٢٨\٨\٢٠٢٢
هەشتەمین دیداری
شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوێد به‌ڕێوه‌چوو.
مەنسوور جیهانی
هەشتەمین
دیداری شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی
نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوێد به‌ڕێوه‌چوو.
هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە
جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری، بە دروشمی "بەسە ژن کوشتن لە
کوردستان" و بە نمایشی شانۆگەری "مەرگی ئاو" کاتژمێر ٦ی ئیوارێی رۆژانی
١٩ و ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ له شانۆی "دڕاماتیکی گۆتێبۆڕگ" له شاری یۆتۆبۆری لە
وڵاتی سوێد به‌ڕێوه‌چوو.
ئەم شانۆگەریە بەرهەمی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لە نووسینی
"یەڵدا حوسێن" و له دەرهێنانی "بەکر ڕەشید"ه که تیایدا "کامەران کەماڵ"
و "ئەرینا موحه‌مەدی" ڕۆڵیی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن و هەروەها کاری دیزاینی
دیکۆری لە لایەن هونەرمەندی شێوەکار "ئەحمەد نامۆ" بۆ ئه‌نجامدراوه و "ئاسۆ
دیلان" هونه‌رمه‌ندی موزیکزانی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوێد به ژه‌نینی
ئامێری عوود تیایدا به‌شداریی کردووه.
شانۆگەری "مەرگی ئاو" له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ری شانۆ و هه‌روه‌ها
ئامادەبووانه پێشوازییه‌کی باشی لێ‌کرا به شێوه‌یه‌ک که به‌رپرسانی
هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" ئیزنیاندا کە لە هەر ڕۆژە و
دوو جار، ئه‌م شانۆگەریه نمایش بکرێت، واتە لە دوو رۆژی دیداردا چوار
جار نمایش کرا.
ئەم شانۆگەریه لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە له هه‌رێمی کوردستان وەرگیراوە
کە لەم ساڵدا لە شاری هەولێر ڕوویدا کە "ماریا سامی" به‌داخه‌وه بە
دەستی کەسووکاره‌که‌ی کوژرا.
دیداریی ئەمساڵی شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری" به سه‌رۆکایه‌تی بەشی هونەری "عیزه‌ت
ڕه‌ئووف" و هەروەها به سه‌رپه‌ڕه‌شتی سەرۆکی کۆمەڵە "شەمال ئیبراهیم"
و بەرپرسی ئیداری دیدار بەڕیز "محه‌مه‌د تۆفیق" و به‌شی ته‌کنیکی
ڕووناکی و ده‌نگ له لایه‌ن "نه‌وزاد باهیر" به‌ڕێوه‌چوو.
کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە خۆئامادەکردندایە بۆ سازدانی نۆهەمین
دیداری فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" کە لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمی
٢٠٢٢ لە هۆڵی سینەمایی "فۆڵکت هیووس" له ناوچه‌ی "هەمەرکۆلەن" له شاری
یۆتۆبۆری بەڕێوەدەچێت و هەر لێرە لە هەموو فیلمسازانی کورد داوا دەکات
کە پێیان خۆشە نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه
بنێرن.
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen
راگەیاندنی گشتیی هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی
یۆتۆبۆری
ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی
|