|
٢٠\٧\٢٠٢٦
١٤ی تەمووز
پرسیاری ئەوان و وەڵامی ئێمە.

ئەرسەلان مەحمود
هەموو ئەو خوێندنەوانەی تا ئێستا لەسەر ١٤ی تەمووز کراون و نووسراون، چ
ستایشکار و چ ڕەخنەگر، چ لایەنگری کۆمار و حەسرەتخۆری پاشایەتی، چ چەپ
و ڕاست، لە خاڵێکدا هاوبەشن، هەموویان باوەڕیان بەوەیە شتێک لەو ڕۆژەدا
ڕوویداوە و ئەو شتەش جیاواز پێناسە دەکەن ــ شۆڕش، کودەتا، تراژیدیا،
ڕزگاری، کارەسات ــ هەمووشیان لەسەر ئەوە کۆکن ئەوەی ڕوویداوە مێژووی
عیراقی گۆڕیوە. من دەڵێم نا- ئەم بنەمایە هەڵەیە. ١٤ی تەمووز لە
ڕاستیدا هیچی نەگۆڕی، چونکە ئەوەی بەناوی گۆڕانەوە ڕوویدا، هەرگیز بۆ
گۆڕان نەهاتبوو و دروستنەکرابوو. ئەو ڕۆژە تەنها لایەنێکی تری ئەو کێشە
بنەڕەتییەی دەرخست وڵاتەکە پێش ١٤ی تەمووز و دوای ١٤ی تەمووز، هەر
هەمان کێشەی هەبوو و هەیە، کێشەی بوونی خودی دەوڵەتێک بەناوی عیراق.
کاتێک باسی ڕژێم دەکەین، لە حەقیقەتدا باسی ئارایشێکی سیاسی دەکەین
لەسەر جەستەیەکی دیاریکراو. ڕژێم دەگۆڕدرێت، بەڵام جەستە دەمێنێتەوە.
عیراقی ١٩٥٨ هەمان جەستەی عیراقی ١٩٢١ بوو، هەمان جەستەی عیراقی ٢٠٠٣
بوو، هەمان جەستەی ئێستایشە دەیبینین. جەستەکە بریندارە، نەخۆشە، لە
خوێنبەربووندایە، نەک لەبەر ئەوەی ئەم یان ئەو ڕژێمە خراپ بووە، بەڵکوو
لەبەر ئەوەی ئەم جەستەیە بۆ ژیان و پێکەوەژیان دروستنەکراوە. ئەو
جوگرافیایەی ناوی لێنرا عیراق، بەرهەمی خواستێکی مێژوویی-کۆمەڵایەتی
نییە، بەرهەمی نەخشەیەکە دوو دیپلۆماتی ئەورووپی لە ژووری کۆشکێکدا
کێشایان. ١٤ی تەمووز نەیتوانی ئەم بنەمایە بگۆڕێت، چونکە کێشەکە هەرگیز
لە ئاستی ڕژێمدا نەبوو، بەڵکوو لە ئاستی خودی دەوڵەتدا بوو.
دەوڵەت لە فەلسەفەی سیاسیدا دوو مانای هەیە. یەکەم دەوڵەت وەک ئامرازی
بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەوە دروستدەکرێت بۆ خزمەتی
خۆی. دووەم دەوڵەت وەک چوارچێوەیەکی زۆرەملێی کۆلۆنیالی، ئەوەی لە
دەرەوەی کۆمەڵگەوە دەسەپێندرێتە سەر کۆمەڵگە. عیراق نموونەی جۆری
دووەمە. ئەم دەوڵەتە هەرگیز بەرهەمی خواستی ئەو خەڵکە نەبووە ئێستا
ناچارن لەژێر سایە و سێبەرە قورسەکەیدا بژین. کورد لە سەرەتاوە
نەیویستووە، شیعەی باشوور بەو شێوە سیستەماتیکییە نەیویستووە، تەنانەت
زۆرێک لە سوننەکانیش بەم فۆڕمە هەر نەیانویستووە. ئەم دەوڵەتە لە
دەرەوەوە هێنراوەتە ئاراوە و لە ژوورەوە بەردەوام هەوڵیداوە خەڵک قایل
بکات بەوەی حەقی بوونی هەیە. ئەمە ئەرکێکی ئۆنتۆلۆژیانەی قورسە و هیچ
ڕژێمێک دواجار نەیتوانی سەرکەوتوو بێت تێیدا، نەک لەبەر لاوازیی
ڕژێمەکان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەم ئەرکە لە بنەڕەتدا شتێکی نەشیاوە.
باشە، ئەگەر کێشەکە دەوڵەتە، نەک ڕژێم، ئەی بۆچی ئەوەندە بایەخ بە ١٤ی
تەمووز دەدرێت و ساڵانە دەکرێتە پشووی فەرمی و یاددەکرێتەوە؟ وڵامەکە
ئەوەیە ١٤ی تەمووز بوو بە یەکێک لەو مۆمێنتانەی نەخۆشیی دەوڵەتی
بەشێوەیەکی ڕەها دەرخست. کوشتنی خێزانی پاشایی لە کۆشکی ڕیحاب،
ڕاکێشانی تەرمی نووری سەعید بەسەر شەقامەکاندا، جەژنی جەماوەری لەسەر
خوێن ــ ئەمانە هەموویان نیشانە نەبوون بۆ کۆتاییهاتنی ڕژێمێک و هاتنە
ئاراوەی ڕژێمێکی نوێ، بەڵکوو نیشانە بوون بۆ ئەوەی جەستەی دەوڵەت لە
کۆتاییدا نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. ئەو توندوتیژییەی لە ١٤ی تەمووزدا
دەرکەوت، توندوتیژییەکی نوێ نەبوو کۆمار بۆ عیراقی هێنابێت. ئەو
توندوتیژییە لە بونیادی خودی دەوڵەتدایە، لە ١٩٢١ـەوە، کاتێک ئینگلیز
فەیسەڵی هێنایە بەغدا و کۆنگرەیەکی ساختەیان بۆ ڕێکخست بۆ ئەوەی
هەڵبژێردرێت. تەنانەت هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی پێش ١٤ی تەمووز
ڕوویاندا ــ کۆمەڵکوژیی ئاشوورییەکان لە ١٩٣٣، فەرهوود لە ١٩٤١ ــ
هەموویان دەرکەوتنی هەمان ئەو نەخۆشییەن. ١٤ی تەمووز کۆتاییهێنانی ئەم
توندوتیژییە نەبوو، بەڵکوو تەنها لایەنێکی تری دەرخست.
کاتێک ڕۆشنبیری کورد لەسەر ١٤ی تەمووز دەنووسێت، دوو بژاردەی هەیە،
هەردووکیان لە ڕاستیدا بژاردەی خۆی نین. یان دەڵێت شۆڕشێک بوو، خەونێکی
جوانی هێنا و کوردیش سوودی لێبینی، وەک بەڵێنی مافی نەتەوایەتی لە
دەستووری کاتیدا، یاخود دەڵێت کارەساتێک بوو ڕێگەی بۆ کارەساتی دواتر
خۆشکرد. لە هەردوو حاڵەتدا، خوێندنەوەکە لەناو گێڕانەوەیەکی
عەرەبی-عیراقیدا دەکرێت، نەک لە دەرەوەی. ڕۆشنبیری کورد لە دەرەوەی ئەم
گێڕانەوەیە قسە ناکات، چونکە ئەم گێڕانەوەیە بۆ ماوەی نزیک بە سەد ساڵە
چوارچێوەی هەموو گفتوگۆیەکی سیاسی بووە لە جوگرافیای عیراقدا. ئێمە
فێربووین باسی مێژووی خۆمان بکەین وەک ئەوەی بەشێک بێت لە مێژووی ئەوان.
ئێمە فێربووین سەرکەوتنی خۆمان و شکستی خۆمان بە پێوانەی ئەوان
هەڵبسەنگێنین.
١٤ی تەمووز، لە ڕوانگە ڕەسەنە کوردییەکەوە، نە شۆڕش بوو و نە کارەسات.
لە ڕاستیدا ١٤ی تەمووز هیچ نەبوو، چونکە کورد بەشێک نەبوو لەو ڕووداوە.
کوردستان لە ١٤ی تەمووزدا هیچ کاردانەوەیەکی سەرەکی نەبوو، هیچ
نوێنەرێکی نەبوو لە ژووری بڕیارداندا، هیچ ڕۆڵێکی لە داڕشتنی داهاتوودا
نەگێڕا. تەنها لەوانە بووین ڕایانگەیاند شۆڕشێک ڕوویدا. دوای ماوەیەکی
کورت، بەڵێنەکان بوون بە هەڵم، دواجار دەرکەوت کورد لە عیراقی نوێدا،
وەک هەمیشە بێشوێنە، ١٤ی تەمووز تەنها ڕژێمی گۆڕی، نەک بونیادەکەی.
کەوابێت، ئەی باشە بۆچی هەتا ئێستاش ڕۆشنبیری کورد بەردەوامە لە
خوێندنەوەی ١٤ی تەمووز بە زمانی ئەوان؟ وڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی
قووڵتر لە ئۆنتۆلۆژیای هەبوونی کورد خۆی لەناو دەوڵەتی عیراقدا. ئێمە
سەد ساڵە فێرە ئەوە دەکرێین هەبوونی خۆمان بە زمانی ئەوان پێناسە بکەین.
کاتێک باسی مافی خۆمان دەکەین، دەڵێین حقوق قومیة بەپێی چوارچێوەی
دەستووری عیراقی. کاتێک باسی جینۆساید دەکەین، دەڵێین جینایاتی ڕژێمی
بەعس وەک ئەوەی کۆی ئەم تاوانانە دەرەنجامی ڕژێمێکی دیاریکراو بێت، نەک
دەرەنجامی خودی ئەو دەوڵەتەی هێشتا لە ناویدا دەژین. کاتێک باسی
داهاتوومان دەکەین، دەڵێین داخل العراق أو خارجه ــ لەناو یاخود لە
دەرەوەی عیراق ــ وەک ئەوەی ئەم دیخۆتۆمییە تاکە ئەگەری بوونمان بێت.
لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، ئێمە پێناسەی خۆمان دەکەین بەرامبەر بە
پێوانەیەک کە خۆمان داماننەڕشتووە.
١٤ی تەمووز نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەم دیاردەیە. کاتێک ڕۆشنبیرێکی کورد
دەڵێت شۆڕشی ١٤ی تەمووز بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کورد شکاند، لە ناخدا
دان بەوەدا دەنێت بەڵێنێک هەبووە، واتە دان بەوەدا دەنێت ئەم شۆڕشە
شۆڕشی ئێمەش بووە، واتە دان بەوەدا دەنێت عیراق دەوڵەتی ئێمەشە، ئەوەتا
هەندێکجار بەڵێنمان پێدەدات و هەندێک جار بەڵێنەکان دەشکێنێت. بەڵام
ئەگەر ئێمە بە ڕاستی لە دەرەوەی ئەم گێڕانەوەیە بووینایە، پرسیارەکە
ئەوە نەدەبوو ئایا بەڵێنەکە جێبەجێ کراوە یاخود نا، بەڵکوو ئەوە دەبوو
ئایا هیچ کاتێک ڕۆڵمان لە دروستکردنی ئەو بەڵێنەدا هەبووە؟ وڵامەکە
ڕوونە؛ نا – هەرگیز، نەخێر. ئێمە تەنها هەڵگری بەڵێنێک بووین خەڵکێکی
تر بۆ خۆیان دەیانویست جێبەجێی بکەن، هەرکاتێک مەرامی خۆیانی تێدا
هەبووایە.
ئێمە کاتێک باسی ١٤ی تەمووز و کورد دەکەین، لە حەقیقەتدا باسی ئەوە
دەکەین کورد چۆن هەوڵیدا خۆی لەناو پڕۆژەیەکدا بەرچاو بخات لە بنەڕەتدا
هەرگیز پڕۆژەی خۆی نەبووە. کورد باوەڕی وابوو کۆماری نوێ دەیەوێت
لەگەڵیدا ژیان بکات. عەبدولکەریم قاسم سەرەتا هەمان دیدگەی هەبوو.
بەڵام دوای چەند مانگێک هەردوولا زانییان ئەم پێکەوەژیانە لە بنەڕەتدا
مەحاڵە، چونکە ئەوەی بونیادی ئەو دەوڵەتە دەیخواست بنەماکەی
پێکەوەژیانی کورد و عەرەب نەبوو، تەنها بۆ ئەوە دروستکرابوو هەبێت، نەک
بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکەکەی بکات.
ئایا خودی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە بۆ ئەم ناوچەیە گونجاوە؟ ئێمە کاتێک
باسی عیراق دەکەین، باسی جۆرێک لە دەوڵەت دەکەین لە ئەورووپای سەدەی
نۆزدەدا سەریهەڵداوە، لە بارودۆخێکی مێژوویی-کۆمەڵایەتیی تایبەتدا،
بارودۆخێک هیچی لە بارودۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناچێت. لە ئەورووپا،
دەوڵەت-نەتەوە بەرهەمی سەدان ساڵ گەشەکردنی زمان و کەلتووری هاوبەش،
شارستانییەتی کۆمەڵایەتی و پێویستیی ئابووریی بازاڕی سەرمایەداری بوو.
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەت-نەتەوە هاوردەکراوەتە سەر کۆمەڵگە و
سەپێندراوە، هێشتا لەسەر بنەمای عەشیرەت، پیرۆزی و ئایین کار دەکات.
ئەمە دەوڵەتێک نەبوو بەرهەمی گەشەی ناوخۆیی بێت، بەڵکوو دەوڵەتێک بوو
بەرهەمی داواکاریی دەرەکی بوو. ١٤ی تەمووز نەیتوانی ئەم ڕاستییە بگۆڕێت،
تەنها هەوڵیدا لەجیاتی ماسکی کۆنی شاهانە، ماسکی نوێی نەتەوەیی-عەرەبی
بۆ هەمان دەوڵەت دابنێت. ئەنجامەکە هەمان ئەنجامی پێشوو بوو، تەنانەت
دراماتیکتریش بوو.
ئێستا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکە، ئێمە وەک کورد، چۆن
دەبێت خوێندنەوەیەکی خۆمانی بۆ ئەم مێژووە بنووسینەوە؟ وڵامەکە ئاسان
نییە، بەڵام دەستپێکەکەی ئاسانە. دەبێت وازبهێنین لە خوێندنەوەی مێژووی
خۆمان بە زمانی ئەوانی تر. دەبێت بزانین هەبوونی ئێمە لەناو عیراقدا
هەرگیز هەبوونێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو هەبوونێکی زۆرەملێ بووە و خۆی
بە ئاسایی نیشانداوە. دەبێت لە دەرەوەی گێڕانەوەی شۆڕش-کارەسات
بجوڵێینەوە و پرسیاری ڕاستەقینە بکەین، ئێمە کێین، پێش ئەوەی ببینە
بەشێک لە عیراق؟ ئێمە کێ دەبین، ئەگەر بێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان چیدی بەشێک
نەبین لە عیراق؟ ئەم پرسیارانە هیچ پەیوەندییان بە ١٤ی تەمووزەوە نییە،
چونکە ١٤ی تەمووز پرسیاری ئەوان بوو، نەک پرسیاری ئێمە.
زۆرێک وا بیر دەکەنەوە، دانانی زمانی خۆت، واتە وشەیەکی نوێ لە جێی
هەموو وشەیەکی عەرەبی دابهێنین، یاخود دەربڕینێکی کوردی بدۆزینەوە بۆ
هەموو چەمکێکی سیاسی. ئەمە ساویلکەییی زمانی و زمانەوانییە، نەک
ڕزگاریی ئۆنتۆلۆژی. کێشەکە لە وشەکاندا نییە، لە چوارچێوە
چەمکییەکاندايە، ئەو چوارچێوە چەمکییانەی ئەم وشانە لە ناویاندا مانا
وەردەگرن. ئێمە دەتوانین بە کوردیی خاوێن قسە بکەین، بەڵام بە کوردیی
خاوێن گێڕانەوەی عەرەبی-عیراقی بگێڕینەوە. زمان لێرەدا بە مانای
زمانەوانی نییە، بەڵکوو بە مانای ئەو چوارچێوە ئیپستیمۆلۆژییەیە ئێمە
جیهانی پێدەبینین و مێژوو پێیدەنووسین و دەخوێنینەوە و هەڵدەسەنگێنین.
با نموونەیەک بهێنمەوە. کاتێک باسی کوردستانی باشوور دەکەین، لە
وردەکارییەکاندا دەڵێین چی؟ بەشێکی جوگرافیای کوردستان پێناسە دەکەین
بەپێی پێگەی سیاسی-جوگرافییەکەی لەناو دەوڵەتی عیراقدا. ئەم ناوە خۆی،
چوارچێوەیەکی چەمکی هەڵدەگرێت و دەڵێت کوردستان چوار پارچەیە، هەر
پارچەیەک بەشێکە لە دەوڵەتێکی نیشتمانیی گەورەتر و پێناسەی هەر
پارچەیەک بەپێی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی لەناویدایە دەکرێت.
ئەم چوارچێوەیە خۆی گێڕانەوەی سایکس-پیکۆیە بە شێوەی گەڕاوە. ئێمە شەڕی
نەخشەکە دەکەین، بەڵام لەناو نەخشەکەدا. زمانی جیاواز ئەوە دەبێت
پرسیار بکات ئایا کوردستان لە بنەڕەتدا چوار پارچەیە، یاخود
جوگرافیایەکی یەکگرتووە و بەسەر چوار دەوڵەتی دەرەکیدا دابەشکراوە؟ لە
ڕوانگەی یەکەم، پارچەبوون تایبەتمەندیی خۆمانە. لە ڕوانگەی دووەم،
پارچەبوون شتێکە بەسەرماندا سەپێنراوە. ئەم دوو ڕوانگەیە هەردووکیان بە
کوردی دەردەبڕدرێن، بەڵام یەکێکیان لەناو زمانی ئەواندا قسە دەکات و
ئەوی تر لە دەرەوەی.
نموونەیەکی دیکە. کاتێک باسی مافی چارەنووس و خۆنووسین دەکەین، چەمکێک
بەکاردەهێنین لە دەرەوەی جیهانە کوردییەکەمان سەریهەڵداوە، لەناو
گفتوگۆکان و بڕیارەکانی وودرۆ ویلسۆن و لینین لە کۆتایی جەنگی جیهانیی
یەکەمدا. ئەم چەمکە بە فەرمی بۆ گەلانێک دروستکراوە کە لەژێر
کۆلۆنیالیزمی دەرەکیدان و دەیانەوێت ڕزگار بن. ئێمە کاتێک ئەم چەمکە
بەکاردەهێنین، کوێرانە دان بەوەدا دەنێین حاڵەتی ئێمە هاوشێوەی ئەو
گەلانەیە ئەم چەمکەیان بۆ دروستکراوە. بەڵام ئایا کورد لەژێر
کۆلۆنیالیزمدایە؟ لەژێر داگیرکاریدایە؟ یاخود بارودۆخێکی ئۆنتۆلۆژیی
جیاوازی هەیە و پێویستی بە چەمکێکی جیاوازە بۆ پێناسەکردنی؟ کاتێک
نووسەران و مێژوونووسانی کورد لەبارەی شۆڕشەکانی کوردەوە دەنووسن، ئایا
ئەم چەمکی شۆڕشە بۆ گێڕانەوەی ئێمە گونجاوە؟ شۆڕش لە فەلسەفەی سیاسیی
مۆدێرندا، دەرکەوتنێکی دراماتیکیی گۆڕانی سیاسی-کۆمەڵایەتی هەیە، ڕۆژێک،
ڕووداوێک، بەڵێننامەیەک. بەڵام ئەوەی کورد تێیدا ژیاوە، لە ڕاستیدا
بەردەوامییەکی سەبوورانەی مانەوەیە، نەک شۆڕشی دراماتیکی. کاتێک
هەڵسوکەوتی خۆمان بەسەر پێوانەی شۆڕشدا هەڵدەسەنگێنین، کوێرانە دان
بەوەدا دەنێین شکستمان هێناوە، چونکە هەرگیز نەمانتوانیوە بەم پێوانە
دراماتیکییە بگەین. لە کاتێکدا شکستمان لە پێوانەکەدایە، نەک لە
کردەوەکەماندا.
دانانی زمانی خۆت، بە پرسیارکردن لە هەموو ئەو چەمکانەوە دەستپێدەکات
سەدان ساڵە ئێمە کوێرانە بەکاریاندەهێنین. چەمکی نەتەوایەتی، چەمکی
دەوڵەت، چەمکی جینۆساید، چەمکی مافی مرۆڤ، چەمکی هاووڵاتیبوون، چەمکی
مۆدێرنیزم، چەمکی پێشکەوتن ــ هەموو ئەم چەمکانە لە دەرەوەی جیهانی
کوردی سەریانهەڵداوە، لە بارودۆخێکی مێژوویی-فەلسەفیی تایبەتی خۆیاندا،
بۆ چارەسەرکردنی کێشەگەلێکی تایبەت بەو کۆمەڵگایانەی تێیاندا
سەریانهەڵداوە. کاتێک ئەم چەمکانە بەکاردەهێنین بۆ خوێندنەوەی مێژوومان،
لە ناخدا لەژێر چاودێریی هاوکێشەیەکی فەلسەفیدا دەژین و پێماندەڵێت
ئێوە دەبێت خۆتان بەم پێوانانە هەڵبسەنگێنن، چونکە ئەم پێوانانە یاسای
گەردوونیی مێژوون. ئەمە درۆیەکی ئۆنتۆلۆژییە. هیچ یاسایەکی گەردوونیی
مێژوو نییە، ئەوەی هەیە تەنها مێژووی ئەو گەلانەیە کە توانیویانە
خوێندنەوەی خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن.
ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە دەبێت ئەم چەمکانە فڕێبدەین. ئەمە مانای
ئەوەیە دەبێت ئەم چەمکانە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و ئاگادارانە
بەکاربهێنین. هەر جارێک بەکاریان دەهێنین، دەبێت پرسیار بکەین: ئایا
ئەم چەمکە بۆ گێڕانەوەی ئێمە گونجاوە؟ کوێی ڕەنگدانەوەی ئەم چەمکە لە
بەرژەوەندیی ئێمەیە و کوێی دژی ئێمەیە؟ بوون دەبێتە چی لەژێر سێبەری
ئەم چەمکەدا؟ چی دەردەکەوێت بەبێ ئەم چەمکە نەیدەتوانی دەربکەوێت؟ ئەم
پرسیارانە شێوازی زمانێکی نوێ نین، بەڵکوو دەروازەیەکە بۆ ئەوەی
زمانێکی نوێ دەربکەوێت. هەروەها، دانانی زمانی خۆت، پێویستی بە
بەردەنگی خۆیشی هەیە. ئێمە بۆ ماوەی سەد ساڵە، بۆ ئەوان دەنووسین.
تەنانەت کاتێک بە کوردی نووسیومانە، لە دەرووندا هەستمان بەوە کردووە
ئەم دەقە دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان وەربگێڕدرێت بۆ عەرەبی یاخود ئینگلیزی،
تا بەرچاو بکەوێت. ئێمە فێربووین هەبوونی ئەدەبی-فەلسەفیمان کاتێک
ڕاستەقینەیە کە ئەوانی دیکە دانی پێدا بنێن. دانانی زمانی خۆت، مانای
ئەوەیە بەردەنگی ئێمە، هەر ئێمە خۆمان بین. مانای ئەوەیە کاتێک بۆ
کوردی دیکە دەنووسین، پێویستمان بەوە نییە هەموو شتێک شرۆڤە بکەین وەک
ئەوەی بۆ بێگانەی دەنووسین. مانای ئەوەیە دەتوانین قسە لە شتێکی وا
بکەین کە تەنها ئێمە دەتوانین لێیتێبگەین، بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکەین
ئەم قسانە کەمبەهان چونکە جیهانی دەرەکی لێی تێناگات.
زمانی خۆت، بەرهەمی خەیاڵکردنی خۆتە. ئێمە کاتێک دەتوانین بۆ خۆمان
بنووسین، لە حەقیقەتدا کاتێکە دەتوانین بۆ خۆمان بیر لە خۆمان بکەینەوە،
نەک وەک ئەوەی چاوی بیانی چاودێریمان دەکات. لە فەلسەفەی سارتەردا،
بوونێک هەیە بۆ خۆیە و بوونێک هەیە بۆ ئەویترە. ئێمە بۆ ماوەی سەد ساڵە،
بوونێک بۆ ئەوی تر بووین. تەنانەت کاتێک شۆڕشیشمان کردووە، بۆ ئەوی تر
شۆڕشمان کردووە، تا بمانبینێت. کاتێک خەباتمان بۆ زمان و کولتوور
کردووە، بۆ ئەوی ترمان کردووە تا دان بەوەدا بنێت کە ئێمە هەین. دانانی
زمانی خۆت، دەستپێکی گۆڕینی ئەم دۆخە ئۆنتۆلۆژییەیە. بەرەو ئەوە دەڕوات
ئێمە ببینە بوونێکی بۆ خۆمان، بوونێک کە مانای خۆی لە خۆیەوە دەگرێت،
نەک لە دەرەوەوە.
بەڵێ، ئەم پرۆژەیە ئاسان نییە، تەنانەت ڕەنگە هەرگیز بە تەواوی نەگاتە
ئاکام. زمانی خۆت، هەرگیز بە تەواوی دانانرێت، بەڵکوو بەردەوام لەژێر
دانانی چالاکدایە. هەر پەڕەگرافێک هەر کوردێک بە زمانێکی ئازاد و
ڕەخنەگرانە بینووسێت، بەشێکە لە دانانی ئەم زمانە. هەر شیکارییەک لە
دەرەوەی ئەم چوارچێوە سەپێندراوانە بێت، بەشێکە لە دانانی ئەم زمانە.
ئێمە کاتێک ١٤ی تەمووز شی دەکەینەوە بەم شێوەیەی لەم وتارەدا کراوە،
کار لە دانانی زماندا دەکەین. نەک لەبەر ئەوەی ڕاستەقینەیەکی موتڵەقمان
دۆزیوەتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەوڵدەدەین لە دەرەوەی ئەو گێڕانەوانە
قسە بکەین کە سەد ساڵ زیاترە قبووڵمان کردووە. ئەم هەوڵە بۆ خۆی
سەرکەوتنە، تەنانەت ئەگەر نەگاتە کۆتاییش.
مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات. تا ئەو کاتەی ئێمە بەردەوام بین لە
خوێندنەوەی مێژووی خۆمان بە زمانی ئەوان، بەردەوام دەبین لە هەڵگرتنی
بارگرانیی ئەو دەوڵەتەی هەرگیز بۆ ئێمە دروستنەکراوە. ١٤ی تەمووز
نەیگۆڕی، ١٧ی تەمووزی ١٩٦٨ نەیگۆڕی، ٩ی نیسانی ٢٠٠٣یش نەیگۆڕی. ئەگەر
شتێک هەبێت و ڕۆژێک بیگۆڕێت، ئەو ڕۆژە کاتێک دەبێت هەستابین بە
نووسینەوەی مێژووی خۆمان، بە زمانی خۆمان، بۆ خۆمان. تا ئەو کاتە،
هەموو ئەو خوێندنەوانەی ئێمە بۆ ١٤ی تەمووز و هاوشێوەکانی دەیکەین،
تەنها شرۆڤەی نەخۆشییەکن هەرگیز نەخۆشیی ئێمە نەبووە، کەچی بەردەوامین
لە بارکردنی دەرد و ژانەکەی.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|