٢٨\٩\٢٠١٧
ئافەرین.

عەلی حەمەڕەشید
ئافەرین
ئەو وشە ئەفسوناوییەیە کە بەناوھێنانی
بەرامبەر منداڵ وەک خەڵاتێکی گەورە وەربگرێت، پەپوولەی زەردەخەنە لەسەر
گوڵی لێوەکانی دەنیشێتەوە، شەماڵی خۆشیو پێکەنین گیانی دەخاتە شنە.
ئافەرین باشترینو پەسەندترین خەڵاتی مەعنەوییە کەوا لەمنداڵ دەکات
لەسەر کردارە جوانو باشەکانی بەردەوام بێت.
ئافەرین وزە و تینە بۆ بەرەو پێشچوونو سەرکەوتنی منداڵ. بەکارھێنانی
ئەم وشەیە لەکاتو شوێنی خۆیدا بەرامبەر منداڵ وریاییو شارەزایی دەوێت،
چونکە گەورە جاچ دایک یان باوک یان مامۆستا بێت دەتوانێت لەڕێی
بەکارھێنانی (ئافەرین)ەوە وا لەمنداڵ بکات کەچۆنی بوێت وادەربچێت،
ئافەرین بۆ کرداری باشو ھەڵسوکەوتی باشو پەسەند والەمنداڵ دەکات کە
لەسەری بەردەوام بێت.. لەقوتابخانەدا کاتێک مامۆستا ئافەرین بۆ ھەر
منداڵێک بەکار دەھێنێنت بەنووسین بێت یان بەدەمی وا لەو منداڵە دەکات
کە ھەمیشە ئافەرین وەربگرێتو چالاکیو زیرەکی خۆی زیاتر بنوێنێت
لەپێناو ئەو خۆشییە مەعنەوییەی کەئافەرین پێی دەبەخشێت لەناو ھاوڕێکانی
دا، لەھەمان کاتدا ئافەرین کاریگەری ئەفسوناوی خۆی دەبینێت لەکاتێکدا
لەپۆلێکدا یان لەناو کۆمەڵێک منداڵدا، منداڵێک ئافەرین دەکرێت لەلایەن
مامۆستا یان کەسێکی ترەوە منداڵەکانی چوار دەوری تێدەکۆشنو ھەوڵ دەدەن
لەپێناو وەرگرتنی ئافەرین دا ئەویش بەچاولێکردنی منداڵە ئافەرین
کراوەکە تا ئەوانیش وەکو ئەو وریاو زیرەکو گوێڕایەڵ بن.
بەڕاستی ئافەرین خۆشییەکی زۆری تێدایە ئەگەر ھەر یەکێکیش لەئێمە تەنھا
بۆ ساتێک ڕۆژانی منداڵی خۆی بھێنێتەیاد دەزانێت کەئافەرین چۆنو تاچەند
دەوری بووە لەبەرەو پێش چوونیدا، بەتایبەتی لەخوێندندا. ئافەرین
لەقوتابخانە سەرەتاییەکاندا ھۆیەکە بۆ:
١- پاراستنی ھێمنی و ئارامی ناو پۆلو قوتابخانە.
٢- زیاتر خۆشەویست کردنی مامۆستاو قوتابخانە و خوێندن لای منداڵ.
٣ -بەرەوپێشچوونی ھۆش و بیری منداڵ.
٤- بەگەڕخستنی تواناو بەھرە و زیرەکی منداڵ
٥- چاککردنی ئەو منداڵانەی کە لاوازن لەخوێندن.. یاخود ئەوانەی زیاد
لەپێویست جوڵەیان ھەیەو لاسارن، بەکردنی یان ئەنجامدانی کارێکی باش
گەرچی کەمیش بێت یان بچوک بێت بەئافەرین کردنو ھاندان بەردەوام دەبێت
لەسەری.
زۆر لە نوسەرانیش ھەستیان بەکاریگەری ئافەرین کردووە لەسەر ژیانی منداڵ،
بۆیە ئەم وشەیەیان وەک پێویست لەنوسینەکانیاندا بەکارھێناوە بەتایبەتی
لەھۆنراوەدا کە کاتێک منداڵ بۆی خوێندرایەوە یان خۆی خوێندیەوە ھەست
بەخۆشی دەکات، ئافەرین لەگەڵ ئەمانەشدا باشترین ھۆیە بۆ ھاندانو بەرەو
پێش چوونی منداڵ لەبواری خوێندنو ژیانیشدا.
ماڵپەڕی
عەلی حەمەڕەشید
|