٣\٨\٢٠١٧
٣ی ئاب خاڵی
وەچەرخان.

عەلی مەحمود
محەمەد
زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵە ئێزیدییەکان لەسەر ئەم خاکە جینۆساید دەکرێن, ھەموو
ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە , سەدان
جار لە دوبارە بونەوەی بەردەوامدا بووە , لە ماوەی دوانزە سەدەی
رابردوودا بەردەوام تاڵان کراون و کچان و ژنانیان کراوە بە کەنیزەک و
لە بازاڕی گەرمی کۆیلەی شارەکان فرۆشراون,لەوانەیە زۆرێک لە ئێمە دایە
گەورەکانی لەوان بن, پیاوان و مناڵانیشیان کراون بە کۆیلە و لە زۆربەی
جارەکانیش بۆ خۆ رزگارکردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە , لەو ٧٢
فەرمانەی پێشوو وەک ئاماژەی پێ دەدەین , پیاوانی موسڵمانی کورد لە ژێر
پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە کۆی تاوانەکاندا کردووە , ھەندەک جاریش
خۆیان سەرکردایەتی فەرمانەکانیان کردووەو لە مێژووشدا ھەندێکیان بە
پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە ھەژمار کراون , وەلێ لە دوا فەرماندا,
فەرمانی رۆژی یەک شەمە رەشەی ٣ی ئۆگستسی ساڵی ٢٠١٤ ەدا, کە پیاوانی
ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزھەب پێی ھەڵسان لە ژێر ناوی داعش,
ئیتر پیاوانی کورد نەک بەشێک نین لە پرۆسەکە و ئەکتەری چالاک نین لە
تاوانەکە , بگرە بە ھەڵمەتی ھەموو ئێزیدین قۆناغێکی نوێ دێتە پێشەوە ,
ئەویش بە پێچەوانەی فەرمانەکانی پێشوو , لێرەدا پیاوانی کورد نەک
بەشداری تاوانەکە ناکەن , بەڵکە دەستە بژێرێک لەوان دەڵێن ھەموو ئێزیدن
و زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەکەیانوە دەکەن , ئەو یەک شەمە رەشەی لە
تاوانەکانی داعشدا , بە بەردەم راگەیاندنەکانەوە چەندە رەشترە بێت ,
دوا فەرمان دەبێتە دوا کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و کۆی تاوانەکانی پێشوو ,
لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەکاتەوە , دەیانکات بە بەشێکی بێزلێکراو
لە خۆی, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە , ٣ی ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت
بۆ دادگای مێژووی تاوانە ھاوچەشنەکانی رابردوو.
بەھۆی زیاتر لە ٨٠ ساڵ بزاوتی رۆشنبیری و سیاسی لە کوردستاندا,
کۆمەڵگایەکی بەرھەم ھێنا, تاوانەکانی ٧٢ فەرمانی غەزای دژ بە
ئێزیدییەکان رەت کردەوە, لێرەدا ھەست بە گۆڕانکارییەکی ھێمنانە دەکەین
لە عەقڵی تاکی کورددا, ھەرچەندە بەشێکیشی لە ژێر کاریگەری ئیسلامی
سیاسیدان, کەم تا زۆر ھاوسۆزن لە ناوەڕۆکدا لە گەڵ داعش, کەمایەتییەکی
زۆر بچوکی چەند سەت کەسی نەبێت , بە ئاشکرا ئەوی دی ھەموو رەتی
تاوانەکەیان کردەوە , ئیتر ئێزیدییەکان مرۆڤی پێش یەک شەمەی رەش نین ,
ئیتر چوارشەمەی ٣-٨-٢٠١٦ , ھەموو بە بێدەنگ چرکەیەک رادەوەستن و رێز لە
قوربانیان دەگرن , ئیتر ھەموو ٣-٨ی ساڵێک نەفرەت لە ھەموو فەرمانەکان
دەکەینەوە, بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەکانی ھاوشێوەش
دەکەینەوە , ھەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییکردنی
مێژوویانەی ئەوانەی لە ١٢ سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە
ھاوچەشنەکانی یەک شەمە رەشەکە,چوارشەمەی ٣-٨-٢٠١٦ , ئەم رەتکردنەوەیە
گەیشتە پۆپەی خۆی ,بووە بەشێک لە یاداوەری گەلێک , بووە دابڕان لە گەڵ
مێژووی ١٢٠٠ ساڵەی رابردوو و ھەر ٧٢ فەرمانەکەی پێشو تر.
لە فتوکانی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ( ٧٨٠-٨٥٥ م ) ەوە , تا فتواکانی لەیسی
سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم ھەموو پلەو پایە
ئاینییەوە ("خگیب المفسرین" شیخ الإسلام, مفتی القسگنگینیە,) کە
ئێزیدییەکانی بە لە کافر کافرتر ناو زەد کرد, فتوای کوشتنی پیاوان و بە
کەنیزەک کردنی ژنانیانی دەردەکرد, ھەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان
بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەکانیان لە مێژوودا کرد,جارێکی دیکە لەبەردەم
ئاوێنەی تاوانەکانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو, ئیتر لێرەوە
عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەک نیە لای ئێمە, بەڵکە فتوا دەری تاوانێکی
مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە , سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی
فتواکەیدا دەردە چێت و پێکھاتەیەک ھەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ,ئەوەی ئێستا
داعش دەیکات , عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو
لەمەوپێش دەریکرد بەرامبەر بە ئێزیدییەکان.
قڕ کردنی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٢٤ی کۆچییەوە , لە سەردەمی خەلیفە
موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێکرد, وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە
ساڵی ١٥٦٠ رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و رەوایەتی دا بە قڕ کردنەکە لە
پۆششی ئایندا, ئەم فتوایە بوە ھەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان
فەرمانەکانی قڕکردنەکانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەکی پڕ نەھامەتی و
کارەسات بوو بۆ ئێزیدییەکان , ئەم فەرمانانە تەنھا خەلیفە و پاشا
تورکەکان پێی ھەڵنەستان ,لە ساڵانی ١٨٣٢ و ١٨٣٤ پاشای کۆرەی رەواندز و
فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی ١٨٤٤ لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەکاندان,
بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەکانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی
کەسایەتی ئەو کەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی
بکرێنەوە, راستە ھەر مرۆڤێک لە مێژوودا مرۆڤەکان بە شێوازێک
دەیخوێننەوە .
alimahmud2001@yahoo.com
|