په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٦

ئاھەنگی نەورۆز لە شاری ھانۆڤەر.

 


رۆژی شەممە، ١٩\٣\٢٠١٦، کوردەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان،ئەوانەی کە لەنێو سەنتەری شارو شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەریدا نیشتەجێن،بە جۆش و خرۆشێکی کوردانە، ڕێڕۆیشتن و ئاھەنگێکی گەورەی شایان بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز،سازکرد. سەرەتا کاتژمێر یازدەی سەرلەبەیانی، تا یەکی پاش نیوەڕۆ، بە بەشداریی دەیان پارت و ڕێکخراو و کۆمەڵە و سازی جۆربەجۆر، کە خۆیان لە دەیان ھەزار کەس دەدا، بە وتنەوەی سروودی نیشتیمانیی و سلۆدان گوتن و بەرزکردنەوەی دروشمی خەبات و بەرخودانی نەورۆز، لە مەیدانی (واترلۆ) و بە نێو سەنتەری شاردا سوڕانەوە. سەرنجی ئەڵمانەکان و نەتەوەکانی تریان کێشکرد.

 

پاش تەواوبوونی ڕێڕۆیشتنەکە ھەموویان گەڕانەوە مەیدانی (واترلۆ). لەوێ مەزنترین ئاھەنگی گۆرانی و مۆسیقایان سازکرد. ھاوشانی ئەم ئاھەنگە، خواردنی جۆربەجۆر ئامادەکرابوو کە لە ناویاندا خواردنی فۆلکلۆریش دەبینران. ھەروەھا چەندین دەزگای وەشان و لایەنی کوردی پێشانگای پەرتووکیان کردبۆوە، لەوێ بڵاوکراوەکانیان نمایش کردبوو.

 

لەم بۆنە نەتەوەییەدا سەرەڕای بەشداری بەرچاوی کوردەکان ھەندێک لە خەڵکی ئەڵمان و پارت و ڕێکخراوە چەپەکانیان، وەک ھاوسۆزییەک بۆ خەبات و بەرخۆدانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا بە تایبەتیش باکوور و ڕۆژئاوا لەم بۆنەیەدا دەبینران. رێوڕەسمەکە لە ژێر چاودێری توندی پۆلیسی ئەڵمانیادا، تا کاتی رۆژئاوابوون بەڕیوەچوو.
 

ئیسماعیل تەنیا

٢٠\٣\٢٠١٦

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک