٣٠\١٢\٢٠٢١
شەش قەسیدە لە ''ئانا ئەخماتۆڤا''ەوە.*

ئانا
ئەخماتۆڤا |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
•
کەسێ بەرەو پێش دەڕوا.
کەسێ بەرەو پێش دەچێ
کەسێکی دی بە شێوەیەکی بازنەیی دەڕێیێ دایە
ئەمەیان چاوەڕێی گەڕانەوەیە بۆ ماڵی باوکی
ئەوی دییان چاوەڕێی دۆستە کۆنەکەیەتی
لێ من،
دەڕۆم و کارەساتم بە دواوەیە
نە لە ڕێیەکی ڕاست و نە ڕێیەکی پێچاوپێچ
بەڵکو بۆ ناشوێن
بۆ نائاراستە
وەک شەمەندەفەرێک
لە ڕێڕەوی خۆی لای دابێ.
• تۆ دەژی ، بەڵام من نا.
تۆ دەژی ، بەڵام ڕەنگە من نا
ئەوە دوا بادانەوەیە
ئای بە چ دڵڕەقییەک،
فرت و فێڵی نادیاری قەدەر
دەستی لە بینەقاقامان ناوە..
ھەر یەک بە شێوازی خۆی دەمانپێکێ
ھەر یەک بە ڕۆڵی خۆی
ھەر یەک بە بەشی خۆی
ھەر گورگێکیش
چار نییە
دەبێ بپێکرێ..
گورگ کە ئازادن گەورە دەبن
لێ وادەیان کورتە
لە ناو بەفر، لە شەختە، لە نێو گیادا
ھەموو گورگێک
دەبێ بپێکرێ..
گەر لە گەرما یا لە سەرما بی
کەگوێت لە بانگی خەمبار و بێئومێدی من بوو
مەگری دۆستی خۆشەویستم!
•
دەنگێک لەوێدا بوو.
دەنگێک لەوێدا بوو ، بانگی کردم
ھێورم بکاتەوە
وتی : وەرە ئێرە !
واز لەو وڵاتە چۆل و ھۆڵە ھەڵەیە بێنە
تا ھەتایێ ڕووسیا بەجێ بێڵە
من دەستەکانت لە خوێن پاک دەکەمەوە
شوورەیی ڕەش لە دڵت دەردێنم
بە ناوێکی نوێوە دەتشارمەوە
ئازاری خەم و شکستت لێ دادەماڵم
بەڵام من بە ھێمنی و بێباکییەوە
بە لەپی دەست گوێیەکانم گرتن
تا ئەو قسە سووک و چرووکانە
ڕۆحی خەمگینم گڵاو نەکەن .
• بۆردوومانی نامەکەم مەکە برادەر.
بۆردوومانی نامەکەم مەکە برادەر!
تا کۆتایی بیخوێنەوە
وەڕس بووم لەوەی
لە ڕێگاتدا
نامۆ و نادیار بمێنمەوە.
ئاوا ڕووگرژ و مۆن مەڕوانە!
من خۆشەویستی تۆم ، من بۆ تۆم
من نە شوانم و نە شازادە
دێرنشینیش نیم
ڕەنگە ھێشتا
لە پۆشاکی خۆڵەمێشی ئاسایی خۆمدا بم
بەسەر دوو پاژنەی کۆنەوە..
بەڵام من وەک جاران
لە ئامێزتێوەرێناندا گەرمم و
چاوە گەورەکانم تژی ترس دەبن..
بۆردوومانی نامەکەم مەکە برادەرەکەم!
بە درۆیەکی شیرینەوە مەگری!
نامەکە لە جانتا ھەژارەکەی سەفەرت دانێ
لە ھەمان قووڵایی بنیدا.
• دوا پێک.
پێکی ماڵی کاول ھەڵئەدەم
بۆ ژیانی کوێرەوەریم و
ئەو تەنیاییەی پێکەوەی تێداین..
لە پێناوی تۆشدا
پێکێک دەخۆمەوە
بۆ لێوە درۆیینەکانت
کە ناپاکیان لێ کردم
بۆ چاوە وەک مەرگ ساردەکانت
بۆ ڕاستییەک
کە ئەم جیھانە دڵڕەق و بێ وەفایە ..
خواوەندیش ڕزگاری نەکردین.
• تۆ بە خۆت دەزانی.
تۆ خۆت دەزانی
ئاھەنگم
بۆ ڕۆژی تاڵی پێکگەیشتنمان ناوێ
چیت بە یادگاری بۆ بەجێ بێڵم؟
سێبەرم؟
چی لە سێبەرم دەکەی؟
پێشکەشی ئەو شانۆییەی دەکەی سووتاندم و
خۆڵەمێشی لێچووەوە؟
یا ئەو وێنە دژوارەی ساڵی نوێ
کە ئێستا لە چوارچێوەکەی دێتە دەرێ؟
یا ئەو مووچڕکە پەنھانەی
دار چنارێ لە گۆشە پەنھانەکان؟
یا ئەوەی لەبارەی خۆشەویستی ئەوانی دی
لە بێ وەختییان نەمان وتبوو؟
____________________________________________
*
ئانا ئهخماتۆڤا:
شاعیری رووسی به رهگهز ئۆكرانیایی یهكێكه لهو ژنه شاعیرانهی
ههمیشه جێی سهرنج بووه و خاڵی كاریگهر له شیعری نوێی رووسی..
ئهخماتۆڤا له ئۆكراین لهدایكبووه، لێ زیاتر له رووسیا ژیاوه و
به شاعیری له پێشهوهی ئهدهبیاتی رووس ناسراوه و له تهمهنی
یازده ساڵییهوه دهستی داوهته شیعرنووسین و چهند جارێك بۆ
خهڵاتی نۆبل دهسنیشانكراوه و بهرههمهكانی بۆ زۆر زمانی جیهان
وهرگێڕدراون. ئهخماتۆڤا له بهرهی ئۆپۆزیسۆندا بووه و ناڕازیی
بووه له ههڵوێستی شۆڕشی بهلشهفی له بهرابهر نووسهر و
رۆشنبیراندا، لهگهڵ ئهوهشدا ههرگیز وڵاتهكهی بهجێ نههێشت
تهنانهت سهرهڕای ئهوهی هاوسهرهكهیان ساڵی ١٩٢١ له سێدارهدا.
•
ئەم شیعرانە لە ماڵپەڕی (القصیدە کوم)ەوە کراون بە کوردی.
بڕوانە:
www.alqasidah.com/epoem.php?ie=2800
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|