٧\٣\٢٠٢٣
٨ی ئادار و
رەنگدانەوەی لەسەر تێکۆشانی ژنانی کوردستان.

ئاواز سامان
٨ی
ئادار رۆژی جیهانیی ژنان، مێژووییەکی تاڵ و پڕ لە نادادیی و نایەکسانیی،
ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ نارەزایی دەربڕین و رووبەڕوبوونەوەی ژنانی
کرێکارانی رستن و چنین، لە ساڵی ١٨٥٦ لە شاری
نیۆیۆركی ئەمەریکا، لە ٨ی ئاداردا بە هۆی کاری سەختی کارگە و
ماندووبوونێکی زۆر لە بەرانبەر مووچەیەکی کەمدا، ژنانی کارگەکە دەست لە
کار هەڵدەگرن و نارەزایی دەردەبڕن، خاوەن كارگە بۆ رێگریی لە هەڵوێستی
کرێکاران لە هەمان شوێنی کارەکانیان زیندانیان دەکا و دواتر ئاگر لە
كارگەکە بەردەدا، بە داخەوە کە ١٢٩ ژنە کرێکار
تێیدا سوتان. لە ساڵی ١٩٧٧دا رێکخراوی نەتەوە
یەکگرتووەکان بڕیاریدا رۆژی ٨ی ئادار بە رۆژی جیهانیی ژنان بناسێنێ.
ئەوەی سەرەوە ئەو چیڕۆکە تراژیدیایە بوو کە ژنی لە کارکردنی چەند
کاتژمێرێکی زۆر لە بەرانبەر مووچەیەکی کەمدا رزگارکرد، بەڵام ئایا لە
سەرتاسەری جیهان بە تایبەتییش لە کوردستان تا چەند تواندراوە سەرجەم
کێشەکانی ژنان چارەسەر بکرێن!؟ زۆر سەیرە کە لەو ڕۆژەدا هەرچی بە ناو
رێکخراو هەن بە پارەیەکی بێ ئەژمار خەریکی سازدانی بۆنە و ئاهەنگن بۆ
٨ی ئادار، کەچی دەیان و بگرە سەدان ژن لە
شەقامەکانی شاردا لەبەر نەبوونی و برسیەتی لە ژێر گوشاری دەروونیی و
توندوتیژیی دەناڵێنن! ئەی رێکخراوی ئافرەتان تۆ کە هاتووی داکۆکیی لە
ماف و گرفتەکانی ژن بکەی کەچی مانگانە مووچەیەکی باش لە وڵاتان بۆ
کۆنفراس و گەشت خەرج دەکەی!
کەواتە بۆچی تا ئێستا هیچت نەکردوە، ئەوەی دەیبینین لە سەردەمێکین
گرفتەکان زۆر زۆر زەقترن و شیرازەی خێزان و کۆمەڵ گەلەک ئاڵۆزتر بووە.
ئێمە چەندین ساڵە قسە دەکەین و دەنووسین هاواردەکەین بۆ نادادیی و
ریسواکردنی پیاوسالاریی و بەکاڵاکردنی ژن تا توندوتیژییەکان دەرهەقیان
بوەستێندرێ، بەڵام دەستکەوتێکی ئەوتۆ بەدەستنەهاتوە و پرسەکە لە جێی
خۆی چەقی بەستوە بگرە بەرەو دواوەش گەڕایتەوە! ئەو بابەتە زۆر هەڵدەگرێ
و زۆرم بۆ گوتن هەیە، بەڵام بۆ ئێوەی بەجێدەهێڵم.
نا بۆ زۆربەی هەرە زۆری رێکخراوەکانی ژنانی کوردستان؛ ئەو رێکخراوانەی
بە ناوی مێینە و ماف و ئازادییەکانیان قسەدەکەن کەچی لە راستییدا بۆ
ناوبانگ و بەرژەوەندیی تەسکی کەسیی و بەکاڵاکردنی ژنان دامەزراون!!!!
ژن.. ژیان.. ئازادیی.
٧\٣\٢٠٢٣
awazsaman7@gmail.com
|