ئاگر و
جەستەی ژنی کورد.

ئاکۆ محەمەد سابیر
ئازارەکانی
ئاگر لەهەموو ئازارەکانی تر زیاترو ناخۆش ترە زامەکانی سووتان لەهەموو
زامەکانی تر قوڵترە، ئاگر ترسناکە ترسناکتر لەفیشەک و لەچەقۆو لەمەرگی
ئاوو هەموو ژانەکانی تری مەرگ، ئەو دڕندانە
کێن؟ وا لەژنان دەکەن جەستەی خۆیان و سۆزی مناڵەکانیان بەئاگر بسپێرن
ژن دایکە لەهەموو مەخلوقێک بەسۆزترو میهرەبان تر، ئەو ئەژدیهایانە کێن؟
گۆزەی سۆزدەشکێنن و قەڵای کوردان ئەڕوخێنن، لەجێی گوڵ وشوشەیەک عەتر
شقارتەیەک و گاڵۆنێک نەوت ئەکەنە دیاری ئەو مەخلوقانەی بەهەشت لەژێر
پێیاندایە، کێن ئەوانە ؟ کوان ئەوانە؟ بۆنی گوڵە مێخەک و ڕێحانی ژنان
دەکەنە بۆنکڕووزی سووتان ، کوان، لەچ
دیوەخانێکی پیاو ماقولاندا سمێڵیان چەوردەکەن لەچ مەجلیسێکی شەریفدا
شەرەفی خۆیان مڕدەکەن،ئەو شەڕواڵپیسانە کەی
ژن وەک مرۆڤ سەیردەکەن؟ کێ حەزئەکات بسوتێت؟ کێ
حەزئەکات بشێوێت؟ کێ حەزئەکات ببرژێت’؟
کێ ئەیەوێت جەستەی ببێتە سوتماک؟
ئاگر ئەوەندە ترسناکە ژانەکانی هێندە بەسۆیە خواوەند بۆلادانی
بەندەکانی لەگوناه ئاماژەی پێ دەکات، دۆزەخ وەسف دەکات بەکوورەی ئاگرین
بۆ سزای تاوان باران.
ژنە مەزڵومەکانی کورد بەر لەقیامەت ژیانیان دەکرێتە دۆزەخ پێش
داگیرساندنی کوورەکان بەر لەسووتانی فیرعەونەکان دەسوتێن و بەسوتاوی
دەچنەوە بارەگای خودا.
شەونم ی تەمەن سی ساڵ دوای خۆسووتاندنیشی دەڵێت بۆیە نەم وتووە لەزوڵمی
مێردەکەم خۆم سووتاندووە ترساوم مێردەکەم بگیرێت، دوای سووتانی جەستەش
ترس ؟؟
لەجیهاندا نموونەی ژنی کورد نییە بۆ وەفاو
پەیوەست بوون بەمێردو منداڵەوە ژنی کورد بەخێوکەرە چێشت لێنەرە نانکەرە
غەسالەیەو بەدەستەکانی جل دەشوات لەوڵاتێکی بێ کارەبادا
بەدەستەکانی گسک دەدات و ماڵ ئەشوات.
هەر زوڵمێکیشی لێکرا لەگریان زیاتر هیچ پەنایەکی نییە ئەوکاتەی سفر
دەکرێ و هەمووساتێکی ژیانی دەکرێتە دۆزەخ هانا بۆئاگر
دەبات دەبێتە شەپۆلێک گڕو دەیەوێت
دۆزەخ بەجەستەی خۆی بسوتێنێت ،دووکەڵی ئەم سووتانەش پەڵەیەکی ڕشە
بەتەوێڵی وەزارەتی مافی مرۆڤ و وەزارەتی داد
و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی مووکێشی دەستی پیاوە چاو باشکاڵەکانن.
لەهەموو ولاتانی جیهاندا پەنابردن بۆ مەرگ و
خۆکوشتن دیاردەیەکە و بەداخەوە ڕێژەی لەزیادبووندایە
ئەوەی جیاوزە لە وڵاتاندا خۆکوشتن لەهەردوو
ڕەگەزدایە و بۆخوکوشتنیش پەنا بۆئاگر نابەن،
ڕۆژ نییە لە
ڕۆژنامە و سایتەکاندا سوتاندنی ژنانی
کورد بلاونەکرێتەوە. تەنها ژنان گەر پیاوی کورد لەئاگر تووڕەتر
و لەسووتان بێبەزەییتر نەبن چۆن ژنان
پەنا بۆ ئاگر
دەبەن؟
ئاگر لەو پیاوانە
فێنکتر و بەبەزەییترە ، ئەی ئەو
پیاوانەی بەدەستی خۆیان ژنەکان دەسوتێنن و
لەزبڵدانەکانی قەراخ شاردا فڕێیان دەدەن؟
کوردستان بۆتە
دۆزەخی ژنان بۆنکڕووزی جەستەیان
گەیشتە ئاسمان.
سوید
|