١٦\٣\٢٠١٣
شازدەی
سێ چیم دی؟

فەتاح حەسەن
- ٢٥
-
مامۆستا
(فەخرەدین)ێک دەناسم
بیست و پێنج ساڵە، رەشپۆشە
بۆ مناڵەکانی و ژنەکەی.
١
کیمیاباران، رووینەدابوو
لە ژێرزەمین
خاولی تەڕم، دابەشدەکرد
پیرێک وتی
خۆت لەبیر نەکەی، حەوبرا.
٢
بە بەر ماڵی (عومەری خاوەر)دا، رۆشتم
ئەی نازانم!
بۆ نەمردم؟
٣
قرخە و لرخە
لە تەک، قاقا و پێکەنیندا
تێکەڵ، بە رشانەوە دەبوو.
٤
ئەڵقاو ئەڵق
بە، رەشبەڵەک، هەڵدەپەڕین.
بێئاگا بوون
کە، سەرچۆپی، مەرگ دەگرن.
٥
کۆرپەیەک، پەیتا، پەیتا
گۆی مەمکی
دایکە مردووەکەی دەمژی.
٦
مێردمنداڵێک
پەلی، باوکە نابیناکەی
رادەکێشا
ناو بە ناوێک
هاواری، لە، دایکی دەکرد.
٧
دایک و کچێک
بە کەمامەی (خەڵوز)ەوە
دەستیان، لە ملی یەک نابوو.
٨
کۆترە شینکەی
سەر (قسن)*ەکەی،
عەبابەیلێ
وەکو (شوبات) ، نەیاندەگماند.
٩
پیرەمێردێک
دوو سێ، بیست و پێنجی، چوار ئەسپی
رادەوەشاند.
بە، تەنها، یەک وشەی دەوت
ئاو.
١٠
دەڵەسەگیک
تووتکەکانی، دەلستەوە.
ناو بە ناوێک
روو لە ئاسمان
دەیقرووسکاند.
١١
چەند ساڵێک بوو
بیرێک (پاکلەمە )**
نەکرابوو.
بە، جام ، ئاوم، لێدەرهینا.
١٢
لە پاڵ، درەختێکی، وشکهەڵاتوو
لە ژێر، گوانی، مانگایەکدا
سەتڵە شیرێک
مێش تێیدابوو.
١٣
داڵێک
لەسەر
لاشەی بەرخێک
نیشتبۆوە
دەنووکی تێنەدەژەنی!
١٤
لە (سازان) بوو
تنۆک
تنۆک
دادەباری
خۆشی، خۆشی، کە بارانە
هاواریان کرد
هۆوو.. تێزابە.
١٥
لە (هاوار) بوو
خێرەومەندێک
ژنێکی، لە دۆڵیکەوە، سەرخست.
ژنە، زوو .. زوو
هاواریەکرد
ئەی، نەعلەکەم!
١٦
هەر، لە (هاوار)
خوێندکارێکی، خۆم، بوو، وتی
(کە، گوناحە، مامۆستا فەتاح، تێکچووە).
____________________________________________
*
قسن:
گوومەز.
**
پاکلەمە:
کردارێکە ساڵی جارێک یا دوو جار ئەنجام دەدرێ، لە سەرەتای بەهاردا یا
ناوەندی هاویندا (کاتێک ئاستی ئاوی بیر روو لە کەمبوون دەکا، بە هۆی
خڵتە و لم و چەو، بیرهەڵکەن بە چەند پێیەک بیرەکە قووڵتر دەکا تا ئاوی
بیرەکە زیاد بکا).
دانیمارک - ڤالبی
fhesen@yahoo.com
|