٢٩\١١\٢٠١٥
''ئاڵای بێ وڵات''ی
بەھمەن قوبادی لە ''ئۆسکاری ئاسیا''
کاندیدی خەڵاتە.
مەنسوور
جیهانی
فیلمی
بڵیندی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" لە نۆیەمین
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بۆ
وەرگرتنی خەڵات کاندید کراوە.
فیلمی "ئاڵای بێ وڵات" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی"
و لە بەرھەمھێنانی پارێزگاریی ھەولێر کە بەم دوایانە قۆناغە
تەکنیکییەکانی کۆتایی ھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم"ەوە
ئامادەکراوە، لەگەڵ ٤ فیلمی سەرۆکەوتووی بڵیندی دیکە لە سەرتاسەری
کیشوەری ئاسیا لە نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"
ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بۆ وەرگرتنی خەڵات
کاندید کراوە.
ئەم ٥ فیلمە لە نێوان زیاتر له دو ههزار فیلم لە سینەماکارانی
وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەری ئاسیا و لە بەرھەمھێنانی وڵاتانی جۆراوجۆری
جیھان چوونە قۆناغی کۆتایی و بەشی پێشبڕکێی "ئۆسکاری ئاسیا"ییەوە کە
بریتین لە: فیلمی "لە نێوان ئیماندارەکان" لە دەرھێنانی "ھێمال تریویدی"
و "محەمەد عەلی نەقەوی" لە وڵاتانی پاکیستان و ئەمەریکا، فیلمی "وڵاتێکی
دیکە" لە دەرھێنانی "مۆری ڕینۆڵدر" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، فیلمی "شارەوانی
چین" لە دەرھێنانی "ژوو ھائۆ" لە وڵاتی چین، فیلمی "ڕوانین لە بێدەنگی"
لە دەرھێنانی "جاشوا ئۆوینھایمێر" لە وڵاتانی ئەندۆنیزیا، دانیماڕک،
نۆڕویژ، فینلەندا و بەریتانیا و فیلمی "ئاڵای بێ وڵات" لە دەرھێنانی "بەھمەن
قوبادی" لە ھەرێمی کوردستان.
ئاڵای بێ وڵات" لە سەر داوای پارێزگاریی ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان و
لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و "بەھمەن قوبادی" ماوەی
دوو ساڵ کاتی خۆی بۆ سازکردنی ئەم فیلمە بڵیندە تەرخانکردووە.
ئەم فیلمە ژیانی دوو گەنجی ئەمڕۆی کورد لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر
باس دەکات کە سەرقاڵی سازکردنی وڵاتەکەیانن کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر
دەسەڵاتی دەوڵەتە زلھێزەکانی عێراقدا بووە و ئەمڕۆکە دەرفەتێکیان بۆ
ڕەخساوە کە نیشتمانەکەیان دروست بکەن. بەڵام تاکوو دەیانەوێت خزمەتی
وڵاتەکەیان بکەن لە شوێننێکی دیکەوە و لەم سەردەمەی ئێستاکەدا لە لایەن
گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرش دەکرێتە سەر کوردستان و ئەم گەنجە کوردانە
ناچارن کە وەکوو باوک و باپیرانیان لە ڕابردوودا دیسانەوە چەکەکانیان
ھەڵگرن و ڕووبکەنە بەرەکانی جەنگ و ڕووبەڕووی شەڕێکی داسەپاو بوەستن.
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە
پشتیوانی یۆنسکۆ و ھەروەھا فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی
بەرھەمھێنەرەکانی فیلم (فیاپف) ھەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای "ئاسیا
پەسیفیک" دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە
دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی "ئاسیا پەسیفیک" و ھەروەھا
دروستکردنیی بازاڕێکی جیھانی فیلمە.
ڕێوڕەسمی کۆتایی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"
ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" بە سەرۆکایەتیی "مایکل ھاوکینز" شەوی
پێنجشەمە ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند
لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی
بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین
بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی
دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین
فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و ھەروەھا باشترین ئەکتەری ئافرەت
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا
دابەشدەکرێت.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/nomsarchive/a-flag-without-a-country
http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/09/asia-pacific-screen-awards-announces-2015-youth-animation-and-documentary-nominations-and-jury
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|