په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٣\٢٠١٤

٨ی مارس خەباتێکی نەپساوە بەرەو ئازادیی و یەکسانیی.

شاخەوان شۆڕش     

رێز و خۆشەویستی بۆ ژنانی ئازادییخواز لە کوردستان و جیھاندا.
ئەو رۆژە لە ژنانی کوردستان و جیھان پیرۆزبێ.


٨ ی مارس کە وەکو رۆژی ژنان ناسراوە و ھەموو ساڵێک لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە و دروشم بۆ ئازادیی و یەکسانیی ژنان بەرزدەکرێنەوە بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان خۆپیشاندان و پرۆتستۆ بەم بۆنەیە بۆ یەکەمجار لە ٣ ی مانگی مای ساڵی ١٩٠٨ دا لە شاری شیکاگۆ سازکرا.


لە ئۆگۆستی ١٩١٠ دا لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ژناندا کە لە کۆپنھاگن بەسترا لەوێدا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەلایەن کەسایەتی سۆسیالیستی ئەلمان لویس زیتچ Luise Zietz و دواتر کلارا زیتکین Clara Zetkin پێشنیارکرا کە ساڵانە رۆژێکی نێونەتەوەیی بۆ ژنان دیاربکرێت. ئەوسا ھیچ رۆژێک دیار نەکرا. پاشان لەلایەن ١٠٠ نوێنەری ١٧ وڵات ئەو بیرۆکەیە پەسندکرا. ستراتیژی ئەوان ئەوە بوو لەو رۆژەدا داوای یەکسانیی مافەکان لەوانە یەکسانیی دەنگدان لەھەڵبژاردندا بکرێت. ساڵی دواتر لە ١٩ی مارسی١٩١١ دا لە ئۆتریش و دانیمارک و ئەلمانیا و سویسرا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی گەورە بۆ یەکسانیی مافەکان و ئازادیی ژنان روویاندا. لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنان لە ساڵی١٩١٤ دا کە لە ٨ ی مارسدا بەسترا، وەکو دەڵێن لەبەر ئەوەی یەکشەم بووە. ئەوسا لە ئەڵمانیا سەردێری دروشمەکان ئازادیی ژنان لە دەنگداندا بوو. لە ساڵی ١٩١٨ دا ژنانی ئەڵمانیا بەو مافە گەیشتن. لەوساوە واتە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەو رۆژەوە ٨ ی مارس بە رۆژی ژنان ناسراوە لە ھەموو جیھاندا دانی پێدا دەندرێت و یادی دەکرێتەوە.


لە رۆژی ژناندا دروشمەکانی یەکسانیی لە ماف و ئازادییدا و یەکسانیی لەنیوان ژن و پیاودا لە کۆمەڵگەدا داوایان کراوە و دەکرێتەوە، لەبەرئەوەی ژنان بەھۆی جوداکاری و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی، ئابوری و رامیاری لە زۆر لە وڵاتانی جیھاندا بەتایبەتی نادیموکراسیەکاندا ئازار دەچێژن. لە وڵاتە پێشکەوتووە دیموکراسیەکانی رۆژئاوادا زۆر لە کێشەکان چارەسەر کراون بەڵام ھێشتا کێشەی یەکسانیی بەتایبەتی لەبواری موچە و دەسەڵاتدا بەجۆرێ لە جۆرەکان ھەر ھەن، چەوساندنەوە و دەستدرێژی لەلایەن پیاوانەوە ھەن.


خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان لە وڵاتانی کۆنەپارێز و نادیموکراسیدا رێگەکەی زۆر سەختە و ئەگەری ھەموو جۆرە کاردانەوەیەکی دڕندانە لەبەرامبەر ژنانی ئازادییخوازدا ھەیە. لەو وڵاتانەدا بەتایبەتی وڵاتە موسوڵمانە کۆنەپارێزەکاندا ژنان لە زۆربەی مافەکانیان بێ بەشن، بۆیە ئاستی چەوساندنەوەی ژنان زۆر بەرزە و ساڵانە بەسەدان ژن دەبنە قوربانی دەستی دەرھاویشتەکانی کۆنەپارێزی ئایینی و کەلتوری و پیاوسالاری. کوشتی ژنان لەسەر شەرەف تا ئێستا دیاردەیەکی زۆر دیارە و ئەو تاوانکارییە رۆژانە روودەدات. پێشیلکاری مافی ژنان دەکرێ یاساییانە یا نایاساییانە بێت، ئەوە بەپێی وڵات و کۆمەلگە دەگۆڕێت. دەکرێ پیشێلکاری و چەوساندنەوە بەپێی یاسا لەوڵاتدا رەوا کرابێت. دەکرێ رەوتی کۆنەپارێزی و پیاوسالاری ئایینی و کەلتوری کۆمەڵی یاسای نەنوسراوەیان سەپاندبێت و لە کۆمەلگەدا پیادە دەکرێن.


لە کوردستاندا بەگشتی ژنان رۆژانە بەرەوڕووی چەوساندنەوە و جوداکاری دەبنەوە، رۆژانە بەروەرووی تیرۆر و کوشتن دەبنەوە. بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان یەکێ لەو کۆمەڵگانەیە کە خەباتی ژنان بۆ ماف و ئازادییەکانیان بە رێگەیەکی سەختدا دەروات و کۆسپی زۆری لەبەردەمدایە.


گومان لەوەدا نییە بە ھەوڵ و خەباتی ژنان و ھەموو ئازادییخوازانی کۆمەڵگە دەکرێ دەستەبەری مافی زیاتر وزیاتری ژنان لە کوردستاندا بکرێت، بۆیە ھەوڵ و تێکۆشان لەو بوارەوە ئەرکی لەپێشی ھەموو ئازادییخوازانە.


مۆدێرنکردنی کۆمەلگە و کرانەوە لەسەر بنچینەی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسیەکان تاکە رێگەی راستی کۆمەڵگەی کوردستانە کە دەتوانێ کۆمەلگە بگەیەنێتە ھەوارێکی تاڕادەیەکی باش ئارام و یەکسانخواز و ئازادییخواز.


بژی ئازادیی و سەربەخۆیی ژن.
بژی ئازادیی و یەکسانیی لە نێوان ژن و پیاودا لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا.
بژی مافەکانی مرۆڤ.

___________________________
سەرچاوە: http://en.wikipedia.org/wiki/International_Women's_Day

 

٨\٣\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان شۆڕش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک