په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٧

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.


مەنسوور جیھانی

 

بە یادی قوربانیانی کارەساتی دڵتەزێنی بۆمەلەرزەی کرماشان، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە سوید بەڕێوەچوو.


بە ئامادەبوونی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" و سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "لاگێ بیۆرک" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "شەماڵی عەبە ڕەش" ئەکتەری ناوداری شانۆ، "سیروان جەمال" ئەکتەری بەئەزموونی کورد، "شادان فوئاد" ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، "فازڵ قەساب" دەرھێنەر و ئەکتەری پێشەنگی شانۆ، "سدیق عەزیز" دەرھێنەر و ئەکتەری شانۆ، "میدیا رەئووف بێگەرد" ئەکتەری و شانۆ و سینەما، "دلێر ئەمین" دەرھێنەری شانۆ، "ڤیان نەوشیروان" ئەکتەر، "پەرژین عەبدوالڕحمان" ئەکتەر و ھەروەھا کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید و بە نمایشی کورتە فیلمی "مایکرۆفۆن" لە دەرھێنانی "کەریمۆک" و ھەروەھا بە نمایشی فیلمی سینەمایی "ئۆتێلی مەرگ" لە دەرھێنانی عەدنان عوسمان، کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆی ھەینی ٢٤\١١\٢٠١٧ چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە دروشمی "سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داھێنانە" لە ھۆڵی سینەمایی "فۆڵکت ھیووس" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێکرد و تاکوو رۆژی یەکشەمە ٢٦\١١\٢٠١٧ بۆ ماوەی سێ رۆژ درێژەی ھەبوو.


لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" یادی قوربانییان و بریندارانی کارەساتی دڵتەزێنی بۆمەلەرزەی کرماشان بەرزڕاگیرا و لە درێژەدا موزیکزانی کورد "ئاسۆ دیلان" بە ئامێری عوود و بە دەنگی "ھەڵبەست دیلان" گۆرانی "خۆشم دەوێی وڵاتەکەم" لە بەرھەمەکانی گۆرانیبێژی نەمری کورد مامۆستا "محەمەد ساڵح دیلان"یان پێشکەش کرد.


لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا کە بە پێشکەش کاریی "کەماڵ ھەلویست" و "ریبین رەشید" بەڕێوەچوو، "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" گوتی: بەخێرھاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم، ھیوادارم کە لە بینینی فیلمەکان چێژوەربگرن، ئامادەبووانی بەڕێز، وەکوو نەریتێکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان، ھەمیشە لە خەباتی ئەوەدایە ئەو توانایەی کە ھەمانە بیبەخشین بەو کەسانەی کە لە تاراوگەدا دەژین و ھەوڵ و تێکۆشانی ئێمەش کارێکی ئاسان نییە بەڵکوو کارێکی تاکەکەسی نییە و کارێکیی گرووپییە.


ھەروەھا گوتیشی: ئەوە جێی داخە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئێمەدا جگە لەوەی کە کارەساتێکی سرووشتی وێرانی کردووین ھەروەھا کارەساتی دەسەڵاتی کوردیش وێرانی کردووین. کارەساتەکان ھەموویان دڵتەزێن و وێرانکەرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوڕەوەی ژیان ناوەستێت، بۆیە ئێمەی ھونەرمەندان وای بە چاک دەزانین ھەمیشە دیوە جوان و گەشاوەکەی مرۆڤایەتی و ھونەر پێش بخەین و نیشانی بدەین.


سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەوەیشی خستەڕوو: ھەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان ھەمیشە لەوەوە سەرچاوە ھەڵدەگرێت کە وا دروشمی خەباتی مرۆرڤایەتی پێش خەباتی ھەموو شتێکە، بۆیە ھیواخوازم بە کۆمەکی ھەموو لایەک ھەر ھیچ نەبێت بۆ ڕەوەندی کوردیی کە لە تاراوگەدا دەژیت بتوانین بۆ ساتێکیش ھەلی گونجاو بۆ باریی دەروونییان بڕەخسێنین.


"دڵشاد ئەحمەد" ئەکتەر و دەرھێنەری ناوداری کورد لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: چالاکی داھاتوومان دەکەوێتە مانگی ٥ی ٢٠١٨ کە ئەویش سێیەمین دیداریی شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری"یە کە لە ئێستاوە سەرقاڵی پلاندانانین، بەڵام دیدار بەردەوامە و تا ئێوە ھەبن دیدارەکەشمان گەشاوە دەبێت. لەگەڵ رێز و خۆشەویستی سەردەم ستافی دیداری چوارەمین دیداری فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری".


لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، "لاگێ بیۆرک" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" گوتی: زۆر بەخێربێن بۆ چوارەمین دیداری فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری من ناوم "لاگێ بیۆرک"ـە و لەم کۆمەڵەیەدا ماوەی چەند ساڵێکە کە لەگەڵ چەندە ھەڤاڵێکی دیکەدا شان بە شانی یەکتری کاردەکەین. زۆربەتان لەسەر کۆمەڵەکەمان شەرەزاییتان ھەیە. کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" لە ساڵی ١٩٩٩ لە گەڕەکی "ھۆمەرکۆلێن"  لە شاری یۆتۆبۆری دامەزراوە و ساڵانێکی زۆرە لە بوارەکان کەلتووری، ھونەری، کۆمەڵایەتی و ھەندێک مەجالی دیکەدا کار و چالاکی دەکات و لە ساڵی ٢٠١٤ دەستمان کردووە بە دیداری فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری".


ھەروەھا گوتیشی: مەبەستیش لەم دیدارە، زیاتر دروست کردن و بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانەیە لە نێوان کوردستان و وڵاتی سویددا. ھەروەھا بۆ ئەوەی کەسانی بەتوانا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین کە بێنە پێشەوە و بەرھەمەکانی خۆیان پێشکەش بکەن. بەشێکی دیکەی مەبەستی ئەم دیداری فیلمە، ئەوەیە کە ئێمە لەم رێگایەوە شوێنێک دروست بکەین کە تییایدا کۆبینەوە و یەکتری ببینین و ئاڵووگۆڕیی کەلتووری و کۆمەڵایەتی بکەین.


"لاگێ بیۆرک" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لە رێگای کەلتوورەوە دەتوانین زیاتر کاری ئینسانی و کۆمەڵایەتی ھاوبەش بکەین. لە دیدارتان لەم خولەی فیستیڤاڵ خۆشحاڵیم و بەو ھیوایەی کە پێکەوە کۆمەڵێک فیلمی جوان و سەرنجڕاکێش ببینین.

 

یۆتۆبۆری
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی چوارەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک