١٣\ ٩\ ٢٠٢١
پێنجەمین خولی
فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک" لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیھانی
VIDEO
چاوەڕێ
دەبم.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە نمایشی
بەرھەمی ھونەرمەندانی کورد و وڵاتانی جیھان لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی
ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە
بەرپرسیاریی خاتوو "خەیاڵ قێرتێڵ" دەرھێنەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤی
کورد و بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و وڵاتانی جیھان، لە بەشە
جۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند و کورتی چیرۆکی، و ئەنیمەیشنی و بەڵگەفیلمە
کورت و درێژەکان، پێشکەشکردنی کۆنسێرتی مۆسیقا، خوێندنەوەی شیعر،
ناساندنی کتێب و وتووێژ لەگەڵ نووسەرەکانیان و بە ڕچاوگرتنی ھەموو
ڕێکارە تەندروستییەکان، بە شێوەی ئامادەبوون لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ و ٢١ی
سپێتەمبەری ٢٠٢١ لە ھۆڵی سینەمایی "ئانجلیکا" لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی
ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی فیلم و کەلتووری کوردی "نیۆیۆرک" لە لایەن خاتوو "خەیاڵ
قێرتێڵ" لە ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتی ئەمەریکا دامەزراوە تاکوو لەوە زیاتر،
سینەمای کوردی و ھەروەھا فەرھەنگی ڕەسەنی کوردەواری بە خەڵکانی
ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیھان بناسێنێت؛ چونکە میراتی کەلتووری
کوردەکان مێژووییەکی کۆنی ھەیە و دەبێت ھەوڵی زیاتریی بۆ بدرێت تاکوو
بە شێوەی بەربڵاو لە ئاستی جیھاندا بناسێندرێت.
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە تەرکیز
لەسەر خەبات و بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنان و کچانی کۆبانێ لە بەرانبەر
گرووپی تیڕۆریستی داعش، بۆ نمایشی بەرھەمە سینەمایی و ئەدەبییەکانی
ژنانی کورد و ھەروەھا بەشداریی ئەوان لە ئاخاوتن سەبارەت بە مافی مرۆڤ،
فێمێنیزم، ئەدەبیات و ھەروەھا ڕێکخستنی یەکسانی مافی کۆمەڵایەتی پلانی
بۆ داندراوە کە بە پشتیوانی "ئەنجوومەنی یەکسانی بۆ کوردەکان"،
نووسینگەی "ڕۆزا لۆگزامبۆرگ" لە نیۆیۆرک، ناوەندی "نیۆیۆرک کێوێرکان"،
ناوەندی کوردی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و ھەروەھا بە ھاوبەشی "ئەنستیتۆی
کوردی واشنگتۆن"، چەندین کۆمپانیاکانی بڵاوکەرەوەی فیلم لەوانە: "کات"،
"ڕێتاو" و "ئ ـ فلۆکس" و ھەروەھا نووسینگەی "فیلمی ئەڵمانیا" بۆ ماوەی
سێ ڕۆژ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.
لە ڕێوڕەسمی دەستپێکی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک"،
ژەنیار و موزیکزانی کورد "ئۆزان ئاکسوێی" پسپۆڕی نەتەوەناسی لە کاتژمێر
١٨:٢٠ی ڕۆژی ھەینی ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ سەبارەت بە مۆسیقای کوردی ھاتە
ئاخاوتن و پاشان بە ئامێرەکەی خۆی چەندین پارچە موزیکی کوردی پێشکەش
کرد. ئاکسوێی بەوپەڕیی لێھاتووییەوە چەندین ئامێر بە باشی دەژەنێت و
دەنگێکی بەسۆزیشی ھەیە کە بەرھەمەکانی خۆی بە پێی دابوونەریتی مۆسیقای
نەتەوەیی و ئایینی تورکیا، لەوانە: کوردەکان، ئەرمەنییەکان، لازەکان و
عەلەوەییەکان پێشکەش دەکات و ئەوان بە ھۆگرانی مۆسیقا لە وڵاتی
ئەمەریکا و سەرتاسەری جیھان دەناسێنێت.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمە و لە کاتژمێر ١٨:٥٠ کۆڕیی ناساندنی کتێبی
پڕفرۆشی "کچانی کۆبانێ" لە نووسینی خاتوو "گەیل توماچ لێمون"
ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمەریکی بەڕێوەچوو. نووسەر لەم کتێبەدا ژیانی
ژنە شەڕڤانانی ئازا و خەباتکاری کورد و ھەروەھا سەرکەوتنی ئەوان بەسەر
گرووپی تیرۆڕیستی داعش دەخاتەڕوو.
لە کاتژمێر ١٩:٤٠ ڕۆژی ھەینی ١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢١، واتە یەکەمین ڕۆژی
ئەم ڕووداوە سینەماییەدا؛ بەڵگەفیلمی ٤٦ خولەکی "ژیانی نوێ" لە
دەرھێنانی "وەیسی ئاڵتای" نمایشکرا کە چیرۆکی ژیانی سێ کچە شەڕڤانی
کورد لە شاری کۆبانێ و بەرخۆدانی قارەمانانەی ئەوان دەخاتەڕوو. ئەم
بەرھەمە، خەباتی سەرکەوتووانەی ئەوان بۆ داکۆکیکردن لە شار و نیشتمانی
دایکی خۆیان لە بەرانبەر داعش نیشانی بینەر دەدات.
لە درێژەدا بەڵگەفیلمی بڵندی "گەڕانەوە، ژیان دوای داعش" لە دەرھێنانی
"ئاڵبا سوتوڕا" سینەماکاری کاتالۆنیایی نمایشکرا کە لەسەر چارەنووسی
سەرسووڕھێنەری ژنانی داعش و منداڵانی ئەوان لە ڕۆژئاوا توێژینەوە دەکات
کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا و ئەمەریکا ڕوویانکردە ئەم گرووپە
تیڕۆریستییە. ئەم فیلمە سەبارەت بە پەیوەندیی ئەو ژنانەی کە ئەندامی
داعش بوون و ژنانی کوردە کە ھەوڵدەدەن ئەوان دوای ئەندامبوون لە داعش و
بەدیلکردنیان، بگەڕێننەوە بۆ ژیانی ئاسایی و لەم ڕێگایەدا یارمەتیان
دەدەن.
لە دووھەم ڕۆژی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک"
و لە کاتژمێر ١٤:١٥ ڕۆژی شەمە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢١، بەڵگەفیلمی بڵندی "بۆ
ئازادی" لە دەرھێنانی "ئێرسین چلیک"، لە کاتژمێر ١٧:١٠ بەڵگەفیلمی "من
بریندارم" لە دەرھێنانی "ئورکان بایرام"، لە کاتژمێر ١٧:٥٠ بەڵگەفیلمی
بڵندی "ئیلھام سامی جومەک" سەبارەت بەم شاعیرە کوردە لە دەرھێنانی "چیجدێم
مەزڵووم" و "سێرتاچ ئیلدیز" چوونە سەر پەردەی سینەما.
لە کاتژمێر ١٦:١٥ی ھەمان ڕۆژیشدا ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی "کچانی
دووکەڵ و ئاور" لە نووسینی خاتوو "ئاوا ھوما" و لە کاتژمێر ١٩ی ئەم
کۆبوونەوەیەشدا کۆڕی شیعر خوێندنەوەی "ئاراسیلیس گیرمای" و خاتوو "فەخری
شێکێر" بەڕێوەچوو.
لە کاتژمێر ١٩:١٥ ھەمان ڕۆژدا فیلمی سینەمایی "خەونە بێڕەنگەکان" لە
دەرھێنانی "مێھمێت عەلی کۆنەر"، لە کاتژمێر ٢٠:٤٥ کورتە فیلمی "دوایین
ماڵی دنیا" لە دەرھێنانی "ئەمیر غوڵامی"، لە کاتژمێر ٩ی شەو بەڵگەفیلمی
"دادە سەلتەنە" لە دەرھێنانی "ھادی ئەحمەدی"، لە کاتژمێر ٢١:٣٥ کورتە
فیلمی "گۆرانییەکانی سەردەم" لە دەرھێنانی "سەرکەوت نیکدڵ" و ھەروەھا
لە کاتژمێر ٢١:٥٥ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی "دەستپێکی دووبارە" لە
دەرھێنانی "ئەڤین بەرازی" نمایشکران.
لە سێیەمین ڕۆژی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک"
و لە کاتژمێر ١٤:١٠ بەڵگەفیلمی بڵندی "عەشق لە بەرانبەر کۆمەڵکوژی" لە
دەرھێنانی "شێرۆ ھیندە"، لە کاتژمێر ١٦:١٠ بەڵگەفیلمی بڵندی "ھەنگەڤان"
لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "مانۆ خەلیل" و دانیشتووی وڵاتی
سویسڕا، لە کاتژمێر ١٨:١٠ کورتە فیلمی "باوانی" لە دەرھێنانی "سەجاد
ئەحمەدبەیگی"، لە کاتژمێر ١٨:٥٠ کورتە فیلمی "پەڵە" لە دەرھێنانی "شوڕش
وەکیلی"، لە کاتژمێر ١٩:١٠ فیلمی سینەمایی "خوشکانی جودا" لە دەرھێنانی
"دافتە چاریزانی" بەرھەمی وڵاتی ئەڵمانیا، لە کاتژمێر ٢٠:٥٠
کورتە فیلمی "من سەبر دەکەم" لە دەرھێنانی "محەمەد شێروانی" لە ھەرێمی
کوردستان، لە کاتژمێر ٢١:١٠ کورتە فیلمی "کارنیکا" لە دەرھێنانی "مریەم
سەمەدی"، لە کاتژمێر ٢١:٣٠ کورتە فیلمی "دەریا شەپۆل شەپۆل دەلەرێتەوە"
لە دەرھێنانی "ئەمیر غوڵامی" و ھەروەھا لە کاتژمێر ٢١:٤٦ کورتە فیلمی "ھاوینی
قووەکان" لە دەرھێنانی "مریەم سەمەدی" نمایش دەکرێن و ھەروەھا لە
کاتژمێر ١٥:٣٥ ھەمان ڕۆژیشدا "لوقمان ئەحمەد" ژەنیاری کورد بە ئامێری
دیوانەکەی خۆی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک تاکژەنی دەکات.
فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک" بە بەرھەمی وێنەیی، ئەدەبی
و مۆسیقایی خۆی سەبارەت بە نەتەوەی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی
بەوانەوە ھەیە کە لە لایەن ھونەرمەندانی کورد و یا بیانی دەخوڵقێت و بە
مەبەستی خستنەڕووی دابوونەریت، زمان، جلووبەرگ، ڕەسەنایەتی، ڕەنگ و
ھونەرە جۆراوجۆرەکانی کوردیی بۆ ھۆگرانی و ناساندنی ھەر چی زیاتر و
بڵاوکردنەوە و ڕەنگدانەوەی ئەوان لە کۆمەڵگای جیھانی و ھەروەھا
بەھێزکردنی و یەکێتی ئەوان و پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دنیا
بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ بە خۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و گرتنەبەریی ڕێکارە
تەندروستییەکان لە بڵاوبوونەوەی کۆوید ـ ١٩، فرۆشتنی بلیتەکانی
پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم و فەرھەنگی کوردی "نیۆیۆرک"؛ ھەم لەبەر
درگای ماڵەکان و ھەمیش لە ناونیشانی ئەنتەڕنێتی لەبەردەستدا بوو.
بینەران بۆ بینینی بەرھەمەکانی ئەم ڕووداوە فەرھەنگی و ھونەرییە،
دەبوایە کارتی واکسینی خۆیان لە کاتی ھاتنەژوورەوە بۆ ناو ھۆڵی
سینەمایی "ئانجلیکا" پێبێت، چونکە لە شاری نیۆیۆڕک، خەڵکی پێویستە کە
بۆ بەشداریی لەو چالاکیانەی کە لە شوێنی سەرئاوەڵادا بەڕێوەدەچێت، لانی
کەم یەکەمین دۆزی واکسینی خۆیان پێبێت.
بۆ زانیاریی
پتر:
www.nykfcf.com
https://www.eventbrite.com/e/new-york-kurdish-film-cultural-festival-5th-edition-tickets-167335656453
https://www.facebook.com/New-York-Kurdish-Film-and-Cultural-Festival-108684077215332
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی