په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

    دوو پارچە هۆنراوە.

عیرفان ئەحمەد

    نەگەیشتن.
نە تۆ دەنووی.. نە من دەنووم
تۆ بالۆرەی گەڕانێکی بێ سنووری و
منیش نمەی زەرد و سووری
ئابڕووی تکاوی ئارەزووم
ئێمە لە نێو وردە شەپۆلی خەممانا..
دوو دڵۆپی نەبیسراوین
لە نێو جەنگی مەیتەری ئاشقەکانا..
دوو سەربازی نەناسراوین
ئێمە خوێنی برینێکی نەبینراوین
کە رووبار دواین شەپۆلی خۆی لادا
شەپۆل بوو بە پارچە گوریسێکی پساو
سەدان ساڵە سەوڵی مەینەتی لێدەدەین
ناگەینە سەر دڵۆپێ ئاو.


   
هەر نەنووستووم.
من ئیوارانم خۆشدەوێ وادەی گەیینە بە چاوت
بە دوای سێبەرتا هەردێم و خۆم دەخەمە بەر هەتاوت
بێ تۆ عەشقم وشکەڵانە، وەرە بارانی بە تاوم
بێ تۆ دارێکی رووتەڵەم لەسەر ئەو رێیە وەستاوم
دەڵێم کەی بێ وەك برووسکە هاتنی ئەو بمسوتێنێ؟
یان بمکاتە برژانگێک و لەسەر پێڵووی بمڕوێنێ؟
گیانە بە فیراقت سوێندم، لەو رۆژەوەی بەجێتهێشتووم
چرکە بە چرکە شەو دەڕوا و بەیانی دێ و هەر نەنووستووم.

 

ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک