٢٨\١١\٢٠٢٠
هەفتەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
لە وڵاتی سوید
بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیھانی
هەفتەمین
خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی
کورد و بیانی بە شێوەی سەرهێڵ لە شاری
یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێ.
هەفتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە بەڕێوەبەرایەتی "دڵشاد
ئەحمەد" سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە نمایشی بەرھەمی
سینەماکارانی کوردستانی ئێران، ھەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە
ئەورووپا و ھەروەھا چەندین کۆڕیی پسپۆڕانەی ھونەریی سینەما لە ڕۆژانی
٢٧ و ٢٨ و ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە ڕێگای
لاپەڕەی فەیسبووکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە ناونیشانی
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen بە
ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی
سەرهێڵ لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێ.
لە یەکەمین ڕۆژیی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارێی
ڕۆژی ھەینی ٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی
سینەمایی بە ناونیشانی "خوێندن و بواریی فیلمسازی لە ھەرێمی کوردستان"
بە ئامادەبوونی دکتۆر "دڵشاد مستەفا" مامۆستای زانکۆی سلێمانی و زانکۆی
بەریتانیا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆڕا لە بواریی فیلمسازیدا و بە
بەشداریی "ھاوڕێ مستەفا" دەرھێنەر و سینەماکار لە وڵاتی فینلاندا
بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی "گاڕاژ" لە دەرھێنانی "یاد دێن"
بە ماوەی ١٠ خولەک، کورتە فیلمی "دوا وێنە" لە دەرھێنانی "مەریوان
ئیبڕاھیم" بە ماوەی ١٦ خولەک لە ھەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی "تارا"
لە دەرھێنانی "فاتمە دەستمەرد" بە ماوەی ٦ خولەک لە کوردستانی ئێران و
کورتە فیلمی "ھەرمان" لە دەرھێنانی "مەھدی جەودەت / ئاسۆ" بە ماوەی ١٠
خولەک لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەی سەرهێڵ
نمایش دەکرێن.
لە دووھەمین ڕۆژیی
هەفتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" و
لە کاتژمێر ٤ی ئێوارێی ڕۆژی شەمە ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ بە کاتی ئەورووپا
سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی "فێستیڤاڵ و ئیڤێنتەکان لە
کوردستان" بە ئامادەبوونی "دانەر عومەر" بەڕێوەبەری ھونەریی فێستیڤاڵی
فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پاشان کورتە فیلمی "ماڵی خاڵی"
لە دەرھێنانی "ھەوراز محەمەد" بە ماوەی ١٩ خولەک لە ھەرێمی کوردستان،
کورتە فیلمی "رۆزا" لە دەرھێنانی "محەمەد فریا" بە ماوەی ١٦ خولەک لە
ھەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی "ژۆڕنالیست" لە دەرھێنانی "فاتمە ئەحمەد"
و "مێھران مەجدۆ" بە ماوەی ١٩ خولەک لە ھەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی
"ھاواری کەلەوانشین" لە دەرھێنانی "سروشت عەبەڕەش" بە ماوەی ١٩ خولەک
لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.
لە سێیەمین و دوایین ڕۆژی
هەفتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"
و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارێی ڕۆژی یەکشەمە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ بە کاتی
ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی "پێگە، گرینگی و
کاریگەریی بەڵگەفیلم" بە ئامادەبوونی "سالار سەعید" خاوەنی بڕوانامەی
ماستەر لە بواریی فیلمدا و مامۆستای کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی و
"عومەر محەمەد" بەکالۆریۆس لە بواری فیلم و ڕۆژنامەوانی و سەرنووسەری
گۆڤاری ئەنفالستان بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی "پێڵاوی گەرم"
لە دەرھێنانی "عەدنان عوسمان" بە ماوەی ٢٢ خولەک لە ھەرێمی کوردستان،
کورتە فیلمی "دەست لێدان" لە دەرھێنانی "وەرمان سەعید" بە ماوەی ٢٢
خولەک لە ھەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی "پیاوێک لە ئاڵتوون" لە
دەرھێنانی "مەریوان ئیبڕاھیم" لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین
نمایش دەکرێن.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|