٢٤\٨\٢٠١٤
بیرەوەریی
گەریلایەکی پەکەکە:
هەشت شەهیدمان
هەبوو.
زەینەب ئاڤشین |
وەرگێڕانی: رێبوار
|
دەستپێکی وەرزی پایز بوو ، ئۆپەراسیۆنەکەمان
بەناوی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕانە بە هەموو خێرایی و گەرم و گوڕیخۆیەوە
بەردەوام بوو ، پێویست بوو بەزوترین کات بگەینە ( گۆستێ ) ، دوای ئەوەی
گەیشتینە گۆستێ فڕۆکە جەنگێکانی تورک دەربەندەکەی بە شێوەیەکی چڕ و پڕ
بۆردومان کردبوو بەڵام خۆشبەختانە هەڤاڵان هیچ زەرەرێکیان لێنەکەوتبوو
، ئێمە بە قەدپاڵی ( کورێ مزگەفتێ ) لە شوێنێکدا جێگیربوین و چاوەڕێی
فەرمانی هەڤاڵان ڕەشید و چیچەکمان دەکرد ، دوو سێ ڕۆژێک لەم شوێنە
ماینەوە ، هەڤاڵانی نانەواچێکانمان لەبەردەم چەمی ( حاجی بەگ )
بەشێوەیەکی نامەبەستانە شوێنی خۆیان بۆ هێزی دوژمن ئاشکرا کردبوو فڕۆکە
جەنگێکانیش بە خەستی ئەوێیان بۆردۆمان دەکرد ، خۆشبەختانە لەوێشدا
زیانێکی گیانیان لێنەکەوتبوو ، بەڵام چەند هەڤاڵێکیان بریندار ببوو ،
گروپێکی گەڕۆکمان بریندارەکانیان بەرەو خواکوڕک بردبوو ، ئەم ڕووداوە
لە ١٢ و ١٣ ی ئەیلولی ٢٠١٢ هاتە ئاراوە ، گروپە گەڕۆکەکەمان لەگەڵ
بریندارەکاندا دوای چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێری فڕۆکە سیخوڕەکاندا
گەیشتبونە خواکوڕک ، گروپێکمان کە بۆکاری دابەشکردنی ئازوقە لە
هەرێمەکەدا ئەرکدارکرابون دوای ئەوەی چەمی حاجی بەگ تێدەپەڕێنن فڕۆکە
سیخوڕەکان کەشفیان دەکەن و لەئاکامدا فڕۆکەیەکی زۆری سەربازی هێزی
دەوڵەتی تورک گەیشتنە ناوچەکە و بۆڕدۆمانێکی زۆریان کرد ، لەم
بۆردۆمانەدا هەڤاڵ نعمان سەرهات شەهید ببو هەروەها ئازوقەیەکی زۆریش
لەناوچوبو لەگەڵ لەدەستچونی چەند هێسترێکدا ، وورەی پتەو و خۆڕاگری و
ڕووحی شۆڕشگێڕانەی پۆڵاینی هەموو هەڤاڵان بەرامبەر ئەم جەنگەی دوژمن
زەرەرێکی زۆری لە هێزی دوژمن دابوو ، بەڵام لە هەندێک شوێندا هەڤاڵان
کەم تەرخەمیان کردبوو هەروەها کاروباری ناجدییەت هاتبووە ئاراوە ،
کاتێک کە هێزێک دەچێتە هەرێمێکەوە بۆ شەڕ هەروەکو چۆن دەستپێکەی گرنگە
دیاریکردنی کۆتاییەکەشی بەهەمان شێوە گرنگە ، هەربۆیە پێویستە
پیلانسازیەکی باش بکرێت و ئاوڕ لە هەموو ووردەکاریەکان بدرێتەوە بەڵام
کارکردن و جوڵانەوەی کەموکوڕیانە ببووە ڕێگر لەو سەرکەوتنەی کە
ئامانجمان بوو.
لە ١٤ ی ئەیلولدا ٢٠١٢ فەرمانێکمان بۆهات داوامانلێکرا کە بچین بۆ
دەربەندی ( ئەولیا ) ، ئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە دەبوایە بکەوینەڕێ
فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ڕێگاوبانەکانی ئێمەیان بۆڕدومانکرد ، لێرەشدا
خۆشبەختانە هەڤاڵان هیچ زەرەرێکی گیانیان نەبوو ، کاتێک گەیشتینە
قەدپاڵی دەربەندنی ئەولیا چاومانکەوت بە هەردوو فەرماندە ڕەشید و چیچەک
کە هەردوکیان ئەمەکدار بوون و ئەرکێکی زۆریان کەتوبووە سەرشان ،
کەچاومان پێکەوتن هەستمان بەهەیەجانێکی زۆر کرد ، لەگەڵ دیتنی ئەم دوو
هەڤاڵە وانەی شێوازی شەڕ فێردەبوین و لە بواری بێئەزمونیدا ڕزگارمان
دەبوو ، هەرفەرماندەیەکمان مێژوویەک بوو تەنها ئەوەندە پێویست بوو کە
ئێمە لە وانەکانی ئەوانەوە شت فێرببین ، بەگەیشتمان بەم شوێنەو دیتنی
ئەم دوو فەرماندەیەمان کار و ئەرکەکانمان چڕ ببونەوە ، پیلانسازییەک
کرابوو بۆ ئازادکردنی گردی ( شیکێرێ سپی ) کە بەدەست هێزی دوژمنەوە بوو
، گروپەکەی ئێمەیان بۆ بەشداربوون بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییە
بانگکردبوو ، ئەوەی ڕاستی بێت گروپەکەمان هەمووی گەنج و خوین گەرم و
دێوانە بوون ، ئێمە لەگەڵ ئەم گەنجانەدا چیمان پێنەدەکرا.
کە گەیشتینە شوێنی مەبەست هەڤاڵانی راگەیاندنمان بەکامیرەی خۆیانەوە
شوێنی خۆیان گرتبوو ، ئەوان سەرقاڵی ڕەپۆرتاژ بوون لەگەڵ هەڤاڵان ڕەشید
و چیچەک پاشان هەردوکیان بۆیانباسکردین کە هۆکارەکەی چییە کە ئێمەیان
هێناوە بۆ ئێرە و دەبێت بە زووترین کات کارەکانمان ئەنجام بدەین ،
هەروەکو هەموو جارێکیان بۆئەوەی ئاگەداری ڕەوشی چواردەوریان بن
دووربینەکانیان بەچاویانەوەبوو ، دوای چاودێریکردنی سەنگەرەکانی دوژمن
کەوتینە ناو گەنگەشەی ئەوەی کە دەبێت چی بکرێت بۆئەوەی ئەم چالاکییە
سەرکەوتن بەدەست دەخات ، لە هەمانکاتدا هەڤاڵان بێریتان ڕۆبسکی و
فەرزاد و جگەرخوێن و ئازاد ڕۆژهەڵات و هەڤاڵ کاوە کە چەندین ڕۆژ
لەشوێنێکی تردا لەناو شەڕ و پێکداداندا بوون توانیبویان ڕێیەک
بدۆزنەوەو خۆیان گەیاندبووە لای ئێمە ، سەرەرای ئەوەی ڕێیەکی زۆریان
بڕیبوو ماندوشبوون بەڵام هێشتا بەتین و گوڕ بوون و هەمیشە خەندە لەسەر
لێوانیان بوو ، کە بەیەک گەیشتین باوەشمان بەیەکدا کرد ، بەبێ ئەوەی
هەلبڕەخسێنن کە ئەم هەڤاڵانە پشویەک بدەن هەڤاڵ ڕەشید هەموومانی
کۆکردەوە و کۆبونەوەیەکی پێکردین ، چەند هەڤاڵێک دیاریکرا کە بۆ کەشفی
ناوچەکە بکەونەڕێ هەروەها دوو سێ هەڤاڵێکی ئێمەش کە شارەزای
ناوچەکەبوون لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە ئەرکیان پێڕاسپێنرا ، هەڤاڵان ڕەشید و
چیچەک خەریکی باسی ئەوەبوون بۆ هەڤاڵان کە بەباشی لە هۆکاری ئەم
چالاکییە تێبگەن و لەو چوارچێوەدا هەڵسوکەوت بکەن و لەمەسەلەکان نزیک
ببنەوە ، لەکۆبونەوەکەدا ئەرکەکانی گروپەکان دیاریکران ، بەشێوەی
پیلانەکە لە ٢ قۆڵەوە هێرشدەکرایە سەر مۆڵگەی دوژمن و دەبوایە گردەکەش
لەژێر دەستی هێزی دوژمن ڕزگار بکرێت ، ئەم هێرشە لە ١٥ ی ئەیلولی ٢٠١٢
کاتژمێر ٣ و نیو ئەنجام دەدرا ، زاتەن ئێمە ١٤ ی ئەیلول گەیشتبوینە
ئێرە ، لەهەمان ڕۆژدا کە گەیشتیبوینە ئێرە بە ڕۆژی ڕووناک هەڤاڵان
چالاکییەکیان دژ بە بارەگای هاروونە ئەنجامدابوو ، بەشێوەیەکی
قارەمانانە شەڕیان کردبوو توانیبویان چەندی سەنگەری دوژمن تەفروتونا
بکەن و بارەگاکە بکەنە ژێر دەستی خۆیانەوە ، دوژمن بەم چالاکییە زۆر
سەرسام ببوو ، لەم چالاکییەدا زەرەرێکی زۆر لەهێزی دوژمنداربوو هەروەها
ئێمەش ٨ گەریلامان لەو چالاکییەدا شەهید ببوون کە هەر یەکەیان سمبوڵی
ئازادی و تێکۆشان و بەرخودان بوو ، ئەو ٨ هەڤاڵەی لەم چالاکییەدا شەهید
ببوون ئەم هەڤاڵانە بوون ( کاروان گابار .. جومعە .. نەوال .. ئێکین ..
دونیا .. چنار .. مۆردەم و ئاشیلەر ) بوون ، ئەوان لە دەرونماندا شوێنی
تایبەتی خۆیان هەیە ، هەریەکەیان بوون بە مەشخەڵێک ، بەم شێوەیە ئەم
چالاکییەی کە ئەنجامی دەدەین تۆڵەیەکیش بوو بۆ ئەو شەهیدانەمان ،
پێشوتر فەرماندەکانمان لە نێوان خۆیاندا گەنگەشەی ووردەکاریەکانی
چالاکێکەیان کردبوو ، ئەرکێکی زۆر دەکەوتە سەرشانی گروپەکەی ئێمە
دەبوایە بەبێ کەموکوڕیانە ئەرکەکانی خۆمان بهێنینە جێ ، دەبوایە ئەم
چالاکییە لە ١٥ مانگدا ئەنجام بدرایە بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی چەند
گروپێک و هاتنە ئاراوەی چەند کەموکوڕییەک بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا.
هەرچۆنێک بوو دوا ئامادەکاری کراو هەڤاڵان کەوتنە ڕێ ، باوەشمانکرد
بەیەکداو کەسمان نەماندەتوانی ماڵئاوایی لەیەک بکەین ئەوەی دەمانویست
بیهێنینە زمان تەنها و تەنها لەدڵی خۆمان هێشتمانەوە و ئەو ووشەیەی کە
پێمان دەکرا بیهێنینە زمان یەک ووشە بوو ئەویش ( سەرکەوتن ) بوو ، وەک
پێشتر باسم کرد دەبوایە کاتژمێر ٣ و نیو چالاکێکە ئەنجام بدرایە بەڵام
کاتژمێر ١١ و نیو لە دەنگی تەقە بەئاگا هاتین ، هەموومان چاومان لەو
شوێنە بڕی کە دەنگی تەقەکانی لێوە دەهات ، هەڤاڵان پێش ئەوەی بگەنە
شوێنی مەبەستی خۆیان کەوتبونە ناو بۆسەی هێزی دوژمنەوە ، لەیەکەم
دەستکردنەوەی هێزی دوژمن هەڤاڵان جگەرخوێن موش و ئازاد ڕۆژهەڵات شەهید
ببوون ، بەردەوام هێزی دوژمن لەسەر گردەکەوە تەقەیان دەکرد ، لەگەڵ
دەستپێکردنی شەڕی دەستەویەخەی گروپەکانی پێشەوەی ئێمە فڕۆکە سیخوڕەکانی
هێزی دوژمن گەیشتنە سەرمان ، دوایش کۆپتەری کۆبرا گەیشتە ناوچەکە ،
ئێمەش جگە لە چاودێریکردنی ڕەوشەکە و پەیوەندیکردن بە بێتەل هیچیترمان
لەدەست نەدەهات ، هەندێکجار کە پەیوەندی بێتەلیمان لە نێوان ئێمە و
هەڤاڵان کەدەپچڕا بیرمان لەوەدەکردەوە کە هەڤاڵان لەوانەیە شەهید
بوبێتن ، بەڕاستی هەستێکی زۆر ناخۆش بوو ، چالاکێکەمان هەڵوەشابۆوە ،
هێزی دوژمن تەکنیکی پێشکەوتوی خۆی خستبووە کارەوە ، کۆپتەرە کۆبراکان
شوێنی گروپێکی باڵی هێرشبەریان بۆ ئاشکرا ببوو بەردەوام بۆردۆمانی
دەکردن ، پێمانڕاگەهێنرا کە هەڤاڵان گابار و ماریا بریندار بوونە ،
لەکاتی شەڕوپێکدادانەکاندا جارێکی تر گوێمان لە دەنگی هەڤاڵ بێریتان
بۆوە ، لەدەنگی بێتەلەکانەوە دیاربوو کە هەڤاڵانی قۆڵی هێرشبەر بەهۆی
شڵەژاویانەوە ڕێگایان وون کردووە هەروەها برینداریشیان هەبووە هەربۆیە
ناتوانن بەخێرایی ڕێبکەن ، بێریتان توانی لەڕێێ بیتەلەوە ڕیگاکانیان بۆ
ئاشکرا بکات و لەوشوێنە مەترسیدارە دووریان بکاتەوە ، فڕۆکە سیخوڕەکان
بەردەوام شوێنی هەڤاڵانی ئاشکرا دەکرد ، هەڤاڵ بێریتان بەرپرسی
پەیوەندێکانی نێوان هەموو گروپەکان بوو ، بەردەوام لەسەرخۆ بوو هێمن و
بەژیرانە بڕیارەکانی دەردەکرد ، ئەم هێمنیەو هەڵسوکەوتی ژیرانەی هەڤاڵ
بێریتان وورەی بە ئێمە دەبەخشی ، دوای ماوەیەک دەنگی بێتەلەکان کپ بوون
، هەموومان نیگەران بووین و دیمەنی هەڤاڵانمان دەهاتەوە بەرچاو کە بە
بەردامماندا کەوتنە ڕێ ، بیرمان لەو مەترسیانە دەکردەوە کە بۆ سبەی
دەهاتنە ئاراوە و بێگومان زانینی کۆی ئەو زەرەرەی کە لە ئەنجامی ئەم
بۆسەیەی هێزی دوژمن دەهاتە ئاراوە ، ترسێک ناخمانی داگیرکردبوو ترسەکەش
لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لە ناکاو دەنگی هەموو بێتەلەکان بێدەنگ
ببوون.
تابەیانی بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکەین لەشوێنی خۆمان ماینەوە ،
دەمەوبەیانیش کەوتینە کەشف کردن ، جموجۆڵێک لەو گردەوە هەبوو کەلە
ئێمەوە دیاربوو ، بەڵام ئێمە زانیاری تەواومان نەبوو کە ئایا هەڤاڵان
خۆیان گەیاندۆتە شوێنی دڵنیا یان نا ، ئەوکاتەی بیرمان لەمە دەکردەوە
لەناکاو دەنگی دوو فڕۆکەی جۆری ف١٦ هات بەگوێماندا ، ئەم دوو فڕۆکە
جەنگییە کەوتنە بۆردۆمانکردنی ( نێرکۆلا ) کە نزیک بوو لە ( کورێ
مزگەفتێ ) ، دەمانتوانی هاتنە خوارەوەی بۆمباکانیان ببینین ، هەر
بۆمبایەکیان کەدەکەوتە خوارەوە جەرگی ئێمەی دەسوتاند ، ماوەی کاتژمێرێک
بەبێ وەستان ئەو شوێنانەیان بۆردۆمانکرد کە هەڤاڵانی لێبوو ،
لەخۆمانمان دەپرسی ئایا دەبێت هەڤاڵان لەکوێ بن ؟ ، ئایا هەموویان
بەیەکەوەن ؟ ، ئایا دەبێت ڕەوشی هەڤاڵە بریندارەکان چۆن بێت ؟ ، ئێمە
تەنهاوتەنها لەناو چاوەڕوانیەکی کپ و ماتدابوین ، بەڵام لەناخماندا
زریانێک لەئارادبوو ، ماوەیەک بێدەنگیەک هاتەئاراوە بۆماندەرکەوت ئەو
گروپەی کە بۆ هێرشکردن بۆ قۆڵی دووەم بەڕێ کەوتن لەلایەن فڕۆکە
سیخوڕەکانەوە شوێنەکانیان ئاشکرا ببوو ، هێزی دوژمن بەچەکی گران
بەردەوام کەوتنە تەقەکردن لەو خەتەی کە ئێمە ناوماننابوو خەتی شەهید
سیپان ، هێزی دوژمن لەبەیانییەوە تاکو نزیکەی نیوەڕۆ بۆردۆمان و
تۆپبارانی ناوچەکەی کرد دەنگی تۆپ و فڕۆکە و تەقە ئاوێتەی یەک ببوون ،
دوای ئەوەی ماوەیەک ڕەوشەکە ئارامبۆوە هەڤاڵ ڕەشیدم بینی کەلەناو
دەریایەکی قوڵی بێدەنگیدا بوو ، هەڤاڵ ڕەشید گەریلایەکی لاومانی نارد
بۆ کەشفکردنی ئەو شوێنەی کە تەنها فڕۆکەکان بۆردۆمانیان دەکرد ئەویش
ناوی هەڤاڵ خەیری بوو ، هەموومان چاوەڕێی هاتنەوەی هەڤاڵ خەیری بووین ،
لە مێشکی خۆماندا هەزارەها پرسیارمان لەلا دروستببو ئایا ئەو هەڤاڵانەی
شەهید بونە کێن ؟ ، ئایا کەسیان ڕزگاریان بووە؟
ئەو شوێنەی کە ئـێمە مەبەستمان بوو هێزی دوژمن بەردەوام بۆردۆمانی
دەکرد ئێمەش بڕیارماندا هەتا سەرنجی دوژمن بەولایەدا نامێنێت
چاوەڕوانبین ، لەناو ڕێکخستندا سەختترین شت ئەوەیە کەلە بارەی ژیانی
مرۆڤەوە بڕیار بدرێت ، لەوەدەچو ویستوبێتمان بەخێرایی ئەم چالاکییە
بەئەنجام بگەهێنین ، هەڤاڵان تازە گەیشتبونە ( گۆستێ ) و نەدەبوو
ڕاستەوخۆ رەوانەبکرێن بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەبوایە ئەم چالاکییە
ئامادەباشییەکی باشتری بۆبکرایە ، ئەنجامدانی ئەم چالاکییە
بەودەستوبەرە زەرەری لێدابوین ، ئەم هەڵەیە ئازاری ویژدانی هەموومانی
دابوو ، ئەرکێکی گەورە کەوتبووە سەرشانمان ، هێشتا تێر بەویستی خۆمان
خەندەی سەرلێوی ئەو هەڤاڵانەمان نەبینیبووهەڵبەت لەدەستدانی هەڤاڵانمان
و رەوانەکردنیان بۆ ڕێگایەک کە گەڕانەوەی زەحمەت بوو ئازاری دەرونمانی
دەدا ، ئـێمە تازە گەیشتبویەن ئێرە روبەڕوی ئەو زەرەرە گیانییە
بوینەوەو ئەمەش ئێمەو هەموو هەڤاڵانی لەناخەوە ئازاردەدا ، دەبوایە
بەهەر شێوەیەک بوایە تۆڵەی ئەو هەڤاڵانەمان بکردایەتەوە ، هەموو
هێزەکەمان تا کۆتایی حەملەکەمان لەقەد پاڵەکانی ( ئەولیا ) مانەوە ،
ئێمە بە گریمانەی ئەوەی نەک هێزی دوژمن ( گۆستێ ) بگرێت سەنگەرمان گرت
، ئامانجی ئێمە ئەوەبوو لە حاڵەتی هاتنە ئاراوەی شەڕدا زەرەرێکی باش لە
دوژمن بدەین ، هەموو هەڤاڵان سوێنی تۆڵەیان خواردبوو ، هەرکاتێک کە
لەوهەڤاڵانەم دەڕوانی کەلە سەرەتای ئەم حەملەیەماندا لە سەنگەردابون و
لە هێرشەکاندا لە ڕیزی پێشەوەبون و هەمووشیان ئەمەکدار و فیداکاربون
ئازایەتی ئەوەم لەلا دروستدەبۆوە کە ئەو ئامانج و ئاواتەی شەهیدانمان
هەیانبوو بێسڵکردنەوە لەهیچ شتێک پەرەی پێبدەین و بەو ئامانجەشەوە
ڕێمان دەگرتەبەر ، سەرچاوەی هەرە گەورەی مۆڕاڵ و هێزی ئێمە خوێنی
شەهیدانمان بوون ، هەربۆیە نەماندەتوانی بەشێوەیەکی نا بەرپرسیارانە و
بە ساکارانە و سەربەخۆیانە و بەویستی خۆمان لەمەسەکان نزیک
ببوینایەتەوە ، ئەمە بێڕێزیەک دەبوو بەرامبەر بە ئەمەکی هەڤاڵانمان و
خوێنی شەهیدان ، دەبوایە ئەوەی لەدەستمان بهاتایە بمانکردایە بۆئەوەی
ئەم حەملەیەمان بەسەرکەوتوانە بەمەبەستی خۆی بگەهێنین.
لەراستیدا هەر هەڤاڵێکی شەهیدمان ووشیار کەرەوەیەک بوو بۆ ئێمە ، بەڵام
مەخابن بەرامبەر ئەم هۆشیارکردنەوەیەدا هەندێک کەمتەرخەم بوینە ، ئەوەی
هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەم جەنگەیە ڕووحی میلیتانی ئاپۆچێتییە ،
بەپێشەوایەتی شەهید ڕەشید سەردار و هەوڵ و ئەمەکی زۆر و سوور بوون
لەسەر دۆزەکەمان و بە بڕیاربوونی هەڤاڵان جگە لە سەرکەوتن شانسێکی
تریان لەبەردەم ئێمە دانەنابوو کە بە پێشەوایەتی ئەوان ئۆپەراسیۆنی
شۆڕشگێڕانەی شەمزینان پەرەی سەندبوو بەناوەکەی تری بزووتنەوەی
شۆڕشگێڕانەی شەهید ( ڕووبار ماردین ) و شەهید ( ڕۆزەرین پیران ) ،
باسکردنی هەموو ووردەکاریەکەی ئەو ئۆپەراسیۆنە کارێکی مەحاڵە ، بۆئەوەی
بگەینە ئاستی مەزنایەتی ئەو هەڤاڵانە و دلسۆزیمان بۆ شەهیدان و بۆئەوەی
ئەنجامی راست و دروست بەدەست بخەین وبۆ ئەوەی بەرپرسیارانە تر
بجوڵێنینەوە و ئەرکەکانمان بە ئەنجام بگەهێنین دەبێت ئەرکێکی زۆر
بخەینە سەر ئەستۆی خۆمان.
وانەیەکی زۆر فێربوین لەم حەملەیەی شەمزینان ، لەبەر تیشکی ئەم وانانەی
لەو چاونەترسییەی کە فەرماندەی شەهید ڕەشید و هەڤاڵانی تری شەهیدانەوە
لێی فێربوین بەبێ ئەوەی هیچ دوودڵییەکمان هەبێت بۆ حەملەیەکی تری نوێ
ئامادەین و بە گرێدراوی بەو سوێندەوە ژیان دەکەین ، ئێستا ئەوەی
دەکەوێتە سەرشانمان ئەوەیە کە بەڵێنی سەرکەوتن بدەین وە بەڵێن دەدەین
هەر سەردەکەوین.
ماڵپهڕی رێبوار
|