
نابێ ، ئێمە ماویەکى زۆر پێکەوە بووین ، بێ ڕەزامەندى هیچ نووسراو ،
دادوەرێک بوو . ئێستا چاترە بێ هیچ نووسراوێک لێک جیا بینەوە و ، منت
خۆشنەوێ چوون ناتوانم باوکی منداڵت و ، هاوسەرت بم بەهۆی ئەو ئازارە
زۆرەی هەمە ، شەوان لە ناو چرپاکەم خۆم ناگرم دەست و قاچەکانم بە
هەرچوار لا دەوەشێنم ، گەر بێت و لەتەنیشتم بیت زەبرێک بەر سکت دەکەوێ
، زیان بە دووگیانییەکەت دەگەیەنێ ، دەبینە بکوژی کۆرپەیەک ئەوکات لێک
جیا دەبینەوە ، چاتر وایە لە ئێستاوە لێک جیابین ، سەرقاڵبوون بە
نووسین و خوێندنەوە ئەوەی باشە گیرۆدەی بوویت ، تا ئەبەد ئازارت ئەبێ ،
بەو هۆکارەیش ناتوانی ببیت بە باوکی هیچ منداڵێ ، هاوسەری هیچ ڕەگەزێکی
بەرامبەر ، ئەتوانم هاوڕێت بم ... دوور و دۆست سڵاوێک لەنێوانمان هەبێ
، لەکاتی سێو پاککردن ئەودەمەی قامکی خۆم دەبڕم ، خوێنی لێ دەتکێ تۆم
بیر بکەوێتەوە و تەلەفونت بۆ بکەم و بڵێم " ئیستا یش وەک جاران خۆشت
دەوێم ؟ منداڵەکەى ناو سکت ماوە ".
تەلەفونەکە دادەخەمەوە و بیرم دەچێ پێت بڵێم: ئۆهــ چەند گرانە باوک
بیت وەک باوکی من!
دووەم پەیڤى نهێنى لە ناوەڕۆکى چیرۆکەکەوە...
بە تەنێ لەگەڵ داپیرەم ئەژیم ، لەگەڵ خێزانم جیابوومەتەوە ، دوورم لە
گشت ئاشناێک ژیانم لێ بووتە ژەقنەمووت گیرۆدەى ئەو نەخۆشییەم هێندێجار
بە ئاگا و هێندێجار نا ئاگا لە کاتژمێرە دووبارەکاندا دەچمەوە شوێنى
ڕووداوەکان . ماوەێکى زۆرە چەند ماهێک دەبێ تاقەتم لە ڕێگرتن چووە و لە
ژوور لەبن تاریکى لێى ڕاکشاوم ، زانیومە ئەفسەرى لێکۆڵەرەوە بە فەرمانى
دادگە بەهەردوو تۆمەتى " گەر هاوسەرگیرى بکەم ئەوا زەبرێک بەسکى
هاوسەرم دەخەم و منداڵى لەبار دەبەم و ، ناوى هێندێک کەسایەتیم داوە بە
بە بنکەى پۆلیس کە ئەوان لە ژیان نەماون وتەنها کت]بیان دەست دەکەوآ ،
پێیان وایە من بەرامبەر بە یاسا شۆخیم کردووە " بەدوامدا دەگەڕێن و
دەیانەوێ دەستگیرم بکەن چەند ڕۆژ ئەوان بە خۆیان و فەرمانیان دێن من
لەنێو تانکى سەربان خۆم حەشار دەدەم ، هەموو شەوێ کە دەنووم ئەفسەرەکە
دێتە خەونم و دەڵێ " لە هەرکوێ بتگرم دەبێ دار لە قونت ببڕم و بە گون
هەڵتواسم و کارەبا لە زووبانت بدەم و پشتت بشکێنم " ئیدى بەیانیان
کەلەخەو ڕادەبم دەڵێى لافاو هاتووەتە ژێرم یان باران لەسەرم نا لە
ژێرمدا دایکردوو و چرپاکەم بەجۆرێک بۆنى پیسى لێدێ کە بە دەریایەک ئاو
پاک نابێتەوە.
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|