په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢٣

ئاڵۆزییەک لە هەڵبژاردنی هەرێمدا.


عوسمان مارف      

 

ئەگەر مانگی ١١\٢٠٢٣یان دیارکردبێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پاش ئەم دیارکردنە ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین و جێگای پرسیارمان بێت، ئایا هەلومەرجی سیاسی نالەباری ئێستای کوردستان و ئاڵوگۆر لە ئاستی هاوسەنگی هێزەکان، رێگە بەوە ئەدات ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت و ئەم ئاڵۆزییە تێپەرێندرێ؟

ئەو هۆکارەی هەر لە سەرەتاوە ئەم هەڵبژاردنەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، کاریگەری ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانە بوو لەسەر پێگە و ئایندەی هێزە سیاسیەکان. ئێستاش تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بانگەشەی ئەنجامدانی کاریکاتۆری هەڵبژاردنی دەکەن، لە هەمووکات زیاتر گیرۆدەی هەلومەرجێکی قەیرانگرتووی سیاسی و ئابووریی وەهابوون ئەوسەرەکەی دیارنییە. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی و پێگەی لایەنە سیاسیەکان گۆرانێکی وەهای بەسەر هاتووە کەسەختە بتوانن برۆنە ناو گەمەی قوماری هەڵبژاردنێکەوە، تا شەری دۆڕان و بردنەوە بکەن، چونکە کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنە لەسەر ئایندەی رۆڵی هێز و لایەنەکان دەیانخاتە بەردەم سەرگەردانییەکی زیاتر و حەتمیەوە.

ئەگەرچی دواجار لەژێر هەر گوشار و هەر ناچارییەکدا بێت، رایانگەیاند مانگی یانزەی ئەمساڵ هەلبژاردن ئەنجام دەدەن و کاتێکیشیان بۆ هەڵبژاردن تەرخانکرد، بەڵام هێشتا دۆخەکە لە ئاڵۆزیەکی وەها بەرچاودایە کە ناتوانرێت پێشبینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی مسۆگەر بکرێت.

هەڵبەتە ئەتوانین ئاڵۆزیی دۆخەکە کە ئەگەری شکستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیاتر دەکات لە چەند بارێکدا وێنا بکەین؛ یەکەم بێزاری و نارەزایەتی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستانە کە ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەو پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیاندا `هەیە و بەجۆرێک تاقییان کردۆتەوە، کە زیاتر لە هەرکاتێکی تر خەڵکی ئیتر ئامادەنین لەوە زیاتر خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەڵبژاردن و دەنگدانێکەوە کە نەك هیچ بەڵاو دەردیسەریەکیان لە کۆڵ ناکاتە، بگرە دەرگیری بەلای زیاتریشیان دەکات، بەجیا لەوەش خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سیاسی ئەو لایەنە سەرەکیانەی بەشدارن لە پێکهاتنی حکومەت، ئومێدی بەرجەستەی جەماوەرێکی بەرفراونی خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە رێژەی بەشداربوان لەچاو تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشتردا زۆر کەمتر بێت. دووەم گەر هەڵبژاردنەکانی پێشتر زیاتر پارتی و یەکێتی بە هەر شێوازێک لە کێشمەکێش یا رێکەوتن رۆڵی سەرەکیان دیبێت و تارادەیەک هاوسەنگیان راگرتبێت، بەلام لە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارە، پاشەکشەو هاوسەنگی هیزی یەکێتی بەجۆرێک دابەزیوەو لە دۆخێکی تەواو نەرێنیدا دەردەکەوێت، کە نە بەکێبرکێ و نە بە رێکەوتن ناتوانێ هاوسەنگی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەهیچ جۆرێک رابگرێت، لەهەمان کاتدا لایەنەکانی تری بەشداریش لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانن هیچ کۆمەکێک بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی بەشداری یەکێتی بکەن، ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە تەڵەیەکی وەهایە بۆ یەکیتی، بەشداری بکات یا بەشداری نەکات زیانێکی زیاتر لە دابەزینی ئاستی هاوسەنگیەکەی دەکات. سێیەم ئەو لایەنانەش کە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بەهەر شێوازێک خۆیان تێکەڵ بە بەرنامەی هەڵبژاردن دەکەن، لە گۆران و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، ناتوانن کاریگەریان لەسەر کاڵکردنەوەی ئاڵۆزی دۆخەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت. بەتایبەتی گۆران بنبەستی تەواوی خۆیان لە هەموو لایەنێکەوە نیشانداوین، ئیسلامیەکان لەبەرامبەر ناکۆکی رۆڵی سیاسی چەند ساڵەیاندا وەها دەرگیربوون، کە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەرفەتی بەشداریی کاریگەریان بۆ ئاڵوگۆر لە چۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردندا لە دەستداوە، نەوەی نوێش لەو پێگەیەدا نییە بتوانێ هیچ نەخشێکی لە پرۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردندا هەبێت.

ئەم دۆخە لە ئاڵۆزی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن، جارێکی تر هەلومەرجی قەیراناوی سیاسی و ئابوری کوردستان دەخاتە دەورانێکی ترو جۆرێکی تر لە گێژاو و نائارامی و ناجێگیری سیاسی زیاترەوە، کە پێوستە دەکات کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری نارازی زیاتر بیر لە ئایندەو چارەنووسی خۆیان بکەنەوە، بەجیا لە هەوڵدان بۆ بەشداریی لە شکستهێنان بە پرۆسەی هەڵبژاردن، لە هەمانکاتدا خۆ رێکخستن و ئامادەکاریی هاتنەمەیدان بۆ کۆتاییهێنان بە تەواوی رۆڵی حیزبە ناسیۆنالستەکان لە دەسەڵاتی سیاسیداو بۆ دابینکردنی رۆڵ و بەشداریی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەبێت پێشرەویی بکەین.
 

 

osman_maruf@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک