په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٥

ئا ئەمەیە دیموکراسی؛ ئەوان سوورن و ئێمەش سوورین!!


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


ماوەیەکە پرسی سەرکردایەتی گەرمەو پێنج حیزبەکەی حکومەتی بنکەفراوان بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان مشتومریانەو ھەر یەک لە سەر ئاوازێک ئەخوێنی و قەت بیر لە بارودۆخی وڵات ناکەنەوە کە پرە لە قەیران وەک شەر دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی چەپەڵ (داعش) و نەبوونی موچەو کارەباو ئاوو نەبوونی کارو کۆچی گەنجان و ھاتنی ئاوارەیەکی زۆرو لە داھاتوودا ئەبنە ھوێ شیواندنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان.


لەمرۆدا پیشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە ھاوکاری و پاڵپشتی گەلی کوردستان رۆژانە دژ بە چەتەکانی داعش و دوژمنانی خاک و نیشتمان لە بەرەکانی جەنگدا پێشرەوی ئەکەن و سەرکەوتن تۆمار ئەکەن و ھێزە لەرزۆکەکانی تیرۆرستان و تاقمی ترسنۆکی داعش تێکئەشکێنن و، ھەموو دونیا و لە ھەموو قۆڵێکەوە بە چاوی رێزەوە تەماشای رۆڵی پێشمەرگە ئەکەن.


لەم بارودۆخەو قەیرانەدا بەرپرسە باڵاکانی کوردستان لە دیدارو پێشوازیکردن لە میوان و شاندی وڵاتان دوور لە راستی باسی ژیانی دیموکراسی بێ وێنە و پرۆسەی سیاسی توکمەو بتەوو خۆشگوزەرانی پر لە کامەرانی گەلی کوردستان ئەکەن و، بەو نمایش و ئارایشکردنە بە نیازی خۆیان ئەیانەوێت دیبلۆماتەکانی وڵاتان چەواشە بکەن و، لە بیریان چووەتەوە ئەوان لە ھەموو ھەڵسوکەوتێکی بەرپرسان و بارودۆخی ناوخۆی کوردستان ئاگادارن.


لە سایەی ژیانی دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی کوردستان خەڵک و نووسەرو رۆژنامەنووسان تووشی راونان و گرتن و لێدان و ئەشگەنجەو کوشتن ئەبن و، پەرلەمانتاران سەرەرای ئەوەی لە بازگەکان رێیان لێ ئەگرن و بەسەگ ئوتۆمبیلەکانیان ئەبشکێنن ئەخرێنە ژێر ھەرەشەو گورەشەو گوشارو، ئەوەی لە دھۆک و ھەولێرو ناحیەی شۆرش روویاندا باشترین نیشانەن و، لە ھەموو شتێک سەیرتر رووداوەکانی پاش ( ٢٣ ی حوزەیرانی ) ئەم ساڵ ‌بە ‌بێشک لای زوربەی خەڵکی کوردستان ئاشکرایە پارتی دیموکراتی کوردستان ( پدک) بەو رۆژە،‌ رۆژی (٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٥) ئەڵێت رۆژی کودەتاکەو ھەموو ئەزانن ئەو رۆژە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دانرابوو بۆ خوێندنەوەی پرۆژەی حیزبەکانی حکومەتی بنکە فراوان بەبێ ( پدک) کە تاقە حیزب بوو جگە لە ھەرەشەو گورەشەو چاوسوورکردنەوە ھیچ پرۆژەیەکی نەبوو.


بەڵێ، ئەمەیە ژیانی دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان کە لایەن خەڵکەوە { ھەڵپژێراوە } بە کودەتا لە قەڵەم ئەدرێت و، ئەوەتا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی - پدک - بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ھێرشی کردە سەر سەرۆکی پەرلەمان و بە بێ لایەنیی و لە دەستدانی شەرعیەت” ناوی بردو، ھاوکات کۆبوونەوەکەی (٢٣ ی حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستانی) بە “کودەتا” وەسف کردو، ئەنجومەنی سەرکردایەتی - پدک - لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا ئەڵێت: شایەنی باسە لەم پیلانەدا چەند کەسانێک رۆڵێکی دوژمنانەیان گێڕا بەرامبەر بە ئەزموونی گەلەکەمان و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردستانی و، لێرەدا بەتایبەتی سەرۆکی پەرلەمان بێ لایەنیی و شەرعیەتی خۆی لە دەستدا.


ھەر دوای کودەتاکەی ٢٣ ی حوزەیران زوربەی ئەندامانی ( مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ) وکادرو پەرلەمانتارانی - پدک - ھاتنە مەیدان و دیسان ئاماژەیان بە "" خەتە سورەکان "" داو، وتیان سەرۆک مەسعود بارزانی بەدیلی نییەو، ھەندیکیان بەوەش نەوەستاو بۆ نموونە ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کەوتە لێدوان و ئاخافتن بە زمانێکی زبرو نەشیاو، کورد واتەنی (دۆو دۆشاوی تێکەڵ کرد) و، وای ئەزانی تەنھا خۆێ لە مەیدانە و، ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە حیزبەکانی تری پێنج قۆڵی لە رۆژانی پاش "" کودەتاکەی "" ٢٣ ی حوزەیران خۆیان ئامادە کردو ئەوانیش کەوتنە ھەرەشەو بەڵکە ھێنانەوەو ، وایان پیشاندا ھەر ئەمان خاوەن ماف و راستین و، زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لەگەڵیان ھاو دەنگە.


حیزبەکان لە رێی شاندەکانیان دەستیان کرد بە سەردانی یەکترو، شاندی - پدک - چووە لای ھەموو حیزبەکان کە نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان ھەیە جگە لە حیزبی شیوعی کوردستان و، ئەوەی جێی ئاماژەو پێکەنینە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی پرسیارێک ئاراستەی (دڵشاد شەھاب) ئەندامی سەرکردایەتی و شاندی دانوستانی - پدک - کرا سەبارەت بەوەی شاندەکەیان نەچووەتە لای حیزبی شیوعی، لە وڵامدا وتی: نەچووین چونکە سکرتێرەکەی لە دەرەوەی وڵاتە!! و، دیارە ئەو ئەندامی سەرکردایەتییە ئاگای لەوە نییە { بارەگای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کوردستان} لە ھەولێرەو، ‌ ھەر لە پاش ئەو رەفتارو ئاخافتنەی (دڵشاد شەھاب) بۆ مەرامێکی تایبەتی فازل میرانی وشاندێکی - پدک - سەردانی {بارەگای حیزبی شیوعی} یان کردو، ھەر دوا بە دوای ئەو شاندەو گەرماوکەرم شاندێکی - پدک - بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و لە دوا رۆژدا شاندێکی تر بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بارەگای ئەو حیزبەیان کرد.


لە ١٨ ی ئابی ٢٠١٥ بەئامادەبوونی حیزبەکانی حکومەتی بنکە فراوان و ١٧ حیزبی تر لە ھۆڵی "سەعد عەبدوڵا" لە شاری ھەولێر لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو، بەشدار بوویەک ئاماژەی بەوەدا کە کۆبونەوەکە کەشێکی ھێمنی ھەبووەو ھەریەکە لە (برێت مەکگۆرک) جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون و، .بەپێی زانیاریەکان و لە ژێر فشاری ئەمریکا - پدک - پرۆژەیەکی بە ناوی "سازان و رێککەوتن" بەمەبەستی چارەکردنی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان،پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووە.


ھەموو کەس ئەزانێت مەبەست لە کۆکردنەوەی ١٧ حیزب لە پاڵ ٥ حیزبەکە چییەو، بۆ چی ئامانجێک کۆکراونەتەوە، دیارە بەرپرسان ویستوویانە میوانە بیانییەکان (نوێنەرانی ئەمریکاو بریتانیاو نەتەوە یەکگرتووەکان) بە چاوی خویان ببینن کوردستان "" وڵاتێکی دیموکراسییە و فەرە حیزبییەو ""، بەڵام نیازو خواست لەو کۆبوونەوەیە بۆ پشتگیری لایەنێک کراو، وەک دەر ئەکەوێت پێنج حیزبەکە ئەیانەوێت کوردستان بۆ خۆیان دابەشکەن و، ئەگەر ئەو پێنج حیزبە راستیان بکردایە ئەبوایە ھەر لە سەرەتاوە ١٧ حیزبەکەی ترو ئەو خەڵکەی دوورە لە ژیانی حیزبایەتی بەشداری و بوونیان ھەبوایە لە ھەموو کۆبوونەوەکان و، بەو شیوەیەش لە دڵەراوکێ قوتاریان ئەبوو.


لە دوای "" کودەتاکەی ٢٣ ی حوزەیران"" تا ئەمرۆ وشەی سازان بووەتە سەروێردی زمانی بەرپرسان و پێنج حیزبەکەو ھاوڵاتیان و، ھەر یەک لەو حیزبانە لە پێشبرکێدان و ئەیانەوێت سەنک و قورسای بەلای خۆیانەوە بشکی و، پێویستە ھەموو کوردێک بزانێت مەبەست لە سازان چییە؟


جێی داخە لەم وڵاتەماندا کرین و فرۆش لە پێناو دەسەڵات یان خۆسەپاندن بە مرۆڤەوە ئەکرێت لە رێی پارەو سامان و قووتی خەڵکەوە یان بە ھەرەشەو گوۆەشەو چاوسوورکردنەوەو، بۆ ئەو کارە ‌قیزەوەنە دەسەڵات و بەرپرسان پەنا ئەبەن بۆ خزمەتی بێگانەو بەوەش ناوەستن و، بەرگری لەوانە ئەکەن کە گەلی کوردستان و ھەموو ئازادیخوازان لە مناڵ و ژنان و گەنج و پیرو پەککەوتەکان سەرکوت ئەکەن، بە گرتن و تێھەڵدان وئازارو ئەشکەنجەو زیندان و لە سێدارەدان.


بمانەوێت ونەمانەوێت پێنج حیزبەکە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان ئەدەن و، ١٧ حیزبەکەو ھاوڵاتیان فەرامۆش ئەکەن و، ھەموو لایەک ئەزانن ئەو ١٧ حیزب ‌و ھاوڵاتیانە لە ٤٠٪ی پێکھاتەی کۆمەڵگەی ھەرێمی کوردستان پێکئەھێنن و، لێرەدا دەر ئەکەوێت کە پێنج حیزبەکەی حکومەتی بنکەفراوان تەنھا گوزارشت لە خۆیان ئەکەن و، مافی ئەو لە ٤٠٪ی تری خەڵکی کوردستان ئەماشنەوەو ئەیخۆن، ئەوەش وایکردووە ھەوڵکانیان بۆ " سازان " لە باربچێت یان ئیفلیج بێت چونکە ھەرلایەک بۆ خۆی ھەوڵئەدات.


وا بۆ دوو مانگ ئەچێت باس باسی " سازانە " و، " سازان " تا ئێستا بەری نەگرتووەو، پێنج حیزبەکە یاری بە ھەست و نەست و سۆزی خەڵکەوە ئەکەن و، وا دیارە لە کۆتاییداھیچ گۆرانکارییەک روونادات و، ئەوان باش ئەزانن کە کوردستان لە شەردایەو، ئەزانن ‌کارەباو ئاوو موچە نییە، بەڵام بەردەوامن لە سەر یارییەکانیان لایەک ئەڵێت ئێمە سورین و، لاکەی تریش ئەڵێت ئێمەش سورین و، ئەم پێداگرتنەو ئێمە سورین و ئەوان سورن ئەگەر بەر نەگرێت ماڵی ھاوڵاتیان وێران ئەکات. ‌


نازانم لە کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەی حکومەتی بنکەفراوان باسی ئەمانە ئەکرێن: ** نەوت وگازی کوردستان، داھاتەکەی بۆ کوێ ئەروات و، ئەو داھاتە بۆ لە بانکی تورکیایە؟ گیرفانی کێی قورسە؟؟ کێێ کەندەڵە؟؟
** ھاتووچۆو سەردانەکانی سەرۆکی ھەرێم وحکومەتی کوردستان بۆ تورکیا و چوونی ھەندێ بەرپرس بۆ ئەمریکاو، لەوێ پێش ھەموو شتێک ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی کچ و کورەکانیان لە زانکوکانی ئەمریکا.
** خەندەق لێدان و بەربەرەکانی کوردانی رۆژئاوا بۆ شکاندنی ئیرادەو شکۆمەندییان و، پشتگیری لە ئەنجومەنەکەی ئیستەنبول و سوپا ئازادەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان لە سوریا کە زوربەیان سەر بە تاقمی ئێخوان ئەلموسلمین و بەرەی نوسرەو و داعش و تیرۆریستن و دژی خواست و ئارەزووی ئازادیخوازان و کوردانی سوریان.
*** باسی دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان و، باسی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا کە بە سەر ھەرێمەوە ئەسوورێنەوەو خەڵکی سڤیل وبێتاوان ئەکوژن و رەزو باخ و پوش و پاوانی کوردستان ئەسوتێنن و ئاژەڵ و زیندووەرەکان لەناو ئەبەن.
*** ھاتنی شاندێکی باڵای تورکیاو گفتۆگوکانیان و، ھاتنی قاسم سولەیمانی و، بەشداری نوێنەری ئەمریکاو بریتانیا لە کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکە و، پاشان ١٧ حیزبەکە.
*** گرتنی نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنووسان و تیرۆرکردنیان.
** ئەنجومەنی شورای دادگا‌ی کوردستان و، رابردووی دادوەرکانی و، ئایا پاکن، یان ھەندێکیان لە کاتی رژێمی سەدام حوسەێن و بەعسدا بەعسی ‌بوون.
*** بەشداری سەرۆکی ھەرێم لە ھەڵمەتی ھەڵپژاردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان بە بەشداری ‌ "" شوان "" و ابراھیم تاتلیس و چوونیان بۆ ئامەد.
** ئیخوانچی سەر بە تورکیا عەلی قەرەداغی - "" ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان‌و سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کورد "" و پشتگیری کردنی لە حیزبەکەی ئەردۆگان "" دادو گەشەپێدان"" و ھەڵسوکەوتی و کۆبوونە گومەناوییەکانی لە گەڵ بەرپرسانی ھەرێم و حکومەت و، ئەو کۆبوونەوانە زۆرن بە فەرمان و ھاندانی دەرکی ئەکرێن.
** دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ( داعش ) و شەری دژە تیرۆرو، ھەڵوێست بەرامبەر بەوانەی وتیان ھاتنی داعش بۆ کوردوستان نییەو ئەوانە دێن شەڕی شیعەکان دەکەن.
*/* نەخشەو پلانەکانی گرتنی شەنگاڵ بەبێ تەقەو تا ئێستا تاوانباران ئازادو سەربەست و بێباکەن و، وا دیارە بەرپرسانی ھەرێم لەو کارە بەشدارو ھاوبەشن و ترسیان ھەیە خۆیان لە قەرەی ئەو کارە کە بووە کارەسات بدەن و، ئایا ئۆباڵی ئەو ھەموو خوێن ڕشتن و کوشتنی ھاوڵاتیانی ئیزدی و ئاوارەبوونیان و، فرۆشتنی ژنان و کیژانی ئێزدی ھەر ھەمووی لە ئەستۆی کێیە ؟؟؟؟... لێکۆڵینەوە لەو کارەساتە ئەرکێکی نیشتمانییە.
*** بێ کاری و کۆچی گەنجان.
** دامەزراوەی وەبەرھێنان و پرۆژەکانی، لە ھەموو وڵاتێک وەبەرھێنان سوودی بۆ وڵات ھەیە بەڵام لە کوردستان لە باتی سوودد اھاتی نیشتمانمان ئەبەن.
*** رێکا کردنەوەو ھاتنی عەرەب بۆ شارو شاروچکەکانی کوردستان بەبێ نەخشە و پلان و، دەستدریژی ئەو ھاوردانەو شێواندنی رەواڵەت و نەریتی کومەڵگای کوردەواری و، مۆڵەتپیدانیان بۆ کرینی خانوبەرەو باڵەخانە لە ناو خاکی کوردستان.
*/* مادەی ١٤٠ ماوەو یان وەک وترا نەماوەو، ئایا بیر ئەکرێتەوە ناوچە دابراوەکان بگەرێنەوە بۆ کوردستان.
*/* سەربەخۆیی کوردستان و ھاشەوھوشەو درۆ زەقەکانی ھەندێ لە بەرپرسە باڵاکان و، سەربەخۆیی بە فشەو قسەی ھیچ و پوچ نایتەدی و ئیدی بەسە یاریکردن بە سۆزو پاکی ھاوڵاتیان.
*#* سەفەری بەرپرسانی باڵا بۆ ئەردن و وڵاتانی کەنداوو، بە تایبەت قەتەر سەرچاوەی ھاندانی تیرۆریستان و (خەرجکردنی دۆلار بە ملیار) بۆ بووژاندنەوەی تیرۆرو تیرۆریستان و شێواندنی وڵاتان و، ئایا ھەستی بوێر داوا بکات ئەو بەشداربووانە بدرێنە دادگا.
*#* بوونی بەعسی و کەسانی داواکراو لە لایەن دادگاکانەوەو، داڵدانی بەعسی و جاش موستەشارو ئەنفالچییەکان و خەرجکردنی دەرماڵە بۆ دێوەخانەکانیان..
**/** ھەڵوێست لە عەرەبی سوننەو شیعەوو پرچەککردنی سوننەو بەعسییەکان لەلایەن ئەمریکاوەو، حەشدی شەعبی کە بەعس ئاسا خاکی کوردستان داگیر ئەکەن و، کەوتوونەتە لێدان و فراندنی خەڵک و زۆریان تا ئێستا بێسەروشوێنن.
**#** پێویستە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و بریارەکانی بخرێنە بەردەست ھاوڵاتیان و، بە روونی بڵێن ماوەی سەرۆک بەسەر چووەو یان بەپێی سازان یاسا پێشێل بکەن و سەرۆک بمێنێتەوە.
کوردستان خاوەنی پەرلەمانەو لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێراوەو، متمانەی پێدراوەو، ئەو کارانەی پێنج حیزبەکەی حکومەتی بنکەفراوان ئەرکی سەرەکی پەرلەمانە چارەسەریان بکات و، دەبا با ئەم حیزبانە دەست لەو کارانە ھەڵگرن و کێشەکان رەوانەی پەرلەمان بکرێن.


تێبینی:
#*# ئەو خاڵانەی سەرەوە مشتێکن لە خەروارێک و، وەک سەرە قەڵەم نووسراوە.
*#* پاش کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ خوێندنەوەی پرۆژەی حیزبەکانی حکومەتی بنکەفراوان جگە لە (پدک) ، ئەو رۆژە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بە (کۆدەتای ٢٣ ی حوزەیران) ناونرا.


٣٠\٨\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک