١١\١٠\٢٠١٩
١٧ حوشتر و ٣ کوڕ.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی
منداڵە
زیرەکەکان : لە سەردەمێکی زۆر کۆندا و لە گوندێکی دووری ناو بیابانێکدا،
پیاوێکی پیر لەگەڵ سێ کوڕی خۆیدا پێکەوە دەژیان . ئەم پیاوە پیرە حەڤدە
حوشتری هەبوو ، کە سەرچاوەی بژێوی ژیانیانبوو . ئەم حوشترانەی بە کرێ
دەدا بە خەڵکی بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان لە ناو بیابانەکەدا .
ڕۆژێک لە ناکاو ئەم پیاوە پیرە مرد و لە دوای خۆشی وەسێتنامەیەکی سەیری
بۆ کوڕەکانی بەجێهێشتبوو.
پاش تەواوبوونی پرسەکەی ، کوڕەکانی وەسێتنامەکەیان خوێندەوە ،
تەماشایانکرد باوکیان حوشترەکانی بە سێ بەشی یەکسان بە سەریاندا دابەش
نەکردبوو ، جا چونکە ( ١٧ ) بە سەر ( ٣ ) دا بە یەکسانی دابەش نەدەبوو
، ئەو هاتبوو بەمجۆرەی لای خوارەوە دابەشیکردبوون :نیوەی ( ١ ÷ ٢ ) ی
حوشترەکانی بۆ کوڕە گەورەکەی دانابوو.
یەک لەسەر سێی ( ١ ÷ ٣ ) ی حوشترەکانی بۆ کوڕە ناونجییەکەی.
یەک لەسەر نۆ ( ١ ÷ ٩ ) ی حوشترەکانیشی بۆ کوڕە پچکۆلەکەی.
بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێکیش سەیرتر بوو ، لەم حاڵەتەدا ژمارە ( ١٧ )
بەسەر ( ٢ و ٣ و ٩ ) دا دابەش نەدەبوو.
هەموویان لەم دابەشکردنە سەیرە حەپەسابوون ، نەیاندازانی چۆن چۆنی( ١٧
) دابەش بکەن بەسەر ( ٢ ) دا تا بەشی برا گەورەکەیان بدەن ، چۆن ( ١٧ )
دابەش بکەن بەسەر ( ٣ ) دا تا بەشی برا ناونجییەکەیان بدەن ، چۆن چۆنیش
١٧ بەسەر ( ٩ ) دا دابەش بکەن تا بەشی برا پچکۆلەکەیان بدەن.
چەند ڕۆژێک ویستییان ( ١٧ ) حوشترەکە وەک وەسێتەکەی باوکیان دابەش بکەن
، بەڵام هەرچەند بیریاندەکردەوە تەقەی سەریاندەهات و نەیاندەتوانی.
پاشان بە ناچاری چوون بۆ لای پیاوێکی زیرەک و زانای گوندەکەیان ، تا لە
دابەشکردنەکەدا یارمەتییان بدات ، ئنجا چوون زۆر بە وردی کێشەکەیان بۆ
باسکرد. پیاوە بلیمەتەکە ، لە دوای ئەوەی بە جوانیی گوێی بۆ کێشەکەیان
شلکرد ، چارەسەرێکی ئاسانی بۆ دۆزینەوە . هەر بۆیە بە ڕوویەکی خۆشەوە
وتی:
ئێستا بڕۆن هەر ( ١٧ ) حوشترەکەتانم بۆ
بهێنن بۆ ئێرە.
کوڕەکانیش بە خێرایی چوون و هەر ( ١٧ )
حوشترەکەیان هێنایە بەردەمی ماڵی پیاوە زاناکە. ئنجا ئەم پیاوە زیرەکە
چوو یەک حوشتری خۆشی هێنا و خستییە پاڵ ( ١٧ ) حوشترەکە و ژمارەیان
بوون بە ( ١٨ ) حوشتر.. پاشان پیاوەکە بە کوڕە گەورەکەی وت:
ئادەی لە وەسێتنامەکەی باوکتدا بەشەکەی خۆتم
بۆ بخوێنەرەوە ، کوڕە گەورەکەش تەماشای وەسێتنامەکەیکرد و وتی :
بەشەکەی من نیوەی حوشترەکانە . پیاوە پیرەکە وتی:
کەواتە بەشەکەی تۆ دەکاتە : ( ١٨ ÷ ٢ ) ،
واتە ( ٩ ) حوشتر.
هەر لە وێدا ( ٩ ) حوشتری دایە دەست کوڕە
گەورەکە و وتی:
ئەوە بەشی تۆیە و لە کۆی حوشترەکانیش ( ٩ )
دانەی ماوەتەوە.
ئنجا پیاوە زاناکە ڕوویکردە کوڕە
ناونجییەکەیان ، تا وەسێتنامەکەی باوکی بخوێنێتەوە . ئەویش
وەسێتنامەکەی خوێندەوە و وتی:
بەشی منیش یەک لەسەر سێی ( ١ ÷ ٣ ) ی
حوشترەکانە.
پیاوە زیرەکەکە ( ١٨ ) ی دابەشکرد بە سەر (
٣ ) دا و کردییە ( ٦ ) دانە حوشتر ، هەر لە وێدا شەش حوشتریشی دایە
دەستی و وتی:
ئەمەشیان بەشی تۆیە.
بە مەش کۆی حوشترەکانی کوڕە گەورەکە و کوڕە
ناونجییەکە بوون بە: ( ٩ + ٦ = ١٥ ) حوشتر و هێشتا ٣ حوشتریشی
مـابـۆوە. پاشان ڕوویکردە کوڕە پچکۆلەکە وتی:
دەی فەرموو تۆش وەسێتنامەکەی باوکتم بۆ
بخوێنەرەوە.
کوڕە پچکۆلەکەش کەوتە خوێندنەوەی
وەسێتنامەکەی باوکی و وتی:
بەشی من دەکاتە یەک لەسەر نۆ ( ١ ÷ ٩ ) ی
کۆی حوشترەکان. پیاوە زاناکە ( ١٨ ) حوشترەکەی دابەشکرد بە سەر ( ٩ )
دا و کردییە ( ٢ ) حوشتر ، هەر لەوێدا ( ٢ ) حوشتریشی دا بە کوڕە
پچکۆلەکە. ئنجا پیاوە زاناکە وتی:
بەشی هەرسێکتان کردییە : ( ٩ + ٦ + ٢ کە
یەکسانە بە ١٧ حوشتر ) و یەک دانەش لە ( ١٨ ) حوشترەکانیش ماوەتەوە ،
ئەوەشیان حوشترەکەی خۆمە و بردییەوە بۆ ماڵی خۆیان.
بەمجۆرە ئەو پیاوە دانا و زیرەکە توانی زۆر
بە ئاسانی ئەو کێشەیەیان بـۆ چارەسـەر بکات.
جا منداڵە خۆشەویستەکان ئەگەر بە وردی بیربکەینەوە ، ئەوا دەتوانیین بۆ
هەموو کێشەیەک چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە ، چونکە هیچ کێشەیەک
نییە بە بیرکردنەوە چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە.
_______________________________________
تێبینی:
ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.
mkbarzy@hotmail.com
|