١٢\٦\٢٠١٤
پێنج فەیسبووکە چیرۆکی پڕ لە
خۆشەویستیی.

جەلال قادر
هەنار!
کە گەردەلوول هەڵیکرد، منی وەک نایلۆنێکی بەتاڵ لەگەل خۆیی برد...لەبۆشایی
ئاسمان چاوم بە بەماڵی ئێوە کەوت..خۆم بەلقی دارهەنارەکەی حەوشەتانەوە
گرت...دڵم بۆت بوو بەهەنار ..تۆ هاتی بە لەپی دەستت دڵمت خستە کۆشتەوە...دانیشتی
دەنک دەنک بەلێوە مێخۆشەکەتەوە منت تێکەڵ بەجەستەت کرد..لەو ڕۆژەوە تۆ
بۆ هەرکوێ دەڕۆی، دڵی من لەگەڵ خۆت دەبەی!
یاری ڤالیباڵ!
لەتەمەنی هەرزەکاریمدا، لەگەل قرچەی گەرمای هاوین کە دایک و باوکەکان
چێشتەخەویان دەکرد. منیش بە تۆپەکەم لەگەل کچەکەی هاوسێمان یاری
ڤالیبالم دەکرد. سەرەتا تۆپەکەم هەلدەدایە ئاسمان، ئەویش لەچکە مۆرەکەی
هەلدەدا. تۆپەکەم بەسەر دیوارەکەوە هەڵدەدایە حەوشەیانەوە، ئەویش بۆی
تێدەگرتمەوە. چەندینجار ئەم دڵدارییە خۆشەمان دووبارە دەکردەوە ،
جارهەبوو تۆپەکە جێگە ماچی لێوی پێوە بوو، منیش زۆربەگەرمی لەباوەشم
دەکرد، تەنانەت وایلێهاتبوو دەنکەکەم فێری کەپسە لێدانش ببوو. خۆشترین
کات ئەوەیە لەگەڵ کچێکدا وەک مناڵ یاری بکەیت!
بەداخەوە لەکۆتایی یارییەکەمان کاتێ تۆپەکەم هەڵدا و بۆم گەڕایەوە،
باوکی یان براکەی بوو بەچەقۆ تۆپەکەی دڕاندبوو. ئیتر لەو ڕۆژەوە
بەخەیاڵەوە لە یاریکردنی ڤالیباڵ بەردەوامم!
وێنە!
لەسەرەتای ساڵی هەشتاکان، لەسەردەمی عەشق و گۆرانی. ڕۆژێکیان ڕێم لەیار
گرت وپێمگووت : ڕاوەستە با وێنەیەکت بگرم. وتی : خۆتۆ کامیرات
بەدەستەوە نییە!
وتم : تۆ بۆ ساتێك ڕاوەستە.
کاتێک یار وەستا. هاوێنەی چاوم کرد بە کامیرا و وێنەیەکیم گرت، پاشان
بە خوێنی دڵم فلمەکەم شۆرییەوە. تا ئێستا ئەو وێنەیەم لە بەرچاو و
مێشکمدا ناسڕێتەوە!
یەکەمین نامەی
خۆشەویستیی.
لەبیرتە لەسەر تەختەڕەشی پۆل بە گەورەیی نووسیم خۆشمدەوێی، کاتێ
مامۆستا هاتە ژوور بە تووڕەیی پرسی : کێ ئەمەی نووسیوە با هەڵسێتە
سەرپێ!...منیش بۆ ئەوەی تۆ بزانیت کە من نووسیومە، بێترس هەلسامە سەرپێ.
مامۆستا پێیووتم : شەرم لەخۆت ناکەیت هەڵسە بیسڕەوە.
لە کاتێکدا ئاگری عیشقت لەجەستم بەربوبوو، بە مامۆستام وت : نایسڕمەوە.
کەچی تۆ لەپشتەوە نامەیەکی بچووکت خستە دەستمەوە کە چاوم لێکرد
نووسیبووت : بڕۆ بیسڕەوە، من هەست بە
خۆشەویستییت دەکەم.
پێکەنینی مانگ!
ئەم بەیانییە کە لەخەو هەڵسام، مانگم بینی هێێشتا بە ئاسمانەوە بوو،
پێم پێدەکەنی. وتم : بەچی پێدەکەنی؟
وتی : بەتۆ....وتم : بۆ؟
وتی :- چاو بچووقێنە و پێمبلێ چیدەبینی؟... کە چاوم چووقاند وتم : بەس
خۆم و خۆت دەبینم!
- دە ئێستا چاوبکەرەوە!
کاتێ چاومکردەوە ...خۆرهەلاتبوو... مانگ دیار نەمابوو!
ماڵپهڕی جهلال قادر
|