٢٨\١٠\٢٠١٥
ئامادەن بۆ
دانوستان.. بۆ دایەلۆگ..
بۆ هەموو شتێک؟!

ستار محەمەد قادر
ئامادەبوون بووە بە مەتەڵ، گرێیەکە نە بەدەس و نەش بەدان ناکرێتەوە،
هێزە سیاسییەکان ئامادەبوون کۆببنەوە، بەنۆ کۆبوونەوەی کەڕەت پێنج، نۆ
بەڵێن و پەیمانی بێ بنەمای دوای
کۆبوونەوەکان، سفر هیچ بەدەست لێی هاتنە دەرەوە، سەرۆکی حکومەت
ئامادەیە سەردانی بەغداد بکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بەکێشەکانی نێوان
ناوەندو هەرێم بهێنن، تا ئێستا چەند جار سەردانی ناوەندییان کردووە،
دیسانەوە سفر هیچ بەدەست لێی هاتوونەتە دەرەوە!
مرۆڤ نازانێت ئەم شانۆگەرییە کەی کۆتایی پێ ئەهێنن، ئاخر سبەی لەیاداشت
نامەکانییان چی تۆمار ئەکەن، ئەڵێن بەخەڵکیمان را ئەبوارد، بێ ئیش
بووین و خەڵکیمان بەخۆمانەوە سەرقاڵ ئەکرد، بۆ کوێ ئەڕۆن؟ بۆ لای
عەبادی! بۆچی؟ ئەتانەوێت بەکوێ بگەن؟ کاکە سەردانی ناوەند مەکەن و
نەوتەکە بەبۆڕی و بەتانکەر بفرۆشن و داهاتەکەی وەکو خۆی بدەن بەمیللەت!
ئەم سووڕانەوەیە لە نێو بازنەیەکی بەتاڵدا،
هەر ئەتان هێنێ و ئەتان بات، دوا رۆژیش بەقوورسی لەسەرتان ئەکەوێت، ئێ
خۆ جاران هەر ئەوان ئەهاتن، ئەی ئێستا بۆ نایەن؟ ئەمە ئەوە ناگەیەنێت
پێگەی کورد لەئاستی ئەو عێراقە فیدڕاڵییەی کورد بەرەو لاوازی ئەڕوات و
بەغداو عەبادی هیچ منەتیان بەکورد نەماوەو باش لەوە گەیشتوون ئەوە
ئێمەین بە پارە لەقافدا ئەگیرێین و دەتوانن هەر بەپوول و پارەیش هەڵمان
پەڕێنن، ئاخر مەبەستی ناوەند لەنان بڕین، سووکایەتیکردن بوو بەتاک
بەتاکی کورد، بۆ ئەو سووکایەتییە قبووڵ ئەکەن و هەڵوێستێک دەرنابڕن؟
ئەوە ناوەندە دەستی لەسەر دڵیەتی بۆ ئەوەی کورد لێی جیا نەبێتەوەو
دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رانەگەیەنێت، یان ئەوە کوردە زاتی ئەوە ناکات
بڕیار لەسەر مافە شەرعی و سوونەتییەکانی خۆی بدات؟
ئەم سیاسەتە ناوی چی لێ ئەنێن؟ سووک کردن یان سووکایەتی پێکردن! بڕۆن
بۆ ناوەند، بەڵام بۆ سەردانێکی تەشریفاتی بەهار بەچۆکدا مەهێنن، خۆتان
وا دەرمەخەن کە سەردانەکانتان فوول دیپلۆماسین و هەموو کاتێک سەرکەوتن
دەکەن بەدیاری دەستتان، دایەلۆگ بوو بەچی؟ بەمەتەڵ ... یان ئەم راکە
راکە بۆ ئەوەیە باز بەسەر کێشەکانی هەرێمدا بدەن و لەبیری خەڵکی
بەرنەوە، ناوەندێک ئامادە نەبێت لەشەڕی داعشدا دەستی کورد بگرێت،
شایانی ئەوەیە بکەویتە دانووستانەوە بۆ ئەوەی کێشە یان ئەو کێشانەی
ئەوان بۆ کورد درووستی ئەکەن، تەفاهوم لەسەری بکەن!
سیاسەتی ناوەند روون و شەفافە، دەڵێ بێ منەتم لێتان بڕۆن دەوڵەتی خۆتان
رابگەیەنن، کوردیش بەخۆیدا نابینێت ئەو بڕیارە بدات، ناچارە درێژە
بەمەتەڵەکە بداو لەنێو بازنە بەتاڵەکە دەست بەخولانەوە بکات!
کاکە واز لەناوەند بهێنن، وەرن مەردی خوا بن، کۆتایی بەکێشەکانی نێو
ماڵی کورد بهێنن، وا دەڕۆن لەدەرگەی ئەم و ئەو دەدەن، پیًکەوە دابنیشن
بۆ ئەوەی ئەوەندە لاواز نەبینرێن لەدیدی عەبادی و هاوشێوەکانیەوە، کەی
یەکڕیزیتان پاراست و بوون بەخاوەنی یەک خیتاب، ئەوسا ئەوان ناچارن مل
بۆ داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بدەن و دەست بەسینگیانەوە بگرن بۆتان،
بەر لەوەی بڕیاری سەفەر بدەن و بەدەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە، ئیستێک بکەن،
چونکە ئەوان بە خراپ سوود لە قەیرانە
نێوخۆییەکان دەبینین، تارەوشی ململانێکان
بەم ئاقارەدا بڕوات، دەڕۆن و دێنەوە، بەس ئەوەتان پێ ئەبڕێت: شاندی (سەلام
و عەلەیکوم)!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|