٢٥\٧\٢٠١٠
ئافه‌رینێک
بۆ که‌ناڵی Kurd 1
.

مه‌هاباد کوردی
له هه‌ر وڵاتێک‌دا که شه‌ڕ، چه‌وسانه‌وه،
پشێوی، نه‌خوێندنه‌وه و فه‌رامۆشکردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر له ئارادا
بن، بێگومان بێ‌کاری و هه‌ژاری و نه‌داری و کۆچبه‌ری و گیروگرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی
و ئابووری و کولتووری جۆراوجۆریش ده‌بنه دیمه‌نی ژیانی ڕۆژانه‌ی
هاووڵاتییانی ئه‌و وڵات و ده‌ڤه‌رانه و به ئاسانیش یه‌خه‌یان به‌ر
ناده‌ن. دیاره پشکی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و ده‌رد و ئازارانه‌ش به‌ر ئه‌وانه
ده‌که‌وێ که حیسابی پله دوو و سێشیان له کۆمه‌ڵگادا بۆ ناکرێت و، له
هه‌مان کاتیش‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک زۆردارییان لێ ده‌کرێت و له
زۆربه‌ی مافه‌کانیان بێبه‌ش ده‌کرێن.
وه‌ک ده‌زانین له ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی جه‌نگ و داگیرکاری و سته‌مکارییه‌کانی
ده‌وڵه‌تی تورک له باکووری کوردستان، دانیشتووانی کورد له‌و به‌شه‌ی
نیشتماندا، دووچاری ده‌یان و سه‌دان کاره‌ساتی گه‌وره گه‌وره هاتوون.
کوشتن و بڕین و ماڵوێرانکردن و کۆچی به‌زۆره‌ملێ و سووتاندنی گوند و له‌ناوبردنی
سیسته‌ماتیکی گه‌لی کورد و وێرانکردنی باکووری وڵات له گه‌لێ ڕووه‌وه،
ئه‌مانه و زۆری تریش، شتگه‌لێک نین که بشاردرێنه‌وه. دۆست و دوژمن
ڕۆژ نییه کاره دزێوه‌کانی داگیرکه‌ران له کوردستان نه‌بینن و هه‌ستیان
پێ نه‌که‌ن. تورک ته‌نانه‌ت منداڵانی کوردیش به شێوه‌یه‌کی دڕندانه
ڕاپێچی زیندانه‌کان ده‌که‌ن و، ده‌شیانه‌وێ به‌م دووڕووێتییه‌یان باس
له مافه‌کانی زارۆکانی گه‌لانی دیکه، بۆ نموونه منداڵگه‌لی فه‌له‌ستینییه‌کان(حه‌ماس)
بکه‌ن له که‌رتی غه‌ززه! وه‌ک ئه‌وه‌ی منداڵانی کورد ڕووحسووک و په‌پووله‌ئاسا
و خاوه‌ن مافیش نه‌بن و له‌وانی فه‌له‌ستینی و حه‌ماسییه‌کان جودا بن؟؟!!
بۆ ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕۆکی باسه‌که‌مان دوور نه‌که‌وینه‌وه وا باشه
یه‌کسه‌ر بچینه سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی که دوێنێ شه‌و 22ـ7ـ2010 له
که‌ناڵی Kurd 1 پێشکه‌ش کرا. بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌و به‌رنامه‌یه ڕه‌وشی
ناله‌بار و دژواری ئه‌و کرێکار و کاسبکاره کوردانه بوو، که له‌به‌ر
هۆی شه‌ڕ و ناخۆشی و وێرانکردنی دێهاته‌کانی باکووری کوردستان و
تێکدانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ئاساییان، ناچار بوو بوون
ڕاستتر ناچار کرابوون ڕوو له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی تورکان بکه‌ن و له‌وێنده‌رێ
بۆ دابینکردنی پارووی ژیانی ڕۆژانه‌یان ڕووبه‌ڕووی سه‌ده‌ها سووکایه‌تی
پێکردن، مردنی بێ کۆتایی ڕۆژانه ببنه‌وه. هه‌ندێک له‌وان بۆ بیست
ساڵیش ده‌چێ به‌م شێوه سه‌خته ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و به هیوای ئه‌وه‌شن
ڕۆژێ له ڕۆژان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێد و واری خۆیان. گۆڕه‌پانی Ulus له
ئه‌نقه‌ره که بووه‌ته جێی خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و کرێکاره کوردانه، به
هومێدی ئه‌وه‌ی کابرایه‌کی تورک بێت کارێکیان بداتێ، شایه‌دی ئه‌وه ده‌دات
که ئه‌و کورده چه‌وساوه و له وڵات وه‌ده‌رنراوانه به چ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتیان
له‌ته‌کدا ده‌کرێت و تورکیش چۆن ده‌گه‌ڵیاندا ڕه‌فتار ده‌که‌ن. به قسه‌ی
خودی ئه‌و کاسبکاره کورده بێچارانه ده‌رفه‌تی وه‌ده‌ستکه‌وتنی کار
گه‌لێ زه‌حمه‌ته. مانگ هه‌یه ته‌نیا دوو ڕۆژ کاریان ده‌بێت. ئه‌مه‌و
جگه له مامه‌ڵه‌کردنی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی تورک ده‌گه‌ڵیاندا، هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی کوردن و به‌س. تورکێکی ده‌وڵه‌ند و تۆرانیستی خاوه‌ن کار هه‌ر
که ده‌زانێت که‌سێکی کوردی سێرت، ئاگری، مێردین و ئامه‌د به‌ته‌مای
کاره، بێگومان هه‌تا تورکێک هه‌بێت ناچێ کار بداته کوردێک که به
حیسابی خۆی دوژمنی کۆماری که‌مالیستانه. ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره
و قسه و ئاخاوتنه‌کانی ئه‌و کرێکاره کورده داماوانه‌ش باشترین به‌ڵگه‌ن
بۆ ئه‌م بۆچوون و لێکدانه‌وه‌یه.
مرۆڤ کاتێ ته‌ماشای شوێنی ژیان و ئه‌و گه‌ڕه‌که داته‌پیو و که‌لاوه
بێ خزمه‌گوزارییانه‌ی کورده نیشته‌جێبووه‌کانی ئه‌نقه‌ره بکات، گه‌لێ
به ساناهی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ته شۆڤێنییه‌که‌ی
تورکانی بۆ ده‌رده‌که‌وێت. دیمه‌نی خانووه‌کان، کۆڵانه‌کان، دیواره
ڕووخاوه‌کان، قوڕ و چڵپاو و پیساییه‌کان، ئه‌مانه و زۆری تریش خۆیان
گه‌واهیده‌رن و پێویستمان به به‌ڵگه هێنانه‌وه نابێت. ئه‌م شوێن و
جێگایانه ده‌کرێ هه‌ر ناوێکیان لێ بنرێت و قه‌تیش ناچنه ناو خانه‌ی
هه‌ندێ زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی دۆبڵاژکراوی تورکی، که زیاتر بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی
ڕای گشتی و بینه‌ری بێئاگای بڕێ له‌و وڵاتانه‌یه که به قه‌ده‌ر سه‌ره‌ده‌رزییه‌کیش
له‌مه‌ڕ تورکیا نازانن. ساختمانی به‌رز و قه‌شه‌نگ و ڕازاوه که گشت
لایه‌نه ونه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک پیشان نادات، ته‌نی ئه‌و کاته
واتادار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر دیمه‌نه ڕاسته‌قینه و ناشیرین و له‌بیرکراو
و به‌ئه‌نقه‌ست پشتگوێخراوه‌کانیشی له‌گه‌ڵدا خویا بن.
کوردستان که هۆی یه‌که‌می دابه‌شکردن و له‌ت له‌تکردنی ده‌وڵه‌نه‌ندییه‌که‌یه‌تی،
سه‌د حه‌یف و مخابن، خه‌ڵکه ڕه‌سه‌ن و دانیشتووانه سه‌ره‌کییه‌ی به
شێوه‌یه‌کی وا نامرۆڤانه و دڕندانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و
داگیرکه‌رانی هۆڤ و خوێنمژ به گه‌لێ شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌یانچه‌وسێننه‌وه.
کوردێکی سه‌ربه‌رزی گوندنشین هه‌رگیز ئاماده‌ی ئه‌وه نابێت ده‌ستبه‌رداری
خاک و ژیان و خزم و دراوسێ و داب و نه‌ریتی ڕه‌سه‌نی کورده‌وارییانه‌ی
خۆی بێت، مه‌گه‌ر ناچار نه‌کرێت و گوندی لێ تێکنه‌دریت و ماڵه‌که‌ی به‌سه‌ردا
نه‌ڕووخێنرێت. ئاخر کوردێکی چاوتێر و به‌شه‌ره‌ف و کوردستانی که‌ی
ئاماده‌یه واز له نیشتمانه‌که‌ی بێنێت و بێت له چایه‌خانه‌یه‌کی ئه‌نقه‌ره
و له گۆڕه‌پانی ئه‌تاتورکه‌کاندا له‌به‌ر تورکاندا بپاڕێته‌وه؟! ئه‌و
گۆڕه‌پانه‌ی که من خۆم نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕانه بینیومه، په‌یکه‌ری
ئه‌تاتورکی باوکی تورکان که له‌سه‌ر ئه‌سپێکه، ئه‌گه‌ر مانای ئازادی
و ڕزگاری بێت بۆ تورکه‌کان ئه‌وا بێگومان به واتای زۆرداری و غه‌درلێکردن
و هێمای بنده‌ستکردن و داگیرکردنی وڵاتی کوردان دێت.
من ناڵێم ئه‌وه به‌ته‌نیا کوردن که بێکار و هه‌ژار و بێ مافی سه‌ندیکایی
و یاسایین له باکووری کوردستان و تورکیادا. گومان له‌وه‌دا نییه که
خه‌ڵکی تورکیش له زۆر مافی خۆڕێکخستن و کاری سه‌ندیکایی و شتی تر بێبه‌شن.
لێره‌دا جیاوازییه‌که له‌وه‌دایه که کورد له‌به‌ر زۆرلێکردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی و فه‌رهه‌نگی ناچار کراوه وڵات به‌جێ بهێڵێت
و ڕوو له شاره گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌مبووڵ و ئیزمیر
بکات، تا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت نانی ڕۆژانه بۆ خۆی په‌یدا بکات و به
حه‌سره‌تی زێد و خاک و نه‌ته‌وه و خۆشه‌ویستانه‌وه شه‌و و ڕۆژ به‌ڕێ
بکات.
سوپاس و ئافه‌رین بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له که‌ناڵی Kurd 1 ئه‌م به‌رنامه
به‌نرخه‌یان له‌سه‌ر ڕه‌وشی کوردانی بێ جێ و ڕێی ئه‌نقه‌ره ئاماده
کردبوو. من ده‌ستخۆشییان لێ ده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم
و کاری کوردستانییانه‌شیان لێ داوا ده‌که‌م. هه‌روه‌ها سوپاسی تایبه‌تی
بۆ ئه‌و ژنه کورده‌ی که خوێنه‌ری تێکستی به‌رنامه‌که بوو. ئه‌و خوا
هه‌ڵناگرێ به کوردییه‌کی شیرین ده‌ردی کوردانی ئه‌وێنده‌رێی باس ده‌کرد.
دیاره نووسه‌ری تێکستی به‌رنامه‌که‌ش سوپاسی تایبه‌تی شایانی خۆیه‌تی.
له کۆتاییدا منیش ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه پاڵ ده‌نگی ئه‌و کرێکاره
کورده‌ی که خه‌ڵکی شاری سێرتی باکووری کوردستان بوو، کاتێ له به‌رسڤی
پرسیارێکدا گوتی: ته‌نێ به یه‌کگرتن و یه‌ک هه‌ڵوێستی ده‌توانین له‌م
سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه ڕزگارمان بێت.
23\7\2010 -
ستۆکهۆڵم
ماڵپه‌ڕی مه‌هاباد کوردی
|