په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠١٥

١٧ی شوباتى خەڵک و ١٧ی شوباتی ئۆپۆزسیون.


پێشڕەو حەمید     

 

١٧ی شوبات نە شۆڕش بوو نە راپەڕین، نە سەرەتای سەرھەڵدانی ناڕەزایی بوو نە کۆتایی تووڕەبوون، شۆڕش بە ھێزی لۆجیستی دەکرێ و ئامانجی ھەیە و کۆی سیستەم و رژێم دەگۆرێ و سەرتایەکی نوێ دەسپێدەکا، راپەرینیش دەرچوونی دان بەخۆداگرتنەکانی خەڵکە لە بەرامبەر خراپیی و نغرۆبوونی ئەدای سیاسی و ئەو سیستەمەی کە ژیانیان رێک دەخا و بەڕێوەیان دەبا و راپەرین دەکەن بۆ چاکسازیی بنەڕەتیی بە بێ بەکارھێنانی چەک و ھاوشێوەکانی!! بەڵام ١٧ی شوبات ھیچیانی نەکرد نە سیستەم و رژێمەکەی گۆڕی نـە چاکسازیی دروستکرد!! کەواتە ١٧ی شوبات نە شۆڕش بوو نە راپەرین، یەڵکو رەتکردنەوەی ستەم و پاوەنخوازییەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوو، رەتکردنەوەی دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتداران بوو.


رەنگە ئەگەر تەنھا جەماوەر خۆی خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانە بووایە ئێستا بە شێوەیەکی تر قسەمان لەسەر ١٧ی شوبات بکردبایە و لە دوای ھیچ ھەڵبژاردنێکەوە خەڵک چاوەڕوانی ئەوەی نەکردبایە و ھەر جارەو ئەندام پەرلەمانێک بە موژەپێدانی ھاتنی مووچەکەیان گاڵە بە ھەستەکانیان بکا!!


١٧ی شوبات تاقیکردنەوەبوو بۆ میللەت کە بەشێکی زۆریان (ئیکمال) بوون!! بەشێکی زۆریان ھێشتا لەو روژانەدا نەیانتوانی دەنگەکانی سەرشەقام زیاتر بڵندتر بکەن و پەیامەکە بگەیەنە گوێیە داخراوەکانی بەرپرسان!! ئەوانەی (ئیکمال) بوون ئەو کەسانە بوون کە بۆ مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان تەنانەت ئامادەش بوون برایەکانی خۆیان لەسەر شەقام بەردباران بکەن و تف لە ناوچاوانی نەوەکانیان بکەن و ملشۆِڕانە بڕۆنە بەردەم خانەی ئاغایەکانیان و وەک کویلە شوێن شەق و زللەکانیان ماچ بکەن و بە توندیی دەستبگرن بە کڵاوەکەی سەریانەوە، سەرێک کە خاڵی بوون لە بیرکردنەوە و پڕ پڕ بوون لە ھیچ!!


شەھیدانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوای ئەو بەروارە سەربەرزانە چوونە نێو لاپەڕکانی مێژوو بۆ ھەمیشەش مێژوو نەمرانە لە ئامێزیان دەگرێ و بکوژانیشان رۆشتنە دیوە رەشەکەی تری مێژووەکەوە کە ھەموو ١٧ی شوباتێک ناشرینتر دەیانخاتەوە بەرچاوان و سەر زمانانان!!


ئەفسووس کە ١٧ی شوبات نەگەیشت بە ئامانجەکانی تا بەرژەوەندئئ گشتیی میللەت بپارێزێ و لە تەنیشتیەوە بۆ ھەمیشە خوشنودیی بکاتە دوا قۆناغی سەرکەوتنەکانی خۆی!! بەڵام ١٧ی شوبات بووە ئامرازێک بە دەست زۆر کەسەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەستەگەرایی و خۆسەپاندن بەسەر لوژیکێکدا کە ئەگەر ١٧ی شوبات نەبایە ھیچ ھۆکارێکی تر نەبوو بۆ ھەڵوتۆقینیان!! ئەوانەی پشتیان کردە ئامانجەکانی ١٧ی شوبات ھەر ئەوانە بوون کە بوونە ھۆکار بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ١٧ی شوبات لە یەک دەنگدا کۆیکردنەوە؟!


سڵاو بۆ خەباتی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان، سڵاو بۆ شەھیدانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوای ١٧ی شوبات، سڵاو بۆ کۆی ئەو کەس و لایەنانەی لە ١٧ی شوباتدا بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان پڕ بە گەروویان ھاواریان بۆ خۆشبەختیی خەڵکی کوردستان دەکرد.
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک