په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢١

چوار پەرتووک، لە کۆتاییدا کۆتایی نییە.


ئەرسەلان مەحمود    


پاڵپشت بەپاشخانە ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری و ئەو ئەزموونەی ھەمە، وەک ھەنگاوێکی نوێ لە بوارەکانی نووسین و بڵاوکردنەوەدا، کۆتا ڕۆژەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ چوار پەرتووکم لە چەند بوارێکی جیاوازدا بەچاپ گەیاند و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە چەند شارێکی ھەرێم مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکرانەوەیان بۆ ئەنجامدرا.

 

  

 

ژن وەک دەریا

لە درزێکی قوڵدا

 

لێرەی بێشوێندا دەبوو

 ماڵێک لە وێنەی زێی بادینان

بۆ - ئێوان - چێبکەم

ھێلانەی شەیتان

لەم تەنهاییەدا باوەشێک

لەم غەوغای ھیچ نەوتنەدا بارانێک

 

بەرھەمەکان، بەچێوەو ژمارەی لاپەڕە جیاواو بەناوەرۆک زادەی خەمی گشتین، بەفۆڕم و لەڕونگەی بابەتییەوە، دوانیان ڕۆژنامەوانین، "ژن وەک دەریا لە درزێکی قوڵدا" گفتوگۆیەکە لەگەڵ چەند فیگەرێکی گرینگ و ناسراو تایبەت بەجێندەر، "لێرەی بێشوێندا دەبوو ماڵێک لەوێنەی زێی بادینان بۆ - ئێوان - چێبکەم" گفتوگۆیەکی چۆنایەتییە لەگەڵ ڕۆناکبیری دیار "ھەندرین" تایبەت بەمەسەلە جڤاکی و ئەدەبی و ڕەوشە سیاسیەکەی کوردو ھەرێمی کوردستان، دوانەکەی تر یەکێکیان "ھێلانەی شەیتان" کۆبەندی چەند وتارێکی بژاردە کراوی خۆمە تیایدا بەرلەرچاو گرتنی یەکەی بابەتی، موخاتەبەی بوارەجیاکانی حزب و سیاسەت، حکومەت و حکومڕانی، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، فەرھەنگ و مەسەلەی جێندەر، تاک و ھزری تاکسالاری، ھونەرو میدیا، ئەدەب و ململانێی نەوەکان بەرجەستە کراوە، ئەوەی تریان "لەم تەنھاییەدا باوەشێک لەم غەوغای ھیچ نەوتنەدا بارانێک" تێکستی ئەدەبییە، بێگومان وەک لەپێشەکی ئەم پەرتووکەو لەمەڕاسیمەکانیشدا ڕامگەیاندوە، نەشاعیرم و نەدەشزانم تێکستەکان دەچنە چ خانەو ژانرێکی ئەدەبییەوە، ئەوەی بەلامەوە گرینگە گەیاندنی پەیام و خەمە گشتییەکەیە بەزمانێکی دی، ھەر بەجیددیش پەنا بردنە بەر فۆڕم و زمانی ئەدەب، بەلای منەوە دواجار تەنھا بۆ دروستکردنی ئیزافەیەک و بەرجەستە کردنی ئەو حەقیقەتەیە نەتوانراوە لەزمانی واقیعدا بەبنەماو بەمانا بکرێت.


باقی تر، نامەوێ زیاتر لەسەر ناساندنیان بڵێم و باس بکەم، لێرەوە بۆ خوێنەرو ڕەخنەگری تێکڕای ئەم بوارانەی جێدەھێڵم، بێگومان ئەگەر بەشیاوی ئەوەیان زانی، جێگەی خۆیەتی سپاس و پێزانینی زۆرم ئاڕاستەی سپۆنسەری بەچاپگەیاندن و تەواوی ئەو دەزگە و دامەزراوە حکومی و ناحکومیانە بکەم خۆویستانە مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەیان گرتە ئەستۆی خۆیان، تەنھا دەتوانم پێیان بڵێم ناتوانم لەبیرتان بکەم. ھەروەک چۆن سپاس و پێزانینی زۆریشم ئاڕاستەی ئەو شارەزا بەڕێزانە دەکەم، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی بڵاوکردنەوەیان، لێرو لەوێ و خۆبەخشانە ماندوبوون لەگەڵمداو لەمەڕاسیمەکاندا ئازادانە خوێندنەو ھەڵسەنگاندیان بۆ بەرھەمەکان کرد، ھەمیشە ڕێزو وەفاو خۆشەویستیم بۆیان ھەیەو تەواوی ڕاو سەرنج و ڕەخنەکانیان لەسەر چاوم دادەنێم. لەسەروی ئەمانەیشەوە بەگرینگ و لەجێگەی خۆیدا دەزانم سپاس و پێزانینی زۆرم ئاڕاستەی بەڕێزانی ئامادەبووی تەواوی مەڕاسیمەکان بکەم، ھەر بەڕاستی ئەم پێشوازییە گەرموگوڕ و دەگمەنەی ئەوان لە بەرھەمەکانم، ھەر ڕێزگرتن نەبوو لە "ئەرسەلان مەحمود" یان لە پێنووسێک، پشتیوانی کردنی بێچەند و چۆنیش بوو لە پەرەپێدان و بەھادارکردنەوەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە کوردستان و ناوچەکەدا بە تایبەتی.


ماوەتەوە بڵێم: دیزانی ناوەوەی پەرتوکەکان خۆم کردومە و بەرگەکانیش دیزاینەری خاوەن سەلیقە و بەتوانا "ئیبراھیم ساڵح" کردونی، بێپایەن ھیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم و سپاسی دەکەم، سەبارەت بە ماڵپەڕی "ئەمڕۆ" ئەگەرچی تاكە بژاردە و پێگە و ماڵی دەیانساڵەی نووسین و بڵاوكردنەوەكانی منە، سەرەڕاش دەمەوێ سپاسی تایبەت بنێرمە خزمەت ستافەکەی و داوای بەردەوامی و ماندوونەبوونیان لێبکەم، ھاوکات پەرتووکەکانیش بە "پیدیئێف" پێشکەش بە پەرتووکخانە دەوڵەمەندەکەی ئەوان دەکەم، بێگومان ھەر پێگە و وێبساتێکیش بیەوێ لای خۆی جێگەیان بداتێ ئازادە و سوپاسیان دەکەم.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک