په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٧

٨ی ئاداری ٢٠١٧.

ئێڤار ئیبراھیم*     

 

بە تەنھا دیاری کردنی رۆژێک بەس نیە بۆ باسکردن و بیرخستنەوە یان دەرخستنی مافەکانی نیوەی کۆمەڵگا و دایکی نیوەکەی تر، پێویستە ھەموو رۆژێک رۆژی جێبەجێکردنی مافەکانیان بێت، کێشە و گرفت و جیاوزاییەکان ھێندە زۆر و کەڵەکە بووە ناتوانرێت بەتەنھا لە ٨ی ئادار بخرێتەروو یان ھەوڵی بەرەنگاربونەوەی کێشەکانی سەر ژنان و ئالیەت و میکانیزم ئەو بەرەنگاربونەوەیە بدرێت و جێبەجێ بکرێت.

کێشەکانی ژنانیش جیاوازە، بەشێک لە کێشەکان بە داخەوە ژنان خۆیان ھۆکارن، بەشێکی تریشی پیاوان و جیاوازی چینایەتی و رەگەزی، کۆمەڵگا و داب و نەریت، زاڵبونی کاریگەری حیزبایەتی ھۆکارە، ژنان یەکگرتوونین دەنگ و رەنگە جیاوازەکان لە ژێر یەک چەتر کۆنەبونەتەوە، زۆر ھۆکاری تر ...

یەکگرتوی و یەکڕیزی ژنان تاکە خاڵی بەھێزە بۆ گەیشتن بە مافە رەوا و بەدینەھاتوەکان و گەیشتن بە خەونەکانیان کۆتای ھێنانی ریشەی نەھامەتیەکان، کەم کردنەوە یان نەھێشتنی جیاوازیەکان و توندوتژی خێزانی و ئاریشەکان لە کۆمەڵگادا، ناکرێ تۆ لە ناوخۆی ئەو چینەدا یەکرگرتوو و یەک دەنگ نەبی و داوای بەدەستھێنانی ماف و نەھێشتنی جیاوازیەکانی کۆمەڵگا بکەی، ئەبێ چیتر کەمتەرخەم نەبن ھەنگاوی کرداری بنێن دەست لەناو دەست بۆ وەلانانی بەرژەوەندیە لاوەکیان، کاربکەن بۆ رۆڵ و ئەنجێندا و بە دەستھێنانی دەستکەوتی گەورە بۆ دوارۆژێکی گەش، بجەنگن ئەو جیاوازییە ببێتە پاراستنی شکۆ و بە دەستھێنانی مافەکان.

بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا رۆڵیان لاوازبوە لە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان یان ھیچ نەبێت کەمکردنەوەی توندوتیژی سەر ژنان کە رۆژ بە رۆژ مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ ئامارەترسناکەکان روو لە زیادبون دەکات و تۆماردەکرێت، لە کاتێکدا بەرپرسیارن لەبەرامبەر دابین کردن و پاراستنی مافی ئافرەتان لە ھەموو رویەکەوە، بەڵام کەم تەرخەمن و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەی لەسەر شلنیانە وەک خۆی جێبەجێ نەکردوە، پرسی ژنانیان بە بەھەند وەرنەگرتوە.

ھەموو قەیران یان شەڕ و جەنگێک کە روو لە وڵاتێک دەکات، کاریگەری سلبی نەرێنی زۆر لەسەر ژنان دروستدەکات، لە ئێستاشدا قەیرانی دارایی و ئابوری و سیاسی دروستکرا و سەپێنراو لە ھەرێم کاریگەری و زیانی زۆری ھەبووە بۆ سەرژنان، زۆر ژن ھەبووە بەھۆی قەیرانی داراییەوە مێردەکەی لێی جیابۆتەوە، یان رۆژانە توندوتیژی بەرامبەردەکرێت و رۆژانە رووبەڕووی ئەو توندوتیژییە جۆربەجۆرەکان دەبنەوە.

ھەوەھا شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش چەندین ئافرەتی کورد بێتاوان بوونە قوربانی گیانیان لەدەستدا شەھیدبوون، لە شەنگال بە ھەزاران ژن و کچی خوشکە ئێزیدیەکان دوای داگیرکردنی ناوچەکە کەوتنە دەست داعش و رفێنران، شەھید کران، کرێن و فرۆشتنیان پێکرا، شوێن بزرکران، رووبەڕووی کێشەی گەورەی دەرونی و جەستەی بونەوە، ئەوەی پێویستە بۆیان بکرێت قەرەبوکردنەوەیانە لە ھەموو روویەکەوە، ئازادکردنی ئەوانەشی کە تاوەکو ئێستا لە ژێر دەستی داعش ماونەتەوە.

گرینگە سوود لە ئەزمون و رۆڵی ژنانی رۆژئاوا ببینین چونکە ئەو قارەمانیەتی ی و سەرکەوتنە مەزنەمان بینی لە کە بەرامبەر بە دوژمنانی ماف و ئازادی تیرۆریستی داعش نواندیان و توانیان سەرنجی وڵاتانی دەرەوە بۆلای خۆیان رابکێشن و بونە جێگای شانازی میللەتی کورد، دەکرێت ئەو ئەزمونەی ئەوێ بۆ پارچەکانی تری کوردستان بگوزاینەوە.
____________________________________

* ئێڤار ئیبراهیم: سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان.

 


evaribrahem.parlaman@yahoo.com
٨\٣\٢٠١٧

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک