٢٨\١٢\٢٠١٩
سێ هۆنراوەی نازم حیکمەت.

نازم
حکیمەت* |

و: جەلال
دەباغ |
ناپاکیی لە
نیشتیمان.
ئەگەر نیشتیمان ئەوە بێ
لە گەنجینەو سندوقە ڕازاوەکانتاندا کۆیاندەکەنەوە،
ئەگەر نیشتیمان ئەوە بێ
کە هەژار وەکو سەگ هەڵبلەرزێت و
بە هاوین و زستان تای لێبێت،
ئەگەر نیشتیمان خوێن مژینمان بێ لە کارگەکاندا،
ئەگەر نیشتیمان زەوی بێت بۆ ئاغایانی دەرەبەگ،
ئەگەر نیشتیمان حکومەتی قامچی و ڕم تێبڕین بێ،
ئەگەر نیشتیمان دەمبەستن و سەرانەدان بێ،
ئەگەر نیشتیمان بنکەیەکی ئەمریکایی بێت،
بۆمبی ئەمریکایی بێت،
کەشتی جەنگیی ئەمریکایی بێت،
ئەگەر نیشتیمان دیلی بێت لە زیندانە بۆگەنەکانتاندا
من ناپاکی لەو نیشتیمانە دەکەم!
بە
دوای خەونەکانمدا دەچووم.
ئێستا تەمەنم شەست ساڵانە
لە نۆزدە ساڵیدا خەونێکم بینی
هێشتا هەموو جارێک ئەو خەونە دەبینم
بە هاوینان
بە زستانان
کاتی قوڕولیتە و باران
ئەو کاتانەی کە هەورەکان
دایدەپۆشن.. ڕووی ئاسمان
ئەم خەونە دەبینم..
کە لەم خەونە بەئاگادێم و هەڵدەستم
بەدوای خەونەکەمدا وێڵم
لە نووستن و لە هەستاند
لە دووی دەچم و دەگەڕێم ..
جودایی لە چی بێبەشی نەکردوم؟
چەندان کیلۆمەتر- ئاواتەکانمی لێداماڵیوم
خەمباریش - بە تەن
قژی سەرم کە دامدەهێنان
ئەو دەستانەش کە گوشیومن
بەڵام لە خەونەکانم جیانەبوومەوە
لە خەونەکەمدا دەگەڕام
لە ئەوروپادا
لە ئاسیادا
لە ئەفریقادا
تەنیا ئەمریکاییەکان
ڤیزەیان پێنەدام بچمە ژوورەوە
لە خەونەکەمدا زۆر خەڵکم خۆشویست
لە دەریاکاندا
لەچیاکاندا
لە دەشتەکاندا
بە زۆر شت سەرسامبووم
خەونم لە زینداندا - خۆری ئازادی بوو
لە تاراوگەد ا- پارچەیەک نان بوو
لە کۆتایی هەموو شەو و هەر رۆژێکدا
لەگەڵ رۆژهەڵاتندا
لەگەڵ تاڵەکانی روناکیدا
خەونە مەزنەکەم - ئازادیی وڵاتەکەم بوو.
دوا نامە بۆ محەمەدی کوڕم.*
دوا نامەم بۆ محەمەدی کوڕم. نازم حیکمەت. وەرگێڕانی: جەلال دەباغ .
٢٨\١١\٢٠١٩
لە لایەکەوە، خوێنڕێژان
لە نێوانی من و تۆدان
گورزی خۆیان وەشان
لەملاشەوە..
ئەم دڵە نەگریسەشم ئاوا
گەمەی خۆیم پێدەکا
جا ئایا محەمەدی گچکەم
بەخت یارمدەبێت، کە لەمەولا بتبینمەوە؟
من دەزانم تۆ قۆزدەبیت، وەک گوڵە گەنم
منیش کە گچکەبووم.. وابووم
باریکەڵەو باڵابەرزو لاوازو پێست کاڵ و قژزەرد
هەردوو چاوت گەش وەک چاوەکانی دایکت
خۆشەویستیمان خەمگینیەکی سەرسوڕهێنەر
دەبێتەوە، بە یاوەری
ناوچەوانیشت رۆشندەبێت لەئاسۆدا بێکۆتایی
وا گوماندەبەم دەنگێکی خۆشت دەبێت
دەنگی منیش لە خۆشیدا سەرسوڕهێنەربوو!
گۆرانیی خۆش دەچڕیت کە رێگەیان بۆ دڵان دەچێ
قسەخۆشیش دەبیت.. هەنگوین لە زمانت دەتکێ
ئای محەمەد..
زۆر گران و سەختە کە چاک منداڵ، پەروەردەکەیت
چاوی باوکی ئەو چاوە نییە کە بەمنداڵی سەرپەرشتیدەکات
کوڕی خۆم! ئازاری دایکت نەدەی
نەء ئازاری نەدەیت
من نەمتوانی خەندەی پێببەخشم
تۆ وای لێبکە خەندەی لەسەرلێوانبێ -
کارێکی وابکە هەمیشە رووی پێبکەنێت
دایکی تۆ محەمەد:
وەک ئاوریشم بەهێزە
نەرم و نیانە وەک ناسکیی ئاوریشم
دایکت... هەر بە جوانی دەمێنێتەوە..
تەنانەت ئەوکاتەش کە دەبێتە نەنک..
پێدەچێ ئێستاش هەروەک ئەو رۆژەبێ
لەسەر کەناری بۆسفۆرکە حەڤدە ساڵان بوو
بۆ یەکەمین جار بەدیداری گەیشتم
تیشکی مانگ... رۆناکیی ڕۆژ...
ئەسمەریی قۆخ بەر لە پێگەیشتنی...
بەڵکو جوانترین ئافرەتێک لەم دنیایەماندا
دایکتە...
بەیانییەک لێکجودا بووینەوە
بە ئاواتی پێکگەیشتنەوە..
بەڵام هەیهو... ئاواتەکە نەهاتە دیی
نەمانتوانی بەدیداری یەکتریمان شادبینەوە
دایکت ژیرترین و باشترین دایکە
هیوادارم سەد ساڵ بژی
کوڕی خۆم من لە مردن ناترسم
بەڵام هەندێ جار کە لە ناکاودا کاردەکەم.. ڕادەپەڕم
کاتێک تەنیا، لەسەر جێگەی نووستن دەبم
پێش نووستنم
بیرکردنەوەم بانگم دەکات:
زۆر گرانە مرۆڤ بتوانێت
ئەو رۆژانە بژمێرێت
کە ژیانی تێیاندا ماوە
بەڵام ئاخۆ لەژیان تێردەبین؟
ناتوانین ئەی محەمەد لە ژیان تێربین....
کوڕی خۆم لە دنیاکەتدا بە کرێچێتی مەژی
وەک یەکێک کە بۆ هاوینەهەوار هاتبێ
لە دنیاکەتدا بژی وەک دنیا ماڵی باوکت بێ
متمانەت بێ بە دەنکە گەنمێک
متمانەت بێ بە خاک
متمانەت بێ بە دەریا
بەڵام متمانەی زۆرترت بە مرۆڤ بێ
هەست بە خەمگینی ئەو چڵە بکە کە وشک دەبێ
هەست بە خەمگینی ئەو ئەستێرەیەی دەکوژێتەوە
بەڵام پێش ئەوە هەست بە خەمگینیی مرۆڤەکان بێ
هەموو خۆشییەک لەسەر زەوی دڵخۆشییەکت دەداتێ
روناکی و تاریکی دڵخۆشیت دەدەنێ
بەڵام مرۆڤ.... مەزنترین سەرچاوەی دڵخۆشیتە
محەمەد...
تورکیای نیشتیمانمان، لە ناو نیشتیمانەکاندا جوانە
پیاوە ڕاستەقینەکانیان کۆششکارن
کارکردنیان زۆر خۆشدەوێ
لە سروشتیان بەردەوامیی هەوڵدانە
ئازان.... بەڵام هەژارن
هەژارییان خراپ و ترسناکە
گەلەکەمان ئازاری چەشت
هێشتا هەر ئازاردەچێژێت
بەڵام چارەنووسەکە چەند باشە...
تۆ لەوێیت لە نیشتیمان
یەکێک دەبیت لە دامەزرێنەرانی سۆسیالیزم.. بەختیاری..
بە چاوی خۆت دەیانبینی..
بەدەستی خۆت دەستیان پێدادەهێنی
محەمەد!
من دوور لە زمان و گۆرانییەکانم دەمرم
بەدوور لە نمەک و لە نانی خۆم
لە تامەزرۆییم بۆ تۆ
لە تامەزرۆیی و تاسەم بۆ دایکی تۆ
بۆهاوڕێکانم و گەلەکەم
بەڵام... لە تاراوگەدا نامرم...
لە نامۆییدا نامرم
لە وڵاتی خەونەکانمدا دەمرم...
لە شارە سپییەکەدا..**
شاری جوانترین رۆژانی تەمەنم
کە تیا ژیام...
ئەی گچکەکەم
تۆ سپاردەکەی منی لای حیزبەکەم
بۆیە بە دڵنیایی کۆچدەکەم..
ئەو ژیانەی بە کۆچی من دەکوژێتەوە
چەند ساڵێکی تەمەنی تۆ دەژێتەوە
ڕەگ و ڕیشەی لە ناو تۆدا دەژێتەوە
بەڵام ئەو ڕەگوڕێشەیە لە ناو ناخی گەلەکەمدا
تاهەتایە دەژی و هەر دەمێنێتەوە.
____________________________________________________
پەڕاوێز:
١- بایکۆتی شیعرەکانی نازم
حیکمەت ناکەم:
لەگەڵ خەڵکێکی زۆری
کوردستانی گەورەدا بایکۆتی هەموو شتێکی رێژیمی دیکتاتۆرو کۆنەپەرستی
تورکیام کردووە، چونکە هێرشێکی سەربازیی ناڕەوای دەستدرێژکارانەی
بردۆتە سەر خۆرئاوای کوردستان و چونکە پەرلەمانتارو پێشکەوتنخوازانی
کوردو تورک دەستگیردەکات و لە زیندانەکاندا ئازاریان دەدات، چونکە
سەرۆک شارەوانییە کوردەکان کە بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژێردراون لادەبات و
بەپێی "دیموکراسیی" ئاخرزەمانی دەسەڵاتدارانی تورکیا "قەیومیان!!" بۆ
دادەنێت و، چونکە هەڕەشەی داگیرکردنی سەربازیی موسڵ و کەرکوکی
کوردستانی باشووردەکات. بەڵام بایکۆتی شیعرەکانی نازم حیکمەتی گەورە
شاعیری تورکیاو هەموو جیهان ناکەم، بایکۆتی شیعرەکان و نوسینەکانی
ئەدیبە پێشکەوتووەکانی تورکیا ناکەم لە نمونەکانی وەک عەزیز نەسین و
موسا عەنتەرو یەشار کەمال و هاوڕێکانیان. بۆیە بڕیارمداوە چەند شیعرێکی
نازم حیکمەت بکەمە کوردی و بۆ خوێنەرانی کورد بڵاویان بکەمەوە،
هیوادارم بەدڵیان بێ.
٢- نازم حیکمەەت::
لە ساڵی ١٩٠٢دا
لە (ساڵۆنیک) لەدایکبووەو لە سێی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣دا کۆچی دوایی
کردووە. بەتاوانی نووسینی شیعری شۆڕشگێڕانەو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی
کۆمونیستی نزیکەی ١٧ ساڵ لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەندکراوەوئەشکەنجە
دراوەو ڕەگەزنامەی تورکیی لێسەندراوەتەوە. لەسەرەتای ساڵی ١٩٥١داو
لەکاتێکدا باری تەندروستیی زۆر مەترسیداربووەو بۆ داوای ئازادکردنی،
مانگرتنی لە نانخواردن راگەیاندووە.. لە ماوەی مانگرنەکەیدا خەڵاتی
ئەنجومەنی ئاشتیی جیهانی پێ بەخشراوەو بۆ جێگری سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە
هەڵبژێردراوە.. لە هەموو دنیادا بەگەرمی داوای ئازادکردنی کراوە
بەتایبەتی لەلایەن گەورە نووسەرو شاعیرو فەیلەسوف و بیرمەندو
هونەرمەندە ناسراوەکانی جیهانەوە وەک: سارتەر، ئاراگۆن، نیرۆداو
پێکاسۆ..تاد. لە ژێر زەبری ئەو داواکارییانەدا دەسەڵات ناچاربووە لە
بەندی ئازادی بکات بەڵام خراوەتە ژێر چاودیری و دانیشتنی بە زۆرەوەو
ویستویانە لەناویببەن تا توانیویەتی لە حوزەیرانی ١٩٥١دا ڕابکات و لە
یەکێتییی سۆڤیەت ببێتە پەنابەر..
٣- گەیشتن بە دیداری
نازم حیکمەت:
کاتێک لەکۆتایی ١٩٦٢دا لە رۆمانیا چوومە هاوینەهەواری(سینایا) بۆ
پشودان و حەسانەوە ، گوتیان نازم حیکمەتیش، کە لە مۆسکۆوە هاتبووە
سەردانی رۆمانیا، لەم هاوێنە هەوارەیە. هاوڕێیەکی پێشکەوتوو لە پارتی
کرێکارانی رۆمانیا بە یارمەتیی وەرگێڕێک ئێمەی بە یەکتری ناساندو گوتی
ئەمە هاوڕێیەکی حیزبی شیوعی عێڕاقە.. بۆ من شەرەفێکی گەورەبوو کە نازم
حیکمەت بناسم، ئەویش زۆر بە گەرمی پێشوازیی لیکردم و تەماشامکرد لەگەڵ
کرێکارانی ئەو شوێنەدا یاریی شەترەنج دەکات. بەڕێکەوت لەو کاتەدا
یارییەکەیان تەواوکردو لە کورسییەکی نزیک خۆی فەرموی دانیشتنی لێکردین
و قاوەی تورکییان هێنا، هەندێ باسی خۆیکردو بەڕێزێکی زۆرەوە ناوی حیزبی
شیوعی عێڕاقی ئێمەی دەبردو زۆر پرسیاری لەسەر خەباتی حیزب لێکردم
وماندوو دیاربوو. بەڕێکەوت لەوڕۆژانەدا ژمارەیەکی رۆژنامەی ژینم لە
سلێمانێیەوە پێەیشتبووکە بەداخەوە هەواڵی کۆچئ دوایی عەبدوڵا گۆرانی
گەورە شاعیری کوردی تێدا بڵاوکرابۆوە، وێنەکەی گۆرانم پیشانداو هەندێ
باسی ئەو شاعیرەم بۆ کرد و وەڵامی پرسیارەکانیمدایەوە. لەو هاوینەو
زستانە هەوارەی سینایا کە ناوچەیەکی شاخاوی زۆر دڵگیرە، گەلێک کادیری
حیزبە شیوعی و کرێکاریەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی و وەزیری وڵاتانی
سۆسیالیستی لەوێبوون. بەڵام نازم حیکمەت دەچوو لەگەڵ کرێکارانی
چێشتخانەکەدا یاریی سەترەنجی دەکرد. چەند خولەکێک پێکەوە دانیشتین و
ئیتر بەڕێزەوە یەکترمان بەجێهێشت. بەداخەوە لەبەر پێداویستی ئەو
رۆژگارە وێنەشمان پێکەوە نەگرت و بەڵام تاهەتایە ئەو دیدارەم لەگەڵ ئەو
شاعیرە گەورەیەدا لەیاد ناچێتەوە.. من هەر لە رۆمانیابووم و خوێندکاری
پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بوخارست بووم کە لەساڵی ١٩٦٣دا
بەداخەوە بیستم ئەو شاعیرە گەورەیە لەتەمەنی ٦١ ساڵیدا کۆچی دوایی
کردووەو لە مۆسکۆ لە گۆڕستانی مەزنەکاندا نێژراوە.. شایانی باسە دوای
٤٦ ساڵ لە کۆچی دوایی، لەساڵی ٢٠٠٩دا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی
تورکیا ڕەگەزنامەکەی بۆ گێڕدراوەتەوە.
*
شاعیر ساڵی ١٩٥٤ ئەم دوا نامەیەی بۆ محەمەدی کوڕی نووسیوە و پێشکەشی
کردووە بە گۆڤاری رۆشنبیریی لبنانی و شەهیدی کۆچکردوو(حسێن مروە) هەر
لەوساڵەدا کاتی گەیشتنی بە شاعیر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاشتیی
جیهاندا، کردوویە بە عەرەبی.
**
مەبەستی لە شارە سپییەکە مۆسکۆیە.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|