په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٤

    ٢١ برووسکە بۆ نەورۆزی ئەم بەهارە.

فەتاح حەسەن

١٦ی ئازاری ٨٨
لە مامۆستایەکی (ناوەندی گۆران)ی کوڕانەوە:
ئەی.. گەلانی سەر رووی زەمین..
ئەمڕۆ هەڵەبجە،
بە کیمیایی شەهیدکرا..
   *   *   *
لە زێوانی مزگەوتی (دارول ئیحسان)ەوە:
قورئانی ئەم مزگەوتە و
هەموو مزگەوتەکانی تری هەڵەبجە
کۆپی قورئانی مەدینە بوون.
   *   *   *
٧ی مایسی ٨٨
لە باوکی شەهیدێکەوە:
بەرەی کوردستانیی
بە شەقی زەمانە.. پێکهێنرا.
   *   *   *
٤ی ئەیلولی ٨٨
لە (عەلی حەسەن ئەلمەجید)ەوە
بۆ:
سەرۆکی فەرماندە، خێمەی هەموو عێراقییەکان
عەمەلیاتی ئەنفال
لە ٢٣ی شوباتەوە تا ٣ ی ئەیلولی ٨٨
بە هەشت قۆناغ
*
بە بادینان، کۆتایی هات.
   *   *   *
لە مستەشاری فەوجێکی خەفیفەوە
بۆ:
سەرۆکی فەرماندە (خوا بیپارێزێ)
لە پرۆسەی ئەنفال دا
ئەرکەکانمان بەجێگەیاند
چاوەڕوانی
بەخشندەیی بەڕێزتانین
بۆ بەخشینی
(مەکرەمە و نۆت ئەلشوجاعة)
**.
   *   *   *
لە زانکۆی سەلاحەدینەوە
بۆ:
کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان
٨٠٠٠ بارزانی بێسەروشوێنکراو!
١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراو!
٥٠٠٠ خنکێنراو بە گازی کیمیایی!
بە گەزی عروبەکەتان
چەند گەز خامیان دەوێت.. بۆ کفن؟
   *   *   *
٥/٣ی ٩١
لە ئەحمەد نەبی هاوڕێمەوە:
رانیە.. بووە دەروازەی راپەڕین
بۆ کوردستان..
بەعسی قڕانە.. بەعسی قڕان.
   *   *   *
١٤/ ٣
لە پێشمەرگەیەک، لە بەردەرکی سەراوە:
دایکان.. خوشکان
نۆردووی نان و شفتە و ناوساجی
ئامادەکەن
رۆژێکە و ئەمڕۆ، هێرش دەبەین
کەرکووکیشمان ئازاد دەکەین.
   *   *   *
٢١/٣
لە دەنگی گەلی کوردستانەوە:
بەعسی قڕانە.. بەعسی قڕان
بە هیمەتی جەماوەر و
بە پاڵپشتی پێشمەرگە
زۆربەی کەرکوک ئازادکرا
شەڕی دەستەویەخە
لە (معەسکەر خالید)، بەردەوامە.
   *   *   *
٢٢/٣
لە پێشمەرگەیەکی بنکەی (ئاشتی)یەوە
بۆ:
لێپرسراوی بنکە
تۆ، کرێچیت..
بۆ نایەیتە یەکێک لەم خانووانەی
(دۆر ئەلئەمن)؟!
وەڵام..
بە من ناشێت..
چون تایبەتە،
بە ئاوارەکانی گەرمیان.
پاش ئەوانییش..
موڵکی کەسوکاری شەهید و
وارسی کیمیاباران و ئەنفالە.
   *   *   *
یەکی مایسی ٩٤
لە دوکاندارێکی قەڵادزێی بیمارەوە:
تێکدانی ریزە دوکانێکیان،
بۆ بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ..
کردە بیانوو.
   *   *   *
لە (کڵاوقاسم)ەوە:
شێرەکوڕەکان، منیان گرت و
(کەپکی حەمەد ئاغا)یان
لێسەندرایەوە!
لە (کەپکی حەمەدئاغا)وە :
شێرەکوڕەکان، منیان گرت و
کڵاوقاسم)یان لێسەندرایەوە.
   *   *   *
لە هاوڵاتیانی
قەڵا و منارە و شاری مەلیک مەحمودەوە:
بە سەوز نوستین، بە زەرد هەستاین
بە زەرد نوستین، بە سەوز هەستاین.
   *   *   *
١٧ی ئەیلولی ٩٨
لەسەر دەستی (مادلین ئۆلبرایت)
***
سەرۆک و سکرتێری زەرد و سەوز
لە ژێر چەتری (ئەمەریکا)دا
(پەیماننامەی واشنتۆن)یان
پێ مۆرکرا
شەڕ راگیرا..
   *   *   *
لە زیندانییەکی سیاسیی
سەردەمی رژێمەوە:
چارەنووسی
دیلەکانی شەڕی ناوخۆ
گەیشت بەچی؟!
   *   *   *
لە هەڵۆکەی گەرمیانەوە:
ئەرێ..
دڵ و قودسی کوردستان ئازادە؟
یا، لە ژێر چەپۆکی
برای عەرەبی چاوڕەشدا
دەناڵێنێ؟!
   *   *   *
لە رێکخستنێکی دێرینەوە:
مەرجی بەئەندامبوون، وەک جارانە؟!
مەرجە مرۆڤ
دەست و دەم و داوێن پاک بێ؟
   *   *   *
لە پێشمەرگەیەکی دێرینەوە:
ئێمە خزمی شاخ و بزن بووین
کەچی ئەمڕۆ.. سوبحانەڵا
هەندێک.. بووین بە خاوەنی
کۆمپانیای زەبەلاح.
   *   *   *
لە کەمئەندامێکی سەنگەرەوە:
رازییم بەوەی رۆژەکانی مانگ
حەفتا و پێنج بێت
ئا بەو مەرجەی
مووچەی قاچ پەڕیوێک
لە کاتی چوونی بۆ واجبدا، بۆ رەبایە
لە لیستەکەی مندا نەبێت.
   *   *   *
لە کەسوکاری شەهید و
وارسی کیمیاباران و ئەنفالەوە:
ئیتر با بەس بێ گەندەڵی..
   *   *   *
لە کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنییەوە:
بەسە چیدی.. یاسا لە سێدارە مەدەن..

___________________________
* پرۆسەی ئەنفال: پەلامارێکی دڕندانەی رژێمی بەعس بوو بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەم شێوەیەی خوارەوە:

ئەنفالی یەک : ٢٣ ی شوبات - ١٩ی مارتی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: دوکان، بنگرد، زیی بچووک، ماوەت، چوارتا، ئەزمڕ، سلێمانی، سوسێ، سورداش.
ئەنفالی دوو: ٢٢ی مارت - ٢ی نیسانی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: سلێمانی، چیای گڵەزەردە، بازیان، قەرەداخ، دەربەندیخان، زەڕایەن، ئۆردوگای نەسر و عەربەت.

ئەنفالی سێ: ٧ی نیسان - ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: کەرکوک، تازەخورماتو، کفری، کەلار، دەربەندیخان، زنجیرە چیای قەرەداخ، تەکیە، چەمچەماڵ، قەرەهەنجیر.

ئەنفالی چوار: ٣ مایس - ٧ی مایسی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: کەرکوک، ئاڵتون کۆپری، دێگەڵە، کۆیە، خەلەکان، دوکان، سورداش، تەکیە، چەمچەماڵ.

ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت: ٢٤ی مایس - ٢٦ی ئابی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: کۆیە، دێگەڵە، ئاڵتون کۆپری، هەولێر، شەقڵاوە، رەواندوز، چۆمان، چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، هیزۆپ، چیای باواجی.

ئەنفالی هەشت: ٢٨ی ئاب - ٣ی ئەیلولی ١٩٨٨، سنووری پەلامارەکانی بریتی بوون لە: دهۆک، زاخۆ، باتوفە، کانیی ماسێ، زێوە، دێرەلوک، ئەتروش و زاوێتە. (پەرتووکی ''ئەنفال - کورد و دەوڵەتی عێراق -'' شۆڕش حاجی رەسوڵ ٢٠٠٣ لەندەن).
** بەخشیش و نیشانەی ئازایەتی بوو سەدام حسێن دەیبەخشییە ئەو کەسانەی زۆر دڵسۆزی حیزبی بەعس و حکومەتی عێراقی بوون.
*** مادلین ئولبرایت: ئەندامی حیزبی دیموکراتی ئەمەریکا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەەریکادا وەک ژن لە ٥\١٢\١٩٩٦ بووە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و تا ٢٠\١\٢٠٠١ لەو پۆستەدا مایەوە.

 
دانیمارک / ڤالبی

ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک