٣٠\٤\٢٠١٦
یەکی ئایار ڕۆژی
هاوپشتی چینی کرێکار.
هەژێن
یەکی ئایاری ئەنارکیستان ڕۆژی نەفرەتە لە سیستەمی سەروەری چینایەتی، لە
دەوڵەت و پارلەمان، لە بکوژانی هاورێکانیان لە ساڵی ١٨٨٦ لە شیکاگۆ،
هەشت کرێکار، هەشت ئەنارکیستی چالاکی بزووتنەوەی کرێکاری، هەشت نووسە و
ئاژیتاتۆر، هەشت لە ڕادیکاڵترین دەنگەکانی ئەو سەردەمە، کە چەند مانگ
بوو میدیای دەوڵەت و بۆرجوازی بۆ زیندانکردن و کوشتن و لەسێدارەدانیان
پلانی دادەرشت، ئەو کات (تریبوونی نیۆیۆرک New York Tribune) دەمڕاستی
بۆرجواکان و دەوڵەت ئاوای نووسی "پێویستە بە نارنجۆك خۆنیشاندانەکانی
کرێکارانی مانگرتوو تێکبشکێندرێن. .."
ئەنارکیستان وەك دەسەڵاتخوازە بەناوی "سۆشیالیست" و "کۆمونیستەکان" لە
تیرۆر و لەسێدارەکانی هاوڕێکانیان، لە سەرکوتکرانی مانگرتنەکان و
خۆنیشاندانەکاندا جەژن نابینین و سەرکەوتنی سەروەری چینایەتی
پیرۆزناکەن، ئەوان بایکۆتی هەموو ئاهەنگ و سیمینارێکی مێژووشێوێنەران
دەکەن، چونکە یەکی ئایار مێژووی بزووتنەوەی ئەنارکستانە، بزووتنەوەیەك
کە چەپ و ڕاستی کۆمەڵ لە دژی ئەو لە ڕاگەیاندنیاندا یەکێتییەکی
سەوەریپاریزەرانەیان هەبوو؛ لەلایەك چەپەکان [دەسەڵاتخوازانی بەناوی
سۆشیالیست] لە سەردەمی ناکۆکییەکانی نێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی
زەحمەتکێشان - ناسراو بە نیونەتەوەیی یەکەم) بە ئەنارکیستەکانیان دەگوت
"ئاژاوەچی، نوێنەری وردەبۆرجوازی، تێکدەری ڕیزی کرێکاران، خەیاڵپڵاو" ،
هاوکات لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت و سەرمایەداران و میدیاکان تۆمەتەکانی
چەپەکانیان پەرەپێدەدان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کاریکارتێری
ئەنارکیستانیان بە نارنجۆك و سیمای تیرۆرسیتییان بە ئەوان دەدا و
ئاژاوەچی و تێکدەر و دژەکۆمەڵ و دژەئاسایش و ..تد دەناساند .
بۆ ئەنارکیستەکان یەکی ئایار ڕۆژی بەرەنگاری و هاوتێکۆشانی و هاوپشتی
جیهانییە، ڕۆژی یەکی ئایار مێژووی بزووتنەوەی ئەوانە، لەبەرئەوە زۆر بە
دروستی لە ئاهەنگێڕان و جەژنگرتن و پیرۆزبایی دەسەڵاتخوازەکان تێدەگەن،
چونکە لەسێدارەدان و خۆکوشتن و زیندانیکرانی هەشت ئەنارکیستی چالاك و
ناسراو لە ئۆگوستی ١٨٨٦ خەونی دەسەڵاتخوازەکان بوو، کە پێشتر لەنێو (ئەنجومەنی
نیونەتەوەیی زەحمەتکێشان) کەسایەتی و بیری هاوڕێیانی ئەونیان تیرۆرکرد
و دواتریش پاش ڕاپەڕینی ١٩١٧ لە ڕوسیە زیندانەکانی دەزگەی سیخوڕیی و
تیرۆریستیی (چیکا) لە هاوڕێ ئەنارکیستەکانی پڕکران و وەك زیندانەکانی
شیکاگۆ ئەنارکییەکان لەسێدارەدران و گوللەبارانکران.
ئەنارکیستان هەگیز لە خوێن و ئازاری هاوڕێیانیان خۆشنابن و یەکی ئایار
هەمان ڕۆژی (مانگرتنی گشتی) و بەرەنگاربوونەوەی سەروەریی چینایەتییە،
کە ساڵی ١٨٨٦ لە شیکاگۆ لە مەیدانی هایمارکت هاوڕێیانی گیانبەختکردوو [گیۆرگ
ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ - ئاڵمانیا) ، ساموێل فیڵدن
Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر - ئینگلاند) ، ئادۆڵف
فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن - ئاڵمانیا) ، لویس لینگ
Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانهایم - ئاڵمانیا) ، ئۆسکار نێبە Oscar
Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرك، تا سەردەمی لاوی لە کاسڵ/ئاڵمانیا ژیاوە)
، ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما) ، میشایل
شڤاب Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین– ئاڵمانیا) ،
ئاوگوست شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی هێسن– ئاڵمانیا]، تێدا
چالاك بوون و گوتاریان خوێندەوە
چەپە دەسەڵاتخوازەکان و بۆرجواکان و پارلەمانتاران و دەسەڵاتداران
ڕاستدەبێژن؛ تاکو ئەنارکییەك لە جیهاندا بمێنێت، ئاساییشی
دەستەبژێرەکان و پارتییەکان و خاوەنکاران و سیستەم و سەروەریی چینایەتی
و نەزمی بازار و کاری کرێگرتە و دارایی تایبەت و دەوڵەتی ئەستەمە، هەر
ئەو هۆکارەشە کە بە ئەوان دەگوترێت "تیرۆریست و ئاژاوەچی و تێکدەر".
ئەنارکیستەکان بازاری سەرمایە بە قۆرخکراوی دەوڵەتی و بەڕەڵاییەوە
ڕەتدەکەنەوە؛ دارایی تایبەت و دەوڵەتی ڕەتدەکەنەوە، کاری کرێگرتە چ بۆ
دەوڵەتی مارکسیستی و چ بۆ دەوڵەتی لیبراڵ ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو دەزگە و
پێکهاتەیەکی قووچکەیی و دەستەگەری ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو بەرتەرییەك بۆ
دەستەبژێرە بیریار و ڕۆشنبیر و ڕامیار و شارەزا و ئەکادیمیستییەکان و
زاناکان ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی ڕەتدەکەنەوە و
تێکۆشانیان لەپێناو کۆمەڵی ناچینایەتییە و دیکتاتۆری بەناوی "پڕۆلیتاریا"
بە پووچگەراییەکی دەسەڵاتخوازانە دەبینن و وەك دیکتاتۆری پاشاکان و
جەنەراڵەکان و پارلەمانەکان ڕەتدەکەنەوە؛ کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و
دادپەروەر پشتبەستوو بە خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و
یەکێتی فێدراڵیستی لەسەر بنەمای یەکسانی هەمووان لە دەسەڵات و هەلی کار
و بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بڕیاردان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن؛
کۆمەڵایەتییکردنەوەی گشت سامان و داراییەکان و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و
دابەشکردنی بەرهەم و سامانەکان و بڕیاردان و بەڕێوەبردن ئامانجی
سەرەتایی و کۆتایی ئەناکیستەکانە و ئەنارکیستەکان تەنیا تێکۆشانی
کۆمەڵایەتیی و ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە سەنگەری
شۆڕشگێڕانەی خۆیان دەزانن و تێکۆشانی ئەوان هەموو بوارێکی ژیان
دەگرێتەوە، خۆیان بە ڕابەری کەس نازانن و هیچ کەسێکیش ناکەنە ڕابەری
خۆیان، چونکە لە هزری ئەنارکیستیدا هەموو مرۆڤێك توانا و بەهرەی هەیە،
ئەوە سیستەمی هەزاران ساڵەی چینایەتییە، کە توانا و بەهرەکانی مرۆڤ
لەنێودەبات، دەوڵەت باڵاترین و پەرەسەندوترین دەزگەی نامۆکردن و
پووکانەوەی توانایی و بەهرەی مرۆڤە، بیرکردنەوە و زیرەکی و ژیری و
ڕۆشنبیری و دەرکردن و زانست و بەڕێوەبردن و بەهرەیەکی تایبەت بە
دەستەبژێرەکان نییە و تەنیا لە کۆمەڵێکی ناچینایەتیدا ئازادی ڕەها*
و یەکسانی هەمەلایەنە** و
دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی***
بەدیدێت.
_____________________________
*
ئازادی ڕەها؛ بە ئازادی هەمووان پشتئەستوورە و ملهوڕیی و دەسەڵاتی
بێسنوور و چاوچنۆکی و مشەخۆریی ناچنە خانەی ئازادیی سروشتی و تاکەکەسیی
و گشتییەوە، سنووری ئازادی هەر تاکێك هەمان ئازادی تاکەکانی
دەوروبەریەتی.
**
یەکسانی هەمەلایەنە؛ مەبەست یەکسانی ماف و ئەرك و دارایی و بڕیاردان و
بەهرەمەندبوون و ڕۆڵی کۆمەڵایەتییە، ڕەتکردنەوەی هەموو هەڵاوردنێکی
ئایینی، ڕەگەزیی، نەژادی ، کولتووری، دەستەبژێریییە، نەك یەکسانی
جەستەیی و حەز و چێژییە کەسییەکان.
***
دادپەروەری کۆمەڵایەتیی؛ بە مافە سروشتییەکانی مرۆڤ و ڕێکەوتنە
کۆمەڵایەتییە ئازادەکان لەسەر بنەمای بەهرەمەندیی هەمووان لە سامان و
داهات و خۆشییەکانی کۆمەڵ، هەرەوەزی و هاوپشتی و دەستگیرۆیی یەکدی
نێوان تاکەکانی کۆمەڵ، پشتئەستوورە.
٣٠\٤\٢٠١٦
ماڵپهڕی ههژێن
|