١٣\١٠\٢٠١٨
دوو بابەت
سەبارەت بە سێیەمین
فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی سلێمانی.
مەنسوور جیهانی
"کچانی خۆر"
بە دەورگێڕانی "گوڵشیفتە فەراھانی" فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی "سلێمانی".
فیلمی
سینەمایی "کچانی خۆر" لە دەرھێنانی "ئێوا ھوسۆن" و بە دەورگێڕانی "گوڵشیفتە
فەراھانی" لە رێوڕەسمی کردنەوەی سێھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "سلێمانی" لە تەلاری "ھونەر" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان
دەچێتە سەر پەردە.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سێھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "سلێمانی"، فیلمی سینەمایی "کچانی خۆر" لە دەرھێنانی "ئێوا ھوسۆن"
و بە دەورگێڕانی "گوڵشیفتە فەراھانی" ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران و
جیھان، بەرھەمی وڵاتی فەرەنسا لە کاتژمێر ٢٠ی سبەی چوارشەمە ١٨ی
رەزبەری ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ی زایینی لە
رێوڕەسمی کردنەوەی سێھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی"
لە تەلاری "ھونەر" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە سەر
پەردە و بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی "کاجی زێڕین"ی ئەم فێستیڤاڵە، لەگەڵ
فیلم گەلێک لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لەوانە؛ ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا،
ئەڵمانیا، لوبنان، پۆڵەندا، بولگاریا، سلۆڤاکی، کۆماری چیک، ئوستڕاڵیا
و ئێران رکابەری دەکات.
فیلمی سینەمایی "کچانی خۆر" بە ناوەرۆکی خەبات و بەرخۆدانی کچانی کوردی
کۆبانی لە دژی گروپی تیرۆریستیی داعش؛ لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی
خۆیدا لە بەشی رکابەریی سەرەکیی حەفتاویەکەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا، چووە سەر پەردە.
"ئێوا ھوسۆن" لە وتووێژەکانی خۆیدا لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن،
ئاگاداربوون لە رەفتاری نامرۆڤانەی داعش لەگەڵ ئێزەدییەکان لە
کوردستانی عێراق و بەسەرھاتە خەمناک و دڵتەزێنەکانی ژنان و کچانی
بەدیلگیراوی کوردی بە ئەنگێزەی سەرەکیی خۆی لە باس کردنی ئەم بابەتە
ناو برد.
بە گوتەی ئەم دەرھێنەرە ناودارە فەڕەنسییە، ئازایەتی و بێ باکی و
لەخۆبردوویی ژنانی کورد لە خەباتی چەکدارانە لەگەڵ داعش بە ڕاستی
کاریگەری لەسەر ئەو ھەبوو، ھەر بەم ھۆیەش بڕیاری داوە، چەند گۆشەیەک
لەم خەباتە قارەمانانەیە وێنە بگرێت.
"ئێوا ھوسۆن" باوەڕی وایە کە "کچانی خۆر" لەو دەگمەن فیلمە جەنگیانەیە
بە تەوەری ئافرەت کە وێنەیەکی راستەقینە لە رووداوەکانی ئەم کارەساتە
مرۆڤانەیە ئاراستە دەکات؛ لە ھەمان کاتیشدا، پەیامێکی ئەرێنی ھەیە و
باسی شایستەیی و لێھاتوویی و تواناییەکانی ژنان دەکات.
"ئێوا ھوسۆن" یەکێکە لە سینەماکارانی ژنی ناوداری سینەمای فەڕەنسا و
بەرھەم گەلێکی درەوشاوەی وەکوو' "بە ھیوای مردن"، "بۆ ئەوانەی کە
ھەمیشە ئاڵۆزن" و "گەنگ بەنگ"ی لە کارنامەی پیشەیی خۆیدا ھەیە.
"ئێمانۆئێل بەرەکات" ئەکتەری گەنجی فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای
زێڕینی باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا،
یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی کە لەم پڕۆژە سینەماییەدا بەشداری کردووە،
ئەو دەوری "ماتیلدە" پەیامنێری جەنگی دەگێڕیت کە چاوەری ئەم رووداوە
تاڵ و خەمبارانەیە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ "بەھار" بە دەورگێڕانی "گوڵشیفتە
فەراھانی" ھەیە. لە فیلمی "کچانی خۆر"دا کە لە وڵاتانی فەڕەنسا و
گورجستان وێنەی گیراوە، گروپێک لە ھونەرمەندانی نێونەتەوەیی و
ئەکتەرەکانی ناوچەیی بەشداریان کردووە.
سێھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی"
لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "مەستی فیلم" بە بەڕێوەبەرایەتی "فوئاد
جەلال" لە دوو بەشی رکابەریی سەرەکیی "سینەمای جیھان" و بەشی رکابەریی
"سینەمای کوردی" لە رۆژانی ١٨ تا ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ١٠
تا ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ی زایینی لە ٥ ھۆڵی "سیتی سینەما"، سینەما "سالم"
و تەلاری "ھونەر"ی شاری سلێمانی پایتەختی فەرھەنگ و ھونەری ھەرێمی
کوردستانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
جۆرج قرداحی: کەناڵە عەڕەبییەکان
ھەواڵەکانی شەڕ ڕابگرن و ھەواڵی سێیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی
سلێمانی بڵاوبکەنەوە.
مەنسوور جیھانی ـ "جۆرج قرداحی" رۆژنامەنووسی ناوداری عەڕەب و جیھان لە
سەردانی بۆ شاری سلێمانی گوتی: ھیوادارم کە کەناڵە عەڕەبییەکان
ھەواڵەکانی شەڕ ڕابگرن و ھەواڵی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی"
بڵاوبکەنەوە.
"جۆرج قرداحی" رۆژنامەنووسی ناوداری عەڕەب و جیھان، ئەمڕۆ دووشەمە ٨ی
تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سلێمانی گەیشتە
ھەرێمی کوردستان و ئێوارێی ئەمڕۆ سەردانی نووسینگەی کۆمپانیای سینەمایی
"مەستی فیلم"ی لە شاری سلێمانی کرد و لە لایەن "فوئاد جەلال"
بەڕێوەبەریی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی" و ژمارەیەک لە
بەرپرسانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فێستیڤاڵە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
"جۆرج قرداحی" لە وتووێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی
سێیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی گوتی: لە سەرەتادا زۆر
سپاسی بەڕێوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵە دەکەم بۆ ئەم بانگھێشت کردنە،
خۆشحاڵەم کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی" خۆم دەبینمەوە،
من ھەمیشە لەگەڵ کوردستان و بەگشتی لەگەڵ کێشە و بابەتە
نەتەوایەتییەکانی ئێوە بە جۆرێک ھاوسۆزیم ھەبووە و بە جوانی ئاگاداری
مەسەلەی کوردیی ھەم. جارێکی دیکە زۆر خۆشحاڵم کە خزمانی خۆم لە
شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ھەر ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی
کوردستان دەبینم.
گوتیشی: بە ھەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتانی عەڕەبی دەڵێم کە
پێویستە گرینگی بە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی" و ھەروەھا
گرینگی بە ھەرێمی کوردستان بدەن و لە ڕێگای خۆیانەوە ھەواڵەکانی ئەم
ڕوداوە گرینگە ھونەرییە بگوازنەوە.
"جۆرج قرداحی" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارم کە کەناڵە
عەڕەبییەکان ھەواڵەکانی جەنگ و توندووتیژی و شەڕ ڕابگرن و ھەواڵی
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی" و ھەروەھا ھەواڵە
کەلتووری و ھونەری و رۆشنبیرییەکان بڵاوبکەنەوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|