په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٢

٨ی مارس و پەیامە بێبەڵگەکان.


ھەژێن


ھەموو ساڵێک ھەفتەیەک پێش ھاتنی ساڵیادی ٨ی مارس، نووسەرانی کورد وەک مۆدێک کۆمەڵێک قسە چەندبارە دەکەنەوە، کە ئەم شێوازە لە لاسایی و جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزرکاوی دەمی ئەم و ئەو، دەکرێت تەنیا لە ماسمیدیاکاندا باوبێت.

بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، ئەم مۆدە ئەو خاتوونانەشی گرتووەتەوە، کە پێیانوایە لە ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیدا ھیچیان بۆ کەس نەھێشتووەتەوە. بەبێ ئەوەی سەرنج و بۆچوونیان لەلا دروست ببێت و گومان لە بێبەڵگەیی پاگەندەی نووسەران بکەن، دەقاودەق قسەی پارتەکان و دەزگەکانی ڕاگەیاندنی زاڵ دووبارە دەکەنەوە.

ئەم ساڵێش بە ھیوای ئەوەی دەنگێکی جیاواز و بۆچوونێکی ڕادیکاڵ و نوێ لە وتارەکانی ٨ی مارسدا بەدی بکەم، کەوتمەوە چاوگێڕان بە ماڵپەڕە کوردییەکاندا و نیوەی ڕۆژی ٩ی مارسم بەفێڕۆ دا، بەڵام وەک ساڵانی ڕابوردوو ھیوابڕاو و ماندوو پشت کۆمپیوتەرەکەمم بەجێھێشت.

ئەگەر ناوەڕۆکی زۆربەی وتارەکانی ئەم ڕۆژانە کوردت بکەمەوە، ئەوا لەم دەستەواژانەدا خۆی دەبینێتەوە "ژنانی وڵاتانی خۆراوا ئازاد و یەکسانن"، "ژنانی ئەوروپا بە زۆربەی مافەکانیان گەیشتوون" ، "ئەگەر دەوڵەتی خۆمان ھەبێت، ئێمەی ژنانیش ئازاد دەبین" ، "ئەگەر دەوڵەتی یاسا و تێکنۆکراتمان ھەبێت، وەک ژنانی ئەوروپا بە زۆربەی مافەکانمان دەگەین" و زۆر قسە و قسەڵۆکی بێبەڵگەی دیکەی لەم جۆرە .

پێش ئەوەی بڕۆمە سەر بەدرۆخستنەوەی ئەو پاگەندانەی کە میدیای دەسەلاتی بۆرجوازی کورد و قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم و فێمینیستە بۆرجواکان وەک نوشتەی مەلا و شێخەکان بۆ ھەموو دەردێکی کۆمەڵگە و چین و توێژەکانی دەرخواردمان دەدەن، پێویستە لەو نووسەرانە بپرسین؛ ماف چییە و کێ دیاری دەکات ؟ مەبەستیان لە ئازادی چییە؟ لەسەر چ بنەمایەک یەکسانیمان بۆ مسۆگەر دەکەن؟

ھەڵبەتە من نامەوێت بڵێم باری ژنان لە کۆمەڵگە خۆراواییەکاندا لە ھی ژنانی کوردستان خراپترە یا باشتر نییە، نا بەڵکو دەمەوێت بڵێم ئازادی و یەکسانی بەو واتایەی مرۆڤی ئازادئەندێش و یەکسانیخواز وێنای دەکات، لەوێش بوونی نییە. لە وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوەدا چاوەڕوانی وەڵامی ڕادیکاڵی ئاوا لەو نووسەرە لاساییگەرانە ناکەم، کە بوێری و توانای ھرزاندنی ئەوەیان ھەبێت، کە خۆیان لە تێڕامان و قسەکردن لە زەمینە و پێکھێنەرەکانی کۆیلەتی و نایەکسانی ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی ژن و نادادوەری کۆمەڵایەتیی بدەن. چونکە بە دڵنیاییەوە پەنا بۆ وەڵامە پێشتر ئامادەکراوەکان و بۆچوونە جێکەوتەکان دەبەن، کە مافی تاک بەگشتی و مافی یەکسانی ژن و پیاو لە وەکو یەک چوونەبەردەم سندووقەکانی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، وەکو یەک کۆیلەبوون لە بازارەکانی کاری کرێگرتەدا و وەکو یەک بوونە بەشێک لە دەزگەی سەرکوت و وەکو یەک ڕاپێچکران بۆ بەردەم دادگەکانی سەروەری و .. ھتد، ئازادیش لەلایان پۆشینی پۆشاک و ئازادبوونە لە کارکردن لە لەشفرۆشخانەکاندا و .. تد، یەکسانیش بەھەمان شێوە لە باشترین باردا یەکسانبوون لە ئاستی کۆیلەتیدا دەبین و بەس.

بەلام ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ماف و ئازادی و یەکسانییە ڕووکەشەشیان بدەین, دەبینین کە ئەوەش پاگەندەی دەکەن، ئاوا نییە و تەنانەت لەسایەی دەوڵەتی نەتەوەیی سەراپاگیر و سەروەری یاسا و نوێنەرایەتی تێکنۆکراتەکاندا، ژنان سەرەڕای خەباتی درێژخایەن و نەپسانەوەی ژنان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە چەند سەدەی ڕابوردوودا لە جیھاندا بەگشتی و بزاڤی ژنان لە دەھەکانی شەستەکان و ھەفتاکاندا لە ئەوروپا و ئەمەریکا بەتایبەتی، دەبینین لە ڕووی ئابووریی و ڕامیارییەوە نەک ژنان بوارییان نییە بەو ئاستە لەو ماف و ئازادی و یەکسانییە درۆینەیە بگەن، بەڵکو مرۆڤی ھوشیار و ئازادیخواز شەرم دەکات، کە لە وەھا کۆمەڵگەگەلێکدا دەژی. کەچی ژنە فێمینستە بۆرجوازییەکان و پیاوانی زۆربڵیی لاساییگەرەکانی کورد، سیستەمە بۆگەن و گەندەڵەکەی سەرمایەداریمان لێ دەکەن بە سیستەمی ئایدیال و کۆمەڵگەکانمان لێ دەکەنە بەھەشتی خەونەکان.

لێرەدا لە وەڵامی ئەو ھەمووە درۆ و ساختەسازییەی نووسەرانی سەر بە ڕەوتی نیئۆلیبرالیزم و ڕەوتی فێمینیزمی بۆرجوازی، تەنیا نموونەیەکی زیندوو لەو بەھەشتەی کە دەیکەنە خەونی منالان و ژنانی ناڕازی کوردستان، بەسە بۆ نیشاندانی ڕووی راستەقینەی ئەو پاگەندە بێبنەمایانەی کە ڕۆژانە لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و لە ستدیۆی کاناڵەکاندا دەرخوارمان دەدەن.

لێرەدا ولاتی ئاڵمان بەنموونە دەھێنمەوە، چونکە ھەم لە سەردەمی رژێمەکەی ھتلەر و ھەم لە ئەمڕۆشدا ڕامیاران و ڕۆشنبیرانی کورد (ئەوانەی کە میدیای بۆرجوازی کوردی ئەو نازناوەی پێبەخشیوون)، شەیدا و لایەنگر و پاگەندەگەری سیستەمی ئەم وڵاتە بوون و ھەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ساڵی ڕابوردوو کاناڵی (BBC) لەسەر ڕێوشوێنی ژنانی کۆمەڵگەی ئاڵمان ئامادەی کردبوو، موچەی ژنان لەچاو موچەی پیاوان لە ھەمان کاردا ٢٥٪ کەمترە و ڕێژەی ئەو ژنانەی کە پۆستی بەرزیان ھەیە و ڕێژی پۆستی ژنان لە بواری ڕامیارییدا لە چارەکی پیاوان کەمترە و کەمی ئەم ڕێژەیە لەنێو مامۆستا و دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆکاندا بەرچاوترە. ھەروەھا بەپێی ڕەخنە و ئامارەکانی ناوخۆی ئەو ولاتە ڕێوشوێنی ژنان لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بەم جۆرەیە؛ بەپێی بەڵگەکانی خاتوو (Cristine Kronenberg) ئەم ڕێژەیە لە کارخانە و کۆمپانییە تایبەتەکاندا لە بەرامبەر ھەمان کاردا کرێی کاتژێرێکی ژنان ١٥٪ کەمتر لە ھی پیاوانە و لە کاری دەوڵەتیشدا -کە نیئۆلیبراڵەکان و فێمینیستە بۆرجواکان بە سەرچاوەی بوونی ئازادی و یەکسانی و دادپەوەری دەزانن- بۆ ھەمان کار کرێی کاتژێرێکی ژنان ١٠٪ لە ھی پیاوان کەمترە. ھەروەھا لە خێزانەکاندا نایەکسانی لەنێوان خەرجی ڕۆژانەی کوران و کچاندا ھەیە. شایانی باسە ئەم خاتوونە (Cristine Kronenberg) نووسەرێکی خۆشباوەڕ بە دەوڵەت و یاسا و دیموکراتییە و ئەگەر ئەو چاویلکە خۆشباوەڕانەیەی لەچاو بکەیتەوە، ئەوا ئەو ڕێژانە زۆر لەوە زیاترن. لەمەش واوەتر لە ھەر شارێکی ئەم وڵاتە دەیان پەناگە و یانەی ژنان ھەن، کە ژنانی تێھەڵدرا و ھەڵھاتوو ڕوویان تێدەکەن و خۆیان دەشارنەوە و لێدان و کوشتنی ژنانش تەنیا لەلایەن خەڵکی کۆچەرەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لەلایەن خەڵکانی ئەو ولاتەشەوە ئەنجام دەدرێت.

نووسەرانی کورد بۆ دەرکێشانی شانی ناسیونالیزم و دەسەلاتە بۆرجوازییەکەی لەژێر باری ڕەخنەی ژنانی نارازی و ئازادیخواز، زۆر نادەربەستانە ھەموو سووچی چەوسانەوەی ژنان بۆ ئایینی ئیسلام دەگێڕنەوە و لە بەرامبەردا پەنا بۆ کۆمەڵێک درۆ و ڕازاندنەوەی ئایینە بۆگەنەکانی دیکەی وەک زەردەشتی و یەزیدی دەبەن. ھەڵبەتە ئەوە نکۆڵی ھەڵناگرێت، کە ئایینی ئیسلام وەک ھەموو ئایینەکانی دیکە، بەشێکە لە بیرکردنەوەی بەسەرچووی مرۆڤایەتی و بەپێی سروشتە کۆنەپارێزییەکەی باشترین ئامرازی دەستی چەوسێنەرانە. بەڵام لێرەدا پرسیارێک یەخەمان دەگرێت، ئەگەر سەراپاو ڕێشەی چەوسانەوەی ژنانی کوردستان، ئایینی ئیسلامە، ئایا پێش ھاتنی ئەم ئایینە لەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ بە کوردستان ناسراون -چونکە ئەوکات نە کوردستان ھەبووە و نە عەرەبستان- و بە پاگەندەی ناسیونالیستەکان خاوەنی ئایینی زەردەشتی و یەزیدی بوون، ژنان نەچەوساونەتەوە و لەتەک پیاوان یەکسان بوون؟ ئایا ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و سوورانە و مارەیی و کڕین و فرۆشتن و گۆڕینەوەی ژن وەک کاڵا باو نەبووە؟ ئایا لوت و لچ بڕین و سەرتاشین و سواریکەرکردن نەبووە؟ ئایا سەربڕین و شاردنەوە و شاربەدەرکردن نەبووە؟ ئایا ئەوانەی کە بە بەھەشتی زەردەستی و یەزیدی خۆشخەیاڵمان دەکەن، دەتوانن ڕێوشوێنی یەکسانی ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی ژنان لەو سەردەمانەدا بسەلمێنن؟

ئەوەی نووسەری کورد خەریکیەتی و دەیەوێت بیپارێزێت، شتێکە بەناوی کولتووری نەتەوەییی و دەیانەوێت بمانخەنە سەر ئەو بڕوایەی کە کولتووری ئەوان لە ھی نەتەوەکانی دیکە پاکژترە و ھاوکاتیش خەریکن کولتوور وەک شتێکی نەگۆڕ و بەستەڵەکئاسا وێنای دەکەن. ئەوان تەواوی کات و لە ھەموو نووسینەکانیاندا دەیانەوێت دوو شت بشارنەوە؛ یەکەم دەسەلاتی کولوتوور و ڕۆڵی لە کوشتوبری ژنان و بێمافی مناڵاندا، دووەم بەکاربردنی ئەو دەسەلاتە کولتوورییە وەک کۆڵەکەی دەسەلاتی سەپێنراوی چینایەتی بۆرجوازی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕامیارەوە و بەخەرجدانی بەشێکی زۆری سامان و داھاتی کۆمەڵگە بۆ دەستەمۆھێشتنەوەی تاکی ژێردەستە لە چوارچێوەی ئەو کولتوورە نەگۆڕەکەی نێو خەیاڵی نووسەرانی کورد.

لە کاتێکدا کە نووسەرانی کورد خەریکی دەرکێشانی لاقی کولتوورە نەتەوەییەکەیانن لە لیتەی ستەم و چەوسانەوەی ژنان و دەیانەوێت بیخەنە پاڵ ئایینێکی -بەقسەی خۆیان ناکوردی- سەپاو، کەچی لەو لاوە ھەم نووسەران و ھەم ڕامیارانی ناسیونالیست لەسەر ئەوە کۆکن و پێی لەسەر دادەگرن، کە ئایینی ھاوبەش یەکێکە لە مەرج و کۆڵەکەکانی نەتەوە، کە لە پرسی نەتەوەبوونی کوردا تەنیا ئایینی ئیسلامە، کە دەتوانێت تەنیا کۆڵەکەبوون و مەرجبوونی نەتەوەبوونی کورد بێت، ئەگینا کورد نە یەک زمانی ھاوبەشی ھەیە و نە کولتووری ھەموو ناوچەکان لەیەک دەچێت و نە ڕێسا (ترادیشن)ە ناوچەییەکانی وەک یەکن. ئەدی چۆن دەتوانن ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام کە تاکە مەرج و کۆڵەکەی ناسیونالیزمەکەیانە بگرن، لە کاتێکدا کە ئایین بە بەشێک لە کولتووری نەتەوە دادەنرێت، ئایا دەکرێت ئایینی نەتەوە مرۆڤکوژ و کولتووری نەتەوە پاکژ و مرۆڤدۆست بێت؟

زۆرێک لە نووسەران پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری یاسا -یاسای بۆجوازی-و ڕێگەچارەی بنبڕکردنی کوشتوبڕی ژنانن، ئەمە لە کاتێکدا کە لە ھیچ سەردەمێکدا ھێندەی سەردەمی دەسەڵاتداری بۆرجوازی کورد -بیستویەک ساڵی رابوردوو-، ژن لەسەر پرسی کۆمەلایەتی -مەبەست لە دەرەوەی جەنگی میلیتێری و ڕامیاریدا- نەکوژراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لەتەک ڕۆژانی یەکەمی گەڕانەوەی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی لە ئوردووگەکانی ئێرانەوە، ڕەشەکوژی ژنان دەستی پێکرد و زۆرێک لەوانەی کە ئەمڕۆ زوڕنای فێمنیزمی بۆرجوازی لێدەدەن و زۆرێک لەوانەی کە لە ڕێکخراوەکانی (NGO)دا کاردەکەن و سەراپای ڕێکخراوەکانی بەناو ژنانی سەر بە پارتەکانی بەرەی کوردستانی و پارتۆکە جیابووەکانی دواتریان، ئەوکات لەژێر پەردەی نامووسپەرستی و بیانووی دەستتێکەڵی ژنانی کوژراو لەتەک ڕژێمی بەعس، پاساویان بۆ ئەو ڕەشەکوژییە دەھێنایەوە*، کە ئەوڕۆکە لە درێژەیدا ھەژماری قوربانیانی ھێندە گەورەیە، کە مرۆڤ شەرم لەوە دەکات، خۆی بکاتە خاوەنی کولتووری کوردی. ھەڵبەتە لەکاتێکدا چەکدارەکانی بەرە ژنانیان تیرۆر دەکرد و ئەو کەسانەش لەسەرەوە ناوم ھێناون پاساویان بۆ دەھێنایەوە، کە بە سەدان ھەزار چەکداری نێرینەی خۆفرۆش لەلایەن ھەمان بەرەی کوردستانییەوە، لێبوردنی گشتی و نازناوی چەکداری شۆڕشگێڕیان پێبەخشرابوو. ٢٠ ساڵە ئەم پرسیارە بەرۆکم بەرنادات؛ ئەو جادووە چییە، کە وای لە ژنانی نووسەری کورد کردووە، کە بانێک و دوو ھەوای کولتووری نەتەوەیی و ڕامیاریی ناسیونالیزمی کورد و بەرە کوردستانییەکەی، لەماوەی ٢١ ساڵدا، لەلایان نەبووەتە جێی سەرنج و تێڕامانی قوڵ؟

لەوانە ھەمووی فریودەرتر، پاگەندەی ژاراویی فێمینیستانی سەربە ڕەوتی نیئۆلیبرالیزمە لە کوردستان، کە دەیانەوێت، چاوی ژنانی ناڕازی لە ئاستی ڕۆڵی دەسەڵاتی کولتووری و دەسەلاتی ڕامیاریی لە کوشتوبری ژناندا پەردەپۆش بکەن و ھەموو تاوانەکە بخەنە پاڵ پیاو چ وەک تاک و چ وەک ڕەگەز، ئەمەش جۆرێک ڕێخۆشکردنە بۆ پاگەندەی ئازادبوونی ھاولاتییان لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کە بۆ دیسانەوە بۆ ئەوەی پێی سیستەمەکە لە لیتەی چەوسانەوەی ژنان پاکژ بکەنەوە، کۆمەڵگەی کوردستان بە پاشکۆی دەرەبەگایەتی ناودەبەن، تاوەکو وێنای پیاوی تێدا وەک تاک و ڕەگەزی باڵا بکەن و ژنان بەوە خۆشباوەڕ بکەن، کە لە سیسەتمی سەرمایەداری پێشکەتوودا ژنان و پیاوان ھەموو ئازادن و ھەمووان لە سایەی بازارئازاد و دیمۆکراتییەتەکەیدا بە بەھەشتی سەر زەوی شاد دەبن.

لە کۆتاییدا، بەگشتی دەبینین ڕۆژی ٨ی مارس چ لەلایەن لایەنە چەپەکان -بە کۆن و نوێوە- و چ لەلایەن لایەنە راستەکان -بە مەزھەبی و نەتەوەیی- و دەسەلاتدارانەوە، کراوەتە ڕۆژی شایی و ھەراجی پاگەندەکردنی ئایۆلۆجییەکان و لە خشتەبردنی ژنان و ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی لەدەستداوە، ئایا ئەم ھۆکارانە بەس نین بۆ ئەوەی واز لە ڕۆژی ٨ی مارس بێنین و ٣٦٤ ڕۆژەکانی دیکەی ساڵ بکەینە ڕۆژانی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە ژن و پیاو و مناڵ و پیر و نیشتەجێیان و پەناھێنەران و کرێکارانی کۆچەر و نەتەوە و کەمەنەتەوە و ھەڵگرانی ھەموو ئایینەکان ؟
__________________________________
پەراوێز:
* چەند ڕۆژ پێش ٨ی مارسی ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی، لەتەک دوو ھاوڕێی دیکەدا ئەرکی سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە پارتەکان و لێژنەکانی بەرەی کوردستانیمان پێ سپێردرابوو، لە ھەموو سەردانییەکاندا تەنیا لەتەک دوو شت ڕووبەڕوو دەبووین، یەکەم گاڵتەکردنیان بە یادی ڕۆژی ٨ی مارس و دووەم پاساوھێنانەوەی نامووسپەرستی و سیخوڕیی بۆ ئەو ڕەشەکوژییەی کە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی لە دوای ڕاپەڕینەوە پێیھەستابوون و لە بەرامبەر ئەو پرسیارەدا "ئەی بۆ چەکدارە نێرینە خۆفرۆشەکان نەکوژران و بەپێچەوانەوە کرانە شۆڕشگێڕ؟"، پەنایان دەبردە بەر تۆمەتبارکردنی ئێمە "ئێوە ئاژاوەچین".
 

١٠\٣\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک