٨\٣\٢٠١٢ ھەشتی مارس چیە بۆ ژنانی کورد؟
بە ژنانی کورد چی کە لەوپەڕی دنیا ژنان خۆیان ئازاد کردوە؟ ئایە ئەو ئازادییه ژنانی کوردی گرتۆتەوە؟ ئەگەر ژنانی کوردی گرتۆتەوە، ئەی بۆ ھەموو ڕۆژێک سەری ژنێک بە بەرد و بلۆک پان دەکرێتەوە؟ ئایە ژنانی کورد رۆژێک لە ڕۆژان فرمێسکێکیان بۆ ئەو ژنانە ھەڵڕشتوە کە لەسەر ھیچ کوژراون؟ یان ھەر ژنەو لە ماڵی خۆیەوە بە بێ ئەوەی بزانێ کێشهکه چۆن بووە دەستی بە سەرزەنشت کردوە، وا دەزانن پیاوەکانی ئەوان لە فەزایەکی ترەوە ھاتوون، نازانن رۆژێک لە ڕۆژان سەرەی ئەوانیش دێ، لەوانەیە بە خراپترین شێوەش لە ناوبچن.
لە وڵاتی خۆمان تا ئێستا نەمانبینی کەسێک لەو کەسانە بگیرێن، یان لە جێگای ئەو ژنانە بکوژڕێنەوە، کاتێک وڵات ئاوا بێ یاسا بێ، ھەر باشە کە ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا ھەست بە ئەمان دهکەن، یان پیاوان کە بزانن کەسێک نییه لەو کارە قێزەونانه بپرسێتەوە.. ھەر باشە کە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان ژن ناکوژن، ئەوانەشی کە دەکوژڕێن دەبرێنە شوێنی چۆڵەوانی و زۆر بێ باکانە وەکو مریشک سەردهبڕدرێن.. بکوژانیش وەکو بەرزەکی بانانن بۆی دەردهچن، بە داخەوە.. ساڵانی زوو باو نەبوو لە ناو کوردان ئاوا بە ئاسانیی خوێنی ژنان برژدرێ و کەس حیسابی مێشوولەیەکیشی بۆ نەکا.
ئەم ھەموو رێکخراوە بە ناو ژنانە ھەن و به بێ خهم لێی دانیشتوون و پارە وەردهگرن و قسەی زل و سەوز و سوور دهکەن، بەڵام نەمانبینی رۆژێک لە ڕۆژان لەسەر ژنێکی کوژراو یەکێک بدەن بە دادگا، یان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، ئایە ئەمە چ واتایهکی ھەیە بۆ ژنانی کورد؟ ئایە ئەوە ناگەیەنێ کە ژن خۆی حەز دهکا کە ژن بکوژرێ بۆ ئەوەی کهسانێک بە ناوی ژنانەوە کورسیەک و مێزێک داگیر بکهن و دانیشن، فهرمان بەسەر ژنانێکی تردا بکهن. لەوانەیە ھەندێک خوێنەر بڵێن کە لە ھەموو دنیا ئهوه ههر وایە؟ بەڵام من وای نابینم دەزانم کە لە وڵاتی بێ یاسادا چی دەگوزەرێ، ئەو بە ناو رێکخراوانە دەبێ زۆر باش بزانن کە ژنی کورد زۆر جیاوازی ھەیە لەگەڵ ھەموو ژنانی جیھاندا، ژنی کورد زۆر زۆر زۆلمی لێ کراوە، لە لایەن دەسەڵات و لە لایەن باوک و براو و کەسوکارەوە، تەنانەت بە دهستی خودی ژنەوە.. خۆیان زۆڵم لە یەکتر دەکەن و یەکتر بە کوشت دەدەن، ئەم گرفتە گەورەیە دەبێ چارەسەر بکڕێ، بە رۆشنکردنەوەی هزری پیاوان دوایی ژنان.. چونکە گرفتەکان لە پێشدا پیاوانن و ئهوان دهستپێشخهرن، پیاوان باڵادەستن لە ھەموو یاسا و رێسایەکی ئەو وڵاتە کە ناوی کوردستانە.
کاتێک پیاو و ژنی کورد تێگهیهندرا ئازادیی واتای چیە و به راستیی و بەرقەرار بوو و ئیتر ژن نەکوژرا لەسەر خۆشەویستییهک یان ھەر پەیوەندییهکی تر لەگەڵ پیاودا.. ئەو کاتە دەبێ بکرێ بە رۆژی ئازادیی ژنان لە کوردستان، نەک ھەشتی مارس بکرێ بە رۆژی ئازادی ژنی کورد، چونکە ژنی کورد ئازادیی بە خۆیەوە نەبینیوە و ئەگەر ھەر ئاوههاش بڕوا ههرگیز نایبینێ، دەبێ ئەو رۆژەی کە (دوعا)ی تیادا بلکۆکباران کرا.. ئەو رۆژە بکرێ بە رۆژی ئازادیی ژنانی کورد، چونکە ژنان له کوردستان لە هیچ کات و ساتێکدا بێبهش نهبوونه لە جینۆسایدی ژنان، ئیتر بۆ دەبێ ژنانی کورد ئازادیی ژنانی وڵاتانی تر بکهن بە ئازادیی خۆیان؟ ئەمە گرفتێکی گەورەیە.. دیارە ژنانی کورد خۆیان بە کەمتر دەزانن یان ھەمیشە نەچەوساونەتەوە وا رۆژی ئازادییی ژنانی ولاتانی تر دەکەن بە رۆژی خۆیان!
له کۆتاییدا من داوا لە ژنانی کوردستان دەکەم کە با لە پێشدا ھەوڵ بدەن بە دەستی خۆیان ئازادیی بۆ خۆیان و نەوەکانی دوای خۆیان وهدهستبهێنن ئهوجا ئاھەنگ بگێڕن، ئەو کاتە منیش وەکو ژنێکی کورد و ئازادییخواز پیرۆزباییان لێ دهکهم، ھەر سهرکهوتوو و سهرفراز بن.
٨\٣\٢٠١٢
|