په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠١١

    ٦٢ گوڵی سادە.

    - کۆمەڵێک کورتە شیعر -

هەردی شەفیق

1- ئەمڕۆ ئەو پیرەژنەیان بردە گۆڕستان
ساڵەهای ساڵ خۆشم ئەویست
ڕۆژگارەکان مەراق و حەسرەتم
وەکو جگەرەکەی ئەو ئەکێشا
ئێستاش دەمەوێت ئەگەر مانگ لەشیعرێکی منەوە هەڵهات
لەکچێنی ئەوسای ئەو بچێ
ئاخر ئەو لەدوکەڵی جگەرەکەیدا ئاوابوو!

2-
هەڵهاتنی مانگ چ پیاسەیەکی بەئێوارەی ئەم شەقامە بەخشی !
لەژێر ماچی شنەو تریفەدا گفتوگۆمان چەند شیرین بوو!
زەمان چەند زوو تێپەڕی !
ئێستاش شنە وەکو جاران جوانە
مانگیش وەکو جاران هەڵهاتووە
ژیانیش تاحەزکەیت نابووتە
بەڵام حەیف
تازەناکرێت لەسەر ڕوی مانگ بنوسم
یەشتا بەعیشقت گیرۆدەم
چونکە هەمووشتێک لەدڵی تۆدا ئاوابووە

3-
لەکۆتایی ئەلبومەکەدا تێگەیشتم پارەیەکی زۆرم خەرجکردوە
عومرێکی زۆرم بەهەدەر داوە
چونکە تەنیا وێنەیەک ئەتوانێت بمگریەنێت
ئەویش ئەوەیە
من دەستم بەسەرپشتی سەگەکەمدا دێنم!

4-
مرۆڤ بۆیە لەمردن ئەترسێت
سەبوری خودا لەتەمەنی مرۆڤ زیاترە
عیشق لەعومر زیاتر باڵادەکات
مرۆڤ بۆیە دەگری
پێکەنین ناتوانێت تادوامەنزڵ
عیشقێک بکاتە کۆڵ
گۆڕبۆیە ئەوەندە دڵی تەنگە
باکان لەسەرزەمینێکی ترەوە نامەیەک ناهێنن

5-
لەبەر ڕۆحێکی گەرمدا دەموچاوێک ئەپۆشێت
لەبازاڕو شەقامەکانیشدا جلی جوان
لەقەرە باڵغیشدا دڵو جل و دەموچاو
کەچی لەبەر پێی لەشفرۆشێکا هەمووی دائەکەنێت
بۆیە پێی ئەڵێن سیاسی!

6-
ساڵەکان لەپاکەتی جگەرەکان ئەچن و
هەر ڕۆژەی سیگارێکی ئەکێشین
ئەگەر عیشق نەچووبا بۆ مەیخانە کەس سەرخۆش نەدەبوو
گەر عیشق هاوڕێیەتی تلیاک فرۆشەکەی نەکردایە
کەس بەبێهۆشی نەئەمرد
تۆش بەعیشق سێدارەت بۆخۆت هەڵنەخستبا
تەنافەکان ناچار نەبوون گیانی کەس بکێشن

7-
کاتێک دەتەوێت لەجەنگ هەڵبێیت لەدواوە دەتکوژن
پۆساڵەکانی خۆت تێت هەڵئەدەن
جلە خوێناویەکانی خۆت شاهیدیت لێئەدەن
تفەنگەکەی خۆت نیشانە لەدل َ و کەللەسەرت ئەگرێت
حەربەکەی خۆت زمانت ئەبڕێت
ئیتر ئەمە قانونی جەنگە
ئەبێت ویژدانت فڕێ بدەیت و زەڕنەقوتەکان سەربڕیت
یاخود دەبێت
لەخەیالێشا جەنگاوەرێکی کوژراوبیت

8-
لەوانەیە مانگت بۆ بکەن بەگڵۆپی ژورەکەت
منیش دەیجور ڕێگاکانم کوێر کاتەوە
لەشەمشەمە کوێرەیەک سواڵبکەم ڕێگایەکم پێبڵێت
دڵی هەزار بولبول لەحەوشەکەتا بخوێنێت لەقەفەزا
منیش سەیری دەمی پەپولەیەک بکەم شتێک بڵێ
ئاخر سروشتی سامان و هەژاری وایە
لەوانیە تۆ ببیت بەمیوانی کۆشکێک و
منیش بەکۆڵ بلۆکی بۆ بکێشم

9-
ئەم بەلەمە کاغەزیانە کەس ناگەیەننە دورگە سەوزەکان
من لەوێم لەکۆتایی هەموو جوانیەکان
من لەگۆڕستانەکەم
دەبوو بزانم عاقیبەتی من هەرئەمەیە
من دەمویست گوڵەئەستێرەی ناو شیعرەکان دابگیرسێن
درەختی ئەفسانەکان میوە بگرن
پەپولەی کتێبەکان بەگوڵەکانەوە بنیشنەوە
پاڵەوانی چیرۆکەکان ڕۆژگار بگۆڕن

10-
گوڵەنایلۆنەکەت وەکو جاران بۆن ئەکەم
هەر ئەو گوڵەی ئێوارەی پایزێک
باخچەیەکی پڕکرد لەگوڵی سور
ئێستا هەستم کردوە ئەم گوڵە لە ڕەگەزی خاشخاشە
زەبوونیم لەبەردەم فاڵچیەکانا باشترین بەڵگەیە
بۆیە وەکو تلیاکیەکان
گێژ گێژ بەدواتا ئەگەڕێم

11-
ویستم گوڵێک بدەم بەکچی ناو شیعرەکان
کەچی شیعر غوربەتێکی ناکۆتابوو
مردن لەسەر نەخشەی گۆڕستانەکە بسڕمەوە
گوڵی ناو شیعرەکان ببن بەهەنار
شەمەنەفەرێک بمان بات بۆ دورگە دورەکان
فایدەی نەبوو
هەتا هەزار سەدە لەحەقیقەت دورکەوتمەوە
پێم پێکەنین
ئێستا گەروی کوکوختیەکم دەوێت
ئەم بێتاقەتیە بکات بە گۆرانی

12- بەم سەحرا تینوەدا نەهاتباین
نەدەبووین بەسەراب
غوباری مردنمان لێ نەئەنیشت
من ئەگەر
دوای خۆم نەکەوتبام
لەڕوم دەهات جارێک سەیری خۆم کەم
تۆش ئەگەر خۆپەرستی پێی نەکردبای
هەموو ڕۆژێک ئاوێنەکەت ماچ نەدەکرد

31-
بەدیار تۆوە کوژراین وهیچت نەوت
گەرتۆ بتوانیت دڵی دڵشکاوەکان بدەیتەوە
دەست بەسەری سۆزانی و سواڵکەرەکاندا بێنی
ببیتەوە دایکی پەپولەیەکی هەتیو
چوکلاتەبدەیت بەزەڕنەقوتە بێکەسەکان
تەرازوەکەت بەدەستی ویژدانەوە بێت لەقیامەتا
ئیتر کێشەی من وتۆ ئەوەیە
نازانم لای کێ دوعای خێرت بۆبکەم
ئەی خودا؟؟

14-
دەست ئەدەم لەو برینە خوێناویەی دڵم و
پەنجەی شایەتومان لەسەر ناوی تۆ دائەنێم
بەڵام خۆزگە تۆش
جارێک ئەو کاغەزە سپیەت ئەخوێندەوە
بەبێ هیچ مەرجێک مۆرم کردوە

15-
شیعر یانی وەهمێکی دڵخۆشکەرە
یانی گۆرانیەکی حەزین بەلێوی قەرەجێکەوە
یانی نیشتیمان لەدڵی قەرەجێکدا
یانی ژیان بۆ مردویەک
لەگۆڕێکدا خەوئەبینێ بگەڕێتەوە
یانی زمانی ڕۆح بۆئەو لاڵەی ناتوانێت بێتەقسە
یانی گریانی پەپولەیەکی حەشیش کێش
لەنامەیەکی تەڕو خوێناویدا
یانی هەڵهاتنی مانگ لەناو لاپەڕەی کتێبا
ئائەمەیە نەگبەتی شیعر
بەخەیاڵ بەهەشت دروستبکەیت لەدۆزەخدا!

16-
ڕۆژێک کەدەترسایت ماچەکان بەلێوە کانمانەوە
ببن بەخۆڵەمێش ،گەیشت
ئێستا لێوەکانم پڕن لەخۆڵەمێشی بەجێماو
ئێستا ئیتر کەسێک بێداری وەکو جگەرە ئەکێشێ
تەنیایی وەکو خەیاڵ ناوە بەلالێویەوە
ڕۆژێک کەدەترسیات دڵم نەشکێت ،گەیشت
ئێستا پارچە شکاوەکانی دڵێکی شکاو پێکەوە ئەنێم

17-
گوناهی ئەو هەر ئەوەیە کەخەیاڵی ئەڕوات
تابلۆیەک بەخوێنی من ئەنەخشێنێ
پەپولەیەک لەخوێنی منا غەرق ئەکات
منیش کەخەو بەوەوە دەبینم
ئەڵی ی چەقۆیەک لەناو دڵما خەوتووەو
خەبەری بووەتەوە

18-
من ئەم گۆرانیە بۆ گەڕانەوەی تۆ ئەڵێم و
تۆش گۆرانی بۆ سەفەرێکی تر ئەڵێ ی
من گۆرانی بۆ چاوەکانی تۆ ئەڵێم و
تۆش گۆرانی بۆ خەونەکانت ئەڵێ ی
تۆ گۆرانی بۆ خەیاڵەکانت ئەڵێ ی و
من لای لایە بۆئەم دڵە گرینۆکەم ئەکەم کەناخەوێت
ئێستا ئیتر دەبێت لەنێوان دەنگی من وتۆدا
چاوەڕێ ی دەنێگکی تربم
وەکو لاوازێک برسێتی چاوەڕێ ی مردنی پێئەکاو
لاشەخۆرەکان لەئاسمان گۆرانی بۆ ئەڵێن

19-
دەچێتە سێبەری هەمان درەخت یادگاریەکانی لەسەر دەنوسی
لەوێ سەیرانێکی پیرانە ساز دەکات
ئێسقانەکانی خۆی ئەکات بەپشکۆ
چاوئەنوقێنێ و دڵی خۆی لەسەر ئەبرژێنێ
یادگاریەکانی ئەکات بەتابووت بۆخۆی
سەیری ئاسمان دەکات و
گوێ بۆناڵەی دڵی خۆی ڕائەدێرێ
هاوارێکە
کێ ئەزانێت بەچەند سەدەی تر ئەگاتە شوێنی خۆی!!

20-
بەئەندازەی ئەو ئەستێرانەی
وەکو مقاڵیەک خەڵوزی گەشاوە درابوون بەناو چاوی شەوا
حەقیقەت لەسەر دڵی من قورسبوو
بۆ سەردەمێک دەبوومە گۆرانی بێژ
ژنەکانی مناڵی کەڕو لاڵیان دەبوو
بۆ مەیخانەیەک دەبوومە بادە گێڕ
هەموو بوتڵەکانی پڕ بوون لەخوێن
بۆ ڕابردویەک دەبوومە شیوەنگێڕ
شتێکی جوانم نەبوو تیایدا بۆی بگریم!

21-
چاوەکانی لەدووقەسیدەی مەملەکەتی شیعر ئەچن
ستیانەکەی لەزیندانی جوتێک مانگی تەنیا
ئەو مناڵەی خەمی بوو سێوی حەوشەکەیان گەورەنەبێت
ئێستا فێری سێو دزین بووە
لەحەوشەی دراوسێکەیان

22-
هەر لەو کانیەی تینوەکان تێر ئاو ئەبن
لەو مەیخانەی مەینۆشەکان
مردووەکانی ناو خۆیان گەرم ئەکەنەوە
کەسێک هەیە گۆرانی بۆعیشقَکی ناکام ئەڵێ و
وەک ئەوەی لەهەسارەیەکی ترەوە فڕێ درابێ کەس تێ ی ناگا
هەر لەو دەریایەی بایەوانەکان مەلە ئەکەن
کەشتی گەلێک دۆلفینی مردوو بار ئەکەن
هەر لەوشوێنەشدا نوسراوە
ئاوڕێک لەبەختەوەری خۆت بدەرەوە
کۆڵانێکە
ئەچێتەوە سەر دوکانی جگەر فرۆشەکان

23-
وەک گوللەیەک سەدەیک بەناو دڵی تۆدا بڕوا
یادگاریەکانی ئەو
منی لەسەر ئەم تابلۆی بوونە سڕیەوە
بەهیلاکت بردم ئەی گێژاوی شێت
دەبمحنکێنە
هەموومرۆڤێک لەیادى یەکەمین عیشقا
دەبێت بەخۆڵەمێش
دەریاوانەکان وتیان جاران
سروشتی ئەم دەریا شێتە وانەبوو
هەرگیزیش مانگ ئاوا توڕە شەپۆلەکانی نەدیوە
ئەی دەریای تاڵو لیخن بەخوێن
من بەدوای جۆگەلەیەک خوێندا هاتم
بەدوای جەنازەیەکی ڕاکێشراودا هاتم
گوللەیەک سەر دڵی پێکابوو!

24-
ئەو باڵندانەی وێنەم کێشان
بەئاسمانی یادگاریەکانەوە دەفڕن
ئەو ماسیانەی لەناو شیعرەکانی منا لەدایک بوون
ئێستا بەناو سەراب و
ڕوبارە خوێناویەکانا ئەڕۆن
ئەو بێچووەئاسکەش لەناو دڵی منەوە سەیری دنیای ئەکرد
ئێستا بەدەم پڵنگێکی برسیەوەیە
ئەو دۆلفینەش من پێم دەووت
چاوێکت لەموسافیری بەلەمە شکاوەکان بێت
ئێستا لەقەێابخانەیەکا لەت لەت ئەکرێ
ئەو بووکەشووشەش من لەناو قوڕی شیعرێکا خوڵقاندم
ئێستاکە خەریکە
بەباوەشی مناڵی سۆزانیەکەوە گیان ئەدا

25-
شەوێک لەگەڵ تۆدا دەمان ویست
بەژێرمانگەشەودا پیاسە بکەین مانگ گیران بوو
دەمان ویست بچینە کەنار دەریا
ئۆقیانوسەکانیش وشکاییان هات
بۆیە دوای ساڵەهای ساڵ بۆت دەنوسم
ئەمشەویش مانگ لەپێکێک بادەدا ئەشکێت
ئاخر قەدەری ئێمە کەوتە ناو ساڵانێکەوە
هەرگیز مانگی تیادا هەڵنەهات

26-
ئەی جەنگاوەری دۆڕاو ،
تەرمی هاوڕێ و خوزگەکانت بدە بەکۆڵتاو
لەسەر گۆڕی دووژمنە کانت پێبکەنە
ئەی کچی جوان، ترس و عیشقی کۆنەت بشارەوەو لاشەت ڕاخە
ئەی مێرولەی چاو چنۆک، تۆش لەبری گەنمی مشکەکان
مەیتی هاوڕێ ناکامەکانت بژمێرە
تۆ ئەی سوار چاکی ئەسپە تینوەکان
ئەم ئەسپانە بەخوێن تاکوێ ئەڕۆن؟
تۆش ئەی گوێزی پوچ،
مەهێڵە بتشکێنن
باحەقیقەت بەو هەموو پوچیەوە دەرنەکەوێت !

27-
درۆ ئەکات و باوەڕمان پێیەتی
سیاسیە ئیتر
هاوارئەکات و خۆمان داوەتێ و شوێنی کەوتوین
گیرفانەکانی پڕن لەپارەو خاڵین لەحەقیقەت
لەباڕ و مەیخانە و
سۆزانیخانە و قوتابخانە و
قەێابخانە و چایخانە و
قومارخانە و قیامەتیشا، باس هەرباسی ئەوە
بەڵام هەزار ئەوەندەی ئەو
حەقیقەت ئەوەتا لەناو گەڵی ئەو سۆزانیەدا
مناڵەکەی چاوەڕێ ی نانە!

28-
لەبیریکە ئێوارەیەک باران نەباریایە بێتاقەت دەبووین
ئەوە سەدەیەکە دڵی من
لەم وشکە ساڵیەدا ورد دەبێت
لەوانەیە ئەو ساڵانە سەرخۆش بووبم
دەنا دەبووبزانم ئاوا ئەبێت
چونکە ئەم ئاسمانە
هەرگیز نەیتوانیوە
نازی دوومانگ پێکەوە هەڵگرێت

29-
من و ئەو بەو شەقامەتاریکەدا هاتین
دەبوو چارەنوسی خۆمانمان لەبەر چاوبێت
بینیمان دووڕێگای جیاواز
لەگۆڕستانەکەدا بەیەک دەگەن
دەمانزانی مۆمێک دووپەروانە پێکەوە نایانکرێ
بمبورن لەشعری پێشوترا وتم
لەم ئاسمانە جێگای دوومانگ نیە
ئێستا ئەڵێم گۆڕێکیش نیە
ئەم دوو مردووە پێکەوە هەڵگرێ

30-
ژیان پڕە لەهاواری ڕووشکاو
وەک ناو لەپی سواڵکەرێکی تازەکار
سیخناخە بەدڵتەنگیەکی فەرامۆش
وەک ئەو قەرەجەی
لەباوەشی شارێکی غەریبەدا ڕۆژ ئەکاتەوە
پڕە لەخەیاڵی خاوی دڵی ئێمە
وەک ئەو پەڕەسێلکەی بەدیار هێلکەیەکی پیسەوە
ئومێد هەڵئەچنێ
لێوان لێوە لەعیشقی پوچ
وەک ناو دڵی ئەو ژنەی
شەوانە حەشاماتێک تێر ئەکات
پڕە لەخۆزگەی بێفایدە
وەک هاواری ناو دڵی ئەو دێوانەی
ناگاتە گوێ ی هیچ ناخودایەک
چۆڵء هۆڵە لەویژدان
وەکو پرسەی سۆزانیەک

31-
زەمانەیەک
نامەکان لەقاوغی شقارتەکانا
ئەچوون بۆ ماڵی دڵی یار
چەرمەسەریم لەخۆم ئەتەکاندو
خوێن لەزمانمەوە ئەهات
ئێستاش ئەتوانی بەسانایی خوێنی دڵی من ببینی
بەناو چاوی ئەو فریشتانەوە
لای خواش مەحکوم بوون بەپاکیزەیی
بەسەر ڕۆحی ئەو باڵندانەوە
مەحکوم بوون بە نەنیشتنەوە

32-
لەوشکی ئەم خاکەوە
بێچوی کەروێشکەکان سەیری خاکی ڕوتەن ئەکەن
سەیری ئاسمانی بیبَەزەیش
زەڕٍنەقوتەکانیش سەیری دەمی دایکەو باوکەکان و
دایکەو باوکەکانیش ڕەنجی بێحاسڵی جوتیارەکان
هەمووشتێک سیمای خۆی لەمشارەدا ونکردووە
ژیان مانای خۆی لەدەست داوە
لەو ڕۆژەوە تۆ بلیتی سەفەرت گرتووە
باران لەئاسمانی ئەم شارە تۆراوە

33-
من دەمەوێ بەشیعرێک کچێک بخوڵقێنم
بەرلەوەی شوبکات
مناڵی سواڵکەرەکان شیربدات
بەڵام خۆزگە
مەمکی ئەم هەنجیرە بریندارە،
بێچوی شەمشەمەکوێرەیەک نەیئەمژی

34-
تۆ ئەوەندەی خزمەتی شیعری منتکرد
ئەوەندە هی عیشقت بکردایە بەس بوو
ئەوەندە بەدیار منەوە گریایت،بەسبوو
بۆ ئەوەی من داگریت بەم خاچەوە
چ نائومێدیەکی جوانە ڕوئیا
پەپولەیەک بتگریەنێت
بەسەر گوڵی خاشخاشەوە ؟؟!

35-
بەسەر پشتی سواڵکەرەکانا
بەسەر گەدەی سۆزانیەکان و
ڕوشکاوی دێوانەکانا
بەسەر خوێنی فریشتەو قەرەجەکانا
بەسەر سەری ئیزرائیلا
سەردەکەویت بەرەو ئاسمان
بەرەو خوا
بەرەو خۆر
بەڵام بیرت نەچێت خاوەن شکۆ
سەرکەوتن بەم پلیکانەدا
دابەزینە بەرەو گۆڕ

36- کچێک
تالێرە ڕۆیشت لەعیشق بێزاربوو
لەوێنەی باخچەژاکاوەکانء
ژا وەژاوی شەقامەکانء
وێنەی ئەو پەپولانەی بەدووکەڵی کارگەکان ئەمرن
بەبێ ئەوەی کەسێک لەوێنەیکدا هەڵیانگرێت
وەک ماسیەکی خنجیلانە بێزاربوو
لەدەریای خەیاڵی منا ڕاو ئەکرێت

37- گەرچی ساڵانێکە لێرە ڕۆشتووی
بەڵام یەشتا ڕۆحت لێرەیە
تۆ ناتوانی سەرزەمینی یادگاریەکان بەجێ بێڵی
پشت لەمناڵی ئەوینێکی کۆسکەوتوو بکەیت
ئاوڕ لەپیاسەی ژێر مانگەشەوت نەدەیتەوە
گۆرانیەکانی ژێر باران لەبیر بکەی
بەڵام من دڵنیام ئەم بەلەمە تابووتیە
تەنیا جەنازەکەی بردی

38- کەچاو چاو نابینێء دەستت وەبەر هیچ شتێک ناکەوێت
من کچێکی ونبوو دەبینم لەم ژورەدا
من بەسەر ئەم وێرانەدا ئەوین خامۆشی کردووە
هەزار گوڵ و
هەزار فریشتەو
هەزار خۆزگەی بەباچوو ئەبینم
لەڕاستیشدا چاوانی من
تەنیا توانای بینینی تابلۆ یەکیان هەیە
دوکەڵی جگەرە دروستی کردووە

39-
وتت کەمن وتۆ لەیەکتری دوربووین
باکم نیە
مانگ ئەتوانێت سڵاوەکانمان بگەیەنێت بەیەکتری
ئێستاکە تۆ لەمن دوری و
ئەم مانگە بێتاقەش
حەوسەڵەی پۆستە چێتی نیە

40-
پیاوێک بەشیری فریشتەیەک
باڵندەیەکی تینوو ئاو ئەدات
کەمردن دێ ئەوەتا لەگۆڕستانەکە دانیشتووە
کەژیان دێ دیسان لەگۆڕستانە
ئەو لەخەمی پەڕەسێلکەیەک بیردەکاتەوە
لەهێلکەدا باڵیان شکاند

41- بانگت دەکەم بگەڕێیتەوە
تا شتێکت بدەمێ
هاوکات من خاوەنی هیچیش نیم
ئاخر لەناو دڵی منا شیعرێکی کۆسکەوتوو هەیە
نەمن توانیم بینوسم و
نەتۆش توانیت بیخوێنیتەوە

42-
ژنێک کە عەشق دەست درێژی ئەکاتە سەری
پەنا بۆ مردن ئەبات
گوڵێک کەپایز سۆراخی ئەپرسێ
بەدوای پەپولەیەکی غەریبەدا ئەگەڕێ
هێلکەیەک کەبیابان هەڵیدێنێ
هەتا مردن هاواری ئاو ئەکات

43-
ساڵ لێرە هەرچوار وەرز پایزە
گوڵ لێرە بەبۆنی خوێن کەوتووە
ئەم وڵاتی خۆڵەمێشە لەبیابانێکی سەوز ئەچێت
لێرە لەم خاکی ژەنگو کەڕووەدا
تەنیا گۆڕو سۆزانی و سیاسی سەوز ئەبێت

44- شارەکانم وێرانکردوو
لەدێهاتەکانا گوڵی سروشتیم ڕوان
خۆڵەمێشم کردە ئەو ئینجانانەی
ساڵەهای ساڵ دۆستی سەرابء خوێن بوون
من دونیایەکی وێرانم ڕوخاند و
وێرانەی دونیایەکم دروستکردەوە
دەستەکانم بەئەندازەی زمانم بۆ زاڵمان،
بۆ هەژاران درێژبوون
من فیلم کار تۆنێکی عاشقانەم دروستکرد
من پاڵەوانی مەملەکەتێکی کاغەزی بووم!

45-
لەسەر سەوڵەکانی بەلەمێکی کون تێبوو نوسرابوو
سەر کەوە بەرەو دنیای ئاسودەیی
شێتیک هات و لەسەری نوسی
ئەی بەلەمی شکاو
تۆخۆشت لەئاوا ئەخنکێیت

46-
سوڵتانەکان وتیان
سوپاسالارەکان وتیان
سیاسیەکان وتیان
خوێن ڕوی شەرفت سورئەکات
خوێن پیرۆزی ئەدات بەبوون
بەڵام من بێشەرەفیم خۆشویست
بەڵام من ڕیسواییم هەڵبژارد !

47-
ڕوئیا
لەسەر زەرفی هەرنامەیەکدا شوێن ماچێک جێدێڵێ
عیشق وەک عەتر ئەدات لەسینەو ناو لەپ و لاملی
لەگەڵ تەریقیدا هەرگیز لەماڵێکدا دانەنیشتوە
لەگەڵ مردندا چایەکیان پێکەوە نەخواردۆتەوە
دڵی ئەوەندە ناسکە بەکزە بایەک هەڵئەوەرێت
کەئەترسێت دڵی لەناوچاویدا ئەبینیت کەلێ ئەدات
عیشق کەسەری دێشێ پارچەیک لەکراسەکەی ئەوی تێوە ئەپێچێ
کەنەخۆش ئەکەوێت بەو هەموو عەیاریەی خۆیەوە
ئەو لەژور سەری عیشقەوە دائەنیشێت
ساحیرێکە کەسەیری گوڵەکان ئەکات ئەکەونە قسە
کە گۆرانی ئەڵێ فریشتەکان سەما ئەکەن
کچێکی عەجولە
پرسیاری بەهەشتی لێئەکەیت دەست بۆ مەمکەکانی ئەبات
ستیانەکەی بەکەمەریەوە ئەبەستێ و نەرنەرم سەما ئەکات

48-
ڕۆژێک کەئێوارەپایزیەکانمان جێهێشت
هەموو حەرامەکانمان دابەدەم باوە
دەستی یەکتریمان گرت و بۆ هەسارەیەکی دور فڕین
لەناو ماچا هەزار گەرماومان بۆ یەکتری داخست
وەکو هێلکەی چۆلەکە
مانگی ژێر ستیانەکانتم ئەنا بەگوێمەوە
بۆ ئەوەی گوێ لەهەناسەی دڵێکی زیندوو بگرم
هەموونوشتە نوسەکانم خستە سەرساجی عەلی
کتێبی شاعیرەکانم کرد بەزیندان و
قوفڵی دەمی خوێن ڕێژەکان
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە
ئێمەتەنیا بەخەون دۆستی یەکتری بووین
هەر بەخەیاڵ کرێکاریمان بۆ عیشق ئەکرد!

49-
جەنگ دەمو چاوی هەموو مانی گۆڕی
لەبەردەم خوێنخۆرە کانا چۆکی پێداداین
تەنانەنەت باخچەکانیشی کرد بەکۆنکرێت
دڵی پەپولەکانی کرد بە پۆڵا
دوا وێنەی ئەلبومەکەم بەرەو
لەپشتەکەی بنوسە
جەنگ زیندووەکانیشی کوشت !

50-
لەپشت ئەم پەنجەرە داخراوانەوە چاوەڕێ ی تاوانێکم
من ئەمەوێ ئەمڕۆ فریشتەیەک بکوژم
بەڵام کەپیاوێک ئەبینم لەپەنا تۆدا پێئەکەنێت
تۆش ئەبینم بێباک
لەخەیاڵی خۆتا سەمای بۆ ئەکەیت
ناچار چەقۆکە بەدڵی خۆما ڕۆ ئەکەم

51-
لەسەر بەرگی دیوانێک وێنەی مۆمێک هەیە
کەچی پەروانەکان
بەدەوریا ئەسوتێن

52-
لەکۆڵانی تلیاک فرۆشەکان
گۆرانیەکی دڵشکاو لەدەرگا ئەدات
پێئەچێت مانگ
لەناو دوکەڵا خنکابێت

53-
هەتا واشەیەک سەری هەڵکۆڵی
هەرخەریکی ترساندنی پاسارەی بوو
ئەو داهۆڵەی دەنکە گەنمێکیشی پێنەخورا

54-
وەک ئەوەی لەئاهەنگی خۆیانا سەما بکەن
بەئاسمانەوە دەجوڵان
ئەو کچانەی ئەڵقەکانیان لەملیانابوو

55- من ئەزانم گوڵی سەر پەنجەرەکەت ڕەنگی مردنی لێنیشتووە
شەرابی سەرمێزەکەت تامی خوێن ئەدا
بەسەر گۆڕەکەی منا ئەڕویت وەک ڕێگایەک بۆ دۆزەخ ئەچێت
بەناو دڵتا ئەڕۆم
وەک باخچەیەک
لەمەوسیمی خەزانا ئەپشکوێ
من بۆنی شەیتانێکم لێدێ بەتیری موحیبەت ئەکوژرێ
تۆ ڕەنگی ئەو فریشتانەت گرتووە
یەشتا خودا بۆ سەرزەمینی نەناردون

56-
تۆ سەرسەختترین عاشقی دونیایت
بەلایتێکی شەو کوێرەوە
ئەم باخچە پڕ ئەکەیت لەموعجیزە
بەبەلەمێکی شکاوەوە
بەزەریایەکدا ئەڕۆیت
پڕە لەدۆلفینى سەرخۆش
قولاپ بۆ ماسیەک هەڵئەدەیت
بەناو دڵی منا ئەگەڕێت

57- کەسێک بە کلیلی دەرگای هەموو سەردەمەکانەوە
ئێوارەیەک خۆی ئەکات بەدڵی مناو
فارگۆنی شەمەنەفەرەکەی
پڕە لەتابووت ء خۆڵەمێش
وەک دەریاوانێکی پیر
کەشتیەکەی لەدەریادا سوتابێ
بەبارێک دوکەڵ ء بوغوردەوە ئەگاتە ئاوەدانی
ئەو ئەیەوێت لەدەرگای ماڵەکانی شاربداو
چاوی و دڵی و ڕۆحی
لەدەرگای هەریەکێکیان بەجێبێڵێ
بەڵام ئیتر بێفایدەیە
چونکە هەموو دەرگاکان بوون بەدیوار

58-
سەردەمێک خوێنی غەریبیم لەبەر ئەڕۆیی
دوریت لەناو دڵی منا ئەسوتا
ئەتوت ستیانەکەم بەرەو برینەکانتی پێ بپێچە
دەرمانی دەربەدەریت ئەدا بەمن
ئێستاش بەخوێنی دڵم لەسەر گۆڕەکەت ئەنوسم
اخ عیشقە شەهید کراوەکەم !

59- بینیم بەسەر ئەم شەقامە بێنازەدا ئەباری
تۆ لەوێ بووی میهرەبانی لەوێ نەبوو
بینیم ئەو پرتەقاڵانەی لەسەر سینەت خڕ بووبوون ئەگریان
وتم لەوانەیە ئیتر پایز ڕێگا بەهاتنی سێ وەرزەکەی تر نەدات
وتم ئیتر تۆ ئەتوانیت
پێغەمبەرێک
بۆ لای خودا بنێریت!

60- ئەو گوڵەی پەپولەیەک سەیری جوانی ئەکرد
خەزانێک هاتء لەگەڵ خۆیدا بردی
من لەژێر بارانی خوێنی تۆدا ئەمرمء
ئیتر بارانی ئەم ئاسمانە تاریکەم خۆشناوێ
ئاخر ئەوەی ئێمە دۆڕاندمان
قومارێک بوو خودا کردی !

61- کاتێ لەسەفەر گەڕایتەوە ئەو هەزار ساڵ بوو مردبوو
هەتاو لەحەوشەی ماڵەکەی تۆرابوو
تاریکی لەسەر کڵاو ڕۆژنەکەی کەوتبووە سەرپشت
وەلێ لەسەر ڕوی مانگەشەو نوسیبووی
بەم سەفەرەت تۆ منت کوشت

62- بەختخوێنێ بیتوانیبا
دڵی ئاسکێک وەرگێڕێتە سەر زمانی گۆشت خۆرەکان
هەموو پڵنگەکان لەپاوانەکانا ئەلەوەڕان
تۆش ئەگەر بتتوانیبا
لەبەردەمی سۆزانیەکدا
دڵت بکەیتەوە
عیشق
ڕوسوری خۆیی نەئەدا بەمردن.

www.jgarsoz.kurdblogger.com

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک