په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٨

ئابووریی بەرخۆر و دواکەوتوویی (هەرێمى کوردستان بە نموونە).


ناودار زیاد       


لە ئابووریی سیاسیدا زاراوەیەک هەیە بە زمانى عەرەبى پێیدەگوترێت (الإقتصاد الريعية)، وە بە زمانى ئینگلیزیش (Economic Rent)، کە دەکرێت بە ئابووریی بەرخۆر و قازانجخواز و نەوتخۆر و تاک سەرچاوە بەناوى بکەین. ئەم گوزارشتە بۆ ئەو دەوڵەتانە بەکاردێت کە داهات و دەرامەت و بودجەى ساڵانەى دەوڵەت بە پلەى یەکەم پشت دەبەستێت بە سەرچاوە سروشتییەکانى وەک ئاو و کانزا و نەوت و غاز. واتا ئەو دەوڵەتانەى پارە و قازانج و دەسکەوتەکانیان بەرئەنجامى کار و هەوڵى هزرى و تێکۆشانى خۆیان نییە، بەڵکو بەهۆى هەبوونى سەرچاوەى سروشتى لە زەوى و خاکەکەیانەوە ئەو سودەیان پێدەگات. ئەمەش بە تەواوەتى پێچەوانەى ئابووریی پیشەسازى و کشتوکاڵییە، بەو واتایەى برەو نادەن بە داهێنان و پێشکەوتن لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵیدا. بەجۆرێک وەبەرهێنان لە کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵیدا بە ئاستێکى کەم و قەبارەیەکى بچوکە، کە وەک پایە و کۆڵەکە لە بودجەى وڵاتدا نایەتە هەژماردن، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە دەوڵەت پشت بە یەک ئامڕاز دەبەستێت بۆ کۆکردنەوەى داهات ئەویش سەرچاوەى سامانە سروشتییەکانە. بەجۆرێک دەکرێت بڵێین سەرچاوە سروشتییەکان بەشێوەیەکى ڕێژەیی زیاتر لە (٧٠٪)ى بودجەى ساڵانە پێک دێنێت. کە بەگشتى دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکەونە ئەم خانەیەوە، بۆ نمونە لە (٩٠٪)ى بودجەى ساڵانەى عێراق پشت بە نەوتى خاو دەبەستێت.


لە دەرئەنجامى ئەم جۆرە لە ئابورییەوە بەرهەمى ناوخۆ لە ئاستێکى نزم و لاوازدایە بۆیە کۆمەڵگە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى پشت بەو کەرەستە و کاڵا و کەل و پەلانە دەبەستێت کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن. بەمەش کۆمەڵگەیەکى بەکاربەر دروست دەبێت کە لە حاڵەتى دەسەبەرنەبوونى پێداویستییەکانى لە ڕێى هاوردەى دەرەکییەوە ئەوا تووشى هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخ و ناسەقامگیرى ئابووریی و پشێوى کۆمەڵایەتى دەبێت کە لە دەرئەنجامدا مەترسى لەسەر ژیانى هاوڵاتییان دروست دەکات. ئێمە بینیمان لە دواى ئەنجامدانى پڕۆسەى ڕیفراندۆمەوە لە (٢٥/٩/٢٠١٧)دا لە هەرێمى کوردستاندا بەهۆى داخستنى سنورەکانى ئێران و تورکیا بۆ ماوەیەکى کاتى بە ڕووى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى شتومەک و بڵاوبوونەوەى ترس و بیمى گرانى و برسێتى لە دەروونى هاوڵاتیاندا.


لەگەڵ ئەوەشدا هەردەوڵەتێک کە سەرچاوەى داهاتەکەى تەنها لە ڕێگاى سەرچاوە سروشتییەکانەوە بێت ئەوا کاریگەرى نەرێنى لەسەر سیستەمى سیاسى دروست دەبێت لەو ڕووەوەى کە ناکۆک و دژ دەبێت بە سیستەمى دیموکراتى، بەوپێیەى لەلایەکەوە هەوڵ دەدات لە ڕێگاى موچە و بەخشینى هاوکارییەوە هەست و سۆزى هاوڵاتییان بەلاى خۆیدا ڕابکێشێ و، لەلایەکى ترەوە حکومەت لە ڕێگاى بەچەکدارکردنى هاوڵاتییانەوە بەکاریان دەهێنێت بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانى خۆى، ئەمەش دەبێتە هۆى زیادبوونى قورسایى و پێگەى دامەزراوە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى و بەرتیل و دەسەبەربوونى بەرژەوەندى گروپێکى بچوکى فەرمانڕەوا، کە لە دەرئەنجامدا دژایەتى و بەریەککەوتن لە نێوان گروپ و پارتە سیاسییەکاندا دروست دەبێت لە پێناوى هەژموون و زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانى ساماندا، هەربۆیە دەسەڵاتى سیاسى لە دەست ئەو گروپە بچوکەدا دەبێت کە خاوەن سامان و ئابورییە.


لەم سۆنگەیەوە بە تەماشاکردنى سیاسەتى ئابووریی لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا دەبینین کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى بەلاوەنراوە و، بوار و پاوانەکانى دیکەى بەرهەمهێنان پشتگوێ خراوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە ئەو داهاتەى کە بەهۆى بودجەى ساڵانەى پشت بەستوو بە فرۆشتنى نەوتى خاوەوە بەدەست دێت بەشێکى دەکرێتە پڕۆژەى خزمەتگوزارى و بەشێکى دیکەشى بۆ دابینکردنى موچەى حەشاماتێکى گەورەى فەرمانبەر و موچەخۆر دادەنرێت، ئەمە وێڕاى بەهەدەردانى بڕێکى زۆرى ئەو داهاتە، لەکاتێکدا دەتوانرێت ئەو داهاتە لە پڕۆژەى ستراتیژى وادا خەرج بکرێت کە لە داهاتوودا وڵات ڕاددەى پشت بەستنى بە کەل و پەل و بەروبووم و هاوردەى دەرەکى کەم بکاتەوە چونکە یەکێک لەو خاڵە لاواز و نەرێنییانەى کە لە دەرئەنجامى پشت بەستن بە هاوردەى دەرەکییەوە دروست دەبێت ئەوەیە دەوڵەتى هاوردەکەر دەبێتە پاشکۆ و، سەربەخۆیی لە سیاسەت و بڕیاردان لەدەست دەدات و، دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ویست و داخوازییەکانى دەوڵەتى نێردەوە.


لەم ڕووەوە ئاشکرایە کە هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى و کەم و کوڕییە ناوخۆییەکانى پشت بە دەوڵەتانى تورکیا و ئێران و دەوڵەتانى دیکە دەبەستێت، بەپێى سەرچاوە ڕەسمییەکان قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ساڵى (٢٠١٧)دا گەیشتۆتە (١٠) ملیار دۆلار و، هەرێمى کوردستان لە ڕیزبەندى سێیەم دێت دواى ئەڵمانیا و بەریتانیا لە هاوردەکردنى شتومەک لە تورکیاوە. هەروەها قەبارەى ئاڵوگۆڕى ئابووریی لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران لە ساڵى (٢٠١٧)دا نزیکەى (٧) ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەدرێژایی مێژوو تورکیا و ئێران دژى ئامانج و خواستەکانى میللەتى کورد بووینە و، هیچ کات بازرگانى و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمى کوردستاندا بە ئامانجى گەشەسەندن و بەرەوپێشبردن نەبووە، ئەمەش بۆئەوەى هەمیشە وەک هەرێمێکى لاواز بمێنێتەوە و هەردەم پێویستى بەوان بێت.


لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى هەرێمى کوردستان ئەگەر هەوڵ نەدات بۆ تێپەڕاندنى پشت بەستن بە تاکە سەرچاوەى داهات کە نەوتى خاوە ئەوا لەڕووى ناوخۆییەوە هەمیشە لە قەیران و گرفتى ئابووریی و دواکەوتوویی لە سیستەمى سیاسیدا دەمێنێتەوە و، لە ڕووى دەرەکیشەوە لە پاشکۆیەتى ڕزگارى نابێت و ناتوانێت دەستێوەردانى دەرەوە لە کاروبارە ناوخۆییەکانى بنەبڕ بکات.
 

 

znawdar910@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک