په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٤\٢٠١٥

٣٠ی حوزەیران و دەرەنجامەکانی!

هۆگر          
 

سی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ بە درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم یەکێتیی نیشتمانیی کــــــوردستان نیمچە کودەتایەکی بەسەر مێژووی خۆی‌و پـرۆسەی بەناو دیموکراسی هەرێمی کوردستاندا کرد،یەکێتیەک بەناو سۆسیال دیموکرات‌و ئـــامانجی دادی کۆمەڵایەتی‌و سەرەوەی یاساو ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات بێت؛کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی سەروەری بوونی یاسا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا،کاتێ هەنگاوێکی مەترسیداری وا دەنێ بێشک دەکەوێتە بەرامبەر پرسیارو لە ئاستی شەقامیشدا پاشەکشێیەکی بەرچاو دەکات..


کاریگەرییەکانی ئەم هەنگاوەی یەکیتیی لەیەکەم رۆژی کودەتاکەوە دەرکەوت، ٢١\٩ ی هەمان ساڵ دەنگدەرانی یەکێتیی گەورەترین‌و جوانترین بەرسڤی هەنگاوە چەوتەکەی بڕیاربەدەستانی حزبیان دایەوە.


پێشترو دوای تێپەڕاندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هــەرێم باس لــەوەدەکرا کەیەکێتیی بە لەبەرچاوگرتنی باری ناسەقامگیری هەرێم قوربانیداوە؛لە پێناو کۆدەنگی نیشتمانیی‌و گێڕانەوەی پرۆژەی دەستور بۆ پەرلەمان بە مەبەستی هەموارکردنەوەو رێککەوتن لە سەری‌و دواتر خستنە راپرسیەوە،تەنانەت هەندێک جار لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەستور دەگەرێتەوە پەرلەمان یان نا..؟ بەشێک لە کاراکتەرە دیارەکانی یەکێتیی زۆر راشکاوانە دەیانگوت: (تەواو گەڕایەوە)..!


ئەوە دووساڵەکە تەواو بوو؛ کەچی نە دەستور گـەرایەوەو نە هیچ ئامادەکارییەکیش کراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم‌و نــە کۆدەنگیەکی نیشتمانیش سەبارەت بەو پرسە ئاڵۆزە دروست بـووە! باری سیاسی کوردستان خراپتر بووە نەک باشتر،بەداخەوە بە درێژایی ئەو ماوەیە تێکڕای لایەنەکان بەرامبەر ئەو پرسە بێدەنگییان هەڵبژارد تاکو نزیک بونەوەی ماوەکەو تازە بەتازە خەریکە دەیوروژێننەوە،سەرۆکی هەرێمیش نەک هەر بەدواداچوونی بۆ پەیامەکەی خۆی نەکرد بەڵکو تەواو پشتگۆێی خست!


لە بەشێکی پەیامەکەی رۆژ ١٦\٧\٢٠١٣ی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە: (نامەیەم كە لە ١٢\٦\٢٠١٣دا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی ٢١\٩\٢٠١٣ دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت. خۆم و كاك كۆسرەت، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، وەك دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموو هاوكارییەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی تازە دەكەین بۆ ئەو مەبەستە.


دەبێ بە هەموومان نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشكەش بكەین، نابێت هیچ كەس بە كورسییەكەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆكی هەتا هەتایی هەبێت لە كوردستاندا. من خۆم باوەڕێكی تەواوم بەوە هەیە كە كاتێك پۆستێك لە لایەن كەسێكەوە بەجێدەهێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بكات كە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەهێڵێت، نەك گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بكات كە بۆ چی ناڕوات).


هەموو ئاماژەکان دەڵێن کە هەمان سیناریۆ دوبارە دەبێتەوە،تاکە جیاوازی ئەوەیە ئەم جارەیان کارەکتەرو لایەنی زیاتر رۆڵ دەگێڕن لە کودەتا بەسەر دیموکرایدا..!


دوو خال بۆتە وێردی سەرزاری ئەوانەی دەیانەوێت رۆڵگێڕی سینارۆکە بن:
١- ئێستا هەرێم بە قۆناغێكی هەستیار و ناسكدا تێپەڕدەبێت.
٢- بۆ ئەم قۆناغە بارزانی زەرورەتە و بەدیلی نیە.


داعش لە بن دیوارەکانی بەغدا بوو،بەهۆی فشارو پێداگیری کـورد سەرۆک وەزیران گۆڕدراو داعشیش نەک بەغدای پێ نەگیرا بگرە وەستێنراو کەمێکیش دوورخرایەوە، ئەمە چی دەگەیەنێ ،ئایا دامودەزگا ئەمنییەکان‌و وسیستمی حکومڕانی ناوەند لەوەی هەرێم توندوتۆڵترو جێگیرترن..!؟؟


دەتوانین بڵێین ئەوە یەکەمین جارە لە مێژوودا بە پێداگری کورد خەریکە ئالوگۆڕی دەسەڵات لە عێراقدا دەچەسپێت، لە ٢٠٠٣وە دوای روخانی رژێمی گـۆڕبەگۆڕ تا ئێستا ٤ سەرۆک وەزیران‌و سێ سەرۆک کـۆمار لە بەغداد گۆڕدراون ،بەڵام گەر سەرنجی هەرێم بدەین ئایا ئاڵوگۆڕی دەسەلاتی تێدا بووە،تائێستا سەرۆکی هەرێم نەگۆڕدراوەو هەمان کاراکتەرە، ساڵی ٢٠٠٣تا ئەمڕۆ٢ ساڵی لێدەرچێت تەنها یەک کەس سەرۆکی حکومەت بووە..!


بە دەگمەن نەبێ تەمەنی سیاسی هیچ مرۆڤێک لە ٧٠ساڵ تێ ناپەڕێت، ئایا دەکـرێت داهاتووی گەلێک ببەسترێتەوە بە بکەرێک یان چەند بکەرێکی سیاسییەوە..؟؟ زەرورەتی هیچ قۆناغێک کارەکتەرەکان نین،بەڵكو زەرورەتی ئەم قــۆناغەو هەموو قۆناغەکان یاسا، دەستور، ئازادی تـاک‌، دادی کۆمەلایەتی‌، جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراسی ، بـنبڕکـڕدنی گەندەڵی، بەدامەزراوەیی کردنی دەزگا حکومی ، عەسکەری و هەواڵگرییەکانە.


لایەنەکان راستگۆ نین لەگەڵ پەیامەکانیاندا،هیچ ئــــــامەژەیەکیش نیە کە بەرێز بارزانی ئـــــــەو سەروەرییە مێژووییە بۆ خۆی تـۆماربکات و یەکەم هەنگاوی جدی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بهاوێژێت.


کە هەر دەیکەن دەیکەن؛بۆیە دەکرێت ماوەکە تەنها بۆ یەک ساڵ درێژ بکرێتەوە بەمەرجێک سیستەمی حکومڕانی هەرێم بکرێتە پەرلەمانی واتە سەرۆک لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت،پرۆژەی دەستور هەموار بکرێتەوەو هەڵبژارنی پەرلەمانی هەرێم پێشبخرێت واتە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت‌و پێش ئەوەش دەستورخرابێتە بەردەم رای گەل‌‌و راپرسی لەسەر کرابێت.


گەڵٶ. دەبێت گەلی کورد چەندیتر قوربانی بدات تاکو(خۆسێ‌موخیكا،لولا دا سلڤا،نیلسون ماندیلا)یەکی تیا هەڵکەوێت..؟!!

 


٥
\٤\٢٠١٥ - نەرویج
hogr_k@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک