١٣\٩\٢٠٢١
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار" لە
کەمپی "بەرخۆدان"ی عەفرین بەڕێوەدەچێ.
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار"
HAWAR بە بەشداری گۆرانیبێژان و
گرووپەکانی مۆسیقا و بە دروشمی "بەھاری نوێی"
Buharek Nû، لە لایەن
ئیدارەی فەرھەنگ و ھونەری ناوچەی عەفرین و بە ھاوکاری بزووتنەوەی
فەرھەنگ و ھونەری "میزۆپۆتامیا" لە سێ قۆناغدا لەوانە:
قۆناغی یەکەم لە ڕۆژانی ٧ تا ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢١، قۆناغی دووھەم لە
ڕۆژانی ١٤ تا ١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ و ھەروەھا قۆناغی سێھەم لە ڕۆژی ٢٠ی
سێپتەمبەری ٢٠٢١ بە شێوەی ئۆنلاین لە کەمپی "بەرخۆدان" لە ناوچەی
عەفرین لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.
سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار" کە لە کاتژمێر ٧ی ئێواری ئەمڕۆ
دووشەمە ٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەکرێتەوە؛ "بەرخۆدان
بە کەڵک وەرگرتن لە فەرھەنگ و ھونەر" ناویی لێنراوە و لەم ڕێگایەوە لە
ھەموو ڕەوت و لایەنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی جیھان داواکراوە کە یارمەتی
ئاوارەکانی عەفرین بدەن تاکوو بگەڕێنەوە بۆ شار و زیدی خۆیان.
مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە دووساڵانە گۆرانییە، پەروەردەکردن و
بارھێنانی بەھرەمەندانی لاو و تازەپێگەیشتووە بە شێوازیی زانستی
مۆسیقای ڕۆژ، تاکوو مەقام و گۆرانییە جوانەکانی مۆسیقای کوردی بە
شێوازی جۆراوجۆر، پێشکەشی کۆمەڵگای کوردستانی بکەن.
بە دەستپێکردنی ئیدارەی سەربەخۆ و پێکھێنانی ناوەندەکانی ئیدارەی
فەرھەنگ و ھونەر لە کانتۆنی عەفرین و بەدواداچوونی شێوازە جۆراوجۆرە
ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئاشنایی ھەرچی زیاتریی خەڵکی لەگەڵ کەلتووری خۆماڵی و
نەتەوەیی خۆیان، ئەم ڕووداوە مۆسیقاییە دەستی بە چالاکی کردووە.
ئیدارەی فەرھەنگی کانتۆنی عەفرین، لە ساڵی ٢٠١٥ فێستیڤاڵ سترانی
میراتی "ھاوار"ی لە ناوچەی ئیستڕاتیجی عەفرین
دامەزراند و زۆر گەنجی دەنگخۆشی ناساند کە لە بەرھەمەکانیدا گۆرانی و
مەقامی ڕەسەنی کوردییان پێشکەش کرد، تاکوو ڕەوتی توێژینەوە بە
بەڵگەکردنی ئەم گۆرانییە ھەرمانانە لە گوندەکانی زنجیرە چیاکانی "کۆرمینگ"
بە دروشمی "ڕۆشنبیری لە ھەر ماڵێک بوونی ھەیە" دەستپێبکات.
فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار" لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بەڕێوەچوو و پاشان بە
ھۆی ھێڕش و دەستدرێژی ھێزە سەربازییەکانی تورکیا و داگیرکردنی نایاسایی
عەفرین و ئابڵۆقەی ئەم شارە کوردییە؛ چالاکییە ھونەرییەکانی وەستا و
ئەمساڵ دیسانەوە بە ھەوڵی شێلگیرانەی ھەندێک لە ھۆگرانی جیدی فەرھەنگ و
ھونەری ئەم ناوچەیە، چالاکییە مۆسیقاییەکانی خۆی دەستپێدەکاتەوە.
ناونیشانی فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار" لە کێوی ناودار و بەرزی "ھاوار"
یەکێک لە شاخە بەرزاییەکانی "جبل الاکراد" وەرگیراوە کە
ھێمای خۆڕاگری کوردەکان دێتەئەژمار و لە نووکی ئەم کێوەدا ئاسەواریی
قەڵای "جەبەل ھاوار" بەدیدەکرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش
دەگەڕێتەوە کە بەشێکی گرینگە لە مێژووی ناوچەی عەفرین.
کێوی "ھاوار" لە مێژووی ناوچەکە و لە بیروەری خەڵکیدا، پێگەیەکی تایبەت
و مومتازی ھەیە؛ تا ڕادەیەک کە زۆربەی ھونەرمەندانی ئەم ناوچەیە، بە
ھۆی جیاوازییەکەی، لە گۆرانییە ڕەسەن و حیماسییەکانی خۆیاندا ناوی ئەم
شاخەیان بردووە و لەگەڵ بیرەوەرییەکانیدا ژیانیان بەسەر بردووە و بوونی
ئەم شاخە، بۆیان بۆتە سەربەرزیی و سیمبولی خوڕاگریی و لەناخیاندا پێگە
و پایەیەکی بەرزیی ھەیە.
بۆ زانیاریی
پتر:
https://hawarfestival.com
https://www.facebook.com/hawarsongfestival
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی "ھاوار"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|