١١\٤\٢٠١٧
دوو هۆنراوە بە
بۆنەی تێپەڕبوونی
نۆ ساڵ
بەسەر خەوی دایکم.

سمکۆ ئەحمەد
مەرگی ناکاو.
دایە گیان
نۆ ساڵە ونی
نۆ ساڵە بۆنم نەکردووی
نۆ ساڵە
هێندەی بەچکە
چۆلەکەیەکی تینوو
لە هێلانەکەی
تامەزرۆی گەڕانەوەتم
چاوەڕێی
تەواوبوونی چیرۆکەکانتم
وەرەوە با پێکەوە
ئەلبومی وێنەکان هەڵدەینەوە
باسی کانی (حەیات)م
بۆ بکەرەوە
چیرۆکی ورچەکەی (ئەسحاب)و
ترش دزینی
منداڵییتم بۆ بکە
دایە وەرەوە
بیری بۆنی ئامێزت دەکەم
بیری مێخەك و رەزیانە
و
زەردەخەنەکەت دەکەم
دایە گیان وا نۆ ساڵە
زۆر بێ تۆم
وا ٣٦ وەرزە بێ نێرگزم
بەسە لەو خەوە هەستە و وەرەوە
زەمیلە پڕ میوە و سەوزەکەت
هەر وەکو خۆی ماوە
چاوەڕێی
دەستە میهرەبانەکەت دەکەن
دەوەرەوە دایە
دار هەنارەکانیش هەواڵت دەپرسن
سنەوبەرەکەش وەکو من چاوەڕێتە
وەرەوە با پێکەوە ئاوی نازنازەکان بەین
بە دەم شیعرێکی (عیرفان)ەوە
لە ژێر دار هەنجیرەکەت
دیژلەمەیەك بخۆینەوە
ئەوجا گۆرانیی
''دەردت لە من رەش
ئەسمەر''م
بۆ بخە سەر
دە توخوا وەرەوە
دایە گیان
با وەك جاران جێگاکەی سەربان داخەینەوە و
ئەستێرەکان ببژێرین
تا خەو دەماباتەوە
دەوەرەوە..
دایکم.
من دایکێکم هەبوو
بۆنی شویت و عەنبەری لێدەهات
نینۆکەکانی گوڵە نیرگز بوون و
لە نێو درزی مەمکەکانی
خۆر هەڵدەهات
من باخێکم هەبوو
چوار وەرزە هەر بەهار بوو
چڵی گوڵەکانی چۆلەکەیان دەگرت و
رووبار لە چاویان
خوڕەی دەهات
دایکم دڵی کێلگەیەك بوو
سەوز وەکو دار سنەوبەر
مزر وەکو هەنارەکان
لەباتی دڵۆپی باران
ماچ بە تاو هاژەی دەهات
٣٦ بەهار بەر لە ئێستا
لە عەسرێکی پرچ ئاڵتوونیی
دایکم لە باخچە ئاوابوو
لەو ڕۆژەوە نە خۆر هەڵهات
نە چۆلەکەش لە خونچەوە
جاریکی تر
سەری دەرهات.
٢٠١٧
-
لەندەن
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|