په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠١٣

١٣\٥ یەکێکی تر لە لاپەرە شاراوەکانی مێژووی هەڵەبجە.


ھەورامان عەلی     


سەبەینێ ٢٦ سال بەسەر راپەرینەکەی هەڵەبجە و دەشتی شارەزوردا تێدەپەرێ ، مێژووی خەباتی ئازادی خوازانەی ئێمە پرە لە روداو بەسەرھاتی جۆراجۆر کە شایەنی تۆمارکردن و لێکۆلینەوەی ھەمە لایەنەن ، بەداخەوە دەتوانم بلێم ئێمە نەتەوەیەکین مێژووی نوسراومان نیە ، نەوەکانمان نازانن چی لە ژیانی باوباپیریاندا گوزەراوە . ئامانجی من لە نوسینەوەی ئەم بیرەوەریە ، گێرانەوەی شایەتحالێکە تا گەر سبەینێ کەسێک بیەوێت لێکۆلینەوەیەک لەسەر ئەو راپەرینە بکات لەزاری ئەوانەوە لەو رۆژەدا ھەلدەسوران زانیاریێکی دەست کەوێت، بێگومانم ، ئەوەی من گێراومەتەوە ھەمەلایەنە نیە، من تەنیا ئەوەم باسکردوە کە دیومە و ئاگاداربوم ، پێشەکیش سوپاسی ئەو بەرێزانە دەکەم کە لەو رۆژگارەدا ھەلدەسوران، گەر بتوانن بیرەوەریەکانی ئەو رۆژگارەیان بنوسنەوە ، تا بۆ مێژوو روداوەکان وەک خۆیان تۆمارکەین...

*     *     *

راپەرینی بەھاری ١٩٨٧ ی شارەزور و هەڵەبجە لاپەرەیەکی پرشنگداری مێژووی خەبات و قوربانیدانی خەلکی کوردستانە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیدا. پاش کارەساتەکەی ١٩٧٤ ئەوە یەکەمجار بوو هەڵەبجە و داتریش خورمال ، سیروان، سەیدسادق و بەشێکی گرنگی دەشتی شارەزور بکەوێتە ژێر کۆنترۆلی خودی جەماوەری راپەریوو؛ ئەگەرچی ئەو راپەرینە ماوەیەکی کورتی خایاند و رژێم بە درندانەترین شێوە توانی سەرکوتی بکات ، بەلام راپەرین ئەزمون و وانەیەکی گرنگی فێری ھەمووان کرد کە لە راپەرینەکانی دواتری کوردستاندا وەک ئەزمونێکی کەم وێنە سودی لێوەرگیرا. یەکەم وانە کە لە هەڵەبجەوە فێر بووین، ئەوە بوو راپەرین ھەرچەندە جەماوەری و بەرفراوان و بە ھێز بێت، ئەگەر سەرتاسەری نەکرێتەوە و لە پانتایەکی جوگرافی دیاریکراودا قەتیس بمێنی، سەرەنجام دوچاری شکست و پاشەکشی دەبێت. ئەوە بوو سەرەرای بەشداری کۆمەلانی خەلکی هەڵەبجە و شارەزور، سەرەرای گیانبازی و فیداکاری خەلکی قارەمانی ئەو دەڤەرە، بەداخەوە ھەرئەوەش چارەنوسی راپەرینەکەی هەڵەبجە ‌و دەشتی شارەزور بوو! .

لە ناوەراستی ھەشتاکاندا و دوای بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆی بەعس و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رژێم زۆر درندانەتر کەوتبووە گیانی کۆمەلانی خەلکی کوردستان و لە گشت لایەکەوە کوشتوبڕی وەرێدەخست. سیاسەتی ( زەوی سوتاوی) پەیرەو دەکرد ، لە ھەرجێیەک ھێزی پێشمەرگە چالاکیەکی ئەنجام بدایە ،رژێم بۆ چاوترسێن کردنی خەلک و لایەنە سیاسیەکان تۆلەی لە خەلکی سیڤل و بێتاوان دەکردەوە، بەم ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری دێھاتەکانی کوردستان وێران کران، لە کۆتایی گفتوگۆکانی (ی.ن.ک) و رژێم نوێنەری یەکێتی ھەرەشەی ھاوکاری سەربازی ئێرانیان لە رژێم کرد بوو، ئەوانیش لە زاری «علی حسن مجید»ەوە پێیان راگەیاندبوون گەر کاری لەو بابەتە بکەن دێھات لە کوردستاندا ناھێلن و سل لە بەکارھێنانی چەکی کیمیاویش ناکەنەوە!

بەم شێوەیە ھاریکاریکردنی بەرەی کوردستانی لەگەل سوپای پاسدارانی ئێراندا بە کردەوە کوردستانی کردە مەیدانی جەنگی کۆنەپەرستانەی عیراق - ئێران کە دواتر ئەم سیاسەتە ئاکامی زۆر خراپی لێکەوتەوە. لە بەھاری ١٩٨٧ دا رژێم بریاری راگواستنی تەواوی دێھاتەکانی دەشتی شارەزوری دابوو، بەکردەوەش لەرێگای موختار و دەست و پێوەندەکانیەوە خەلکی ئاگادار کردبووەوە کە تا مانگی ئایار دەبێت دێھاتەکانیان چۆل بکەن و ھەرکەسیش لەو بەروارە بە دواوە لەو ناوچانە بگیرێت وەک (مخرب) ھەلسوکەوتی لەگەل دەکەن. ئەوکات هەڵەبجە مەلبەندی بەرخودان و بەرەنگار بوونەوەی رژێم بوو، وێڕای ڕێکخستنەکانی بەرەی کوردستانی ، مەلبەندی ھەلسوراوانی چەپ و مارکسیەکان بوو، بەشێوەیەکی گشتی مارکسیەکانی هەڵەبجە ( جگە لە حیزبی شوعی ) بەسەر دوو رەوتی سیاسیدا دابەش بوو بوون : یەکەم ئەوانەی پیان دەوتن عێراقچیەکان کە لە « ئالای شۆرش» و ئەوانەی دەورو بەری پێک ھاتبوون . دووەم: لایەنگران خەتی کۆمەلەی زەحەمەتکێشانی ئێران کە لە رەوتی کۆمۆنیست بەتایبەتی و لایەنگرانی مارکسیزمی شۆرشگێر بەشێوەیەکی ‌گشتی پێکھاتبوون. هەڵەبجە و دەوروبەری ھەرلەسەرەتای ئەوەی پێی دەوترێ (شۆرشی نوێ) بە رابەرایەتی (ی.ن.ک) ناوچەیەکی گرنگی ئەو رەوتە بوو، ھێندە بەسە بلێین یەکەمین مەفرەزە و یەکەمین چالاکی پێشمەرگە لە دوای کارەساتی ١٩٧٤ لەم ناوچەیەدا سەری ھەلدا. لە سەرەتای ھەشتاکاندا کەم گەرەکی هەڵەبجە ھەبوو، شانەیەکی رێکخستنەکانی کۆمەلەی رەنجدەرانی تێدا نەببێت، بەلام دوای گفتوگۆی یەکێتی و رژێم و ناکۆکیەکانی نێو سەرکردایەتی کۆمەلە و جیابونەوەی بالی «مەلا بەختیار» و ھاورێکانی، کۆمەلە و یەکێتی بەشی زۆری رێکخستنەکانیان لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا لە دەست دا.

 

لێرەدا دەبێت بوترێت کە هەڵەبجە و دەروبەری مەلبەنێکی گرنگی ئیسلامی سیاسیش بوو، بەلام ئەم رەوتە چونکە لە قۆناغی خۆپەروەردەکردندا بوو، وە لە بنەرەتیشەوە بروای بەم جۆرە خەبات و تێکۆشانە نەبوو، گومانێکی زۆریش ھەبوو لەلایەن خودی دەزگا ھەوالگریەکانی رژێمەوە بۆ روبەروبونەوەی چەپ دروست کرابێت، چونکە بەئاشکرا چاوپۆشی لە جموجولیان دەکرا، بەشی زۆری ئەدەبیاتیان لە لایەن چاپخانەکانی رژێمەوە چاپ دەکرا! بەھەرحال ئەم رەوتە تا دوای راپەرینش چالاکیەکی سیاسی ئەو تۆی ئەنجام نەدا کە شایانی باس کردن بێت . لەم کەشوھەوا سیاسیەدا راپەرینی بەھاری ١٩٨٧ی هەڵەبجە ‌و شارەزوو بەرپاکرا. من لێرەدا وەک کەسێکی بەشداربوو لەو راپەرینەدا ھەولدەدەم روداوەکانی ئەو چەند رۆژە و ھەندێک لە وردەکاریەکانی بگێرمەوە، ھیوادارم ئەم ھەولەی من گێرانەوەیەکی راست گۆیانەی ئەو مێژووە پرشنگدارەی هەڵەبجە و خەلکە تێکۆشەرەکەی بێت وەک وەفایەکیش بۆ قوربانیە لە ژمارە نەھاتوەکانی لەبەرچاو بگێرێت.چەند رۆژ پێش راپەرین لە نێو ھەلسوراوە سیاسیەکانی هەڵەبجەدا باسی ئەوەی کە چ بکرێت و چۆن روبەروی ھێرشی رژێم ببینەوە گەرم بوو. چەپ بەشێوەیەکی گشتی باسیان لە راپەرین دەکرد، ھەموو لە سەر ئەوە ساغبوون کە دەبێت بە خۆپیشاندان و مانگرتن وەلامی رژێم بدەینەوە، ئەوکات ھەلسوراوە سیاسیە مارکسیەکان زۆربەمان یەکتریمان دەناسی، لە چایخانەکان، باخچەکەی بەردەم ئۆرزی، لای دیوارەکە بەرامبەر چایخانەی خالۆ و لە نێو سنۆبەر و باخەکانی گولاندا باس و خواسی سیاسی و بیرورای جۆراوجۆرمان ئالوگۆر دەکرد.

 

ئەگەرچی ئەو سەردەمە من ئەندامی کۆمەلەی رەنجدەران بووم، بەلام لەبەر ئەوەی سکتاریست نەبووم و توشی دۆگمای سیاسی نەھاتبووم لەگەل زۆربەی مارکسیەکانی تر پەیوەندی دۆستانەم ھەبوو. ئەگەرچی زۆرجاریش جەدەلی سیاسی توند لە نێوانماندا ھەبوو، بەلام لە رووی ئەمنیەوە بەشێوەیەکی دروست و بە دسپلینێکی سیاسی بەرزەوە نھێنیەکانی یەکتریمان دەپاراست. یەکێک لە و کۆروکۆمەلە ‌سیاسیانە دەستپێشکەری کرد و لە شەوێکی درەنگی ١٣/١٢ . ئایاری ١٩٨٧دا بانگەوازی مانگرتن و راپەرینی دا ھەروەک کاک فاتیح عەزیز لە کوردستانی نوێدا ئاماژەی پێداوە کە خۆی ھەڵسوڕاوێکی بەرچاو بووە لە زۆربەی خۆپیشاندانەکان دا دەڵێت : چەند کەسێک لەڕێخستنەکانی شار، سەرباری جیاوازی بیروبۆچوونمان لیژنەیەکی شەش کەسیمان پێک ھێنا لەم کەسانە (فاتح عەزیز، شەھید دڵزار تۆفیق، موحسین کاکە حەمە، ساجید محەمەد، موحسین جەمیل، گۆران محەمە لە شەوی ١٢_١٣/٥/١٩٨٧ لەبڵندگۆی مزگەوتی (جامعە) گەورەی ھەڵەبجە بانگەوازەکەمان راگەیاند لەکاتی بانگەوازەکەدا مەفرەزەیەکی ح.ش.ع ھاوکاری کردین).

ئەو شەوە نازانم چۆن رۆژم لێبویەوە. کاتژمێر شەشی بەیانی لە مال ھاتمەدەر ئەو کات ئێمە مالمان لە کانی قولکە بوو ،دەمویست چاوم بە کاک رۆستەمی برای قادر کۆکۆیی بکەوێت، ئەو لێپرسراوی رێکخراوەیی من بوو، ناوشار کش و مات بوو، تاکو تەرا خەلک لە بازاردا دەبینرا، ھیچ کەس ئامادە نەبوو بچێتە سەر کاری رۆژانەی خۆی، شار چاوەرێی روداوێکی مەزنی دەکرد، ھەروەک وتم ویستم ھەرچۆنێک بووە خۆم بگەیەنمە مالی کاک «رۆستەم» کە مالیان لە گەرەکی سەرا بوو، نزیکی فەرمانگەی شارەوانی بومەوە ژمارەیەکی زۆر سەرباز و پیاوی رژێم لەو ناوە بوون، بە ناچاری گەرامەوە و بەبەردەم بانکەکەدا خۆم گەیاندە گەرەکی جولەکان، بەلام لەوێشەوە دیار بوو گەرەکی سەرا پربوو لە سەرباز، من دەمویست وەک پابەند بوونێکی رێکخراوەیی بزانم ھەلوێستی رێکخراوی کۆمەلە چییە و ئەوان رێنوێنیان چی یە؟ بە ھەرحال نەمتوانی دەستم بە کاک رۆستەم ڕا بگا و بە ناچاری رووەو «کانی ئاشقان» کەوتمەرێ رووەو مالی کاک «جەلال بابالە» - جەلال بابالە، سالی ١٩٩٤ لە خورمال لە شەرەکانی نێوان (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی ئیسلامیدا بە دیلی دوور لە ھەر پرنسیپێکی مرۆڤانە لەگەل کۆمەلێک پێشمەرگەی تردا لەلایەن چەکدارەکانی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە گولە باران کرا- ، من پێشتر لە گەل کاک «ئیمام»ی برای کاک جەلال لە شانەیەکدا رێکخراو بووین، ھەرچی چۆنێک بوو بە کۆلانەکانی جولەکاندا رۆشتم و خۆم گەیاندە مالی کاک جەلال ، لەوێ کاک «ئارام ھادی»ش - ئارام ھادی دوای پێنچ سال پێشمەرگایەتی بێ ھیوا بوو بوو دانیشتبوو، من تا ئەو کاتە لە نزیکەوە کاک ئارامم نەدەناسی - لەوێبوو ، دوای ھەوال پرسین لە کاک جەلالم پرسی ھەلوێستی کۆمەلە و بەرنامەی رێکخستن لەسەر بانگەوازەکەی شەو چی یە؟ کاک جەلال وتی " کۆمەلە لێپرسراوەتی کارێکی لەو بابەتە ناگرێتە ئەستۆ، رژێم لە زۆر ناوچەی کوردستان چەکی کیمیاوی بەکارھێناوە چ شتێک گەرنتی ئەوە دەکات لێرەش لە بەرامبەر خەلکی سیڤێل دا ھەمان تاوان دووبارە نەکاتەوە؟ ئێمە ھیچ جۆرە رێنوێنیەکی دیاری کراومان بۆ نە ھاتووە ! ".

 

من زۆر بێتاقەت بووم، ئەو بۆچوونەم پێ دروست نەبوو . لەوەلامدا وتم من گەر وەک خۆشم بێ بەشداری دەکەم ، من لە بازارەوە ھاتووم، شار مانی گرتووە و ناکرێ خەلک لە ئێمە کە بریارە پێشرەویان بین لە خۆ بردوتر بێت. بە دلشکاوی ھاتمەدەر و گەرامەوە بۆ کانی قولکە، لە رێگادا نزیک قوتابخانەی ھەورامان گەیشتم بە ھاووڵاتییەکم بەناوی «یەدوللە شەفیع»، دیاربوو ئەویش لە وەلامی بانگەوازەکەی شەودا ھاتبووە ئەوێ، دوای ھەوالپرسین، وتی لە کوێ بووی، بۆ خۆپشاندان ھاتووی؟ خۆمم لێکرد بە کەرەی شەربەت! تا ئەوکاتیش من کاک «یەدوللە شەفیع»م بە باش نەدەناسی ، ئەو زۆر راسگۆیانە وتی "دەزانم تۆش بۆ خۆپیشاندان ھاتووی، بۆ لێم دەشارێتەوە؟". ھیچ وەلامێکیم نەدایەوە گەرامەوە بۆ کانی قولکە. زۆرێک لە دوکاندارەکان لە بەردەم دوکانەکانیاندا وەستابوون، بەلام دوکانەکانیان نەکردبوونەوە .

 

ھێزەکانی رژێم لە ئامادەبا‌شی تەواوەتیدا بوون ، مودەرەعەیەک و کۆمەلێک سەربازیان ھێنابووە لای گەراجی سلێمانی لەسەر ڕاستە شەقامی بازار بەرەو سەرا، مدەرەعەیەکی تر لای پشکنینی (تنقیح)ی تووتنەکە، دانەیەکی تر لە بەردەم دواناوەندی هەڵەبجە ‌لە کانی قولکە و بەمجۆرە...ھتد. لای چایخانەی خالۆ ژمارەیەکی زۆر گەنج و لاوی شار، ھەلسوراوانی سیاسی و چەپەکان لەوێ بوون، لە ناو چاوی ھەمویاندا رقێکی ئەستوور بەرامبەر بە رژێم دەخوێنرایەوە ، کۆمەلێک گەنجی دل پر لە ھیوا و ئومێدەوار بە دنیای ئازادی سبەینێ، ‌دوو دوو سێ سێ سەریان کردبوو بە ناو یەکدا، یەکێک لە نێویاندا کە جامانەیەکی لە ملدا بوو ھاواری لێھەستا " تانک، تۆپ، تەیارە، دەرمان ناکا لەم شارە"...لە چەند ساتێکی کەمدا دەیان بگرە سەدان گەروو ھەمان دروشمیان دەوتەوە ... . وردە وردە ئاپورەی جەماوەر زۆرتر و زۆرتر دەبوو، کۆمەلێک دەمووچاوی ئاشنا پەیدابوون؛ بەڕێزان «حەمەسەلیم ھەورامی» کۆنە پێشمەرگەی یەکێتی و ھاوکاری بەقاڵیم، «ئەنوەری رابە»‌، «ئەیوب فایق»، «ساجد محمد»، «عەریف کەریم» ، «کامەران عوسمان» ، «سەردار عەبدوڵڵا»‌ ، «ھیوای حەمەی لاسلکی»، «بەھنام موحەمەد» و سدیق ،حیدەر،سەعید، مەریوانی علی شەمعە..... زۆرێکێ تر ( داوای لێبووردن لەو بەرێزانەدەکەم کە لەو کاتەدا لەوێبون من لە یادم نەماوە )...

 

لە بەردەم «چایخانەی خالۆ»وە خۆپیشاندان دەستی پێکرد، تا دەھات ئاپۆەی جەماوەر زۆرتر و زۆر تر دەبوو. دەنگی تەقەکردن لە چەند لاوە دەبیسترا، لە دوورەوە «مەریوان»ی برامم بینی، بە ھەلەدوان خۆم گەیاندە لای گەراندمەوە بۆ مالەوە، چونکە وی لەوکاتەدا ھێشتاکە مێردمناڵ بوو. دایکم زۆر لێم پارایەوە نەچمەوە دەرەوە و لەماڵ بۆخۆم دانیشم، وەک پیشەی ھەمیشەم بە قسەی دایکمم نەکرد گەڕامەوە ناوبازار لای مزگەوتی داروئیحسان کۆمەلێک گەنجی شار کۆوە بووبوون لە نێویاندا کاک «ئازاد تۆفیق»م دەناسی، ئەوکات کاک ئازاد ئالای شۆرش بوو، یەکەمین ھوتافی کاک ئازاد لە بەردەم مزگەوتەکەدا بە عەرەبیی بوو " یا عمال العالم اتحدوا!" ..... ژمارەیەکی بەرچاو خەلکی لەدەوری ئەو ھاورێیانە کۆوە بوو بۆ لای مالی کاک «حەمەفەرەجی نانەوا » کەوتنەرێ ، نزیک مالی« ئەحەی شاسوار »و لە کۆلانەکەی لای گەرماوی شفا لەگەل کۆمەلێک خەلکی خۆپیشاندەری تر تێکەل بووین، لەوێشەوە ‌بۆلای بانکەکە خۆپیشاندەران کەوتنەرێ... سەدان کەس لەبەردەم دوکانەکەی «حەمەی سافە»‌ روەو «کانی ئاشقان» رێچکەمان بەستبوو، دەمانویست لە چوارڕیانەکە بپەڕینەوە بۆ گەڕەکی کانی ئاشقان، بەلام لە چەند لاوە لەو راستە شەقامە تەقە دەکرا.

 

رژێم بە ھۆی مودەرەعەکانێێەوە لە بەردەم گەراجی سلێمانیەوە، ھەروەھا لە رێگەی بەکرێگراوەکانیەوە گولەبارانی ئەو راستە شەقامەیان دەکرد...من پێش کاک مەریوانی جوانە مەرگ لەو ‌ راستە جادەیەدا پەریمەوە بە سووکی بریندار بووم، ھەستم کرد ئازارێک لە پشتمەوە ھەستا، بە یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکەم وت سەیری پشتم بکات، گومانم ھەبوو بریندارم، ھاوەلەکەم وتی "ھیچ نیە کەمێک قرنجاوە..." نازانم پارچەی قیری سەر جادەکە بوو یان پارچەی گوولە تەقیوەکان بە سوکی پشتمی بریدار کردبوو. پاش ئەوەی کە لەوە دلنیا بووم، چاوەرێی پەرینەوەی باقی ھاورێیانم دەکرد..... زۆرێک لەوانەی پەریبونەوە ھانی ئەوانی تریان دەدا بپەرنەوە.... کۆمەلێک لە خۆپیشاندەران بە نێو رێژنەی گولەدا پەرینەوە، کاتێک کە کۆمەلی دووەم ‌ پەرینەوە،‌ بەخەستی درانە بەر رێژنەی گولە، کاک مەریوان گولەیەک بەر سەری کەوت، لەگوێچکەی چەپی دا و لای راستی دەموچاوی ھەلکەند، دیار بوو گولەی مدەرەعەکەی بەرکەت، دەستبەجێ گیانی لەدەست دا، ھەر لەو کاتەدا چەندکەسی تریش بریندار بوون لەوانە کاک «فواد عبدلرحمان»کە زۆر جەسوورانە ھاتە نێوەڕاستی چوارڕاکە، لەکاتێک دا گولە باران بوو، ھاواری دەکرد کەس نەترسێ وورەی بەشداربووانی بەرزدەکردەوە - کە بەداخەوە لە کارەساتی کیمیاوی بارانەکەدا لەگەل ھەزاران رۆلەی تری شارەکەدا گیانی لەدەست دا-. گیانبەختکردنی کاک مەریوان و برینداربوونی کۆمەلێک لاوی تر نەک پاشەکشەی بە خۆپیشاندانەکە نەکرد، بەلکوھێندەی تر جەماوەری راپەریوی رق ئەستورتر کرد و ... پێموایە بەڕێزان «فاتح عەزێز» و «موحسن شێخ جەمیل» و «عەریف کەریم» بوون دارەمەیتەکەیان ھێنایە بەری کانێ ئاشقان و لە مزگەوتی جامیعە تەرمی پیرۆزی کاک «مەریوان»مان خستە نێو دارەمەیتێک..

 

بەدەم وتنەوەی سروود و دروشمدانەوە روەو کانی ئاشقان بەرێکەوتین ، کۆلان بە کۆلان تەرمەکەمان دەگێرا .. لەم نێوەدا کاکە حەمەی شێج حەیدەر بە جێبەکەی دەوری بەرچاوی بوو .. زۆرێک لە دایکانی کانی ئاشقان وەک رێزلێنانێک لەو رۆلە قارەمانەی خۆیان چەپکە گولی نێو حەوشە و ئینجانەکانیان ھەلدەکەند و دەیانخستە سەر تەرمەکەی... دوای ماوەیەکی کەم لاشەی کاک مەریوان لەنێو خەرمانێک گولالە سوورەی بەھاردا داپۆشرا. لای گەرماوەکەی کانی ئاشقان من لە ریزی پێشەوە خۆپیشاندانەکە وە ھوتافم ئەکێشا کاک «ئەیوب فایق» پارەچەیەک کاغەزی دایەدەستم، کە چەند دروشمێکی تێدا نوسرابوو " ئازادی، دیموکراتی ....گەرانەوەی دێھاتی" - ھەژارانی شارو دێ ..... دەڵێن بۆرژوا بمرێ. لای دوکانەکەی کاک عومەری وێنەگر کۆمەلێک سەرباز وەستابوون ، جێبێکی سەربازیان پێبوو، لە لای ئوتێلەکەوە لەلایەن چەند چەکدارێکی دەموچاو ھەلبەستراوەوە تەقەیان لێکرا ھێندە بەپەلە ھەلھاتن، لەبەردەم نانەواکەدا لە ئاست گەرماوی پاشادا ئاربیجیەکەیان لێ بەجێما. لە گەراجی سلێمانیەوە بەردەوام تەقە لەو راستە شەقامە دەکرا دەمانویست ئاربیجیەکە بھێنین، کاک «جەلال عارف» وتی "کەس نەچێت بۆی دەکوژرێن، خۆی رۆشت پاش کەمێک شیشێکی درێژی ھێناو و بە شیشەکە ئاربیجیەکەمان ھێنایە کۆلانەکە.....

 

تاپێش عەسریش تەرمی کاک مەریوان بە نێو شاردا دەگێردرا...لە کاتی گەرانەوەمان بۆ کانی قولکە بۆ رێگەگرتن لە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و رێگرتن لە ھاتنی ھێزی رژێم تەواوی سەر شەقامەکان بە بەرد و ئاسن و جۆرەھا شتی تر گیرا بوون. من بۆ خۆم سەرم لەوە سورما بوو ئەو ھەموو شتە لەسەر شەقام و شەقامەکانی شار کەوتبوون، لە کوێوە ھاتبوون؟ئەوکاتەی تەرمی کاک مەریوان لە مزگەوتی داروئیحسان بوو، مدەرەعەکەی بەردەم ئامادەی هەڵەبجە لەگەل سەربازەکانی دەوروبەری روەو لای ئێمە کەوتنە جولە، کەسێکیان ناردبوو بۆلای ئێمە تا ئاگادارمان بکەن کە نیازیان خراپ نیە ‌و دەیانەوێت بگەرێنەوە بۆ سەربازگەکەی خۆیان، بە چەپلە رێزان و وتنەوەی دروشمی " الجنود اخوانونا ..البعسین اعدائونا" پێشوازیان لێکرا، سەربازەکان ئەترسان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان بوو ھێواش ھێواش بە نێوماندا پاشەکشەیان کرد، کەسێک کە دەموچاوی ھەلپێچابوو، وابزانم «عادلە خەجێ» بوو، دەیویست تەقە لە سەربازەکان بکات . خۆپیشاندەران پەلاماریان دا و چەکەکەیان لێسەند و وەک زیندانی دوورخرایەوە. دوای رۆشتنی ئەوان تەواوی شار جگە لە گەرەکی سەرا لەژێر کۆنترۆلی خەلکی راپەریودا بوو، عەسرێکی درەنگ کاک حەمەسەلیم ھەورامی لە رێگەی بلندگۆی مزگەوتی داروئیحسانەوە مژدەی راپەرین و رزگارکردنی سیروان و خورمالی وسیدساقی راگەیاند ، بە چەپلە رێزان و ھوتاف کێشان پێشوازی لە ھەوالەکە کرا... رەوتی کۆمۆنیست بە ناوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی یەوە بەیانێکیان بلاو کردبووەوە کە بانگەوازی خەلکی دەکرد بۆ راپەرین. ...

 

لای ئێوارە بە بەشداری ھەزاران کەس تەرمی کاک مەریوان لە شەھیدان بە خاک سپێردرا .بەشێکی زۆری بەشداربوان شەو تا درەنگانێک لای چایخانەی خاڵۆ ماینەوە و کۆڕوکۆمەڵی قسەوباس گەرم بوو بۆ یەکەم جار سەڕای دلە ڕاوکێی لەسەر ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان ھەستمان بە ئازادی دەکرد. بۆشەوی دووەم ڕزگار عو‌سمان لە مزگەوتەکەی نزێک ماڵی خۆیان بانگەوازەکەی ڕەوتی کۆمۆنیستی بڵاو کردەوە . رۆژی دووەم شار ھەر لەژێر کۆنترۆلی خەلکی راپەریودا بوو، لێرە ‌و لەوێ وردە خۆپیشاندان ھەبوو، بەلام وەک دوێنێ نەبوو. لای نیوەرۆ لەبەردەم چایخانەی خالۆدا لەگەل کۆمەلێک ھاورێی خۆم ( ئەیوب فایق ، سەردار عەبدوڵا ، بیھنام موحەمەد و عەدنانی برای و نەبەرد عەبدولحەکیم ...) دانیشتبووین دیسان کۆپتەرەکان لە ئاسمانی شاردا دەرکەوتنەوە، ئەم جارەیان لە جیاتی رۆکێت بارانکردنی شار لە رێگەی بلندگۆوە بانگەوازی خەلکیان دەکرد کە دوای پروپاگەندەی بەکرێگیراوانی ئێران - وەک ئاماژەیەک بۆ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێم - مەکەون ، ھاتوچۆ لە نێو شاردا قەدەغەیە و لەپێناو سەلامەتی گیانتان لەمال مەیەنە دەرەوە ، هەڵەبجە بار ناکرێت و کێشەی لادێکانیش چارەسەر دەکرێت......ھتد ، خودی پارێزگاری سلێمانی بانگەوازەکانی دەکرد... دەست بەجێ لە مزگەوتی داروئیحسانەوە لیستی داخوازیەکانی جەماوەری راپەریو خوێندرایەوە، بۆ جاری یەکەم کاک حەمەسەلیم خواستەکانی خوێندەوە دواتر کەسێکی تر بەداخەوە ناوەکەی نازانم ، لەوکاتەدا لەسەرسوچەکەی کۆلانی تەجنیدی کۆندا، پیاوێکی بەتەمەن بە برنەوێکی کۆنەوە تەقەی لە کۆپتەرەکان دەکرد، فیشەکەکانی ھێندە کۆن بوون، ئەو بەرێزە ھەموو جارێک نازانم بۆ پێش تەقاندنیان بە تف تەرەقەکانی تەر دەکرد! دیمەنێک کە ھەرگیز لە یادم ناچێت، بەداخەوە ناوی ئەو بەرێزەش نازانم...

 

دەمەو ئێوارە کۆپتەرەکان جارێکی تریش ھاتنەوە . گولان و پیر محمد و کانی ئاشقانیان بۆردومان کرد، ژمارەیەکی تر قوربانی لێکەوتەوە ... رۆژی سێیەم، رژێم بە سوپایەکی زۆرەوە ھێرشێکی بەربلاوی دەستپێکرد لە سەیسادەق و سیروان خەلکی دلێرانە بەرەنگاری ھێرشەکە بووبوونەوە، ‌ سەرەنجام نزیکەی نیوەرۆ سەرەتای ھێزەکەی رژێم ھاتە ناو هەڵەبجە کە لەنێویاندا سەربازی یەمەنی دیار بوون، دوای نیوەرۆ مالی بەڕێزان ( حەمەفەرجی نانەوا،عوسمانی حەمە پیرەژن، غفوری حەبێ و مەلاعەلی) تەقێندرایەوە ھەوال بلاوبووەوە کە بریندارەکانی دوێنێ و پێڕێ ئەوانەی لە خەستە خانە بوون و دەست رژێم کەوتوون گولە باران کراون، لە گەڕەکی «کانی ئاشقان»یش رژێم بە فەرمانی راستەوخۆی «عەلی کیمیاوی» کەوتە وێرانکردنی ئەو گەرەکە و لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ٥٠٠ خانووی ھاوولاتیانی بە (T.N.T) تەختکرد، خەلکەکەشی ئاوارە و سەرگەردان کرد، تەنانەت رژێم لە زۆرێک لەو مالانەدا رێگەی بە خەلکەکە نەدا کەلوپەلەکانیان بێننە دەرەوە. بەھەرحال شکست و پاشەکشەی راپەرین، شلەژان و سەرلێشێواویەکی زۆری خولقاند.

 

جگە لە ھەلسورێنەرانی خۆپیشاندانەکە بەشێکی زۆری دانیشتوانی شار و دێھاتەکانی شارەزوو روەو چەمی ھاوار کەوتنەڕێ پاش ئەوەی کە بێئومێد بوون لەوەی کە ئۆپۆزیسیۆن نایەت بەھانایانەوە ،پاشان لە ئۆردوگا‌کانی سەریاس و دزڵی نیشتەجێ کران......منیش ئێوارەیەکی درەنگی ١٥ مانگ لە ‌سەرکەنی تاوێرە گەیشتم بە پۆلێ پێشمەرگەی یەکێتی بە فەرماندەیی کاک حەمەی حەمەسەعید لێپرسراوی بنکەی شنروێ، باری چەندین ھێستر چەک و تەقەمەنیان پێبوو، بەشوروشەوقەوە لەگەلیان وەرێ کەوتم، پێم وا بوو ئەوچەکانە بۆ دابەشکردن بەسەر خەلکی راپەریودا دەبرێن، ئەو شەوە گەیشتینە نزیک تەپەکورە، چەک و تەقەمەنیەکانمان دایەدەست کۆمەلێک پێشمەرگە، کە بە فەرماندەیی جەبار فەرمان چاوەرێمان بوون. ئەوکات حالی بووم ئەو چەکانە بۆ قەرەداغ دەبردرێن و پەیوەندیان بە راپەرینەکەوە نییە! ئەمە بێزاریەکی زۆری لە مندا دروستکرد، بەشێکی ئەو پێشمەرگانەی لەگەلمانا بوون وەک من ئەورۆژە چەکی پێشمەرگایەتیان لەشان کرد بوو، بەو ھیوایەی فریای راپەرین بکەون لەگەل کاک محمد وەرێکەوتبوون... لەبیرمە ئەو ‌شەوە (فاتح عەزیز، موحسن شێخ جەمیل ، مامۆسا بەکر وعوسمانی نەجیبە....بە بۆلەبۆل لە ئێمە جیا بوونەوە و نەگەرانەوە... دوای ماندووبونێکی زۆر گەیشتینەوە سەرکەنی تاوێرە و بریاردرا لەوێ پشیویەک بدەین. بەیانی زوو بە دەنگی کۆپتەرەکانی رژێم لە خەو ڕابووین، بە پەلە خۆمان گەیاندە چەمی ھاوار، شەرێکی قورس دەستی پێکرد، حەمەی حەمەسەعید و پۆلێک پێشمەرگەی تر لە نێو سەربازگەکەی ناو دێدا سەنگەریان گرت، عەریف کەریم و کامەران عوسمان و تایەری حاجی کەریم و نەوشیروان تەپەکورەی.....لە پشت سەیتەرە کۆنەکەی ھاوار و نزیک کارێزەکە دامەزران، ئەو رۆژە لە پێناو تەنسیق کردن و رێکخستنی شەرەکە چەندین جار کاکە حەمە منی دەناردە لای مەفرەزەکەی عەریف کەریم و ئەوان، خۆیشی دەھاتوو و دەچوو، بەکردەوە جگە لە ھەندێک و‌ردە روبەروبونەوە، من دەوری تەتەرم دەبینی.

 

تا پاشنیوەڕۆیەکی درەنگ شەر بەردەوام بوو، دوای گیان لەدەستدانی کاک «نەوشیروان تەپەکورەیی» مەفرەزەکەی کاک تایەر و ھاورێکانی دلێرانە بەرگریان کرد و نەیان ھێشت تەرمەکەی بکەوێتە دەست دوژمن.... ئێوارەیەکی درەنگ دوای کۆتای ھاتنی شەرەکە ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بە فەرماندەی مامۆستا جەمال جاجی حەمە لە ھەوارە کۆنەوە ھاتن بۆ لامان. ئەوان جھازێکی راکالیان پێبوو کاک حەمە لەوبەری پردەکەی نێو چەمە ھاوار لە سەر رێگاکەی دەرەتوێ، لەرێگەی جیھازەکەی ئەوانەوە پەیوەندە بە سەرکردایەتی یەکێتی و رادیۆوە کرد. ھەر لەوێدا راپۆرتێکی لە سەر راپەرین و شەرەکەی چەمی ھاوار و پێراگەیاندن ، بە ھەلە پێی وتن کە رژێم مزگەوتی جامعەکەی بە مەلا عوسمان و قورئانەکانەوە بە تی‌ئین‌تی تەقاندووەتەوە! لە کاتێکدا نە مزگەوتەکە تەقێنرا بوویەوە و نە مەلاعوسمانیش کوژرا بوو! ئەوە بوو ‌ تا چەند رۆژ رادیۆکەی یەکێتی ھەردەی وت و دەیوتەوە کە رژێم رێزی قورئان ومەلاو مزگەوتیش ناگرێت.......بۆ مێژوو دەیلێم ئەو راپەرینە بە دەستپشخەری و سەرپەرشتی ھیچ لایەنێکی بەرەی کوردستانی نەبوو، ھەرچەندە ‌ مەفرەزەیەکی حیزبی شیوعی ھاوکاریەکی باشی راپەرینەکەی کرد، بەلام راپەرین لەلایەن ئەو حیزبەشەوە بەر‌نامەی بۆ دانەرێژرابوو، بەڵکو ڕاپەڕینی خۆبەخۆی جەماوەری بوو ھەڵقڵاوی ھەناوی خەڵکی داخلەدڵی ناوچەکە بوو دژ بە فاشستەکانی بەغدا. شەوی بانگەوازەکە مەفرەزەیەکی یەکێتی بە فەرماندەیی کاک فەلاحی حەمە بۆر لە کانی ئاشقان بوون، داوایان لێکرا بوو بەشداری بکەن، لە وەلامدا وتبوویان ( ئێمە بە کاری تایبەتی خۆمان ھاتووین و فەرمانی کارێکی لەو جۆرەمان پێ نییە) .

 

ئەو راپەرینە بە دەست پێشخەری «ئالای شۆرش» و «چەپەکانی لایەنگری کۆمەڵەی زەحەمەتکێشانی ئێران» بەتایبەتی و چەپەکان بەگشتی رێخکراو ھەر ئەوانیش چالاکانە تیێدا ھەلدەسوران سەرەڕای بەشداری بەرچاوی ئەندام و لایەنگرانی بەرەی کوردستانی. بەڵگەیەکی تری سەربەخۆبوونی راپەرینی هەڵەبجە لە کۆنترۆڵ و سکتاریزمی پارتەکان ئەوە ‌بوو، کە ڕاپەڕینەکە وەک راپەرینە جەماوەرییە سەربەخۆکانی مێژوو،‌ سەدان کەس لە خەڵکی ھەژار ، کرێکار، جوتیاران، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران تێیدا بەشدارییان کرد، نەک ھەر ئەندامانی حیزبەکانی بەرەی کوردستانی سەربەخۆییانە بەشدارییان تێدا کرد، بەلکو بەشێکی زۆری چەکدارەکانی رژێمش بە راپەرینەکەوە پەیوەست بوون و لوولەی چەکەکانیان کردە ڕژێم.

لە کۆتایی دا دەمەوێت داوای لێبووردن لەو بەرێزانە بکەم کە لەو رۆژانەدا چالاکانە ھەلدەسوران من ناوەکانیانم لە یاد نەماوە،من تەنھا ئەوەم باس کردوە کە بەشدار بووم و بینیومە، ئەمرۆ زیاتر لە بیستوچوار سال بەسەر ئەو رۆژگارەدا تێدەپەرێت ، مەینەتیەکانی رۆژگار ، ئاوارەیی و زیندان و ژیانی تەنیای ھاندەران ...زۆر بیرەوەی لا کال کردومەتەوە ... سلاو لە یادی راپەرینی خەڵکی ھەڵەبجە و دەورووبەری.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک