٢٩\١٢\٢٠١٣
ئابڕوو و
ئابڕوومەندیی.

ئەرسەلان مەحمود
ئابڕوو چییە؟ مرۆڤ بۆ دەبێ بەردەوام بوونەوەرێکی تەواو ئابڕوودار بێت؟
دەی باشە ئابڕوو ئەگەر لە هەر تاکێکدا هەبوونی ئەوەندە دەبێ هەبێت،
واتاو بەهاکەی لێرەوە تا ئەوێ، لە وێوە تا ئەولا و ئەمانە بۆ دەبێ
ئەوەندە خۆگۆڕ و ئەوەندە ناجێگر و هەڵگری دەیان ئەوەندەیش لە
گوزارشتگەلی جیاوازی بێت؟
رەنگە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، قسەی زۆرو جیاوازیش هەڵبگرێت، لێرەدا
بەنۆرەی خۆم، هەوڵئەدەم، پوختەیەک لەدیدی خۆم بخەمە بەر دیدەتان، زۆریش
هیوادارم نووسەران و شارەزایانی بواری جێندەرو توێژەرانی کۆمەڵایەتی،
شرۆڤەو ڕۆشنایی بابەتیانەتری پەیوەست بەم باسە، پێشکەشبکەن.
ئابڕوو لە دیدی مندا، وەک چەمک، وەک واتا، وەک بەها، لە ناو کۆمەڵگە
داخراوەکاندا، جگە لەوەی بیانووێکە بۆ چەوساندنەوەی رەگەزی، داپۆشینی
کیماسییەکی دەرونی و ئاکاری خودیشە لەپیاودا، ئەگەر نا ئابڕوو هەردەم
لەنێوان بەرژەوەندی و ئەرکدارێتیدا، ئامادەیی بەرپێنەبڕاوی خۆی هەیە،
ڕاستە هەمیشە ئەرک دەتوانێ سنورەکانی بەرژەوەندی تێبپەڕێنێت، بەڵام
وەها تێپەڕاندنێک واتای کاڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییە ناگەیەنێت، چونکە
هەر یەک لەئەرک و بەرژەوەندی پەیوەندییەک دەیانگەیەنێتەوە یەک و
دواجاریش دەیانبەستێتەوە بە ئابڕووەوە، بەنمونە:
بهێنە پێش چاوی خۆت "مرۆڤێک ژیانی خۆی لەپێناو ڕزگارکردنی مرۆڤێکی
دیکەدا، دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام دواجار لەبری ڕزگارکردنی، یانی لەبری
ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت، ئەوی بەخنکاوی دەریهێناوەتە دەرەوە
لەڕوبارەکەدا"..
ئەوەی لەم نمونە ڕوداوەدا، بەها دەبەخشێتە قوربانیدەرەکە، بەر لەپێکانی
ئامانجەکە، دروست خۆبەختکردنی قوربانیدەرەکەیە، وەها خۆبەختکردنێکیش،
بەر لەهەر شتێک شانازییە، شانازیش، لەپوختەترین پێناسەدا، ئابڕووە،
وەها ئابڕووێکیش، لەبنەمادا تێپەڕاندنی هزری خودپەسەندانەو،
بەرژەوەندیگەراییە، چونکە ئەمە لەبنەمادا ئەرک نەبووە بۆی.
ئابڕوو، وەک هەر شتێک لەشتە داهێنراوەکانی مرۆڤ، هەر چەند بەپێوەری
پلەو پایەو پێگەی خۆی لەسەر ئاستە جیاکاندا دەزانێ و بەکاری دەبات بۆ
بەرز نرخاندن و بەرز ڕاگرتنی بەها لەدەرەوەو لەناوەوەی خۆیدا، بەڵام
لەبەر هەبوونی جیاوازی لەڕوانگەو لەکولتورو لەفەرهەنگدا، لەواقیعدا
جێگر نییەو هەر کۆمەڵگەیەک جۆرە پێوەرێکی تایبەت بەخۆی هەیە، ڕەنگە
ئەوەی بەلای کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتییەوە مایەی ئابڕوومەندیی بێت،
لەکۆمەڵگەی خۆرئاواییدا، بکەوێتە خانەی ئەوپەڕی بێ ئابڕووییەوە، هەروەک
ئەوەی بەپێچەوانەیشەوە هەر هەمان تشتە، بەڵام دیسانەوە ئەوە واتای ئەوە
نییە، چجۆرە تێگەیشتنێکی هاوبەش و سەرتاسەریش سەبارەت بە ئابڕوو و
ئابڕوومەندیی، لەئارادا نەبێت، بە نموونە:
ئاڵا، لەوسەر بۆ هەتا ئەوسەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بە ئابڕوو ئەژمار
دەکرێت، خۆ بەختکردن لەپێناوی نەتەوەو لەپێناو نیشتیماندا،
پارێزگاریکردن لەئازادی و سەربەخۆیی وڵات و گەلدا، یان قوربانیدان
لەپێناو هێنانە ئاراوەی ئازادی و سەربەخۆییدا، یان بەدەستهێنانی نمرەی
بەرزو بڕوانامەی بەرز جا لەهەر بوارێکدا بێت، لەهەر وڵاتێکدا، لەپێوەرە
هەرە بەرزەکانی ئابڕوون.
بەڵام هەبوونی دیموکراسییەت و هەبوونی سیستەمێکی خۆشگونجاو، پێڕۆکردنی
یاساو دەستەبەر بوونی ئازادییەکانی تاک، وەک ئەوەی بەلای
خۆرئاواییەکانەوە ئابڕووە، شەرت نییە بەلای خۆرهەڵاتی یا تەواوی گەلانی
تری دنیاوە ئابڕوو بێت، بەنمونە:
لەوڵاتانی پێشکەوتوودا، رێزگرتن لەکارێکی داهێنەرانە، جا لەهەر
بوارێکدابێ و ئیزافەیەک بخاتە سەر هەبوونی بوون لەو وڵاتەدا، یا
رێزگرتن لەهەر شاکارێکی مەزن جا لەهەر بوارێکدابێ و سودی هەبێت، ئەوە
مەخلوقە داهێنەرەکە لەهەر ڕەگەزێک بێت، لەهەر ڕەنگێک بێت، بەهەر زمانێک
بدوێ و بەهەر زمانێک بنووسێت، داهێنانەکەی بەپلەی بەرزی ئابڕوو
دەنرخێنرێت و خەڵاتیش دەکرێت.
بەڵام ئەمە لەوڵاتانی تەنانەت تازە پێشکەوتووشدا، وانییە، ئابڕوو
لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، بەجۆرێکی دی تەحریف و تەعریف دەکرێت، یانی
ئابڕوومەندیی تەنانەت لەڕەگەزێکەوە بۆ ڕەگەزێکی دی، لەخێزانەوە بۆ
جومگەیەکی کۆمەڵایەتی دی، گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەوەی پیاوێک ئابڕوومەند
دەکات، شەرت نییە، هەمان ئەو تشتە ژنێک شەرفمەند بکات، ئەوەی
لەخێزانێکدا بە ئابڕوومەندیی ئەژمار دەکرێت، مەرجنییە لەجومگەیەکی تری
کۆمەڵایەتیدا، وەها ئەژمار بکرێت، لەهەندێ کۆمەڵگەدا پیاو ئابڕووی
ڕەگەزی بەرامبەریش بەموڵک و ماڵە نەبڕاوەکەی خۆی دەزانێت، جگە لەوەیش،
ڕەگەزی مێینە، تەنانەت چەندە بێدەنگ و چەندە ملکەچ و چەندەیش
لەشداپۆشراو بێت هەر ئەوەندە شەرفمەندەو هەر ئەوەندەیش ئابڕووی
پارێزراوە، بەڵام لەبنەمادا، وەها ڕوانگەیەک، پێچەوانە بەپێوەرە
بنچینییەکانی ئابڕووە، چونکە ئابڕوو، بەخشراوێک نییە ئەزەلیبێت، بەڵکوو
ئەوە کۆشش و هەوڵەکانی مرۆڤە، ئابڕوو بەواتا دەکات لەخۆیدا،
ئابڕوومەندیی شتێک نییە بەبڕیارو ڕاسپاردەی ئەم و ئەوێکی باوک یا
خاوەنشکۆو ڕێسا لۆکاڵییەکان بپێورێت و بگۆڕدرێت، هەروەک ئەوەی چۆن
کۆیلایەتی ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی ئازادی، درۆ وێژی ناتوانێ ببێتە
جێگرەوەی ڕاست بێژی، یا چۆن جەهالەت ناتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی زانست
و زانیاری، ئا ئاوهایش بە ئابڕووی ڕەگەزێک ناتوانێ ببێتە مایەی
ڕاستکردنەوەو هاوسەنگکردنەوەی بێ ئابڕوویی ڕەگەزەکەی دی.
لێرەدا، نامەوێ زۆر دوربکەومەوە لەباس، بەڵام وابزانم دەرفەتێکە
گونجاو تا تیایدا پرسیار بکەم،" پیاوێک تەواوی ئەندامەکانی مێینە بە
ئابڕووی خۆی بزانێ شەرەفمەندییە؟ یان لەبەرامبەر هەر شتێکدا مێینەیەک
وەک هاوسەر یان شتیتر بکڕێ و بفرۆشێت؟" ئەمە لەدنیایی ئێستادا، جێگەی
خەنینەوەیەو مایەی گاڵتەپێکردنە، ئەوەندەی زانیاریم هەبێ ئێستا پەردە
دورینەوەی مێینە لەکۆمەڵگە جیاوازەکاندا، یانی بەکۆمەڵگە
داخراوەکانیشەوە، بووە بەشتێکی ئاسایی، یانی سەرەڕایی دورینەوەی
لەلایەن پزیشکانەوە، لەوەیش بەولاوە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئێستا
کارێکیان کردووە تەنانەت بەبێ پزیشکیش دەتواندرێت پەردەی مێینە
دابندرێتەوە، بە ئابڕووتان ئابڕووێک بە واتای ئابڕوومەندیی ئابڕوو بێت،
پێنەو پەڕۆکردنی دەشێت؟ وڵامەکەی ئەگەر بەئەرێ بێت، دڵنیابن ئەمڕۆش
نەبێ، سبەی هەر دەچێت..
دەی گریمان وەک ئەوەی لە وڵاتانی دواکەوتوودا باوە، ژن ئابڕووە، ئەی
کوشتنەکەی لەسەر بێ ئابڕوویی چییەو دەچێتە چ خانە و واتایەکەوە؟ ئایا
ئەمە پینەو پەڕۆ دورینەوەی ئابڕووی بکوژ و خانەوادەی
قوربانیکراوەکەوەیە، یان ڕاگەیاندنی ئەوپەڕی بێ ئابڕوویی بکوژ و
خانەوادەی قوربانیکراوەکە؟ لەڕاستیدا وەها کاردانەوەیەک خودایش ڕازی
ناکات، خودا مرۆڤەکانی سەربەست و سەرپشککردوە و، بە بێ ویستی خۆیان
نایانباتە بەهەشت یان دۆزەخەکەی خۆیەوە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|