په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٣

١٩٩٤.


رێبین خدر      

هەرکات دەنووسم، لەو دیو دەرگاى داخراوەوە دەنگى گریانى کچەکەم دەبیستم.


گریانەکەى ژنانەیە، بەڵام هێشتا پاشماوەى هەناسەکانى منداڵى تێدا ماون، تایبەت ئەوکاتەى دەوەستێ و بەگوڕتر دەست پێدەکاتەوە.


قەڵەمەکەم توند توند بەسەر کاغەزدا دێنم و دەبەم، وەک ئەوەى بمەوێ ئەوەى ئەمجارە دەینووسم بۆ هەزار ساڵى تر بمێنێتەوە.بە چاوێکى خۆشحاڵیش دەڕوانمە ئەو باڵندەیەى لەسەر لقى دارە زەردهەڵگەڕاوەکە نیشتۆتەوە.دەڵێم هیچکات باڵندەى ئاوام نەدیوە، بیرم بۆ ئەوە دەچێت مام سەفا تەنها خۆى ئەم باڵندەیە بناسێت...شتێک لە شێوەى چۆلەکە، بەڵام کەللەسەرى لە هى تاوس دەچێت..دەنگێکى سەیریشى لێوەدێت.گەر باڵندە بە بەرچاوى منەوە نەیخوێندبووایە و لە شوێنێکى تر تەنها دەنگەکەیم بیستایە، دەمگوت دەنگى مریشک یان هى هەر پەلەوەرێکى ترە!چۆن شتێک بفڕێت دەنگێکى ئاوا ناسازى دەبێـت!


قەڵەمەکەم توندتر دەکەم و سەروسیمایەکى ناشیرن دێتە بەر پەنجەرە.کورتەبنەیەکى سەر گەورە کە هەردوو چاوەکانى بەقوڵداچوون، دەستى چەپەى بە پەنجەرەوە دەنێت و پێدەکەنێت.جامانەیەکیش لە ملیدا - سەرێکى ڕووتاوە و دوو دانى ڕەش لە دەمدا.ڕووى وەردەگێڕێت و بە شێوەى ئەکتەرێک کە چەندین جار ئەو ڕۆڵەى گێڕابێت، دەڕوانێتە باڵندەى سەر لقەکە و دەستەکانى بەرز دەکاتەوە و بە دەنگێگى گەورە پێدەکەنێت.


پیاوى کورتەبنە و سەروسیما ناشیرین مام سەفاى خاوەن خانووە.بێ هیچ دوو دڵییەک لە دەرگاوە دەردەکەوێـت و دێتە ژوورەوە.
دەنگى گریانەکە دەبیستێ.
"دووبارە ئەو کچە دەگرى، هاى هاى، دووبارە".
"بەڵێ وەک هەمیشە" من ئەوە دەڵێم و ناشمەوێ بەهۆى ئەوەوە دەسبەردارى نووسین بم.
سەیرى سەر مێزەکەى من دەکات.کتێبێک هەڵدەگرێ.
"خوێندەوارنیم، بەڵام بەرگەکەى جوانە! دەى باسى چى بوو؟"
من دەڵێم " باسى هیچ".
بۆ تاوێک دەنگى گریانەکە دەوەستێ، وەک ئەوەى کچەکەم ئاگادارى ئەوەبێت یەکێکى تر لە ماڵەکەدایە.
" بوو بە چەند ڕۆژ؟"مام سەفا دەپرسێ.
من ئارەزووى وەڵامدانەوەى هیچم نییە، بەتایبەت ئەو وەڵامانەى کە دەکرێ کابرا بۆخۆیشى بە چرکەیەک بیرلێکردنەوە پێیان بگات - بەڵام هەمووى بۆ درێژکردنەوەى گفتوگۆیە.
"هەشت ڕۆژ"
لەسەر کورسییەکى دارین دادەنیشێ و هەوڵدەدات کەمێک خۆى ڕێک و پێک نیشان بدات، بەڵام من واى دادەنێم ئەم پیاوە هیچ شتێک پۆشتە و ڕێک و پێکى ناکات.
" هەشت ڕۆژ،هەشت ڕۆژە لێرەى! تۆ سەرەتا گوتت ڕەنگە دووسێ ڕۆژ - هەر بۆ ئەو مەبەستەش پارەکەت دواخست، کەواتە ئەم پارەیە کەى دەدرێت و کەى بەتەماى چۆڵى بکەى؟.".
من قەڵەکەم دادەنێم.
"هەرکات چۆڵم کرد، پێت ڕادەگەیەنم و پارەکەت دەدەمێ!".
ددانە ڕەشەکانى دەردەکەون، ئەوە ئەوکاتەیە کە پێدەکەنێ.
" چۆن باوەڕت پێبکەم؟".
ڕقم هەڵدەستێ ئارەزووى ئەوە دەکەم، بیدەمە بەر شەق، ئینجا بە تەنها مستێکى بەهێزیش هەر دوو ددانە ڕەشەکانى بشکێنم.
بۆ لاى کانتۆرەکە دەچم و ئەو دووبارە دەڕوانێتە باڵندەى سەر لقەکە و هەستدەکەم بە چاوێکى شاراوەش چاودێرى من دەکات.جانتایەکى بچکۆلە دەپشکنم و پارە دەژمێرم.
"ئەوەتا، ئەوەتا - بیگرە هەموویەتى، هى چوار ڕۆژى تریشە".
کاتێ پارەکە دەبینێت شاگەشکە دەبێت و لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێ.ئینجا دەستدەکات بە ژماردنى.بە دەنگێکى ناخۆش (یەک، ئەوە یەک، دوو، ئەوە دوو، سێ، ئەوە سێ..) درێژە بە پارە ژماردنەکە دەدات.
"تەواوە، زۆر تەواوە، ئێستا ئیتر ماڵەکە تا چوار ڕۆژى تریش هى تۆیە، بەڵام.."
نامەوێـت چیتر قسە بکات.
"بەڵام چى؟"
خەمێک باڵ بەسەر سیمایدا دەکێشێت.
"هێشتا من نازانم تۆ بۆچى لێرەیت؟ ناشزانم بۆچى بە تەنها خۆت و کچەکەت..بۆچیش بەردەوام ئەو کچە خەریکى شیوەنە؟ جارێکى تریش کە پرسیم باسەکەت گۆڕى..".


بە ئاستەم دەنگى گریانى کچەکەم دێت.
" تۆ هەر خانووت بە کرێ پێنەداوم، بەڵکو چاکەشت لەگەڵ کردووم وایە؟"
مام سەفا، بێزارانە دەردەکەوێت و قاچەکانى دەجوڵێنێت و - قسە دەکات.
"چاکەى من ئەوەیە کە هاتنى تۆ بۆ ئێرە بە نهێنى بهێڵمەوە و بە کەسى نەڵێم بە تایبەت بە کەسانێک کە سۆراخى تۆ دەکەن!ئەمە چاکەى منە، هەروەها نابێ باسى ئەوەش لاى کەس بکەم کە ڕۆژى دووەم کاتێ ئەو کچەت هێنا بە زۆر لە خانووەکەدا نیشتەجێت کرد، نیشتەجێت کرد و دەرگاشت لەسەر داخست..ئەویش لەو دیو دەرگاوە هاواریدەکرد باوکە بیکەوە - دەست لەو یارییانە هەڵگرە باوکە!من ئەوانەم بە نهێنى ڕاگرتوون!ئەوە چاکەى منە!".
دەڕوانمە باڵدارى سەر لقەکە و پێدەکەنم.
"ئەمە گەورەترین چاکەیە کە تا ئێستا لەگەڵم کرابێت، تۆ گەورەترین چاکەت لەگەڵ کردووم".
مام سەفا لەسەر کورسییەکە خۆى ناگرێت، هەڵدەستێـت و دادەنیشێتەوە.
"من ئەوەم بۆ خوا کرد، بە ئومێدى ئەوەى خراپ نەکەوێـتەوە.".


باڵندەکە دەخوێنێت.
مام سەفا شاگەشکە دەبێت.
" بەڕاست هەر دەمویست بپرسم بەو باڵندەیە ناوى چییە؟"
پیاوى کورتە بنە بەم پرسیارە ڕەنگى دەگۆڕێت، قووڵ دەڕوانێتە ناو چاوەکانم.
"باڵندەکە ناوى نەسرینە!"
وەڵامێکى گێلانەبوو، بزەیەکم کرد، بەڵام نەیهێشت بەرەو زیاتر بڕوات.
"بەڵێ ناوى نەسرینە، دەزانم تۆش هیچکات باڵندەیەکى بەم شێوەیەت نەدیوە.ئەوە دواى مردنى خێزانەکەم لەم ماڵەدا زیادبووە.هەرگیز باڵندەى ئاوا بەر لە مردنى ئەو لەو ماڵە و لە هیچ شوێنێکى تریشدا نەبووە.هەر چەند ڕۆژێک دواى مردنى دەرکەوت و لەسەر دارەکە نیشتەوە.بەو هۆیەوە من ڕۆژانە دەبێت سەردانى ئەم خانووە بکەم، کە دەشیدەم بە کرێ پێ بە جەرگى خۆمەوە دەنێم..ئەو باڵندەیە گیانى نەسرینى ژنم نا..بەڵکو نەسرین خۆیەتى..خۆیەتى..هەر بەڕاست پێ لە جەرگنانە، خانووێک بە کرێ بدەى ژنەکەیشت لە خانووەکەدابێت..من دەڵێم ئەو بەم بە کرێدانە ڕازى نییە و بەردەوام دەبۆڵێنێ ..تۆش یەکەم کرێچى..سەیریکە..سەیریکە..ئەوەتا دووبارە دەبۆڵێنێ..".
گریان لە هەناومەوە هات و ڕژایە چاوەکانمەوە.


قەڵەمەکەم جوڵاند و نووسیم : باڵندەى نەسرین.بە تەنیشتیشییەوە وێنەیەکى سادە و ساکارم کێشا، هێما بوو بۆ مام سەفا.
کاتێ لە وێنەکە بوومەوە...ئەو لەوێ نەمابوو، بەڵام باڵندەکە هەر بەسەر لقەکەوە دەیخوێند.
دەنگى گریانى کچەکەشم دووبارە دەستى پێدەکردەوە.
سەرم خستە سەر مێزەکە و بۆ تاوێک بیرم لە مام سەفا و نەسرین کردەوە.وێنەى ئەوانم لە خانووەکەدا هێنایە بەرچاو، دوو کەسى بەختەوەربوون..نەسرین ئێواران لەناو حەوشەکەدا دەخولایەوە و هەوایەکى ئارامى هەڵدەمژى، ئینجا لەژێر دارەکەشدا نزاى دەکرد..نزاى دەکرد گەر بە پیرییش بێت منداڵێکى ببێت..نزاى دەکرد نەمرێت تاوەکو دەبێت بە دایک.مام سەفایش لە سەر بەرماڵەکە هەمان ئەو نزایانەى دەکردن..بەڵام..
بەڵام..


بەڵام..لێرەوە چیتر تواناى وێنەکردنى ئەو ژن و مێردەم نامێنێت و چیڕۆکەکەیان - کە خۆم بۆم درووستکردوون دەیپچڕێنم.
دەنگە دەنگێک دێت.
دەنگى کچەکەمە.قەڵەمەکە دادەنێم و بە هەڵەداوان دەڕۆمە لاى دەرگاکە.
"باوکە، باوکە"
وەڵام دەدەمەوە "گیان، گیان..مەڵێ باوکە..مەڵێ.."
"باوکە، باوکە...هەردەڵێم باوکە.."
دڵم توند دەبێت و سەرم گێژ دەخوات.
"باشە، چیت دەوێـت؟"
کچەکەم (کە من هیچکات بەخۆى ناڵێم کچکەم) کەمێک بە نازەوە دەڵێت " خۆشمدەوێى باوکە".
کاتێ ئەمە دەڵێت ڕادەچڵەکێم و توند دەستم بە دەسکى دەرگاکەوە دەگرم تا بەرنەبمەوە.
" بێ باوکە بیڵێ، بیڵێ شەپۆل - هەمان شت دووپاتبکەوە بێ ئەوەى باوکە بڵێى"
دووبارە دەگرى.
" تۆ تێکچوویت باوکە، تێکچوویت".
دووبارە دەڕۆمەوە لاى مێزەکە.بۆ ئەوەى بە ئارەزووەوە درێژە بە نووسین بدەم قەڵەمێکى تر لەژێر مێزەکە لەناو کارتۆنێکى بچووک دەردەهێنم..ئەمجارە بە "شین" دەنووسم.
دەمەوێ بنووسم دواى فڕاندنى کچەکەم - دایکى چى بەسەرهاتووە؟ دەمەوێ لەبارەى ئەم شتانەوە بنووسم، بەڵام ڕستەیەک تەواو ناکەم و قەڵەمەکە دادەنێم..ئینجا دەست دەکەم بە بیرکردنەوە.


بەڵێ - دایکى کچەکەم، ئەو ژنەى لێى جیابوومەوە - بێ ئەوەى هیچکات ئەو بۆ من بووبێتە مایەى کێشە و ناخۆشى.ئەوەى وایکرد جیاببینەوە هەر خۆم بووم.نەشمتوانى هیچ ڕێگایەک بگرمەبەر جگە لەو ڕێگایەى کە خۆم بەباشم دەزانى و ئەوانیتر بە هەڵە و خراپە.ئەوەبوو شووى کردەوە.شووى کرد بە پیاوێکى قەڵەو کە کارى بەرگدووریى دەکرد.کچەکەیشمى لە سەرەتاوە پێش شووکردنەوە بردە لاى خۆى.بڵاوى کردەوە کە من تێکچووم و ئازارى کچەکەم دەدەم.تاڕادەیەکیش ڕاست بوو، بەڵام دەردى من ئەوەبوو کەس لێم تێنەدەگەیشت.دواتر کە کچەکەم گەورەبوو خۆى ئەوەى ڕەتکردەوە لەگەڵ من بژى.ئەویش هانى دا، دڵنیام هانى دا کە نەیەت بۆ لاى من و خۆى بدزێتەوە.بیرمە پێى گوت "شەپۆل، باوکت جگە لە کەسێکى خەیاڵپڵاو زیاتر هیچ نییە.تۆش ئەوە دەزانى، زۆر باش" شەپۆلیش گەورەبوو دەیتوانى ئەوە بڵێ کە خۆى دەیەوێت. بە دایکى گوت "من لاى ئەو نابم، بەردەوام بە جۆرێک سەیرم دەکات وەک ئەوەى بیەوێت بمخوات!".


دەنگى باڵندەى سەر لقەکە لەو بیرکردنەوانە رامدەچڵەکێنێ.
سەیر دەکەم، باڵندەکە تەماشاى منى کردووە.هەست بە ترس دەکەم و لەسەر کورسییەکە هەڵدەستم.دەچمە لاى دەرگاکەو لەوێوە سەیرى دەکەم، دیسانیش تەماشام دەکات.
دێمەوە لاى مێزەکە و خۆم شۆڕدەکەوە سەر کاغەزەکان.باڵندەکە توندتر دەخوێنێ.سەر هەڵدەبڕم و دەستێک ڕادەوەشێنم تاوەکو هەڵفڕێت، بەڵام لەناکاو دەنگێکى مرۆڤانەى لێوە دێ.باوەڕ بەوە ناکەم..واى دادەنێم ترساوم - یان هەر بەڕاست تێکچووم.ڕادەکەمە لاى ژوورى کچەکەم و لە دەرگا دەدەم، هەستدەکەم خەوتووە.دەنگى ژنانەى باڵندەکە دەگاتە ئەوێ.
"وەرە وەرە بۆ ڕادەکەى پیاوى گەمژە؟!" باڵندەکە ئاوا بانگم دەکات.
دەچمەوە بەردەم پەنجەرەکە، ئێستا تەواو خۆم ئامادەکردووە بۆ مردنێکى ڕەش - ئەوەندە ترساوم قەڵەمەکە لەدەستمدا شکاوە و ئاگام لێ نەبووە..هەڵبەتە خۆم شکاندوومە.
"من نەسرینم، نەسرینم...لە ماڵى مندا چى دەکەیت، چى دەکەیت؟ هاتووى کچەکەت فڕاندووە و وەک تاوانبارێک خۆت هەڵداوەتە ناو ماڵەکەى من؟" باڵندەکە ئاوا دەڵێت.
من بە شێواوى قسەدەکەم.
"بەڵام مام سەفا، مێردت، تۆ باڵندەى!"
هەستدەکەم باڵندەکە گەورەتربووە.


"مام سەفایش وەک تۆ گێژە، لە هیچ نازانێ - وەک تۆش تاوانبارە.ئەم خانووە هى خۆمە، ئەو منى بەو دەردە برد، ئەو مام سەفایە..ئەو تەڕەماشە و هیچ و پووچە کە تۆى بۆ چەند دینارێک لەو خانووە ئاخنیوە!".
ناوێرم باش سەرم هەڵبڕم، هەستدەکەم تەواوى ماڵەکە تاریکبووە.
"من ماڵەکەتم داگیر نەکردووە، کرێى خۆم دەدەم، تاوانباریش نییم".
باڵندەکە بەم قسەیەم دەکەوێتە باڵەفڕە و قاوقیژێک دەنێتەوە. ئینجا هەڵدەنیشێتەوە.
"تۆ و ئەو مام سەفایە هەردووکتان تاوانبارن، هەردووکتان - ئەویش منى لەپێناو ماڵ و پارەدا هەڵدایە چاڵێکەوە، جا چاڵێکى دوور..ناوى لێنا مردن و گۆڕ..پرسەى بۆ دانام و بە فرمێسکى درۆینەوە پێشوازى لە خەڵک دەکرد.دەتوانێ سێ ساڵ بە پێ بڕوات بۆ یەک دینار.ماڵەکە هى منە، هەموو شتەکان هى منن..ئەو جگە لە بکوژ و دزێک زیاتر هیچ نییە.شەیتانێکە لە بەژنى پیاوێکى کورتەبنەى پیسدا.هەر لێرە لەناو ئەو ماڵەدا کوشتمى - لەسەر پەیژەکان بەتوندى فڕێیدامە خوارەوە..سەرم بەر زەوى کەوت و خۆمم نەبینییەوە..ئەوەتا بوومەتە باڵندەیەک، بەڵام هەرگیز ماڵەکەم چۆڵ ناکەم ..هێلانەکەم".
ئەمە دەڵێت و بە دەنگى بەرز دەخوێنێ.
جەستەم دەلەرزێ و لە خۆوە خەریکم قەڵەمێکى تر لەناو کارتۆنە بچووکەکە دەردێنم - ناتوانم هیچ بنووسم.
باڵندە ئیتر بێدەنگ دەبێت.
واهەستدەکەم هەموو ئەو شتانە ترس و خەیاڵى خۆمن درووستیانکردوون.دەبێ باڵندەش هەر لە خەیاڵى مندا قسە بکات!
دەست بۆ مۆبایلەکەم دەبەم تاوەکو مام سەفا لەم بەزمە سامناکە ئاگاداربکەمەوە، بەڵام هەڵیناگرێ.زیاتر لە بیست جار زەنگ لێدەدەم،هیچ.
"دەبێ مام سەفا ئەوە بێت کە ئەم باڵندە - ئەم ژنە باسى دەکات؟" پرسیار لە خۆم دەکەم و وەڵامێکیشم بۆى نییە.
بەمنیش دەڵێ تاوانبار! باڵندە بە من دەڵێ تاوانبار.
هەموو شتەکان سامناک دەردەکەون، ئەوە جگە لە ڕووداوەکانیتر - من لە سامناکیى و شۆکێکەوە بەرەو سامناکى و شۆکێکى تر چووم، هەر بۆیە وادەزانم ئەوەى من تیایدام ڕاستى نییە، خۆشیش نییە ئەمانە ڕاست بن.


لەپڕ شەپۆلم بیردەکەوێـتەوە و لە دەرگاى ژوورەکەى دەدەم.
دەنگى دێت.
"باوکە تاکەى زیندانییم دەکەى؟ بۆ ناهێڵیت بڕۆمە دەرەوە؟ بۆ ژیانت لێ تاڵکردووم؟"
وەڵام نادەمەوە.
دەزانم دووبارە شەپۆل هەمان ئەو قسانە دەکات کە پێشووتر کردوونى.ئەوەندە دەزانم کە ناتوانم ئازادى بکەم و بهێڵم بڕوات..لێم ڕوونە لەدەستم دەریدەهێنن و هەرگیز نایبینمەوە..خۆ زۆریش نەمابوو دایکى ئەوە بکات، بیدات بەو کوڕە شێت و شوورەى کە خۆى بۆ کردبوو بە لاس، دڵنیام ئەو لاسە شۆڕەش بە دواى مندا دەگەڕێت!
هێشتا ترسى باڵندەکە لە دڵم دەرنەچووە، دێمەوە لاى کورسیى و مێزەکە..شتێک لە بارەى شەپۆلەوە دەنووسم کە چەندان جار بە شێوەى جیاواز نووسیومە تا بەرگەى بگرم و تێک نەچم، بەڵام کێ باوەڕدەکات؟


باڵندەى سەر لقەکە ڕاستدەکات من تاوانبارم، ئەوەتا ڕاشمکردووە و خۆشم لێرەدا حەشارداوە.کچەکەشم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و کردوومە بە زیندانیى - بەردەوام چاودێرى دەکەم و ناهێڵم لەو ماڵە بڕواتە دەرەوە.گەر چرکەیەک بڕواتە دەرەوە شێت دەبم و چیتر بەرگەى ناگرم، با حەزیش بکات لە لاى دایکى بێت - ئەمە پاساوێک نییە..ماوەیەکى زۆر لاى دایکى بوو، لاى ئەو پیاوە قەڵەوەش کە دایکى شووى پێکرد..دواى ئەوەى لە من جیابووەوە.خۆ گوتم پیاوە قەڵەوەکە بەرگدوور بوو.من نازانم چۆن توانى ئەوەندە بە ئاسانى شوو بکاتەوە؟ هێشتا لەوە تێناگەم..بەڵام تاوانباریش نەبوو..هەمووى بەهۆى سەرلێشێواوى من بوو، سەرلێشێوان نا - من سەرلێشێواو نیم شتەکان خۆیان وا هاتن - بەتەواویش هەموویان ڕاستەقینەبوون..بۆیەش پێموایە ئەوەى مرۆڤ شێت دەکات شتى سەیروسەمەرە نییە، بەڵکو شتانێک کە بەتەواوى ڕاستن و حەزدەکەین وەک سەیروسەمەرە بیانبینین، تاوەکو ئازارمان کەمتر پێبگات.
شەپۆلى کچم (کە من هیچکات بە خۆى ناڵێم کچم) هەشتەمین ڕۆژە لەگەڵ مندایە و من فڕاندوومە.بەردەوام دەگرى و فرمێسک دەبارێنێ..خواردنیش زۆر کەم دەخوات زۆر زۆر کەم، من خەمى ئەوەمە لە برسان بمرێت و منیش بەو هۆیەوە تیابچم..هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوەیە ئەو ئاسوودەبێت، بەڵام ئاسوودەیى بۆ منیش گرنگە گەر یەک چرکەش بێت لە نزیک ئەودا.


شەپۆل ساڵى ١٩٩٤ لەدایکبوو، لە ڕۆژێکى یەکجار گەرمدا.دەنگى تەقە و تووقیش دنیاى داگرتبوو.گەنمى دەوربەرى ئۆردوگا ئاوێتە بە ئاگرێکى دۆزەخیى دوکەڵى دەردەدا، کەواتە باشترە بڵێم دووکەڵ دەست بە مایکێکەوە لەسەر تەختەى ئاسمان گۆرانى دەگوت.دایکى بە لە دایکبوونى زۆر خۆشحاڵبوو، منیش هەروەها.هەردووکمان بۆ یەک پێکەنین و ئاواتمان خواست ئەم منداڵە کە یەکەمین و دواهەمین منداڵى ئێمەبوو، ببێت بە سەرەتایەکى جوان و ئایندەیەکى جوانتریش ( واش دەرنەچوو!) ڕۆژەکانى سەرەتا خزمان وەک عادەتى هەمیشەییان بازنەیەکیان کێشا بۆ ناوهەڵێنان و بەناوکردنى کچەکەمان، هەرچەندە ناویان دەگوتن من بە پاساوى جیاواز جیاواز بە ڕێزەوە ناوەکانم ڕەتدەکردنەوە.
شێتک لە دڵمدابوو بۆ ڕەتکردنەوەی ناوەکان.
دواى هەفتەیەک ژنەکەم کە "نێرگز"ى ناو بوو، گوتى :
- با ناودێرکردنەکە ئەوەندە دوانەکەوێت.
من زۆر بە دڵنیاییەوە گوتم :
- نا، من خۆم ناوى لێدەنێم.
پرسیارى کرد :
- چ ناوێک؟
وەڵامم نەدایەوە. من ناوى "شەپۆل" م هەڵبژاردبوو، بە یادى "شەپۆل" دڵدارم - ئەو شەپۆلەى کە هەرگیزاو هەرگیز نەمبینییەوە.ژنەکەم بە ناوەکە ڕازى بوو، دڵخۆش بوو کە من ناوم لێناوە، هیچ گومانێکیشى نەکرد - وا هەستدەکەم هەرگیز بیریشى لە ناوەکە نەکردۆتەوە.شەپۆلى دڵدارم بۆ یەکەم جار لە ساڵى 1981 بینى لەسەر رێگاى قوتابخانە، تا ئەوکات کچ لە ژیانى مندا بوونى نەبوو، چاوەکانى کاڵ، دڵیان بڕیم.تەنها دایکێکى هەبوو، دەشیگوت کە براکەى چووە بۆ چیا، هیچکات نەمبینى بوو کەسێک بە ناوى خزم و کەس سەردانیان بکات.من زۆر کەم دەمتوانى بیبینم..خۆشم شەرمن بووم، نامەمان بۆ یەکترى دەنارد ( هەرگیز هیچکەسم ئەوەندەى ئەم شەپۆلە خۆشنەویستبوو، خۆشەویستییەک کە هەموو چرکەیەک ئاگرێکى گەورەى لە دەمارەکانمدا دەکردەوە) نەدەحەسامەوە و هەدادانم نەبوو..دەتوانم بڵێم بەردەوام بیرم لەو دەکردەوە و بیرم لەو دەکردەوە و بیرم لەو دەکردەوە...


ساڵى ١٩٨٢ لە خۆپیشاندانێکدا شەپۆل کوژرا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایى کرد. خۆپیشاندانەکە دژ بە ڕژێم سازدرابوو، بازگەیەکیش کرابووە ئامانج کە زۆربەى سەربازەکانى ناوى کورد بوون.. هۆکار : زوڵم و زۆریى ڕژێم، هەروەها ئازارى بەتینى ئەو خەڵکانەیش بوو کە لە چیاکانەوە ڕاگوێزرابوونەوە ئۆردوگا بە دەشت تەننراوەکان..ئەوان دڵیان بە دەشت تەنگ دەبوو و دەیانگوت : لە بەهەشت دەرکراین!
منیش لەناو خۆپیشاندەراندا بووم، بەڵام تاوەکو گوللە دانەبارین و هەڵاتن دەستى پێنەکرد نەمزانى شەپۆل و دایکیشى لە خۆپیشاندانەکەدان.سەرەتا گوللەکان چەند کەسێکیان لە ریزى پێشەوە بەردایەوە.من خۆم بینیم کە پیاوێکى کەتە و دەست و بازوو ئەستوور لە خوێندا سوور بوو - ئینجا هى تر و هى تر..لە کشانە و ڕاکردنیشدا چەند کەسى تر بەلاداهاتن..یەکێکیش لەوان شەپۆل بوو..فیشەک لە پشتییەوە دەرچوو، قیژەیەکى لێدا و کەوت، کەوت و مرد.
من هیچکات باوەڕم نەکرد کە شەپۆل مردووە و ئیتر نایبینمەوە، بەڵام ئەو ڕۆژەى کە ناوم لە کچەکەم نا "شەپۆل" هەستمکرد شەپۆلى خۆشەویستى کۆنینەم هەرگیز نابینمەوە.لە دووەم ساڵى تەمەنى شەپۆلى کچم دا شتێکى سەیر ڕوویدا کە هەوڵدەدەم تەواو وەک خۆى باسى بکەم.


ڕۆژێکیان لەنزیک ئینجانەکانى سەر پەنجەرەبووین (خۆم و شەپۆل) دەستم گرتبوو و فێرم دەکرد کە چۆن ئینجانەکان ئاو دەدرێن..ئەو سەرقاڵى یاریکردنى خۆى بوو بە بووکێکى بچکۆلە..لەناکاو چاوەکانى منیان تووشى لەرزین کرد - بەرزم کردەوە و قووڵ روانیمە چاوەکانى، سەیر بوو! ئینجا لە باوەشم کرد و زیاتر و زیاتر لێم ڕوانى..دەبێ بەم سەیرکردنە ئازارم دابێت..بۆیە گریا، گریا و دایکى هاتە ژوورەوە..دایکى هاوارى کرد.
"چى بووە؟ کچەکەم چى لێهاتووە؟ ئەوە بۆ واى لێدەکەى؟"
من شڵەژابووم، بێ ئەوەى ئاگام لێ بێ چیدەکەم توند مەچەکى شەپۆلم گرتبوو.
"چى بووە؟چى لێهاتووە؟"
شەپۆلى لە دەست دەرهێنام و لێى ڕوانى.من گێژبووبووم.
"هیچ نەبووە، هیچ..هیچ بۆ ئەوەندە دەپرسى؟ هیچ"
ژنەکەم سەرتاپاى جەستەى شەپۆلى پشکنى بە دواى برینێک، شوێنێک کە ئازارى خواردبێت.
"بۆ ئاوات لەو کچە کرد؟".
هیچ وەڵامێکم نەدایەوە.تا توانیم خۆم بێدەنگکرد..بەڵام ئەم بێدەنگییە نەیتوانى بێ کێشە خۆى درێژ بکاتەوە.
ناوەناوە ئەمە ڕوویدەدا و هەرا دەستى پێدەکرد.


من لە ڕووخسارى شەپۆلدا شتێکى سەمەرەم بەدى دەکرد، ژنەکەم بە هەموو کەسى دەگوت تێکچووە..(واتە من تێکچووم) هەر بۆ ئەو مەبەستەش جارێک بە زۆر پەلکێشى لاى دکتۆرێکى دەروونی کردم.دکتۆر زۆر باش کارى خۆى ئەنجام دەدا و پرسیارى جوانى دەکرد، بەڵام ئەوەبوو من لەگەڵیدا راستگۆ نەبووم، ئەوەى کە من لە ڕووخسارى شەپۆلدا بەدیم دەکرد پێم نەگوت - زۆر دواتریش ژنەکەم و خەڵکانى تر ئەو نهێنییەیان زانى، گەرچى قەت باوەڕیان نەکرد.
کاتێ شەپۆل گەیشتە شەش ساڵان هەرایەکى زۆر گەورەترم نایەوە، ساڵى یەکەمى خوێندنى بوو لەگەڵ منداڵان لە قوتابخانە دەهاتەوە..من بە پڕتاو لە باوەشم کرد و فڕاندم بۆ ناو حەوشە لەوێ قوڵتر و قوڵتر لێم ڕوانى و بە دەنگى بەرزیش بەسەر سەرییەوە گریام و گریام..منداڵەکەش لەگەڵ مندا دەگریا و لە قیژەى دەدا.
"نێرگز"ى ژنم ئەمجارەیان بەتەواوى لێم توڕەبوو و هەزار جوێنى پێدام.دەرودراوسێ هاتن و دووبارە ناوى من وەک شێت لە کۆڵانەکەدا دەنگى دایەوە.دەمبیستەوە ئەو قسەیە زۆر بڵاوببووەوە : لەوەتەى منداڵیان بووە تێکچووە، چەندان جار ویستوویەتى منداڵەکەى بکوژێ.
نێرگز بۆ ماوەیەک چووەوە ماڵى باوکى و شەپۆلیشى لەگەڵ خۆى برد، پێى وابوو گەر لەبەر چاوم نەبێ دەست لەو هەڵسووکەوتە بێتامانە هەڵدەگرم.من خۆشم بەدەست خۆمەوە تووش بووبووم، خەڵکەکەش بە سەرگەردان دەیانبینیم.


دواى مانگێک کە هاتنەوە لە بەرچاوم شەپۆل گەورەتر دەینواند..دووبارە دەستمکردەوە بە کارى خۆم و هەموو ڕۆژێک تێر تێر دەمڕوانییە چاوەکانى - دایکیشى بەردەوام چاودێرى دەکردم..دواى ئەوە بە نەرمونیانى و هێمنییم ( کە زۆرم لە خۆم دەکرد) شەپۆلم ڕاهێنا بێ دوودڵى و ترس لێم نزیک بێتەوە.بەوە دەمتوانى باش سەرنج بدەمە ڕووخسار و نیگاکردنى و جوڵەکانى، ئاوا ژیان بەردەوامبوو..تا گەیشتە تەمەنى هەرزەکاریى..چیتر نەمتوانى ئەوە بە ئاسایى وەرگرم ( با کەمێک لێرەدا بوەستم و پرسیارێک بکەم) چۆن دەمتوانى شتێک بە ئاسایى وەرگرم کە هەر مرۆڤێکى ترى شێت دەکرد؟
پرسیارەکە دەکەم و تاوێکى تر دەوەستم.دەڕوانم باڵندەى سەر لقەدارەکە زۆر بە وریاییەوە لە چاودێرى کردنى مندایە.ڕێک وەک مرۆڤێک کە لە چاودێرى کردنى کەسانێکدا خۆى مات دەکات.


بیر لە مام سەفا دەکەمەوە، لە قسەکانى باڵندەى نەسرینیش کە گوتى دەتوانێ سێ ساڵ بە پێ بڕوات بۆ دەستخستنى دینارێک، گوتى لەسەر پەیژەکان خستمییە خوارەوە بۆ ئەوەى دەست بەسەر ماڵ و سەروەتەکەمدا بگرێ، واى گوت؟ بەڵێ بەڵێ واى گوت..بە قسەى ئەو بێت مام سەفا لە هەموو شتەکان سامناکترە..کێ ناڵێ ئێستا نا ئێستا لەگەڵ پۆلیس بەسەر ئێرەدا نادەن و من ڕادەستى چارەنووسێکى تاڵ ناکات؟ بۆ نا؟ گەر ئەوەندە پارەدۆستبێت دەیکات..دەیکات..نازانم...ئەو قسانە لەناوەوەمدا دێن و دەچن..بەڵام بەو پاساوەى کە هەموو قسەکانى باڵندەکە و ئەوەى پەیوەندى بەوەوە هەبووبێـت هەر خەیاڵکردنى خۆمبووە دەستدەکەمەوە بە نووسین لە بارەى شەپۆلەوە.
گوتم کە شەپۆلى کچم گەیشتە تەمەنى هەرزەکارى چیتر بەرگریم نەما..ئەوە بوو جارێکى تریش شەڕ و هات و هەرا دەستى پێکردەوە، ئەمجارە لە هەموو جارێک تووندتر..ئەوەش بەو هۆیەى من شەپۆلم بە توندى لە باوەش گرتبوو و گریابووم..ئەمجارە ژنەکەم سوێندى خوارد کە هەرگیز ناگەڕێتەوە لام..ڕاستیشیکرد..نەگەڕایەوە، لەیەکترى جیابووینەوە و بەو بیانووەى کە شێتم و زیان بە کچەکەم دەگەیەنم - کچەکەى بردە لاى خۆى، هەموو بەڵگەیەکیشى لەبەر دەست بوو بۆ بابەتى شێتبوونم و سەرلێشێواویم..


ئایا من بۆچى ئاوام دەکرد؟
گەر باوەڕیش نەکەن هەر پێتان دەڵێم..ناشزانم لەمەودوا چارەنووسم بە چى دەگات و بەرەو کوێ دەڕۆم..ئێستا لە دەرەوە دڵنیام زۆر کەس بەدوامدا دەگەڕێن..من کچى خۆمم فراندووە و هەشت ڕۆژە لێیان ونبووم..ڕەنگە خەیاڵى ئەوە بکەن کە کووشتوومە یان زۆر شتى تر..کە نازانم چین و چۆن بیرى لێ دەکەنەوە..


بەڵێ - گەر باوەڕیش نەکەن هەر پێتان دەڵێم بۆچى من ئاوا ڕەفتارم لەگەڵ کچەکەم دەکرد و دەکەم.لە ڕاستییدا شەپۆلى کچم ڕێک و ڕاست شەپۆلى دڵدار و ئەویندارم بوو..ڕووخسارى و جەستەیى و هەموو شتێکى..هیچ هیچ بێ زیاد و کەم..کاتێ لە تەمەنى دوو ساڵیدا لە نزیک ئینجانەکان ڕوانیمە چاوەکانى کچەکەم..هەموو جەستەم کەوتە لەرزین و گوتم ئەم منداڵە شەپۆلى ئەویندارمە..!تام لێهات و بەرەو سەرگەردانیى ملمنا..کە گەورەتریش بوو دڵنیابوومەوە کە هەمان شەپۆلى ئەویندارمە دووبارە لە دایکبۆتەوە!
ئایا هەرگیز بیستووتانە مرۆڤێک دووجار لە دایکبووبێت؟
من دەڵێم شەپۆلى کچم هەمان شەپۆلى ئەویندارمە دووبارە لە دایکبۆتەوە! من ئەوە دەڵێم و دواتر گوتیشم کە ژنەکەم و خەڵکى تریش بە شێت و گەمژە لە قەڵەمیاندام..


هەر خۆیەتى هاتۆتەوە دونیا و ئەمجارە بووە بە کچم! هەر خۆیەتى..بەڵام نازانم بۆچى بە مردنێک، بە یەک فیشەک - کە لە خۆپیشاندانەکەى ١٩٨٢ بەرى کەوت منى بیرچۆتەوە و هیچى لە خۆشەویستییەکەمان بیر نەماوە..هیچ هیچ..پێم مەڵێن شێت و شوور مەڵێن گومڕا، بەڵام بۆچى ئێستا ناهێڵێت ماچى بکەم؟ بۆچى سوورە لەسەر ئەوەى کە من تەنها باوکى ئەوم و بەس؟ ئایا ئەمە ئاسوودەم دەکات؟ نەخێر دەمبا بۆ دۆزەخ.
دواى ئەوەى لەگەڵ دایکیشى ڕۆیشت و دایکى شووى کردەوە بە بەرگدوورى قەڵەو من بەردەوام چاودێریم دەکرد..کاتێ دەچووە قوتابخانە بە دزییەوە لە دواى دەڕۆیشتم..شەڕم بە هەر کوڕێک دەفرۆشت کە بمزانیایە بە جۆرێک سەیرى شەپۆل دەکات (دەشمگوت باوکییم) من بەمجۆرە دەردەسەرییە بەسەرم برد تا لەم ڕۆژانە هەر لە ڕێگا قوتابخانە فڕاندم و خستمە ئۆتۆمبیلێکەوە..و هێنامە ئەم ماڵە..


جارێکیش لەگەڵ ئەو کوڕە بەشەڕهاتم کە دڵنیام شەپۆل ( شەپۆلى کچم) خۆشى دەوێـت، هەر ئەو کوڕەى من ناوم ناوە لاس..ئێستا دەزانم ئەو لاسە ناڕەسەنەش بە دوامەوەیە..بەڵام ئەوەتا خەزاڵەکەی ئەو لاى منە..


دەنگە دەنگێک دێت..سەر هەڵدەبڕم باڵندەکە وەک ئەوەى خەوتبێت سەرى بەسەر سینگییەوە ناوە..دیارە کە دەستى هەڵگرتووە لە چاودێریکردنم..
واهەست دەکەم دەنگەکە لەناو حەوشەوەبێـت، قەڵەکەم دادەنێم و هەڵدەستم..زۆر بەترسەوە دەڕۆمە حەوشە..لە کاتێکدا واى بۆ دەچم مام سەفایە دووبارە هاتووە..بەڵام ئەو نییە و ماڵەکەش ئارامە..


دێمەوە ژوورەوە دەرگاکە دادەخەم..ئینجا دەڕۆم دەرگاى سەرەوە، ئەوەى سەربانیش دادەخەم..ئێستا دووبارە دەمەوێت هەمان هەوڵى چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بدەم لەگەڵ شەپۆلدا، بەڵام دەزانم ئەو بەهیچ جۆرێک خۆى بەدەستەوە نادات و یەک بە گەرووى دەقیژینێ...نەڵێن شێت و شوور، نەڵێن نەفام - هەوڵى ئەوەى کە دەمەوێت ماچى بکەم..ماچى بکەم وەک ئەویندار، وەک ئەو شەپۆلەى فیشەکێک لێى ون کردم..و لێى ون کردم..
کلیلى دەرگاکەى بە دەستەوە دەگرم و دەرگاکە دەکەمەوە..لەگەڵ چوونە ژوورەوەم هەڵدەستێتەوە..ئێستا ڕێک ئەو شەپۆلەیە کە چەند ڕۆژێک پێش کوژرانى لە خۆپیشاندانەکە، دوا نامەى خۆى پێدام و بە ڕوومەوە پێکەنى ( شەپۆلێک کە هەرگیز لە یادەوەریم دەرناچێت و وەک ئاگر بەناو هەموو پارچەیەکى جەستەمدا دێت و دەچێت) هەمان ئەو شەپۆلەیە..قژى درێژ و چاوەکانى گەورە و کاڵ..ترساوە..من دەڵێم زۆر زۆر ترساوە..
"باوکە چیت لێم دەوێت بۆ ئەوەندە ئازارم دەدەى؟" ئەمە بە دەنگێکى لەرزۆکەوە دەڵێت و لێوەکانى وەک گوڵێکى سوور دەکرێنەوە.
دەڕۆمە پێشەوە و دەڵێم "من ئازارت نادەم".


خۆى لە سووچێک دەگرێت و دەست دەکات بە گریان، بەڵام وەک هەموو جارێک ئەوەندە خۆى ناداتە دەست گریانەکە پەلامارى لەناکاوى منى لەبیر دەرچێت.
کەمێکى تر دەڕۆمە پێشەوە و ئەو هەڵدەستێتەوە..هەڵدەستێتەوە و ڕادەکات..من دەمەوێت پێشى پێ بگرم، ئەو بە هێزێکى زۆر دەردەپەڕێ..دواى دەکەوم لە دواوە دەیگرم..ئەو دووبارە ڕادەکات..بەرەو دەرگاى ژوورى گەورە..دەرگاکە داخراوە..دەرگاى مووبەقەکە دەکاتەوە و لەدواى خۆى دایدەخاتەوە..ئەوە تاکە دەرگابوو دامنەخستبوو..بەو هۆیەى هیچ ڕێگایەکى نەبوو لێیەوە بڕوات بۆ دەرەوەى خانووەکە..چەندجارێک پاڵ بە دەرگاکەوە دەنێم..نایکاتەوە..بەردەوام دەبم لەسەر لێدانى دەرگا..دواتر چەکووشێکى گەورە لە حەوشەکە دێنم و دەرگاکە دەکوتم..ماڵەکە دەبێت بەیەک پارچە دەنگ..لە کۆتاییدا دەرگاکە دەکەمەوە..وا هەستدەکەم ئەوە من نەبووم دەرگاکەم کردۆتەوە..بەڵکو شەپۆل خۆى بەرگرى ئەوەى لە دەستداوە چیتر..دەرگا کوتانەکە ببیستێ و لە دەستم ڕابکات..شتێکى تر دەبینم..


شەپۆل شێتانە دەردەکەوێت چەقۆیەکى گەورەش لەناو دەستیدا..
من پێدەکەنم..
"خۆشمدەوێى!" ئاوا دەڵێم.
چاوەکانى پڕن لە توڕەیى.
"من ئیتر بێزاربووم، باوکى وەک تۆ دەردێکى گەورەیە!"
ئەمجارە بە ترسەوە بزەیەک دەکەم و دەڵێم "بەیەک فیشەک هەموو شتێکت بیرچووەوە، تۆ لە ساڵى 1982 فیشەکێکت بەرکەوت و من دواى ئەوە چەندین جار هاتمە سەر گۆڕەکەت.. لە بیریشمە کە دایکت مرد و گوتیان لە تاو کوژرانى کچەکەى چیتر بەرگەى ژیانى نەگرت..بە یەک فیشەک بیرتچوو کە من چەندە تۆم خۆشدەویست!" ئەوە دەڵێم و پەلامارى دەدەم.
ئەو دەقیژێنێ و چەقۆکە دەجوڵێنێت..لە دواوە باسکەکانى دەگرم و خۆمى پێوە دەنووسێنم..بەڵام چەقۆکە بەرەو دواوە دەجوڵێنێت و هاواردەکات..هاواردەکات و هاوار دەکات..من ئیتر تەنها دەنگى گەورە و دوورودرێژى هاوارکردنەکەى دەبیستم..دەشزانم کە چیتر باسکەکانیم نەگرتوون و ئەویش یەکبینە چەقۆ دەوەشێنێ...
من دەکەوم و ئەو ڕادەکات..


ڕادەکات و بۆ کلیلەکان کە لە گیرفانى کراسەکەمدان دەگەڕێتەوە..
دەبینم کە دەگرى و ..سەرى لێ شێواوە..
دواجار کە تەماشام دەکات پێم دەڵێت "هەمووى خەتاى خۆتبوو باوکە، هەمووى!"ئینجا دەڕوات.
من لە خوێندا سووربووم و دەمەوێت بڕۆمەوە ژوورى گەورە..ئارەزوومە لە بارەى ئەو کۆتاییە شتێک بنووسم..لەسەر سک دەخشێم و دەخشێم..
لە کۆتاییدا..بە ژوورەکە دەگەم..مێزەکە دەبینم..


نازانم چەند کاتى پێدەچێت کە دەگەم بە مێزەکە ..بە دواى خۆمەوە دنیایەک خوێنم جێهێشتووە..لە ناو کارتۆنى بچووکى قەڵەمەکان لە ژێر مێزەکە قەڵەمێک دەردەهێنم، ڕەنگى سوورە..
دەست بەرز دەکەمەوە تاوەکو کاغەزێک لەسەر مێزەکە هەڵگرم، دەستم بەسەر مێزەکە ناگات..لەوکاتەدا باڵندەى سەر لقە دارەکە دەبینم..و بەتەواوى شەکەت و زراو ڕژاو دەبم..باڵندەکە لەسەر مێزەکە هەڵنیشتووە لە نزیک کاغەز و نووسراوەکانم..
باڵندەى نەسرین دەخوێنێت و لەناکاو دەست دەکات بە قسە کردن.


"ئێستا کۆتایى تۆیە! ئەوە کۆتایى تاوانبارانە..خۆشحاڵم کە لەخوێنى خۆتدا سوور بوویت..هەرچەندە من ژنێکى باشم..ئائا من ژنێکى باشم و دڵم بە مردنى کەس خۆش نییە، بەڵام ئەمە کۆتایى تۆیە..حەزدەکەم مێردەکەشم ، ئەو سەفا نەفرەتییە بە کۆتاییەکى ئاواوە ببینم..ئاواش نا خراپتر..زۆر خراپتر..چونکە شەیتانێکە..شەیتانێکى گەورە! بینیم..بینیم کە کچەکەت ڕایکرد..نازانم ئیتر ئەویش بە چى دەگات..بەڵام ئەوەى گرنگە ئەوەیە ماڵەکەم ئیتر چۆڵ دەبێت..سەفا شەیتانیش دەسگیر دەکرێت..بەو هۆیەى کە تۆى تاوانبارى داڵدە داوە..ئیتر بەو هۆیەش کە تۆ ئاوا لێرە خەلتانى خوێن کراوى..دەسگیردەکرێ..حەزدەکەم..هیچکات..نەیەتەوە ئەم ماڵە..خۆشحاڵم..کە دەبینم ماڵەکە دەبێتەوە بە هى خۆم..هێلانەکەم"
باڵندەکە ئەوە دەڵێت و بێدەنگ دەڕوانێتە هەناسەکانى من..


قەڵەمە سوورەکە لەدەستم دەکەوێت و بیر لەوە دەکەمەوە دەبێ منیش دواى مردنم ببم بە باڵندەیەک؟ ئەى لە کوێ دەنیشمەوە؟
بیر لەوە دەکەمەوە دەبێ منیش دواى مردن جارێکى تر لە دایک ببمەوە..؟
باڵندەکە دووبارە دەست دەکاتەوە بە خوێندن و ..
من ئیتر هیچ نابینم..
تاریک..
تاریک..


ئادار - نیسانی ٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی رێبین خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک