٢\١٢\٢٠١٠
ئافرەت لە
نێوان رۆشنبیریى نێر و ئابڵوقەى زماندا.

عەبدلموتەڵیب عەبدوڵا
ئافرەت وەک سێبەرە،
دواى بکەوى لێت رادەکا، لێى رابکەیت دوات دەکەوێ.
(پەندێکى ئیسپانییە)
بەدرێژایى مێژوو جنێو و ناو و ناتۆرە و قسەى سووک وەک تووندوتیژییەکى
زاراوەیى بە تایبەتى لە میانى ژیانى خێزانیدا و لە کۆمەڵگە
دواکەوتووەکان بەرەو رووى ئافرەت، یان هەندێجار بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ
لە بەرانبەر خودى ئافرەت بەکار دەهێنرێ. تووندوتیژى زاراوەیى رەفتارێکى
ناسرووشتى پیاوە دژ بە ژن و لە هەموو دنیادا دەستەواژە و فەزاى زمانى
تایبەت بەخۆى هەیە و لە بوارە جۆراو جۆرەکانى زمانەوانیدا بەرهەم
دەهێنرێتەوە و درێژ دەبێتەوە بۆ نێو ئەدەب و هونەرەکانى دیکەى
راگەیاندنى بینراو بیستراو، وەک چۆن هەندێجار سازکردنى ئەو فەزایە،
مەرج نییە لە رێگەى هاتنەگۆى زمانەوە بێت، بەڵکو دەشێ سیحرى بێدەنگیش
ئەو فەزایە بەرێوە بەرێت.
جیاکردنەوەى نێر و مێ.
جیاکردنەوەى نێر و مێ لە نێو خێزان بە رەگەزى پێکهێنەرى هەموو خێزانێک
دادەنرێت، نەک هەر هێندە بەڵکو بە بنەمایەکى قبوڵکراوى کۆمەڵگەش دێتە
ژماردن. ئەو جیاکردنەوەیە لە هەموو ئاستە جیاوازەکانى ژیانى گشتیدا
دەبێتە رێگرێک لە تێکەڵبوونى نێر و مێ. (پیێر بۆردیۆ) شیکردنەوەیەکى
تێروتەسەلى لەبارەى نێو ماڵى تیرە و هۆزەکان کردووە و لەوێوە بۆى
دەرکەوتووە کە دنیاى کۆمەڵایەتى لە سەر بەرانبەریەکى (نێر/مێ) هەروەها
(دەرەوە/ناوەوە) و (گشتى/تایبەتى) خۆى جێگیر دەکات. دەبێ بزانین کە
ئاماژەکردن بە بەرانبەریەکبوون، سەرەڕاى ئەوەى جێگیربوونى باوک لە
ناوەوە دەسەپێنێ، بەدیوەکەى دیکەش پەیوەندییەکى نایەکسان، لەنێوان
تاکەکانى خێزان نیشان دەدات و لەوێشەوە زاڵبوونى نێر بەشێوەیەکى
بەرفرەوان بەرجەستە دەکات. هەڵبەتە بەشێکى بەرفرەوانى ئەو شێوە
پرۆسیسەکردنەش راستەوخۆ بە رۆشنبیریى تەقلیدى و ئایینەوە دەلکێ.
لە بەرانبەر نێر- مێ مەسەلەیەکى دیکە خۆى دەخاتە روو، ئەویش مەسەلەى
شەرەفە و ئەو مەسەلەیەش راستەوخۆ پیاو دەگرێتەوە، خاڵى لاوازى ئەو
مەسەلەیەش بە ئافرەتەوە بەندە، یان بە مانایەکى دیکە دەکەوێتە بوارى
سێکسەوە. پیاوان سنوورى شەرەفییان لە حوکمکردن بەسەر ژنانەوە دیارى
دەکەن. لێرە مەسەلەى شەرەف لەسەر بنەمایەک چەسپاوە ئەویش ئەوەیە کە
دەبێ کۆمەڵێک پیاو دان بە پیاوەتى یان نێرایەتى ئەو پیاوە دابنێن، کە
بانگەشەى شەرەف لەنێو کۆمەڵێ پیاوى دیکە بەرز دەکاتەوە. شەرەفى ژنیش
لەو شوێنەیە کە بەختى ئەو ژنە لەنێو ژنانى دى دیارى دەکات، بەڵام ئەو
شوێنە لە بنەڕەتدا دواى ئەو شەرەفە دێت کە پیاو لە دەرەوە، بەختى خۆى
لەسەر هەڵدەنێ. لەبەر ئەوەى شەرەف لەگەڵ نێرایەتى وەکیەک و هاوشان
دێتەوە، بۆیە دەشێ بڵێین ژن بە ئەندازەى دانپیانانى کۆمەڵێک پیاوەوە
نەبێ، دان بە پیاوەتى مێردەکەیدا نانێ. نەریتى رۆشنبیریى لە بارەى
شەرەفەوە پێماندەڵێ شەرەفى پیاو پێداویستییەکى ژنانەیە، چونکە ئەوە
پیاوە سنوورى دانپیانى ژن بە نێرایەتى خۆى دیارى دەکات و هەموو ژنێکیش
لە ونبوونى مێردەکەیەوە هەست بە کەموکوڕى و بێ نرخى دەکات. بەگشتى
داننان بە شەرەف لە یەک کاتتدا لە بەرژەوەندى ژن و پیاودایە. لەلایەکى
دیکە گرفتى ئەو مەسەلەیە هەر تەنها پەیوەندى بە نێرایەتى مێردەوە نییە
بەڵکو بە مێیایەتى ژنیشەوە دەلکێ.
دەشێ بەشێکى دیکەى رۆشنبیریى نێرایەتى بە دەستەواژەى تووندوتیژى
پیاوانەوە، یان رۆشنبیریى شەعبییەوە پەیوەست بکەین، ئەو رۆشنبیرییە
بەشى هەر گەورەى لە هەژموونگەرایى نێرەوە سەرچاوەى گرتووە، بە تایبەتى
لە زۆر بوارى دیکەى ژیانى رۆشنبیرى لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان، بۆ
نموونە لە کەلتورى شەعبى مەغریبیدا وەک (فاتیمە ئەلمەڕنیسى) لە وتارى (تێگەیشتنى
ئیسلام لەبارەى سێکسگەرایى ئەکتیڤى مێیینەوە) دەیخاتە روو، دەڵێت: ترس
لە مێیینە لە رێگەی بیروباوەڕێکەوەیەوە، کە پێی وایە جنۆکەیەکی بێزراو
لە شێوەی ئافرەتێک بە ناوی "عایشەى قەندیش" خۆی دەردەخات، بە راستی ئەو
ژنە ترسناکە چونکە شەهوانى و ئاڵوش و داوێن پیسە، بەو مەمکە بەرجەستەو
لێوە شەهوانیەى بە رێگەى تاریک و شوێنە تاریکەکاندا دەخولێتەوە، پیاوان
دەخاتە داوی خۆیەوە، گەورەترین ئارەزووشى ئەوەیە کە کردەى سێکسیییان
لەگەڵ ئەنجام بدات، تاکو هەتا هەتایە لە نێو جەستەیاندا
بمێنێتەوە.ئینجا پێیاندەڵێت "ئێوە دانیشتووى ئێرەن". ترسان لە عایشەى
قەندیش لە ژیانى رۆژانەى مرۆڤى مەغریبى ئامادەگى تەواوى هەیە.. هەڵبەتە
بە کەم سەیرکردنى مێیینە لە زۆربەى کۆمەڵگەکانى دنیادا لە رێگەى
رۆشنبیرییەکەوە دەخریتە بەر چاو کە بە رۆشنبیریى پیاو ناو دەنرێت. دەشێ
بڵێین رۆشنبیریى شەعبى لەرێگەى زاڵبوون و هەژموونى نێرایەتییەوە تەواوى
مرۆڤایەتى دووچارى جۆرێک لە شۆک و سەرسامى دەکات، هەڵبەتە ئەوە هەر
تەنها رۆژهەڵات ناگرێتەوە، بەڵکو لە خۆرئاوا و تەواوى کۆمەڵگەکانەوە
ئەو رۆشنبیرییە نێریینەیە تەواو بەرجەستەیە، بۆ نموونە پەندێکى یۆنانى
دەڵێت: پەیمانەکانى ژن لەسەر ئاو دەنووسرێ. یان لە پەندێکى بولگاریدا
دەڵێت: نە بڕوا بە رۆژى زستان بکە نە بە دڵى ئافرەت. یان پەندێکى
ئیسپانى دەڵێت: ئافرەت وەک سێبەرە دواى بکەوى لێت رادەکا لێى رابکەیت
دوات دەکەوێ... ئەگەرچى مەبەست لەو نووسینە خوێندنەوەى ئەو دەستەواژەو
زاراوەو پەندە جۆراو جۆرانە نییە کە نێرگەرایى بە درێژایى مێژوو
بەرهەمى هێناوە، بەڵام کاتێک قسە لە ئافرەت لەنێوان رۆشنبیریى نێرایەتى
و ئابڵوقەى زماندا دەکەین، ناتوانین پەنجە بۆ ئەو دەستەواژە و زاراوە و
پەندانە رانەکێشین، بەدیوەکەى دیکەش فیکر و فەلسەفەش لەو نایەکسانیەدا
رۆڵى یەکجار گەورەى بینیووە و بێ پەروا پەیڕەوى هەژموون و دەسەڵاتى باو
دەکات. کەواتە دەشێ بڵێین بە درێژایى مێژوو تووندوتیژى زاراوەیى دژ بە
ئافرەت، وەک دابێکى کۆمەڵایەتى خۆى جێگیر کردووە.
دەسەڵاتى باوکایەتى.
شوێنى باوک لەنێو خێزاندا دەچێتە میانى ئەو هێلکارییەى کە تاکە
نێرەکانى بنەچەى لەسەر وەستاوە، هەڵبەتە ئەو هێلکارییە بە هێلکارى
نێرانە ناو دەنرێت. لە زۆربەى جار ئەو مەسەلەیە هەر تەنها لە چوارچێوە
خێزاندا ناخولێتەوە، بەڵکو بە خزم کەس و کاریشەوە پەیوەست دەبێت و
هەندێجاریش دەکەوێتە دەرەوەى پەیوەندى خزمایەتییەوە، کەواتە بنەچە لە
رێگەى باوکەوە دیارى دەکرێت، نەک دایک.
لە کتێبى (شوێنى باوک)دا دکتۆر ڕلدو ناعوری (1985) لە دووتوێى
دەرئەنجامى نێوان گوتن و بیروڕادا لە بڕگەیەک لە بڕگەکان دەگاتە ئەوەى
کە ئەگەر دایک وەرگیراو بێت، ئەوە باوک داواکراوە، ئەگەر دایک
پێدراوێکى سرووشتى بێت، ئەوە باوک پێویستە بەردەوام جەختى لێبکرێتەوە،
ئەوەش مەیسەر نابێ تەنها بە دانپیانانى دایک نەبێت. بە مانایەکى دیکە
باوک باوک نییە، ئەگەر دایک دانى پیادانەنێت.
وەک دەزانین یەکێک لە خەسڵەتەکانى دەسەڵاتى باوکایەتى، خەسڵەتى کەم
قسەکردنى نێوان تاکەکانى خێزانە، جا چ ئەو قسەکردنە رووبەرووى باوک
لەلایەن ژنەوە بێت یان منداڵەکان... بەو مانایەش وەک (نفیسە زردومی)
دەڵێت: رێزگرتنى باوک بەر لە هەموو شتێک لەو بێدەنگییەدا خۆى
دەبینێتەوە، کە دەست بەسەر تەواوى خێزاندا دەگرێت. بێگومان هۆیەکەشى بۆ
ئەوە دەگەڕێتەوە، کە وشە تەنها لەنێوان هاوشاناندا نەبێ، قسەى پێناکرێت،
ئەوەش بە ماناى ئاڵوگۆڕى وشە دێت. بەمجۆرە لە میانى رۆشنبیریى
تەقلیدیدا کاتێک یەکێک لە تاکەکانى خێزان، یان ژن لە رێگەى وشەوە
رووبەرووى مێرد دەوەستێ، هەست بە وشە ناکات، تەنها وەک نکۆڵیکردنى
دەسەڵات نەبێت، بەو مانایەش دواندنى باوک وەک جۆرێک لە نکۆڵیکردنى
دەسەڵاتى باوک دێتە ژماردن. بەڵام ئەو نەریتەى نێو خێزان، واتە دانانى
ماوەیەکى جەستەیى لەنێوان قسەکەراندا، ئامانجیش ئەوەیە کە نەبادە لە
رێگەى دەنگەوە ئاژاوە و سیحرێک بێتە ئاراوە، یان لە رێگەى نائاگاییەوە
جۆرێک لە وڕوژان و تێکچوون و شڵەژان بکەوێتەوە.
یەکێکى دیکە لە خەسڵەتەکانى دەسەڵاتى باوکایەتى کە بشێ ئاماژەى بۆ
بکەین خۆى لە نواندنى تووندوتیژییەکى جیاوازدا هەڵدەگرێتەوە، ئەویش
تووندوتیژى بێدەنگییە، جگە لە تووندوتیژى جەستە، کۆى ئەو
تووندوتیژییانەش لە تەواوى بوارەکاندا دەرکەوتنیان زۆر بە جوانى دیارە،
ئەگەر لە خێزاندا ئەو تووندوتیژییەش لە ئارادا نەبێت، ئەوە پیاوى ئەو
خێزانە بە پیاوێکى کەم و بێ شەرەف دەژمێردرێت. هەڵبەتە لە پشت ونبوونى
وشە و ئامادەگى تووندوتیژى پەیوەندییەکى پتەو هەیە، بەدیوەکەى دیکەش
دەشێ بێدەنگى جۆرێک بێت لە قسەکردنى ناوەکى کە ناشێ جگە لەو شێوەیە،
شێوەیەکى دیکە لە دەرکەوتن لەو جۆرەوە هەبێت. وەک دەزانین دەلالەتى
تووندوتیژى لەو ناوکۆییەدا زۆر بەرتەسکە و ئەوەى کە ممارەسەى
تووندوتیژى لەو مەجالە بەرتەسکە دەکات، هەمیشە دووچارى تەگەرەى خودى
یان تەگەرەى رۆشنبیریى دەبێتەوە. بەمجۆرە لە رۆشنبیریى تەقلیدیدا ترس
کلیلى وشە و تێگەیشتن لە رێزگرتنى لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، ترس یەکێکە
لە جێگیرەکانى پەروەردەى تەقلیدى شەعبى، بۆ ئەوەى باوک شکۆى خۆى
بپارێزێ، پێویستە وێنەى پیاوێکى بە شکۆ و بەرێزى هەبێت. جیاوازى
منداڵەکانیش لەلاى باوک لە تەرجەمەکردنى رێزلێگرتن و ئەو مەسافەیەدایە
کە دەکەوێـتە نێوان منداڵ و باوکەوە.
بەڵام وەک دەزانین ئەو جۆرە تووندوتیژییە، واتە تووندوتیژى بێدەنگى
لەگەڵ بەرفرەوانبوونى خێزان بەرە بەرە کەم دەبێتە، واتە هەر چەندە
خێزان بەرفرەوانتر بێت، ئەوەندە ئەو جۆرە لە تووندوتیژى سنورى تەسک
دەبێتەوە.
گۆڕینى دەسەڵاتى باوک بە دەسەڵاتى دەوڵەت.
بونیادنانى دەوڵەت لە قۆناغى نوێدا و بە تایبەتى دواى سەربەخۆبوون،
بووە هۆى کەمکردنەوەى ئەو پایە بەرزەى کە باوک لە خێزاندا بە جۆرى جیا
جیا بەدەستى هێنابوو. دەشێ گەورەترین ئەو کاریگەرییانەى کەمکردنەى
پایەى باوک لە هەڵوەشانەوەى (باوکى کۆ) یان سیستەمى باوکسالاریدا
بەرجەستە بکەین، وەک دەزانین کارفرماى باوک لە رابردوودا لە
پرۆسیسەکردنێکى نیمچە کۆدا خۆى هەڵدەگرتەوە، واتە لەلایەن کۆمەڵێک باوک،
مام، خاڵ، کوڕى مام و خاڵ هەتا نێرى دراوسێش، جێبەجێ دەکرا. بەڵام ئەو
پێشکەوتنەى کە داگیرکەر لە رێگەى دەستبەسەراگرتنەوە بەدەستى هێنا و
گەیشتن بە رەتاندن و کۆچپێکردن، واى کرد کە باوکان کارفرماکانى خۆیان
زێتر وەک تاک جێبەجێ بکەن. وەک چۆن ئەو مینیتالیەتە کۆنەش هەر لەو
رێگەیەوە کۆمەڵێک گۆڕانکارى فرەچەشنى بەسەرداهات، ئیدى عەقڵیەتى
باوکسالارى شێوەیەکى دیکەى لە دەسەڵات هێنایە ئاراوە، کە لە مامۆستاى
قوتابخانە و دەمودەزگاکانى دیکەى کار و فەرمانگەدا خۆى هەڵدەگرێتەوە.
لەلایەکى دیکەش ئەمڕۆى مۆدێرنە راستەوخۆ نکۆڵى لەو بەها تەقلیدییانەى
بۆماوە دەکات، هەر لەوێشەوە وەک دەبینین بەهاى سامان شوێنى بەهاى شەرەف
دەگرێتەوە، ئیتر پیاوەتى چیدیکە لە رێگەى ئەو بۆ بۆماوەیەى کە لە باب و
باپیارنەوە بۆى ماوەتەوە، یان لە رێگەى کردارى چاکە و پاراستنى پیاوەتى
و دەسەبەسەراگرتنى ئافرەت وەک شەرەفى بنەچە پایەى خۆى بەرز راناگرێت،
بەڵکو وەک تاکێک و بەرهەمهێنانى شایستە و وەبەرهێنان و سەرمایە چ وەک
بەدەستهێنان لە رێگەى کارەوە یان لە رێگەى بەختەوە پایەکانى خۆى لە نێو
کۆمەڵگەدا دەسەپێنێ، ئەو ئاڵوگۆڕییە سیستەمى تەقلیدى وەک بزوێنەرێکى
بنەڕەتى و دینامیکى، دەخاتە دواوە.
___________________
سەرچاوە و
پەراوێز:
[1]-
ه.س.ث.
[2]-
برِوانة: جلبير غرانغيوم،الأب
المقلوب واللغـة الممنـوعة،
ترجمة: محمد أسليــم،
صدرت هذه الترجمة بمجلة الفكر العربي
المعاصر، ع. ؟؟؟، 1990.
[3]-
جلبير غرانغيوم،
الأب المقلوب..
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|