په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٨

    هەشتی مارس و چرایەک لە خامۆشیی.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ھەشتی مارس
تەمێکی ناوەختی نیگەرانیە و
بۆ من یەک ڕۆژ و ساڵ نیە
یەک ووشە و یەک کتێب و
یەک فەرھەنگیش نیە
ھەشتی مارس
بێدەنگی ئەستێرەکان و
چرای خامۆشی شەوان و
کاتژمێری توند و تیژییە
ھەشتی مارس، پەپولەیەکی ناسکە
دار سنەوبەرێکی باڵا سەوزە
چوار وەرزی ساڵ خەم ئەچنێتەوە
شەقامێکە بەردەوامە، بەڕووی عاشقا
ئازارێکی زۆر ناوەختە و
ھەموو ڕۆژێ دەکرێتەوە.


٢
ئەو ڕۆژەی کەلێم زیز دەبی
تەمو مژێکی ناوەخت
پەردەی دڵم داگیر دەکات
دڵم پڕدەبێ
لە باخی چرۆی گریان و
ناتوانم لە حەوشەی دڵما
تێر تێر بنوم
ڕوخسارم ماتەم دایدەگرێ و
تەنھا وشەیەکیش
بۆ گوڵ و گەڵاو خۆشەویستی تۆ بنوسم.

٣
شیعری من شەپۆلی بارانە و
ھەندێ جاریش شینایی ئاسمان و
خوڕەی دەریایەکی ئەوین
ھەندێک جاریش
توڕەیی ڕەشەبای ناوەخت و
پێکەنینی سەفەری ھەتاو
ھەندێ جاریش تەنھا عەشقێکە و
عەشقی خونچەی تازە کراو.


٤
بەم پایزی خەزانەوە
بەم وەرزی گۆرانی پڕ لە ڕەیحانەی جوانەوە
وەرزی تریفەی گوڵی سورە ،،
یان ژنێکی سەراب پۆشی عەشقی ناکام
ئەمە ھەناسەی باخێکی بێوەژنە
یان ئازاری نێو کەشتیەکی غەریبیە
یاخود جەستەی کیژۆڵەیەکی پڕ لە زام.


٥
ھێندە چاوەڕوانم کردی
خورپەی دڵم بوو ، بە ڕەنگی پرسیار
بەلام وەختێ گەڵای ڕۆحت گەیشت
بووم بە وەڵامێکی ڕووت و
پڕت کردم لە گۆرانی و ئاوازی شار.


٦
ئەو ڕۆژەی ژنە ئەنفالێ
لە بیابانی عەر عەرەوە
پەنجەرەی دڵی کردەوە و
چەند ماچی شەرمنی دامێ
بۆنی ھەناسەی سوتاوو
قەدەری غەریبی ڕۆژگار
بوون بە خوڕەی ئاوی ڕووبار.

٧
ئەی شۆڕە ژنە شۆخەکە
ئەو ساتانەی وەکو حەوا
بەدەم خواردنی سێوێکەوە
ڕووت و قوتی،،،،
چاوم ئەبێتە وەرزی باران و
دوو باڵندەی سپی دەبینم لەناو سنگتا
دەبمە سێبەری گۆڕستانی غەم
لەسەر گۆی مەمکت ئەنیشمەوە
دەبمە کۆترێکی ئاشتی
چرای ڕووناکی شەقام و
شەقەی باڵی مەلێکی بەجێماوو
سەرو سیمای تێکەڵاوو پەشۆکاوی
قژت ئەخوێنمەوە
تۆ باخچەیەکی لە خەیاڵم
تەماشام نیوە شەوێکی سامناکەو
خەریکە باڵ دەگرێ
ژنێ بەو ھەموو جوانیەوە
بەو ھەموو ناسکی و عەشقەوە
چرای پەنجەکانی دا ئەگیرسێ.


٨
ئەی ڕۆحی ئاسمانی من
تۆ بەو سیما نەرمیەی خۆتەوە
وەرە با لە ژیان نەوەستین
باوەشی گەرمم پیاکە
منیش بە پیاسەی شنەی با
فێنک فێنک دێم و
قژی جوانت شانە دەکەم
ئاڵ ئاڵ وەرەوە با بەردەوام بین.


٩
بوومە دەنکێک مرواری و
لە ڕۆحی سینەی دەریادا مامەوە
لە دەریای ئەشقی خۆما گریام
لە بێژنگی تێر ئاوت دام
بە لەنجەو لار بەدەوری خۆمدا خولامەوە
بەشێکم لێ بوو بە بەفر و
ھەر زوو بەسەر نەشئەی گیانتا توامەوە.


١٠
شعرەکانم بە خامۆشی لای خۆم خەواند
چرایەکی بچکۆلانەی تەنھاییم
لەنێو ژورەکەمدا داگیرساند
نەکا درەنگانێکی شەو
کە بەخەبەر دێن و ھەڵئەسن
لە تاریکیدا بکەون.

١١
ئەو ڕۆژەی پۆلێ باڵندە
بە دوای گوڵی لێوتا گەڕان
دەیان وت عاشقی درەختین
مانگیش ھێواش ھێواش
ڕەنگی پەلکە زێڕینەی گرتبوو
گوێ بە ئاوازی دڵت بگرێ
ئەی وتت من عاشقی گیتارم
ئێوارەیەکیش پەیڤەکانی منیش
لێت دەگەڕان بوونە عاشق
بە ھەتاو و ،، پڕ تریفەی شعرەکانت.


١٢
خەوم بینی لە خەونمدا
قەڵەمەکەم تەنھایی نوسیەوەو
بوو بە وشە
ووشەم بو بە شمشاڵ و گۆرانی
شمشاڵیش باڵندەیەکی ناوەخت بوو
ئاوازی نا ئومێدی ئەژەنی ،، بۆ ئازادی.


١٣
ئەو ڕۆژەی ھەناری ھەڵەبجە گریا
خونچە گوڵی شعرێک لەدایک بوو
شعرێکی تاریکیم پێ نووسی
ئاوی چاوم بوو بە ڕوبار
زایەڵەی شعری ھەڵەبجە
بوونە فرمێسک ڕژانە خوار.


١٤
ڕۆژێک لە قەڵەمەکەم توڕە بووم و
بڕیارمدا ئیتر شعری پێ نەنوسم
پەنجەیەکی تۆم کرد بە قەڵەم و
ئامادەبووم جوانترین شعر بنووسم
بەڵام شنەبای ھەناسەی تۆ
پەڵەی ھەوری پێچایەوەو
قەڵەمی لەدەست فڕاندم
قەسیدەیەکی پڕ بارانی
شۆخ و شەنگی بەھارانی
بۆخۆی نوسی.


١٥
ھەمیشە سوتانێک لە ڕۆحمایە
وەک ئاگری کەنارێکی
نێو سۆپای لادێ نشین
کە ئاگرەکەش کز دەسوتێ
دڵی منیش دەبێ بە پشکۆ
١٦
چوومە سەر لوتکەی شاخێکی بەرز
کەوێکی جوانکیلەم بینی
ھەر بەدەنووک شعری ناسکی بۆ دەوتم
بەڵام ئەوەی من گوێم لێ بوو
ھەر چیاو بەفرو باران بوو.


١٧
مەزنترین مرواری خەڵاتی من
ئەو وشانەن دوای خوێندنەوەی شعرەکانم
بۆت دەنێرم
ئەو چەند وشە ناسکانەن
پڕن لە لەزەتی ماچ و عەشق و خۆشەویستی
بۆیە سەر لەنوێ شعرێکی جوانت بۆ دەنوسم.


١٨
کاتێ وتت خۆشم ئەوێی
نا ئومێدی وەکو گەڵا ھەڵ ئەوەرێ و
ئیتر وشەی خۆشم ئەوێی
لە گوێچکەمدا دەبێتە رەشەباو
مۆسیقاش دەبێتە ئەستێرە و
دەبمە تریفەو نیشتیمانێکی جوان.

١٩
رۆژێ روناکی قەڵەمەکەم
رووخسەتی شەوێکی لێ وەر گرتم
بە دوو قۆڵی چوینە دەرێ
دوو تاڵ لە قژی خۆیان
کردبوو بە سەر دێڕی جوانی
تا بەیانی گۆرانیان بۆ عەشق ئەوت
بڕیاریاندا ھەموو شار بکەن بە شاعیر.


٢٠
ھەمیشە دەستێکم بۆ پێنوسە و
دەستەکەی ترم لە گەردنتایە
پەنجەکەی ترم گوڵی شعری دەوێ و
ئەوی تریان نازی خۆشەویستیت.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک