٢٠\٨\٢٠١٣ ئافەرین خاوەن بەنزینخانە برژواکان بۆ ئەم هەڵوێستە بەنرخەتان؟
بەڕێزان حکومەتى هەرێم لەم رۆژانەدا بڕیارى دا تەنها مۆڵەتى یەک جۆر بەنزین بدا بە بەنزینخانەکان لە کۆى سێ جۆر بەنزین. هۆکارەکەشى لاى هەمووان ئاشکرایە بەنزینى (نۆرماڵ و موحەسەن) هەمان خەسڵەتى بەنزینى (بێجی)ان هەیە، تەنها ژمارەى ئۆکتانەکەیان بەرزە، ئەویش لەڕێگەى تێکەڵ کردنى چەندین مەوادى کیمیاوى کە ئەوانەش ڕاستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستى و ژیانى هاوڵاتیان و پیس بونى ژینگە،زۆرێکیش لەبەنزین خانەکان لەڕێگاى قورقوشمەوە ژمارەى ئۆکتانى بەنزینەکانیان بەرز دەکەنەوە، کە لە هەمووجیهانە ئەو مادەیە قەدەغەکراوە. لەبەرئەوەى زیانى تەندروستى زۆرە.
بەڵام بەداخەوە بۆ هێندێک لەخاوەن بەنزینخانەکان لەبەر بەرژەوەندیی خودى خۆیان دەڵێن ئەگەر ئەم بڕیارە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە بەنزینخانەکانمان دادەخەین. ئافەرین خاوەن بەنزینخانە برژواکان بۆ ئەم هەڵوێستە بەنرخەتان با میلەت نەخۆش کەوێ با ژینگەمان پیس بێت و کوردستان کاول بێت گرنگ تەنها ئێوەن دەستان خۆش.
بەڵام تۆ بڵێى حکومەتى هەرێم کاریگەرى برژوا کانى لەسەر نەبێ و بتوانێ لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتى زیان بدا لە بەرژەوەندیی گرووپى کۆمپانیاکانى فلان و چەند دەسەڵاتدارێ. ئەگەر حکومەت توانى ئەم بڕیارە بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەرژەوەندیی میللەتێکى خستە پێش بەرژەوەندیی چەند برژوایەک ئەوا پێویستە هەر هەموومان دەستخۆشیى لێ بکەین و خۆشمان بووێ، بەس ئا لێرەدا دەکرێ بە حکومەت بڵێم حکومەتەکەم گەر پەشیمان بوویتەوە لە جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە کە جێبەجێنەکردنى دژى هەموو بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستانە ئەو دەمە وەک میدیاى ئازاد بە مافى خۆمى دەزانم بپرسم چیت شایستەیە پێت بڵێم حکومەتەکەم؟ ______________________ * بەڕێوەبەرى نووسینى گۆڤارى ڕێچکە.
|