٣٠\١١\٢٠١٢
چوار ساڵە ژنێک بێ
سەروشوێنە و بنەماڵەکەشی رەخنە لە دەزگا ئەمنییەکان دەگرن.
ماڵپەڕی وارڤین
حەنیفە مەجروم چوار ساڵە بێ سەروشوێنە.
وارڤین - ھەولێر: (حەنیفە مەجروم) تەمەن (٢٨ ساڵ)، رۆژێک پێش جەژنی
رەمەزانی (٢٠٠٨) لە بەردەم نەخۆشخانەی شەقڵاوە رفێندراوە و لەو رۆژەوە
تا ئێستا بێ سەروشوێنە و بنەماڵەکەشی بەرپرسیارێتی شوێنبزربوونی
کچەکەیان دەخەنە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و
داوا دەکەن، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حیزب و حکومەت بە بوون و نەبوون
وەڵامیان بدەنەوە.
حەنیفە کێیە؟
(حەنیفە مەجروم
جەمیل) لەدایکبووی (١٩٨٠)، دانیشتووی گوندی ئەسپیندارەی سەر بە
شارەدێی ھیرانی سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوەیە. |
 |
ئەو وەک پەرستار لە نەخۆشخانەی گشتی شەقڵاوە
دەوامی فەرمی کردووە و لە رووی کاری رێکخراوەیشەوە، ئەندامی چالاکی
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە کە
ھەردوو رێکخراوەکە ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، یەکێک لە
براکانیشی دەڵێ: "خوشکەکەم پەیوەندی بە مەسیفەوە ھەبووە" وەک ئاماژەیەک
بۆ ئەندام بوونی لە دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە
دواتر لەگەڵ دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بۆتەی
ئەنجومەنێکدا یەکخراوون.
ئەو
کچە پەرستارە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندەکەی خۆیان و شەقڵاوە
تەواو کردووە و وەک کچە ئەندامێکی (پارتی) لە کۆڕ و کۆبوونە و چالاکییە
حیزبییەکاندا بەشدارییەکی کارای ھەبووە.
(پارتی) بوون، لە لای ئەندامانی بنەماڵەی (حاجی مەجروم) وەک میراتێک لە
باوکەوە بۆ منداڵەکانی ماوەتەوە، چونکە وەک (خەلیل)ی برای (حەنیفە)
گوتی: "ئێمە ھەموومان بە عائیلە پارتیین و بابمان پێشمەرگەی شۆڕشی
ئەیلوول بووە".
شۆڕشی ئەیلوول؛ لە یانزەی ئەیلوولی (١٩٦١) ھەڵگیرساوە و تا ئازاری
(١٩٧٥) بەردەوامی ھەبووە و ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان بەدەست
ھێزەکانی پێشمەرگەوە بوونە، کە (حاجی مەجروم) لە دایکبووی (١٩٣٤)یش
یەکێک لەو پێشمەرگانە بووە و گوندەکەشیان ھەر لە ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا
بووە و ئەو بەشداری شەڕەکانی (لۆلان و بێرکمە)ی کردووە، کە پێشمەرگە لە
دژی سوپای عێراق ئەنجامیانداوە.
کوڕەکانی (حاجی مەجروم)، وەک باوکیان چەکیان کردووەتە شان و لە ریزی
ھێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندان و (حەنیفە)ی کچیشی وەک
ئەوان، کاری رێکخراوەیی و رێکخستنی بۆ ئەو حیزبە کردووە و لە ناوچەی
شەقڵاوە بە پلەی "کادیر" کاری حیزبیی کردووە.
حەنیفە چی لێھات.
(خەلیل مەجروم) لەدایکبووی (١٩٨٤) برای بچوکی (حەنیفە)یە، بە
ھەناسەیەکی ساردەوە، دەڵێ "ئەمەش دەمانەوێت بزانیین حەنیفە چی لێھات،
عارد قوتی دا، ئاسمان ھەڵیکێشا، کوو لە جێیەکی گچکەی وەکی شەقڵاوەی
کچەک بێسەروشوێن دەبیت؟".
"لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە باوکم لە گوندەکەی خۆمان، (ئەسپیندارە) ژیان بەسەر
دەبات، ئێمە چوار برا و دوو خوشکین، (حەنیفە)ی خوکشم ھەفتەک لە دەوام
بوو، ھەفتەک لە ماڵ بوو، ئەو کاتیش لەلای باووکم دەمایەوە"، (خەلیل)
گوتی.
بە گوێرەی نەریتی زۆرێک لەو خێزانانەی دوو بنەیان ھەیە، واتە بنەیەکیان
لە شار و یەکیان لە لادێیە، لە مەراسیمە گرنگەکاندا روودەکەنەوە بنەی
سەرەکی، بەگوێرەی نەریتی کۆمەڵگەی باوکسالاری ئەو بنەیەش سەرەکییە، کە
باوک لێی جێگیرە.
براکانی (حەنیفە)، لە ھەولێر نیشتەجێ بوونە و ئەوان وەک ئەرکی باوک و
فەرزندەیی پێویست بوو، رۆژێک پێش جەژنی رەمەزان بگەڕێنەوە بۆ لای
باوکیان و لە بنەی سەرەکی و لەناو خزم و کەسی زێدەکەی خۆیاندا واتە
(ئەسپیندارە) جەژن بکەن.
(خەلیل) گوتی: "خوشکم بە مۆبایل پەیوەندی پێوەکردین، بە برا گەورەکەمی
وت، وەرنەوە بۆ ئەسپیندارە و دەمەوێت ئەم جەژنە من جلوبەرگی جوان بۆ
منداڵەکان بکڕم و ئێوە ھیچ مەکڕن، بە ماڵەوەشم وتووە، ئێوارە، کە
ھاتمەوە ھەموو شت لەگەڵ خۆم دەھێنمەوە، ئێستا لە دەوامم، ھەر کە تەواو
بووم دەچمە بازار و کەلوپەل دەکڕم و دێمەوە". وەک ئەو گوتی: "ئەمە دوا
قسەی حەنیفە بووە بۆ براکانی".
دەنگی نەبوو.
بە گوێرەی گێڕانەوەی (خەلیل)، ئێوارەی (٢٨ / ئەیلوول - سێپتێمبەر /
٢٠٠٨) لە رێگەی چوونیان بۆ شەقڵاوە، لەلایەن ماڵەوەیان
ئاگادارکراونەتەوە، کە (حەنیفە) وەڵامی نییە، ئەمانیش پەیوەندی
پێوەدەکەن، بەڵام بێسوود دەبێت و مۆبایلی داخراو دەبێت، تا دواجار، شەو
کاتژمێر (١١)ی شەوی جەژن، پەیوەندییان پێوە دەکرێت بە ژمارەی (حەنیفە)،
بەڵام کەس قسە ناکات.
ھەرچەندە لە رووی ئاینەوە، جەژنی رەمەزان تەنیا یەک رۆژە و لەو رۆژەدا
بە گوێرەی نەریتی باو، خۆشی و شادی دەردەبڕدرێت، بەڵام ئەو رۆژە بۆ
بنەماڵەی (حەنیفە) دەبێتە شیوەن و ماتەم و منداڵەکان بەرگی نوێ و
جوانیان لەبەر ناکرێت و چوکلێت و شیرینی لە ماڵە گەورەکەی (حاجی
مەجروم) نابینرێت، چونکە (حەنیفە) نەگەڕاوەتەوە، لەگەڵ دەستی خۆیدا
بۆیان بھێنێت.
سکاڵا و زانیاری پشتڕاست نەکراو.
نەک تەنیا ماڵی (حاجی مەجروم)، بەڵکو تەواوی گوندی (ئەسپیندارە) و
خزمەکانی ئەو بنەماڵەیە، تووشی شۆک دەبن و ھەمووان گوێ بۆ دەنگی
گەڕانەوەی (حەنیفە) ھەڵدەخەن، بەڵام کەس نازانێت، کەی دەنگی تەپەی
کەوشە پاژنە بەرزەکانی (حەنیفە) دڵیان دادەخورپێنێت.
ئێوارەی رۆژی (٢٩ / ئەیلوول - سێپتێمبەر / ٢٠٠٨) کەسوکاری (حەنیفە)، لە
بنکەی پۆلیسی (سەرمەیدان) لە شارۆچکەی شەقڵاوە سکاڵا تۆمار دەکەن و
ھەموو کون و قوژبنێکی شارۆچکەکە دەگەڕێن و پەیوەندی بە ئاسایش و
نەخۆشخانەکانەوە دەکەن، بەڵام وەڵامیان دەستناکەوێت.
(خەلیل) لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا گوتیشی: "رۆژی دووەمی جەژن، کەسێک
بەناوی ملازم (ع.)، بانگی کردین بۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و لەوێ بە
باوکمی گوت: کچەکەت دوێنێ کات (٤)ی ئێوارە لەگەڵ (خ. ئ. م.) کە ناسیاوی
خۆتانە سواری سەیارە بووە و شاھێدی نھێنی ھەیە، کە بینیویەتی و ئێوە
سکاڵای خۆتان لەسەر ئەو تۆمار بکەن".
لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی پۆلیس (حاجی مەجروم) سکاڵا
لەسەر (خ. ئ.) کە ئەو کاتە پلەکەی ملازمی پلە یەک بووە، تۆمار دەکات.
"لە رۆژی دادگاییکردندا، ھەرچەندە (خ.ئ.) ئامادە دەبێت، بەڵام ملازم
(ع.) ئامادە نابێت، شاھێدە نھێنییەکە بھێنتێتە دادگا و زانیارییەکان
پشتڕاست بکاتەوە و دادوەر بەھۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر (خ. ئ.)
بێبەری دەکات لە تۆمەتەکان".
دوای ئەوەی ملازم (ع.) زانیاری پشتڕاستنەکراوویان دەداتێ، ئەمانیش
سکاڵا لەسەر ملازم (ع.) تۆمار دەکەن، بەڵام ئەو سەرەتا ئامادە نابێت،
بچێتە بەردەم دادگا، دواتر بەھۆی نەبوونی بەڵگەوە دادوەر ئەویش لە
تۆمەتەکان بێبەری دەکات.
براکەی (حەنیفە) ئەوەشی گوت: "ملازم (خ.ئ.) تۆمەتەکەی خستە پاڵ ملازم
(گ. ر. ئ.) کە ئەفسەری ئاسایشی گشتی بووە ئەو کاتە لە بەشی دژە تیرۆر و
گوتی: بینویانە لەناو گەڕەکی مەسیحییەکانی شەقڵاوە بەیەکەوە بوونە".
براکەی (حەنیفە) ھەروەھا گوتی: "سکاڵامان لەسەر ملازم (گ. ر. ئ) تۆمار
کرد، وەک میوان بانگی دادگا کرا و ھیچی لەسەر نەسەلمێندرا و دادوەر
ئازادی کرد".
گوتیشی: "ئەوانەی ئێمە سکاڵامان لەسەر تۆمار دەکردن، وەک میوان بانگی
دادگا دەکران و سەردانەکەیان تەشریفاتی بوو، بۆیە بێھیوابووین و تا
ئێستا ھیچیان لەگەڵ نەکراوە".
پێناسە حیزبیەکانی حەنیفە زەوت دەکرێن.
دوای بێھیوابوونیان لە پۆلیس و سکاڵا تۆمارکردن، یادداشتێک بەرز
دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و ئاژانسی پاراستن و دەزگای ھەواڵگری
گشتی.
لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە وەڵامیان بەوە دەدرێتەوە کە سکاڵا تۆمار
بکەنەوە، لە دەزگای ھەواڵگری گشتیش، بانگ دەکرێن و سەرەتا بە روویەکی
گەشەوە پێشوازییان لێدەکرێت، ناسنامە و پێناسە حیزبییەکانی (حەنیفە)یان
لێوەردەگیرێت و دواتر بە شێوەیەکی وەک براکەی حەنیفە وەسفیکرد "ناشیاو"
پێیان دەوترێت "چیدیکە روو نەکەنەوە ھەواڵگری"، بەڵام تا ئێستا لە
لایەن دەزگای (پاراستن)ەوە وەڵامیان پێنەگەیشتووەتەوە.
"گیراوە و لە تەحقیقە".
سەرەڕای ئەو ھەموو بێنە و بەردەیەی بە بنەماڵەی (حاجی مەجروم) کراوە،
دواجار وەک براکەی (حەنیفە) گوتی: "لەگەڵ باوکم چووینە لای بەڕێوبەری
پۆلیسی ھەولێر، عەمید (عەبدولخالق تەڵعەت)، ئەو پێی گوتین، کێ دەڵێ کچی
ئێوە رفێندراوە، بڕۆنەوە بۆ ماڵ و کچەکەتان زیندووە".
گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ئێمە لە رووی حیزبییەوە سەر بە رێکخراوی سێتاقانی
پارتی دیموکراتی کوردستانین، لە رێگەی بەرپرسی رێکخراوەوە سکاڵامان
گەیاندە لای بەرپرسی ناوچەی ئاڵای پارتی (مۆیەد حاجی عەلی) و دوای
ماوەیەک لە رێگەی کارگێڕی رێکخراوی سێتاقان (تەحسین سڵێمان) بەشێوەی
زارەکی ئاگادار کراینەوە، کە (حەنیفە) ماوە و گیراوە و لە تەحقیقە".
"لەبەر ئەوەی کچ بوو نەمانتوانی لە راگەیاندن باسی بکەین".
(خەلیل مەجروم) گوتی: "ئێمە ھەموو ئەو مەسەلەیە بە سیناریۆ دەزانیین و
تەنیا بۆ مەشغوڵکردنی ئێمەیە، ئێمە پەنامان بردە بەر یاسا و نەمانویست
بە شێوەیەکی دیکە، کێشەکە چارەسەر بکەین".
بنەماڵەکەی (جاجی مەجروم)، وەک ئەو پەندەی دەڵێ (کاسە بشکێت؛ نەک
بزرێت)، پێیان نەنگی بووە، لە رێگەی راگەیاندنەوە باسی کێشەکەیان بکەن
و ئەو رووداوە ببێتە ھۆی زڕانی ناوبانگی بنەماڵەکەیان، وەک خۆی گوتی:
"لەبەر ئەوەی ئافرەت بوو، نەماندەتوانی لە راگەیاندن باسی بکەین".
ھەروەھا لەبەر ئەوەی بنەماڵەیەکی حیزبی بوونە نەیانویستووە، حیزبەکەیان
تۆمەتبار بکەن و گوتی: "تەنانەت لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی رابردوو چەند
کەناڵ ھاتن باسی بکەین، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی پارتی بووین، پێمان خۆش
نەبوو، لە راگەیاندن پرسیار لەسەر پارتی درووست بکەین".
ھەروەھا گوتی: "ئێمە خۆمان کردە قوربانی ئەوان، تەنانەت چووینە لای شێخ
ئەدھەم بارزانی، کە دایکم و باوکمی بینی، زۆر بە پەرۆشەوە وتی شتی وا
ھەر مەقبول نییە، وتی بە جەنابی کاک مەسعودیش دەڵێم، ئەویش ئێمەی ناردە
لای ھەواڵگری، لەوێ بە بەرپرسی ھەواڵگریمان وت: روون و ئاشکرا ئەو
خوشکەمان لای تۆ گیراوە، بەڵام بەرپرسی دەزگای ھەواڵگری وتی من زیندانم
نییە".
ئەو کە لەگەڵ ئامۆزاکەی دانیشتبوو، لە قسەکانی بەردەوام بوو، گوتی: "لە
سەردەمی کابینەی پێنجەمەوە ئەو خوشکەم دیار نەماوە و تا ئێستا کەس لێی
نەپرسیوینەتەوە و ھێشتا سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانە ماوە، ھەتا خوشکەکەم
چارەنووسی دەرنەکەوێت، سکاڵامان ھەر دەمێنێت".
ئەو کە چوار ساڵە خەمی بێسەروشوێن بوونی خوشکەکەی لە دڵیدا وەک کێوێک
لە زووخاو ھەڵچنراوە، گوتیشی: "ئیدی تەحەمولمان نەماوە، خوشکێکیشم ھەر
بە خەمی (حەنیفە)وە کۆچی دواییکرد، دایک و باوکم کە بەساڵاچوون
ئۆقرەیان لەبەر نەماوە و ھەموومان تەواو شپرزە بووینە".
لەسەر پاراستن پرسیاریان بۆ درووست بووە.
براکەی (حەنیفە)، لە بارەی ھەوڵەکانی خۆیانەوە بۆ بەدواداچوونی
چارەنووسی خوشکەکەیان، گوتی: "خوشکەکەم کادیری حیزبی بووە و لە رێکخستن
ئیشی کردووە و بە زمانی خۆیشی وتوویەتی، کە ئەو کادیرە و سەردانی
مەسیفی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکەی نھێنیی بووە ناتوانیین
بیسەلمێنیین، کە ئەندامی پاراستن بووە، چونکە کاتێک چووینە ھەواڵگری
ھەندێک ناسنامەیان لێگێڕاینەوە و ئەو کاتە بایەخی ئەو شتانەمان
نەدەزانی و زۆر شپرزە بووبووین و ئەو کاتە ھەڵەیەکی گەورەمان کرد".
براکەی (حەنیفە) دەڵێ: "ئێمە وەکو خێزانێکی پارتی، وەکو ئەندامی حیزبی،
پرسیارمان لەسەر ئاژانسی پاراستن ھەیە، چونکە ئەو بەرپرسە لە ئەمنییەتی
ھاووڵاتیان".
گوتیشی: "وەڵامی رێکخراوی حیزب و بەڕێوبەری پۆلیسش بۆمان ئەوە بووە، کە
(حەنیفە) ماوە، مافی خۆمانە بپرسین ئەی لە کوێیە و کوا؟ ئێمە دەمانەوێت
بزانین ئەو ئافرەتە لە کوێیە، چارەنووسی دیار بکرێت، ھیچ نا پێمان
بڵێن، ئەو ئافرەتە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە و حوکمەکەی ئەوەیە، بەھەموو
شتێک رازین".
روونیشیکردەوە، ئەوان سەردانی خاچی سووری نێودەوڵەتیشیان کردووە و
ئەوانیش تا ئێستا ھیچ زانیارییەکیان دەستنەکەوتووە و تەنانەت بەرپرسانی
خاچی سووریش نەیانتوانییوە لە دەزگا ئەمنییەکانەوە وەڵامێک بۆ ئەو
کەیسە بەدەستخەن.
رێکخراوەکانی ژنان و کابینەی پێنجەم.
لە سەردەمی کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێم، کە بە کابینەی یەکگرتنەوە
ناودەبرێت، وەزارەتێکی پەیوەست بە پرسی ژنان لەو کابینەیەدا
دامەزرابوو، بەڵام کابینەکەی حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکەشی لە
ئاست ئەو کەیسەدا جگە لە بێدەنگی ھیچی دیکەیان ھەڵنەبژاردووە.
(خەلیل مەجروم) گوتی: "ئێمە لە سەردەمی کابینەی پێنجەمدا، کە وەزیرێکی
تایبەت بە کاروباری ژنان ھەبوو، چووین و باسەکەمان بۆ گێڕایەوە، سەرەتا
زۆر پەرۆش بوو، ھەر راستەوخۆ پەیوەندی بە نەخۆشخانەی شەقڵاوەوە کرد،
بەڵام دوای پاشەکشێی لێکرد و تەنانەت لە رێگەی بەڕێوبەرایەتی
بەدواداچوونی توندوتیژیییەوە ھەوڵماندا، بەڵام ھەر ماوەیەک گەرم بوون،
دوای پاشەکشەیان کرد".
ئەو برایەی (حەنیفە) ھاوکات لەگەڵ باسکردنی وێنە و ئادگارەکانی
خوشکەکەی، دەیگوت: "ھیچیان بۆ ئێمە نەکردووە، وەکو ھاووڵاتییەک، وەکو
پارتییەک، وەکو ئەندامێکی حیزبی، بەس وەڵامێکمان بدەنەوە، دڵنیامان
بکەنەوە، ھەرچی بێت، ئێمە رازین، تەنانەت بڵاویشی ناکەینەوە، بەس
دڵنیامان بکەنەوە".
دایکی (حەنیفە)، لەدایکبووی (١٩٥٤)ەو بە ھۆی خەمی بێسەروشوێن بوونی کچە
گەنجەکەیەوە، لەگەڵ (حاجی مەجروم)ی ھاوسەریدا، وێڕای نەخۆشی و
گرفتارییەکەیەوە، ھەمیشە چاوەڕوانی ھاتنەوەی کچەکەی دەکات و لە بارێکی
دەروونی ناجێگیردایە و وەک کوڕەکەی باسی کرد، ئەو لە ھیچ شوێنێک ئۆقرە
ناگرێت و لەگەڵ (حاجی مەجروم)دا گریان بووەتە نان و ئاویان.
بڵاوبوونەوەی ھەواڵی بێسەروشوێن بوونی (حەنیفە) لە کاتێکدایە، کە
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو،
ئامارەکانی توندوتیژیی "جێگەی نیگەرانیین" و "بە بۆنەی رۆژی جیھانی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە دژی ئافرەت، داوا لە ھاووڵاتییانی
خۆشەویست و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و ناوەندە ھزری و میدیایی و
رۆشنبیرییەکانی کوردستان دەکەم، بە جددی کار بۆ باشتربوونی دۆخی ئافرەت
لە کۆمەڵگە بکەن و رووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە ببنەوە, کە دژ بە
ئافرەت دەکرێ".
warvin.press@yahoo.com
|