٣\١٠\٢٠١٧
بیست و شەشەمین
یاد و ڕێزنان لە تێکۆشانی
یەکێک لە
ھونەرمەندانی کاروانی بەرەو جیھانێکی ناچینایەتی (کاروان عوسمان).
ھەژێن
بەرایی، ئەوەی کە لێرەدا من دەخوازم بیڵێم و دەریبڕم، بەس ھەستی کەسیی
خۆم و داکۆکیکردنە لە قوربانییەکی سیناریۆ ڕامیارییەکانی دیکتاتۆریی و
بەرەھەڵستکارە چەکدارەکانی، داکۆکیکردنە لە کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی،
بە دیاریکراوی کاروان ئوسمان چ وەك کەسێتی تایبەت و چ وەک ھونەرمەند.
دەکرێت من ھەڵەبم و ھەر کەس ئازادە ئەم ھەوڵەی من چۆن دەخوێنێتەوە،
بەڵام من ناتوانم خۆم گێلبکەم و گوێ لە ھەست و ھاوارەکانی ناخی خۆم
نەگرم، کە کاروانەکان پێکرا من بۆ دەنگھەڵبڕین بانگەوازدەکەن. پێویستە
ئەوەش بڵێم، کە من کاروان ئوسمان وەک کەسێک لە نزیکەوە ناناسم و ھیچ
نزیکایەتییەکی خێزانی لەنێوان من و ئەو نەبووە و تاکو ئێستاش ھیچ
پەیوەندییەك لەنێوان من و ئەندامانی خێزانەکەی ئەو نەبووە و نییە،
ئەوەی بۆ کاروان و ھاوڕێکانی ئەنجامیدەدەم، ئەرکێکی ویژدانی و مۆڕاڵیی
سەر شانی منە بۆ ھەر قوربانییەکی دیکەی دەستی بەعس و بزووتنەوەی
چەکداری و جەنگ.
ئەی ھاوئامانج و ھاوچین و ھاودەری منی بە زیندوویی ھێڵڕاو بۆ زیاتر
چەشتنیخەمیمەرگی ئازیزانی وەک تۆ و دیتنی زیاتری دیمەنی ورد و خاشبوونی
ئێسک و پرووسکی نەداران و بێدەسەڵاتانی جیھان، ئەی ئەو کەسەی کە تاکو
ئێستاش پاش بیست و شەش (٢٦) ساڵ، ھێشتاخۆت و ئەندامانی خێزانەکەت و
ئازیزان و ھونەر و ھزری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و
دادپەروەرییخوازانە و خیاڵ و خەونبینت بۆ کۆمەڵی ناچینایەتی، بەردەوام
باجی تاوان و تۆمەتێک دەدەن، کە ڕۆژگارە ڕەشەکان و دەستە شاردراوەکانی
(ئەو دیوی چیا) زەمینەسازی بوون و ئامانجی ئاوا سیناریۆیەک بەس تەنیا
دەست و پەنجەی ھونەریی تۆ نەبوون، بەڵکو ھەر ئاوا ئامانجی لێدان بوو
لەو ڕێبازە ھونەرییەش بوو؛ کە تۆ تازە خەریکبووی دەتھێنایە نێو کۆمەڵی
کوردان. ئاوا تاوان و تۆمەتێک بۆ ناشیرینکردنی تێکۆشان و جیھانێک بوون،
کە تۆی بێباوک؛ کە تۆی ھەژار؛ کە تۆی کرێچی؛ کە تۆی ئەویندار؛ کە تۆی
ھونەرمەند؛ کە تۆی ئازادیخواز؛ کە تۆی خەمخۆری منداڵانی ڕووتەڵە و برسی
جیھان؛کە تۆی شەیدای پیاسەی کاتی خۆنیشتنی کەناری دەریا لەتەک
دڵدارەکەت؛کە تۆی ھاندەر و بانگەوازکەری یاخیبوون و گۆرانیگوتنی
منداڵان بۆ ئازادی لەسەر شانۆی شەقامی شارەکان و بەری ڕوبار؛ کەتۆی
پەیامدەری دونیای ناچینایەتی؛دونیایەک بەبێ خاوەنکارو سەروەر؛ بەبێ
سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی وڵات و بەبێ جەنەڕاڵ؛ دونیایەک کە
ھەمووان لەوێدا تەنیا مرۆڤن و بەس، بەبێ ئاوەڵناوە ئایینی و ئێتنیی و
ڕەگەزیی و نەژادی و شوناسە دەستکردە ڕامیارییەکان، مرۆڤایەتی بەرەو
لووتکەی ڕۆشنبیری و کولتوورێکی بەرزی مرۆیی دەبات، تەنیا حەز و ئارەزوو
و داخوازییە ھاوبەشەکانیان کۆیاندەکاتەوە و کۆمەڵ پێکھاتەیەکی
ئارەزوومەندانە دەبێت و "سەر سەریشمان تاکو چاوبڕکا، بێجگە لە ئاسمان
ھیچی دیکە نییە".
ئەم ڕۆژ و ئەم ساڵ وەک بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو لە ھەر شوێنێکی دونیا
بم و تاکو دەمێنم، بۆ ئامانجەکانی تۆ کڕنووشدەبەم و سەری ڕێز و ستایش
بۆ خۆت و ھونەر و ھەڵوێستە ئازادیخوازییەکانی تۆ دادەنەوێم و بە ھەموو
ئەوانەش کە لە دەمی دەسەڵات و قەرەباڵخییەوە بڕیاردەدەن و ئەوانەی
لەنێو بڕیاری دادگە و لێکۆڵەرانی بەعسی بۆ ڕاستییەکان دەگەڕێن، بە
دەنگی بەرز دەڵێم خۆزگە ھاوڕێ کوژراوەکەی تۆ، ئازیز و قوربانی نەخشەی
ڕامیاران (موحەمەد خۆرشید) برای من و باوکی من بووایە، تاکو بە ھەموو
دەمھەڕاشەکانی بازاری نەزمی چینایەتی بڵێم و نیشانبدەم، سەرباری ھەموو
تۆمەتەکان و ھەموو گومانەکان و ھەموو ھەوڵە ڕامیارییەکان بۆ بەعسییانە
دادگاییکردنەوەی ھەر سات و ھەر ڕۆژە و ھەر ساڵەی ئێوە (کاروان ئوسمان)
و (ئیسماعیل سەکران)، لێرەوە ھاوارمدەکرد (کاروان ئوسمان) باجی
بیرکردنەوە و ھەڵوێست و ھونەرە یاخییەکەی خۆی داوە و بێجگە لەوە ھیچ
شتێک نییە، مرۆڤێکی ئاوا بەرز بکاتە بکوژی یەکێک لە ھاوڕێ و ھاوبیر و
ھاوکار و خۆشەویستترین ھاوەڵی خۆی، کەسێک (موحەمەد خۆرشید)، کە تەنیا
کاروان ئوسمان و ئیسماعیل سەکران و گیتار و ھونەرە شۆڕشگێڕییەکەی ئەوان
دەکاتە ھاوڕێ و ھاودەمی خۆی.
من نازانم، ئەو ھەڵبەستە|ھۆنراوەی خوارەوە ھی چ نووسەرێکی بوێر و
شۆڕشگێڕ و بە ویژدان و خۆھوشیارە، بەڵام بە سروودکردن و چڕینی ئەو
ھەڵبەستە لەو ڕۆژگارەدا کە [نا]گوتنێک بەس بوو بۆ لەسێدارەدان و
تاوانبارکردنی ھەر عێراقییەک. ئەودەم بەپێچەوانەیئەو ھونەرمەندانەی کە
دوا ئومێدی خۆیان بە لوولەی چەکە ھەڵھاتووەکان گرێدابوو بە (ھۆ برای
کاروانچی) و (ھۆ کاکی پێشمەرگە) چەکدارە ئاشبەتاڵکردووەکان بۆ بردن
لەتەک خۆیان بانگدەکەن. ڕێک ئا لەو کاتەدا (کاروان ئوسمان) و ھاوڕێکانی
(ئیسماعیل سەکران) و (موحەمەد خۆرشید) و ...تد کۆمەڵێک سروود و گۆرانی
ئامادەدەکەن و سروودی (بھێنە پێش چاو، سەر سەریشمان بێجگە لە ئاسمان
ھیچی دیکە نەبێت)، کە (ئەلف تاکو یا) دژایەتکردن و ھاندانە بۆ
بەرەنگاریکردنی کردەوەکانی بەعس و سیستەمی داگیرکاری و بانگدانە بۆ ماف
و ئازادییە سرووشتییەکانی مرۆڤ و ھەڵکردنی ئاڵای ئازادی و یەکسانی و
دادپەروەریی و خۆشەویستییە لە ڕۆژگارێکدا، کە کیمیاباران و ئەنفال
جوتیاران و گوندنشینان قڕدەکەن و بزووتنەوەی چەکداری وەک پێشینە
مێژووییەکەی بەرەو باوان ڕەودەکات وئا لەو کاتەدا بەداخەوە بە
سیناریۆیەک موزیکژەنی ئازادخواز (موحەمەد خۆرشید) دەکوژرێت و ھاوڕێ و
ھاوبیرەکانی (کاروان و ئیسماعیل) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو تاوانباردەکرێن
و بە سێدارە سزاوادەکرێن، بکوژ وەک بەرزەکی بابان دەردەچێت و تاجی
کوردایەتی لەسەر دەنرێت و بە وجۆرە"بە بەردێکچۆلەکە ئازادیخوازەکان
دەکوژرێن*"، بەداخەوە ئەو کات و
ئێستاش ھەر ئاوا، نەک ھەر ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئامانجی کاروان و
ئیسماعل بەو تۆمەتە لەبیربردرانەوە، بەڵکو ئامانج و ھەڵوێست و
بیرکردنەوەی ئازادیخوازانەی جوانەمەرگی قوربانیکراو (موحەمەد خۆرشید)
کەوتە ژێر تەپوتۆزی ئەو ڕۆژگارە تاریکە، کە ئەویش ھاوبیر و ھاوئامانج و
ھاوخەونی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) بوو و بەشداری کارەکانی
ئەوان بووە**.
لێرەدا ناچمە سەر وردەکاریی دیتن و بۆچوون و ھەستی من، بەداخەوە بەو
جۆرەی کە بەخۆم و کاروان ئوسمان و موحەمەد خۆرشید و ئیسماعیل سەکران و
خوێنەران بەڵێنمدابوو، کە ئەم ساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بابەتێکی شیکاریی
ئامادەبکەم، نەمتوانی و لەبەرئەوە داخوازیی بەخشین دەکەم، چونکە
گرفتاری دوو ھەفتەی ڕابوردوو و ئازاری دەست و پەنجەکانم و ھەندێک
کاتگیریی چاوەڕواننەکراو لە ئەنجامدانی بەڵێنەکەم دوایخستم. بەڵام
بەدڵنیاییەوە ھەر ئەو بەڵێنە ئەنجامدەدەم و وەک ئەرکی سەرشانم و
وەفاداریی خۆمم بۆ کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی کە پێشەنگ و تەنیا تیپی
موزیکی و ھونەرمەندانێکی شۆڕشگێڕی ھزر سۆشیالیستیی کوردی-زمانی ئەو
ڕۆژگارە بوون و تەنیا کەسنێک بوون، کە ڕەخنەریان لە ئاشبەتاڵی بەرەی
کوردایەتی ھەبوو و گۆرانی و سروودەکانی کاروان ئوسمان [نموونەیە ئەو
سروودەی خوارەوە]، ھەم ڕەخنەبوون لەوانەی پێش پاسدار دەکەون و ھەڵەبجە
دەکەنەنە بەرەی جەنگی عیراق-ئێران و خەڵکی قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی
ھەوڵیر و بادینان دەخەنە بەردەم تەڵەی ئەنفال و بەخۆشیان وەک بەرزەکی
بانان و لە شێوەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بەرەو ئوردووگەکانی ئێران و
تورکیە و سوریە ھەڵدێن و خوێنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی و نزیکەی سەد و
ھەشتا (١٨٠) ھەزار گوندنشین و جوتیاری ئەنفاڵکراو دەکەنە سەرمایەی
ڕامیاریی و ئامرازی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی کۆمەک بۆ
ئاوارەکانی ھەڵەبجە و گەرمیان و بادینان ...تد
کاتێک ھەڵەبجە کیماباراندەکرێت، کاتێک گەرمیان و بادینان ئەنفالدەکرێن
و سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ھەندەران ڕەودەکەن، کاتێک
شەقامەکانی شاران دەبنە شانۆی نماییشی ئەنفالکرانی جوتیاران و
گوندنشینان و چۆکی نائومێدی گشت سەردەمە تاریکەکان لەسەر سنگی خەڵکی
نەدار و بێدەسەڵات دەچەقێت، لەو کاتەدا کاروان و ھاوڕێکانی خەڵک و
ھونەرمەندان بۆ بەرەنگاریکردن و ھەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوتر و
شۆڕشگێرانەتر بانگەوازدەکەن:
خوێن لە چاوی ماتی شەوا [١]
لە شەقامی چۆڵی خەوا [٢]
خوێن لە لاشەی شەھیدەکان [٣]
خوێن لە پۆستەی ڕەشەباکان [٤]
مارتان نەکوشت [٥]
کاتێ بەردتان لە دەستا بوو
ماریش پۆپەی لەسەر بەردی ئاشپەستێ بوو [٦]
بۆ نەتانکوشت
* * * * *
لوولەی تفەنگی چەوساوان
ڕاستەڕێیەکیش ھەڵناکا [٧]
ئەی ئەوانەی کە دڵتان [٨]
ئەوەندە خۆی خواردەوە
ھەتاکو کرمی ھەڵھێنا [٩]
ھەر نەتاندی شەوی ڕەشی ھەڵەبجەمان
چ خۆرشیدێکی داھێنا [١٠]
* * * * *
لە شارەکان، بەری ڕوبار
بەردی شانۆی گەمارۆیە [١١]
ھەموو مناڵانی برسی
فێربوون کە گۆڕانی بڵێن [١٢]
بەڵام کوانێ دەست و پەنجەی ھونەرییتان [١٣]
لە کاتێکا لوولەی تفەنگ ڕاستە ڕێیەکیش ھەڵناکا [١٤]
___________________________
* سیناریۆی کوشتنی جوانەمەرگ (موحەمەد
خۆرشید) و تاوانبارکردنی ھاوڕێکانی خۆی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل
سەکران) لە ھەمان سیناریۆی کوشتنی نووسەری تورکی-زمان (سەباحەدین عەلى)
دەچێت، بە کەمێک دەستکارییەوە و دەشکرێت لەو سیناریۆیە کەڵکوەرگیرابێت؛
[ نووسەرى بەناوبانگ (سەباحەدین عەلى) کەبەرھەڵستکارێکی ئیمپراتۆریی
ئوسمانییەکان بوو، بە فێڵ و تەڵەکە لەسەر سنوورى بولگاریا لەکاتى
هەڵهاتنی، ئەویان کوشت. ئەوەندە (سەباحەدین عەلى) خرایە ژێر فشاری
دەروونی و فیزکی ئەوەندە، تاکو دوا جار ناچاربوو، کەبەرەو ھەندەران
ڕابکات و ئەوکات لەسەر سنوورى تورکیە- بولگاریا بەدەستىیەکێک
لەبەکرێگیراوانی دەوڵەتئەو کوژرا و پیلانگێڕان، بەسەرھاتی کوشتنی (سەباحەدین
عەلى) ئاوا نیشاندەدەن،کەسێک ئەوی کوشتووە، کەھاوڕێ و ھاوگەشتی ئەو
بووەو لەبەر چاوبڕینە پارەیەکەی ئەوى کوشتووە!
[١] کوژرانی سەدان ھەزار ھەزاران کەس بە کیمیاران و ئەنفال.
[٢] بێدەنگیی ناچارییانەی شەقامی شارەکان بە ھۆی سەرکەوتگەریی ئەو
سەردەمە.
[٣] کوشتنی خەڵک.
[٤] کیمیاباران و ئەنفال وەک پەیامی بەعس بۆ خەڵکی ئازادیخواز.
[٥] مار ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی بەعس.
[٦] گیرۆدەبوون و تێکشکانی فەرمانداریی بەعس لە ساڵ و مانگەکانی کۆتایی
جەنگی عیراق ئێران.
[٧] ئاماژەیە بۆ بەرەنگاری ڕزگاریخوازانەی خەڵک لە شێوەی بزووتنەوەی
چەکداری و بە شێوازێکی تێکشکاو و نیگەتیڤی دەبینێت و ھیچ ئومێدێک لە
ئەو بەدیناکرێت.
[٨] ئاماژەیە بۆ کەسانی ئازادیخواز.
[٩] نائومێدی و کوژران و زیندەبەچاڵ بوون لە بیابان.
[١٠] دەنگدانەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەت و
دیکتاتۆریی بەعس و سەدام حوسەین.
[١١] تێپەڕبوونی کاروانی ئەنفاڵکراوان بەنێو شاری کەرکووک.
[١٢] منداڵانی برسی ھوشیاربوونەتەوە و ھوشیاریی چینایەتی سەریھەڵداوە.
[١٣] ڕەخنە لە بێدەنگی ھونەرمەندان و نووسەران و بانگەواز بۆ شێوازێکی
دیکەی تێکۆشان لەنێوەندی شارەکان.
[١٤] تێکشکانی بەرەنگاریی گوندەکان و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری و
زیانبەخشیی بزووتنەوەی چەکداری.
___________________________
**
زانستکاران بە ئاوا سەرەنجامێک گەییشتوون، کە دەنگ لەنێو چینەکانی ھەوا
دەمێنێتەوە و ھەرگیز وننابێت، خۆزگە کاتی کوشتنی ئازیز و جوانەمەرگ (موحەمەد
خۆرشید) و لەسێدارەکانی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) و ئێستا
مرۆڤایەتی بەو تەکنۆلۆجی و توانایە بگەشتایە، کە دەنگەکانی ئەو
ڕوداوانە بگێڕدرێنەوە و بکرێنە بەڵگەی شکارکردنی تاوانەکە، تاکو ڕاستی
و درۆیی زۆربەی تاوانە بێ ئەژمارەکانی ئەم سەردەمە پڕ دڕندایەتییە
دەربکەوتایە.
بۆ گوێڕاگرتن لەو
سروودەی سەرەوە بە دەنگی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (کاروان عوسمان)، لەسەر
ئەو لینکەی خوارەوە کرتە بکە:
www.dengekan.com/karwan/gorani/xor_le_chawi_mati_shewa.mp3
٣٠\٩\٢٠١٧
ماڵپهڕی ههژێن
|