٦\١٠\٢٠١٨
کورتە چیڕۆک:
ئالوودە.

یاسین برایم
- بڕۆ ... تا مەیدانی (ئیمام خومەینی)
مەوەستە) !
- لەوێ ، لە یەکێک لە بازاڕەکان، میوانخانەکان زۆرن.
ئەوە ئاسانترین ناونیشانی بوو ، بە ئێمەی دا..
وامانکرد...
جێگای حەوانەوە و خەوتنمان پەیدا کرد ، جانتاو کەل و پەلمان دانا.
وەختی ئێوارە دابەزیمە نێو بازاڕ. کە تا درەنگانی شەو جمەی دێ. منیش لە
سەر ئەو کورسییە دارە دانیشتم ، کە لە سەر شۆستەی شەقامەکە داندرابوو.
سەیری ئەو خەڵکەم دەکرد (دەھات و دەچوون). پشیلەیەکی لەڕو لاواز ،
لەبەردەم خواردنگەی بەرامبەرمان، لە ورتکە نان و پاشماوەی خواردن
دەگەڕا. ماندوو و برسی و تووک پیس و بە چرک، رەنگی قاوەیی گرت بوو ،
زوو زوو زمانی دەلێسیەوە.
نازانم ! بۆچی منیش ، خۆم وەک ئەو پشیلەیە
ھاتە بەرچاو . (ماندوو و برسی) ، حەزم لە خواردن و نانی بێخوێ نەدەکرد.
بۆ ئەو خواردنێک ھەبوایە و دەمی پێ بگات و بیخوات.. بۆمنیش خواردن زۆر
، حەزی خواردن کەم. ھەرلەو خەیاڵەدا بووم .. پیرەمێردێکی لاواز و
ڕیشدار، پشت کووڕو سەرو پرچ ئالۆز. کۆمەڵە کارتۆنێکی لە بن ھەنگڵی بوو
، لە تەنیشت دوکانەکە دانیشت. دوو خولەکی نەبرد ، لە سەرکارتۆنەکان
درێژ بوو ، پێلاوەکانی خستە ژێر سەری و خۆی وێکھێناوە. چاوەکانیش زەق
زەق بوو ، بەدەستی ڕاستیش ، زوو زوو خۆی دەخوراند.
زۆری نەبرد ، پیاوێکی درێژی ڕەقەڵەی کڵاو لەسەر و جگەرە بەدەست.. دوو
سێجار ھات و چوو. دەیڕوانیە پێش خۆی و ھیچ قسەیەکیش نەدەکرد. بێھێزو
خەمگین ، پێڵاوێکی کۆنی بەسەر پێیان وەکردبوو ، خشەخشی دەھات. سەری بە
سەر زبڵدانەکەی تەنیشت شۆستەکە شۆرکردەوە ، خەیاڵم بۆ ئەوە چوو، ئەویش
کارتۆن کۆبکاتەوە و وەکو پیرەمێردی بەرامبەرم لە سەر پاڵبکەوێت. شتێکی
چنگ کەوت و بۆدەمی برد. نەمزانی چ بوو خواردی و بۆ ئەو بەری جادە
پەڕیەوە...
گڕەگڕی ماتۆرەکانی شەقام، ھێڕیان کردم.
کۆچەریش لەوکاتە پەیدا بوو:
- وەرە ، دوام بکەوە.
بەیەکەوە ڕۆیشتین ، ھەر ئەو بازاڕەی ئێمەی لێ بووین ، لە کۆڵانێکی تەسک،
چووینە ژوور. بەدەستی چەپ چەند ھەنگاوێکمان نا.
- ئێرە مەیدانی ئەو کەسانەن کە ئالوودەن!
لە دوای نانی ئێوارە ، لێرە پەیدا دەبن ، تا دێت زۆرتردەبن ، من یەکەم
جار لە نزیکەوە ئەو جۆرە کەسە تووشبووانە ببینم. پێشتر دەمبیست یان
دەمخوێندەوە، کە ئەم وڵاتە پڕە لەو جۆرە مرۆڤانە ، ئەمەم بە زیادەڕۆیی
دەزانی. یان بە درۆ و بوختانێکی سیاسییانە..
- بڕوانە ، ئەو ژنەش ھەوە.!!
لێرە خەریکی کاری خۆیانن. وەستاوون ، دانیشتوون... لە پێش دەرگا ،
دیوار ، شۆستەکە ، دێن و دەچن ... دوو دوو ، سێ سێ، سەردەکەن بە یەکەوە
، ژمارەکان زۆر دەبن ، کەم دەبن.. گەنج و پیر ، ڕەش و لاواز و ڕەنگ
مردوو ، وەک مێروولە بە ھەموو لایەک دەخوڵێنەوە . بەڵام ھێمن و بێدەنگ
، بێھێز و بێڕەنگ، برسی و تینوو ، تەمبەلڕ و ماندوو ، جلو بەرگ پیسو
چڵکن. داماو و بێکەڵک ، ناشیرین لای خەڵک.
بینینی ئەمانە ، ماندوو و خەمباری کردم. وەک بڵێی باوەڕ بەمە نەکەم ،
کە دەبینم . وامدەزانی لە دیار فیلمێکی سینەمایی ، ئەوانەی (تارمایی و
ترس ) وەستاوم. چەند خولەکێک لە نزیک ، لە دوور، سەیری ئەمانەم دەکرد.
نازانم بۆچی ھەستم بە ترس و شەرمەزاریی دەکرد..
بە بێدەنگی ھەردووکمان شوێنەکەمان جێھێشت.
شەو ، خەو نەچووە چاوم . خەیاڵم ئاسوودە نەبوو . خۆم و پشیلە و ئەو
مرۆڤە ئالوودانە ، لە بەرچاوم ، سێگۆشەیەکی ڕەشی دروستدەکرد. پرسیارێکم
دەکرد و دەیان بەرسڤ خۆی ئامادە دەکرد. خەیاڵی منیش ، ئەوەندە ئالوودەی
ئەو مرۆڤانە بوو ، ڕەش بوو ! ڕەش وەک مێژووی ڕەشی ئەو پایتەختە پیرو
گەورەیە ، ئالوودە بە کوشتنی مرۆڤ و نەتەوە جیاوازەکان. کە تێدا
تاکەکان ، لە ژیانێکی گۆشەگیر و دەستەمۆ و شێواو و داماو ، بە
چاویلکەیەکی ڕەش، لە بازنێکی ڕەش ، بۆ(نان و کار) دەسوڕێنەوە. تا دێ
ژیان و ئازاری مرۆڤەکان زۆرتر دەبن و سوپای ئالوودەکانیش گەورەتر ،
ژیانیش وەک مەندیلەی گەورە بەرپرسانی وڵات ڕەشتر.
ئیدی منیش خەیاڵ و خەوم ، بە خەون و خەیاڵ و ئالوودەکان سپارد.. منیش
بۆ چەند ساتێک بوومە میوانی ئەوان و
ئالوودەی خەیاڵ بووم و خەیاڵم ئاڵَوودە بوو
، ئالوودەیەکی خراپ!
١٢\٨\٢٠١٨
- تاران
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|