په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٧\٢٠١٢

ئاڵۆزییەکانی سووریا.

جەمالی عەلیالی    

 

بە پێی هەواڵەکان دۆخی سووریا لەو چەند ڕۆژەی دوواییدا ئاڵۆزتر بووە. لەو بارەوە چاوپێخشاندنێکی خێرا بە سەر هەواڵەکان دەتوانێ تارمایی ڕەوتی داهاتووی ڕووداوەکان کز کاتەوە. ئەو کوورتە بابەتە خۆێندنەوەیەکە لە سەر چەند ڕۆژی ڕابووردوو سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا.


لەو ڕۆژانەی دوواییدا لە سەر مێدیاکان چەند خاڵێکی تایبەتی دێتە بەر چاو. ئەگەر کانالی ئەلجەزیرە کاتی سەرهەڵدانەکانی میسر و لیبی و... وەشانی ئاسایی خۆی تەرخانی ئەو سەرهەڵدانانە کردبوو، ئیتر ئەو ڕۆڵەی سەبارەت بە سەرهەڵدانی سووریا نەدەگێرا. بەڵام کاناڵی ئەلعەرەبییە ئەو ئەرکەی بەڕێوە دەبرد. کۆمکاری عەرەبی هەر لەو چەند ڕۆژەدا زۆر کر وبێ دەنگە. ئەو دووخاڵە گرینگە گوزارە دەدەن لە پێکهاتنی دوو بەرەکی بیروڕای وڵاتانی دەڤەرەکە لە هەمبەر ڕووداوەکانی سووریا. ئەلجەزیرە بۆتە زمانحاڵی تورکیا و ئەلعەرەبییە هی سعودیەکان. ئەلجەزیرە پڕۆپاگەندە بۆ ناوچەی ئازاد بۆ خەڵکی سووریا دەکات، ناوچەیەکی ئازاد کە بە دڕێژایی سنووری ئەو وڵاتەیە دەگەل سووریا. خۆێنەر باش دەزانێ کە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ناوچەی کوردستانی سووریا، واتە ڕۆژئاوای کوردستان. ئایا حکومەتی تورکیا ئەوەندە کوردی خۆش دەوێ کە دەخوازێ ناوچەیەکی ئازادیان بۆ بخوڵقێنێ؟


بە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە ڕۆژی چوارشەم، چەند کەسی ناسراوی حکومەتی سووریا لە ناوچوون. ئەو کارە، ترس و لەرزێکی زۆری خستە ناو دڵی حکومەتی سووریا. کۆمەڵێکی گەورەتر ریزەکانی سوپای سووریا جێ دەهێڵن، بەشی زۆرتریان پەنا دەبەنە تورکیا. دژبەرانی حکومەتی بەشار لە بەرامبەردا زیاتر وەغیرەت کەوتن و دەستیان بە هێندێک چالاکی سوپایی کرد، لە ئەنجامدا سوپای سووریا بێ تەقەی چەک، چەند شۆێنی گرینگی جێ هێشت. لە ئاستی ناودەوڵەتیدا کێشەکان لە سەر سووریا قووڵتر بوونەوە و تیرەکان تیژتر بەڵام بە ڤیتۆی وڵاتانی ڕووس و چین، مەندێکی تایبەتی بە سەر گۆماوەکەدا زاڵ بوو. بە دوای ئەوەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە شریکەکانی ئەمریکی- ڕووسی بخاتە ژێر گەمارۆی ئابووری بەڵام چەند کاتژمێر دوای ئەو هەڕەشەیە، باڵوێزی ڕووس لە فرانسا رۆژی هەینی باسی لەوە کرد کە بەشار ئەسەد بە مەرجی هەڵسوکەوتی مرۆڤانە لە لایەن دژبەرانەوە، ئامادەیە واز لە حکومەت بێنێ.


هێرشەکانی سوپای ئازادی سووریا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان لە سەر سنوور و لە ناوەوەی سووریا، سەرکەوتنی باشی لێکەوتەوە کە دەیتوانی لە دڕێژەی خۆیدا سەرکەوتنی مەزنتر دەستەبەر بکات بەڵام ئەوکات ڕەوتی ڕووداوەکان بە تەواوی لە کۆنترۆلی تورکیاوە دەردەچوو. هەر بۆ ئەو مەبەستە و بۆ ئەوەی کە تورکیا کۆنترۆلی لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێ هەر ڕۆژی هەینی زیاد ئەسعەد سەرۆکی دەرەوەی سوپای ئازادی سووریا کە نیشتەجێی تورکیایە بە بیانووی هەڵبژاردن و دیاری کردنی کاتی دەسپێکی هێرشی کۆتایی بۆ سەر حکومەتی ئەسەد، هەوڵی ئەهوەن کردنەوەی شەڕەکانی دا و تەنانەت هێندێک شۆێنی لەناو شاری دیمەشق بە سوپای ئازادی سووریا جێ هێشت. ئەوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی سووریا لەو چەند ڕۆژەدا بە گۆێرەی کورد کوتەنی، تەنیا "ئیسمی شەریفی" هەبوو.


ڕەنگە لە کۆتاییدا باسێک لە سەر کارتێکەری ڕووداوەکانی ئەمڕۆژانە لە سەر کوردستان خێری تێدابێ. یەکەم: تا ئەو کاتەی لە جیهانا دوو بەرەی چەوسێنەر و چەوساوە هەیە، هەرگیز جیهان ڕووی ئاسایش بە خۆوە نابینێ، هەر بۆیە بە هۆی گرێدراوی خێروبێری هێندێک وڵات لە ڕووداوەکانی سووریا، کێشەکە هەتا دێت و قووڵتر دەبێتەوە. دووهەم: واپێ دەچێ کە ڕووداوەکان زۆر خێراتر لەوە کە لە خیاڵا بگونجێ تێپەر دەبن (پارلمانی ئێران گرتنی گەرووی هۆرمۆز لە کەنداوی عەرەبیدا پەسەند کرد)، هەر بەو هۆیەوە دەبێ سازەکانی کوردی لە گشت پارچەکان و بە گشت بیروڕاوە لە بڕی هاوخەمی دەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لەبری "مەلەوانی لە لۆچە ئاوێک" لە هەوڵی ئەوەدابن کە ریزەکانی خۆیان یەک بکەن ئەگینا لە ئەگەری ڕەخسانی دەرفەتێکی باش، هەلەکە لە دەستیان دەچێت، کاروانی مێژوو دەگاتەوە سەریان و هەرگیز دانی خێریان بەسەرا ناهێنێ.

 

٢٠\٧\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک