٢٢\٨\٢٠٢١
ئافرەتان تاکەی
دەبێ بێدەنگیی هەڵبژێرن؟

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
توندوتیژیی، بێ باوەڕیی و زەوتکردنی مافە مرۆییەکانی ژنە لە لایەن
بنەماڵە و کۆمەڵگاوە. توندوتیژیی کاتێک ڕوودەدا کە کچێک ناچارە بۆ
درێژەدان بە خوێندن، بۆ کارکردن ، بۆ چوونەدەرەوە لەماڵ و بۆ
ئەنجامدانی هەر کارێک مۆڵەتی باوک و برا، تەنانەت برای چکۆلەتر لە خۆی
وەرگرێت و ئەگەریش ژیانی هاوبەشی پێکهێنا مۆڵەتی مێردەکەی! کاتێک
ڕوودەدا کە لە کۆمەڵگادا کچێک کە نایەوێ یان بۆی نەڕەخساوە ژیانی
هاوبەش پێکبێنێ سووک چاوی لێدەکرێ و بە قەیرە ناودەبرێ. توندوتیژیی ئەو
نێونیتکە و قسە ناشایستانەیە کە لە شەقام و کۆڵان بە ژنان دەکوترێ ئەو
نیگایە هەرزانەیە کە وادەکا ژن نەتوانێ بە ئاسوودەیی هاتووچۆ بکات!
ئەو بڕیارە تاک لایانەی کۆمەڵگەیە کە بێ لەبەرچاو گرتنی ویست و
تواناییەکانی ژن بۆ ئەنجامدانی زۆر کار بە شیاوی نازانێ و ڕێی لێدەگرێ!
ئەو کاتەی وێڕای زۆرتر بوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار لە دام و دەستگا
ئیداریی و حکومییەکان کەمتر لە پیاوان وەردەگیرێن و موچەی مانگانەشیان
لە پیاوان کەمترە! توندوتیژیی کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە ڕوخسار و
ئەندامی ژنانە بۆ پەرەپێدان بە فرۆش و زۆر بوونی کڕیار! توندوتیژیی ئەو
قەفەسە تەنەگەیە کە بە نێوی سروشت و داب و نەریت و پشتیوانیی ئایین و
دەسەڵات ژنانی تێدا یەخسیر کراون و ناچاری دەکەن بەو کارانەی کە بەدڵ
پێی خۆش نییە بیکات: ئەوەی کە نەهێڵن دەرس بخوێنێت، نەهێڵن کار بکات،
لە تەمەنی خوار ۱۸ ساڵ بە شووی بدەن، نەهێڵن بە دڵی خۆی پێبکەنێت،
بگەڕێ، بیر بکاتەوە و بژی. توندوتیژیی ئەو بێ باوەڕیی و سنووردانانە بۆ
ژنانە کە وا دەکا خۆشیان خۆیان پێ کەم بێت! کاتێک ژنێک شکی هەیە بە خۆی
و مرۆڤ بوون و تواناییەکانی و پێی وایە ئەگەر کوڕی نەبێ، مێردی نەبێ
یان برای نەبێ بێهێز و زوڵم لێچووە و دەبێ بەزەییت پێیدابێت! کاتێک
ژنێکی کورتەباڵا پێی وایە بۆ وەبەرچاو هاتن، پێویستە کەوشی ڕق و تەقی
پاشنەبەرز لەپێ کات، یان بۆ جوانتر وەبەر چاو هاتن پێویستە ڕوخسار و
لەشی خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەرگەری! کاتێک ژنێک پێی وایە تەنیا خاڵی
گرینگی ئەو وەک مرۆڤ ڕوخسار و لەش و لاریەتی و بۆ فڕێدانی زبڵیش دەبێ
بچێتە بەر ئاوێنە و دەستێک بە ڕوخساری دابێنێ! کاتێک کچێک بۆ بە دەست
هێنانی دڵی کەسی بەرانبەری، پشت لە کەسایەتی خۆی دەکا و هەمووی وجوود و
بیروباوەڕەکانی خۆی دەگۆڕێت! توندوتیژیی وەک پەتا وایە و لە کۆمەڵگە دا
بڵاو دەبێتەوە، واتا بوونی توندوتیژیی لە کۆمەڵگە و دەسەڵات دژ بە
هاووڵاتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیی بە گشتی لە
کۆمەڵگادا.
بەداخەوە لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژییدا ژنان لە زۆربەی حاڵتدا
بێدەنگی وەک چارەسەرێک لەبەرانبەر توندوتیژیی هەڵدەبژێرن! زۆربەی ژنان،
تووڕەیی و توندوتیژیی پیاوەکەیان وەک ڕەفتارێکی ئاسایی پیاو لەبەر چاو
دەگرن و لە بەرانبەری دا بێدەنگ دەبن، لە حاڵێک دا ئەو ڕەفتارانە بە
هیچ شێوە ئاسایی نین و دەبێ بە هاوکاری دەروونناس ڕێگەچارەی بۆ
بدۆزرێتەوە ئەگینا ئەو هەڵسوکەوتە نابەجێیانە لە درێژخایەن دا کاریگەری
خراب لە سەر باری دەروونی هەمووی تاکەکانی ئەو بنەماڵەیە دادەنێت.
لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ئەو پیاوانەی توندوتیژیی دژ بە ژنان بەکار
دەبەن کێشەی دەروونیان هەیە. ئەو پیاوانەی بە منداڵی توندوتیژیی
بەرانبەر بە ژنانی بنەماڵەکەیان کراوە، پیاوانی بێ مەسئولیەت و بێتاقەتن
و ئەو پیاوانەی هەست بە پووچی دەکەن، زۆرتر توندوتیژیی دژ بە ژنان
بەکار دەبەن. زۆربەی ژنان بەتایبەت له وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا،
بێکار و بێ داهاتن و ژیانیان لەباری ئابوورییەوە بە پیاوانی
خانەوادەکەیانەوە بەستراوەتەوە و ڕاوەستان لە بەرانبەر زوڵم و
توندوتیژیی پیاوان مەترسیی بێبژیوی و ئاوارە بوونیان دەخاتەسەر. لە
لایەکی دیکەشەوە زۆریەک لە بنەماڵەکان لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگای بە
کولتوری کۆن تەنراودا جیابوونەوە لە هاوسەر بۆ کچان عەیب و ناشیرینە،
کچەکانیان ناچاردەکەن درێژە بە ژیانێکی هاوبەشی نەخوازراو و پڕ لە زوڵم
و توندوتیژیی بدەن.توندوتیژیی دژی ژنان بێ سنوورە، کات و شوێن ناناسێ و
هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک و لەلایان هەمووکەسەوە تەنانەت خودی
ژنانیش ڕوو دەدات.
ئافرەت لەنێو کۆمەڵگه هەڵسوکەتی نادروستی لهگهڵ دەکرێت، لەبواری
کۆمەڵایەتیدا ئافرەت هەندێک جار بەپلە دوو و سێ، هەندێکجاریش وەکو
کۆیلەیەک سەیر دەکرێت. لە کۆمەڵگهی کۆن و نوێشدا ئافرەت نەک تەنها
لەکوردستان، بەڵکو لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و لەسەرتاسەری جیهانیشدا لەژێر
هەژموون و ستەمێکی ستەمگەرانەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و کەلتووری
پیاوسالارییدا دەژی.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە تەنراوە بە دیاردە و نەریت و کەلتوری هەمەجۆری
دواکەتوو، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئافرەت بەشێواز و ڕێگا و مەبەستی
جیاواز بچەوسێنرێتەوە.
لەکۆمەڵگهی کوردستاندا، تاکو سەدەیەک، یان نیو سهده پێش ئێستاش،
ئافرەتی کورد لەڕووی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانهوه بەشداری کارای
هەبووه، ئافرەت نەک هەر منداڵی پەروەردە وبەخێو دەکرد، نەخێر ئەو وەکو
خاوەن ماڵ و دەسەڵاتدارێکی کۆمەڵایەتی پێشوازی لەمیوان و بڕیاردان و
بەرهەمهێنان و دەستکەوتی دارایی دەکرد. ئافرەتانی سەربەرستی کوردستان
نموونەیەکی بەرز و جوانی قسە و بۆچوونی هەموو گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان بوو،
کە پێشتر روویان لەکوردستان کردبوو.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە (ئاین ، نەریت، کەلتور، دەسەلاتی
دارایی، پەیوەندی کۆمەلایەتی و دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگه)
کاریگەریان لەسەر دەرکەوتنی بیرۆکەی چەوسانەوەی ئافرەت و لەقاڵبدان و
پتر کۆیلەکردنی ئافرەت هەیە. بێگومان دەوروبەری کۆمەڵایەتیش پەیوەندیی
بەدەوربەری ئابوری و کاریگەرییە ئابوورییەکانەوە هەیە.
بێگومان باشکردنی دۆخی ژیان و بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتان لە رووی
کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەستووری و مەدەنییەوە، پەیوەستە بەخودی
ئافرەتان و ئەو شۆڕش و بزاڤانەی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان دەیکەن. لە
ئەمەریکا ئافرەتان جەنگێکی درێژخایەنیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان
و بەشداری لە ژیانی سیاسی و ئابووری کردووە، لە روسیاش دوای شۆڕشی
ئۆکتۆبەر ئافرەتان توانیان لەڕێگەی بەشداری لەشۆڕش، مافەکانیان باشتر
بکەن. لەئەوروپاش ئافرەتان لەم جەنگە بەردەوامە بەردەوامن، ئافرەت لە
ئاسیا و ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێشتا لەپێناو دابینکردنی
دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی گونجاوی ئارام و دڵنیاکەر دەجەنگن، دروشمەکان
بزاڤی ئافرەتان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بەپێی دەوروبەرە
کۆمەلایەتییەکان دەگۆڕێت، لەئەوروپای پێشکەوتوو، ئافرەتان داوای دەست
حەقی یەکسان لەگەڵ پیاوان و مافی دایکایەتی و یەکسانی لە کاری و چی وچی
دەکەن، لە سعودییەدا ئافرەتان داوای مافی بەدەستهێنانی دەنگدان و مافی
لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەشداری لەئیدارەی دەوڵەت دەکەن.
لەهەمان کاتدا ئافرەت بەپێی دەوروبەری گروپە توندرەوە دینییەکان،
کەرەستەیەکی هەرزانی کۆیلەکراوە، بۆ پاراستن و بەدیهێنانی خواستە
کۆمەڵایەتییەکانی پیاوان و بەهێز هێشتنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و
بەکارهێنیان بۆ ئەنجامدانی کاری توندتیژی و تەقینەوە و تۆقاندن.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|